ئەندازیاریئەندازیاریی کۆمپیوتەربابەتپێگەی سەرهێڵتەکنەلۆجیا

گووگل چۆن کار دەکات؟

مەھدی سەربازی

sarbazi.mahdi@gmail.com

ماستەری  IT- زانکۆی ئازادی تاران

 

 

گووگڵ1 بۆ بەکارھێنەرانی2 تۆڕی ئینتێرنێت3 ناوێکی ناسیاو و تەنانەت خۆشەویستیشە. بەکارھێنەرانی ئینتێرنێت کاتێک لەناو ئەو تۆڕەدا دەگەڕێن دەتوانین بڵێین دەکرێ بەئاسایی بۆ ھەر پرسیارێک وەڵامێک بدۆزنەوە. ھەر بۆ ئەو کارەش گووگڵ دەبێ وەک ھەر مەکینەیەکی پشکنین4ی تر ڕێکارێکی بێھەڵە و پێشکەوتووانە بگرێتە بەر کە بتوانێ بە زووترین کات، باشترین و ڕاستترین ئەنجام بە بەکارھێنەری خۆی نیشان بدات و ئەو کارەش ئاڵۆزیگەلێکی تایبەت بە خۆی ھەیە کە ئێمە لەم وتارەدا ھەوڵ دەدەین بە شێوازێکی کورت ئەوە ڕوون بکەینەوە.

فێربوونی ئەم زانیارییانە بێجگە لەوەی شێوازی کاری مەکینەکانی پشکنین بە ئێوە دەناسێنێ، دەتوانێ یارمەتیدەرتان بێ بۆ ئەوەی نێوی ماڵپەڕە ئینتێرنێتییەکانتان بخەنە ئەنجامی گەڕانەکان لەنێو مەکینەکانی پشکنیندا و ژمارەی بینەرانی ماڵپەڕەکەتان لە تۆڕی ئینتێرنێتدا ببەنە سەر کە دەتوانێ لە دیزانی ماڵەپەڕەوە تا بازاڕدۆزینەوە5 بۆ ماڵپەڕەکانتان سوودی ھەبێت.

کاتێک گەڕانێک بە ئەنجام ئەگات و ئەنجامەکەی نیشانی بەکارھێنەرەکەی دەدرێ، بەکارھێنەر لە ڕاستیدا ئەنجامی کاری بەشگەلی جۆراوجۆری مەکینەی پشکنین دەبینێ. ھەندێک کەس لە خۆیان دەپرسن چۆن دەکرێ گووگڵ لە ھەمان کاتدا بە کەمتر لە چرکەیەک گشت ئینتێرنێت بگەرێ؟

لە ڕاستیدا، مەکینەی پشکنین پێشتر بنکەدراوە6ی خۆی ئامادە کردووە واتە پێشتر بە کەڵکوەرگرتن لە چەندین نەرمامێری تایبەت کە باسی لێ دەکەین تۆڕی ئینتێرنێت گەڕاوە و لاپەڕەکانی ماڵپەڕەکان بە ئالگۆریتم7ی تایبەتیی خۆی لەناو خۆیدا پاشەکەوت8 کردووە و ئێستا لەنێو ئەو لاپەڕە پاشەکەوتکراوانەدا دەگەڕێ. لە ڕاستیدا، گووگڵ و ھیچ مەکینەی پشکنێنێکی تر توانای ئەوەیان نییە کە لە ھەمان کاتدا ھەموو ئینتێرنێت بگەڕێن و ھەموو مەکینەکانی پشکنین لە کاتی گەڕاندا تەنیا خەزێنە دراوەکانی خۆیان دەگەڕێن نەک ھەموو تۆڕی ئینتێرنێت.

بەشگەلی مەکینەی پشکنین بریتین لە:

• جاڵجاڵۆکە9

• وێبخشۆک10

• نوانەکەر11

• بنکەدراوە

• سیستمی پلەدانان12

ھەروەھا دەتوانین بە تێکەڵکردنی جاڵجاڵۆکە و وێبخشۆک، ھەروەھا نوانەکەر و بنکەدراوە کە کارەکانیان لە پەیوندیی زۆردایە لەگەڵ یەکتر، مەکینەی پشکنین بە شێوازێکی گشتی بەم سێ بەشە دابەش کەین:

• وێبخشۆک

• نوانکەر

• سیستمی پلەدانان

 

ھەڵبەت ئێمە لەم وتارەدا ھەوڵمان داوە لەبەر ئەوەی جوانتر بتوانین بەشەکان شی بکەینەوە ھەر ٥ بەشەکە بە جیاوازی باس بکەین.

ئـ ـ جاڵجاڵۆکە

جاڵجاڵۆکە یا ڕۆبۆت13 نەرمامێرێکە کە کاری کۆکردنەوەی دراوە14ی پێویستی مەکینەی پشکنینی لە ئەستۆیە. جاڵجاڵۆکە سەردانی لاپەڕە جۆراوجۆرەکانی ماڵپەڕەکان دەکات، ناوەرۆکەکەیان دەخوێنێتەوە، وەدوای پێبەست15ەکان دەکەوێ، دراوە پێویستەکان کۆدەکاتەوە و بۆ بەشگەلی تری مەکینەی پشکنینی دەنێرێ.

کاری نەرمامێریی جاڵجاڵۆکەی مەکینەکانی پشکنین لە کاری بەکارھێنەری تۆڕی ئینتێرنێت دەچێ و ھەر وەک بەکارھێنەرەکان لاپەڕە جۆربەجۆرەکانی ئینتێرنێت دەگەڕێن، جاڵجاڵۆکەش ئەو کارە دەکات بەڵام جیاوازیی ئەو ئەوەیە کە ئەو بەتەنیا چاو لە کۆدی HTMLی لاپەڕەکان دەکات، بەڵام بەکارھێنەران ئەنجامی خستنە لای یەکی کۆدی لاپەڕەکان دەبینن.

جاڵجاڵۆکە کاتێک لاپەڕەیەک دەخوێنێتەوە شوێنپێی خۆی لەسەر ئەو لاپەڕەیە بەجێ دەھێڵێت. ئێوە ئەگەر ڕێگاتان پێ بدرێ کە چاو لە ئاماری سەردانەکانی ماڵپەڕێک و ئەو شتانەی تیایدا ڕووی داوە بکەن، دەتوانن ڕوونی بکەنەوە کە جاڵجاڵۆکەی کام مەکینەی پشکنینە سەردانی ماڵپەڕی ئێوەی کردووە.

جاڵجاڵۆکەکان بەکەڵکھاتوویی تریشیان ھەیە: بۆ وێنە ھەندێکیان تەنیا بەشوێن پێبەستەکاندا دەچن کە بزانن ئەکرێنەوە یا نا یا ھەندێکیان تەنیا بەشوێن ئیمەیلەکاندا دەگەڕێن.

ب- وێبخشۆک

  وێبخشۆک نەرمامێرێکە کە وەک سەرکردەیەکە بۆ جاڵجاڵۆکە، بە جاڵجاڵۆکە دەڵێ بچێتە نێو کام لاپەڕە و پێی دەڵێ کام پێبەست لەناو ئەو لاپەڕەدا کە تێیدایەتی بکاتەوە، ڕەنگە ھەندێکیان نەکاتەوە یان ھەمووی نەکاتەوە. لە ڕاستیدا، کاری ڕیزبەندی و ئامادەکردنی پێبەستەکان وێبخشۆک بەڕێوەی دەبات.

وێبخشۆک لەوانەیە پێشتر بەرنامەی بۆ دانرابێ کە پێبەستگەلێکی تایبەتی بە نۆبە دەخاتە بەر دەست جاڵجاڵۆکە تاکوو ئەوانە بکاتەوە و بەدواداچوون بۆ پێبەستەکانی لاپەڕەیەک پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە وێبخشۆک تا چ ڕادەیەک توانایی ھەیە (دەیھەوێت) لە بنکەدراوەی خۆیدا پاشەکەوتی بکات. ھەروەھا لەوانەیە مۆڵەتی کردنەوەی بەشێک لە لاپەڕەکان بە مەکینەکانی پشکنین نەدرابێ.

ئێوە وەک خاوەنی ماڵپەڕێک ھەر وەک حەزتان لێیە کە مەکینەکانی پشکنین دراوەکانی ماڵپەڕەکەی ئێوە لەگەڵ خۆیان ببەن، دەتوانن ھەندێک لە لاپەڕەکان بۆ مەکینەکانی پشکنین قەدەغەکراو بکەن. مەکینەکانی پشکنین ئەگەر بەڕەوشت16بن سەرەتای کردنەوەی ھەر ماڵپەڕێک مافەکانی چونەژووری17 ئەو ماڵپەڕە بەر چاو دەگرن.

دوای دیزاینی ماڵپەرێک یەکێک لە ھەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ ئامادەبوونی تەواو لە ئینتێرنێتدا ناساندنی ماڵپەڕ بە مەکینەکانی پشکنینە. ھەر وەک دەزانن مەکینەکانی پشکنین یەکێکە لە سەرەکیترین ئامێرەکان بۆ چوونەژووری بەکارھێنەرانی تۆڕی ئینتێرنێت بۆ ماڵپەڕەکان، کەواتە باشترین کۆمەکێک کە تۆ دەتوانی بە مەکینەکانی پشکنین بیکەی بۆ ئەوەی ماڵپەڕەکەت بدۆزێتەوە لە ئەنجامی گەڕانەکاندا، ئەوەیە کە ماڵپەڕەکەتی پێ بناسێنی؛ بۆ گووگڵ دەتوانی لەپێبەستی ژێرەوە18 کەڵک وەر گری.

ج- نوانەکەر

تەواوی دراوەکان کە جاڵجاڵۆکە کۆی دەکاتەوە بەردەست نوانەکەر دەکەون. لەم بەشەدا دراوە نێردراوەکان بەردەم شیکاری19 دەکەون و بە بەشگەلێکی جیاواز دابەش دەکرێن: شیکاری بەو مانایەیە کە ڕوون ئەکرێتەوە کە دراوەکان لە کام لاپەڕەوە نێردراوە و چ قەبارەیەکی ھەیە، وشەکانی کامانەن، وشەکان چەند جار دووبارە بوونەتەوە، وشەکان لە کوێی لاپەڕەکەدا ھاتوون و ھتد.

لە ڕاستیدا، نوانەکەر لاپەڕەکە بە پارامێتر20ی ورد دابەش دەکات و تەواو ئەو پارامێترانە دەکاتە پێوانەیەکی ژمارەیی تا سیستمی پلەدانان بتوانێت پارامێترەکان لێک بداتەوە، لە کاتی نوانەکەریدا، نوانەکەر چاو دەپۆشێت لە ھەندێک وشەی باو وەک a, an, the , www و… تاکوو بتوانێ قەبارەی دراوەکان بێنێتە خوارەوە.

د- بنکەدراوە

ھەموو ئەو دراوانەی شیکارییان بۆ کراوە لە نوانەکەر دەدرێنە دەست بنکەدراوە. لەم بەشەدا دراوەکان کۆمەڵ21 کۆمەڵ ، نھێنبەندی22 و پاشەکەوت دەکرێن. ھەروەھا پێش ئەوەی دراوەکان پاشەکەوت بکرێن بۆ ئەوەی قەبارەیەکی کەمتر لەخۆ بگرن گرد دەکرێنەوە. مەکینەیەکی پشکنین دەبێ بنکەدراوەیەکی گەورەی ببێت کە بەردەوام گەشەی پێبدرێت و ھەروەھا دەبێت بتوانێ دراوە کۆنەکانی تازە بکاتەوە. گەورەیی و بەڕۆژبوون بۆ بنکەدراوەی مەکینەی پشکنین گرینگییەکی زۆری ھەیە، تایبەتمەندیی بنکەدراوەکان لە قەبارەی بنکەدراوەکانی و

شێوازەکانی پاشەکەوتکردنی ئەو بنکەدراوەیە.

ھ- سیستمی پلەدانان

دوای ئەوەی تەواوی قۆناغەکانی پێشوو بە ئەنجام گەیشتن، مەکینەی پشکنین ئامادەیە کە وڵامی پرسیارەکانی بەکارھێنەران بداتەوە، بەکارھێنەران چەند وشە لە کادری گەڕانەکەدا دەنووسن و بە لێدانی کلیلی Enter داوای ئەنجامی گەڕانەکەیان دەکەن. بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرسیارەکە سەرەتا تەواوی لاپەڕەکانی بنکەدراوەکە کە بە پرسیارەکەوە پەیوەندییان ھەیە، ئەدۆزرێنەوە. دوای ئەوە سیستمی پلەدانان دەکەوێتە ھەنگاوی کارکردنەوە و لاپەڕەکان لە زیاترین پەیوەندییەوە تا کەمترین پەیوەندی پلەبەندی دەکات و ئەنجامەکە بە بەکارھێنەر نیشان دەدرێ.

تەنانەت ئەگەر مەکینەی پشکنین باشترین و تەواوترین بنکەدراوەی لەبەر دەستدا بێ بەڵام نەتوانێ وەڵامی پەیوەندیدار بدۆزێتەوە، مەکینەیەکی پشکنینی لاوازە. لە ڕاستیدا، سیستمی پلەدانان وەک دڵی مەکینەی پشکنین وایە و جیاوازیی سەرەکیی مەکینەکانی پشکنین لەم سیستمەدایە. سیستمی پلەبەندی بۆ وڵامدانەوەی بەکارھێنەران لە پارامێترگەلێکی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرێ تاوەکوو بتوانێ بگاتە باشترین جواب. لە ئێستادا، بەھێزترین سیستمی پلەبەندی لە گووگڵدا بەکار ھاتووە و ھەر ئەوە وای کردووە گووگڵ ئاوا بەتوانا بێ لە ئاست دۆزینەوەی وەڵامەکاندا.

 

 

١- Google گوگل

٢- Users کاربر

٣- Web وب

٤- Search Engine موتور جست و جو

٥- Marketing بازاریابی

٦- Database پایگاه داده، بانک اطلاعات

٧- Algorithm الگوریتم

٨- Save ذخیره

٩- Spider عنکبوت

١٠- Crawler خزنده

١١- Indexer شاخص

١٢- Ranker سیستم رتبه بندی

١٣- Robot ربات

١٤- Data داده

١٥- Link لینک

١٦- Polite مودب

١٧- ھەر ماڵپەڕێکدا دەدۆزرێتەوەRobots.txtئەم یاسایانە لە فایلی

١٨- https://www.google.com/webmasters/tools/submit-url

١٩- Analysis تحلیل

٢٠- Parameter پارامتر

٢١- Grouping دسته دسته ;گروه گروه

٢٢- Encode رمزگذاری

 

 

سەرچاوەکان:

 

How Search Engines Work, Morris Chapdelaine < http://vimeo.com/5169594>

How Search Engines Work, Jacob Stoops <http://www.agent-seo.com/tech/how-search-engines-work/>

How search works, Google co. < http://www.google.com/insidesearch/howsearchworks/thestory/>

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button