بابەتتەندروستی

ئیفلیجیی خەو (مۆتەکە)

ئیفلیجیی خەو حاڵەتێکە کە تووشبوو ناتوانێت بجووڵێت یان قسە بکات و دوابەدوای هەستان لە خەو ڕوودەدات. ئیفلیجیی خەو دەتوانێت بۆ تووشبووان ئێجگار زۆر سامناک بێت و تووشی پەشۆکاوییان بکات. لە ڕابردوودا باوەڕی هەمووان وا بوو دێو و جنۆکەکان دەکەونە سەر خەڵک، لەسەر سنگیان دادەنیشن و دەبنە هۆی مۆتەکە. بەڵام بەپێچەوانەی باوەڕی پێشینیان، هەستی ئیفلیجی لەلایەن بوونەوەرە سەرووسروشتییەکانەوە ڕوونادات.
لە نێوان قۆناغەکانی نووستندا، قۆناغی جووڵەی خێرای چاو، قۆناغێکە کە مێشک خەوی زۆر ڕوون دەبینێت و لە هەمان حاڵیشدا ماسوولکەکانی لەش بێجووڵەن. لە کاتی خەودا، ماسوولکەکان دەبێ بێجووڵە بمێنن بۆ ئەوەی ئەگەر ئێوە خەو دەبینن کە ڕا دەکەن، لەسەر جێگاکەتان هەڵنەستن و دەست بکەن بە ڕاکردن. ئیفلیجیی خەو کاتێک ڕوو دەدات کە هێشتا قۆناغی جووڵەی خێرای چاو تەواو نەبووە و کەسەکە وشیار دەبێتەوە، کەواتە جەستەیان توانایی جووڵەی نابێت.

چەندین هۆکار دەتوانن ببنە هۆی ئیفلیجیی خەو. بۆ نموونە: کەمخەوی، نائاسوودەیی و دڵەڕاوکێ، هەندێک لە دەرمانەکان و نەخۆشییەکانی خەو وەک وێستانی هەناسە لە کاتی خەودا .
نیشانەکانی ئیفلیجیی خەو:
نەتوانینی جووڵە یان قسەکردن پاش هەستان لە خەو، کە دەتوانێت یەک یان دوو خولەک درێژەی ببێت. هەروەها ئەو کەسانەی وا ئەم جۆرە ئیفلیجییەیان ئەزموون کردووە هەست بە خنکان یان قورساییەکی زۆر لەسەر سنگیان دەکەن. یەکێک لە نیشانە باوەکانی دیکەی ئیفلیجیی خەو، وڕێنەی بینین و بیستنە، تووشبووان شتانێک دەبیستن و دەبینن کە ڕاستەقینە نین، چونکە مێشک هێشتا لە حاڵی بینینی خەودایە.

باشترین چارەسەری ئیفلیجیی خەو، چارەسەرکردنی هۆکارەکانییەتی، وەک ڕێکخستنی کاتەکانی خەو و چارەسەرکردنی خەم و دڵەڕاوکێ.
ئیفلیجیی خەو  زۆر مەترسیدار نییە. لە کاتی ڕوودانی ئیفلیجیی خەودا، گرینگە کە ئارام بن و بزانن کە بەزوویی تێپەڕ دەبێت.
کۆکردنەوە: نەسیبە بارانی
سەرچاوە:

http://www.livescience.com/50876-sleep-paralysis.html​

پۆستە هاوشێوەکان

Back to top button