هەواڵەکانی هۆژین‌هەواڵی ڕێکخراوە

بەڕێوەچوونی کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن بۆ گۆڤاری هۆژین

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 7ی سەرماوەز لە زانکۆی کوردستان کۆڕی ڕەخنە و هەڵسەنگاندن بۆ گۆڤاری زانستیی هۆژین بەڕێوە چوو. ئەم کۆڕە لەلایەن بنکەی زانستیی تاوژینەوە سازدرابوو و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان، دەستەی نووسەران و بەڕێوەبەرانی هۆژین تێیدا بەشدار بوون.
دوای بەخێرهاتن لە لایەن ئەدیب کەریمپوور بەرپرسی بنکەی تاوژین، بەڕێز د. نەجمەدین جەباری وتارێکی لەسەر پەخشان و زاراوەسازیی زانستیی زمانی کوردی پێشکەش کرد. د. جەباری وێڕای جەختکردن لە پێویستیی گۆڤاری هۆژین و ئەو بۆشاییەی کە پڕی کردووەتەوە کۆمەڵێک سەرنجی زمانناسی لەسەر هۆژین دەربڕی. لە درێژەی کۆڕەکەدا زانای گەورەی کورد پڕۆفیسۆر عەبدووڵڵا سەلیمی باسێکیان لەسەر ئەوەی کە لە قۆناغی ئێستادا تا چ ڕادەیەک دەتوانین زمانی کوردی بە زانستی بکەین و ئاستەنگەکانی سەر ئەم ڕێگەیە پێشکەش کرد. پاشان مامۆستای هەڵکەوتوو پڕۆفیسۆر حەسەن بێورانی لە خاڵە بەرچاوەکانی هۆژین، پێگەی هۆژین لەناو کۆمەڵگا و هەروەها ئەزموونی خۆیان لەگەڵ زمانیی زانستی لە وڵاتی ژاپۆن دوان.
لە بەشی دووهەمی دانیشتنەکەدا محەممەد محەممەدئەمینی سەرنووسەری گۆڤاری هۆژین تایبەتمەندی، پێکهاتە و ئامانجەکانی هۆژین و سەرجەم پڕۆژەکانی تری ڕێکخراوەی هۆژانی خستنە بەر باس. لە بەشی کۆتایی کۆڕەکەدا پەنێلێکی ڕەخنە و پرسیار و وەڵامی ئامادەبووان بە بەڕێوەبەرێتیی د. نەجمەدین جەباری و بەشداریی پ. سەلیمی، پ. بێورانی، د. بەختیار سەجادی، محەممەد محەممەدئەمینی و فاڕووق ئەحمەدی بەڕێوە چوو کە کۆمەڵێک پرس و بابەتی جیدی لەسەر بە زانستی کردنی زمانی کوردی، پەیوەندیی نێوان ناوەندە زانستییەکانی کوردستان، تواناییەکانی زاراوەکانی زمانی کوردی و هەندێک پرسیاری تایبەت بە هۆژین شرۆڤە کران.
ئەم کۆڕە بە پێشکەشکردنی ڕێزلێنانێک لەلایەن بەڕێوەبەرانی گۆڤاری هۆژین بە مامۆستایانی بەشداربوو و بنکەی تاوژین کۆتایی هات.

گۆڤاری هۆژین

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button