بابەتزانستە بنەماییەکان

بەر لە مرۆڤ !؟

بەر لە مرۆڤ!؟

لەوە دەچێت کە مرۆڤی زەبەردەست (هۆمۆ هابیلیس)، کە لەوەپێش کاسەسەرێکی دۆزراوەی لە کاناڵی زانستیی هۆژین بڵاو کراوەتەوە، کۆنترین جۆری جنسی مرۆڤ بێت، هەرچەند کە زانستمەندان لەسەر مرۆڤبوونی ئەم جۆرەش هاوڕا نین.

ئایا مرۆڤیش باووباپیری بووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دیسان چارمان نییە جگە لەوەی کە لەناو ئێسکەپەیکەرە بەجێماوەکان لە مێژوودا بگەڕێین. بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، مرۆڤ لە گەورەبنەماڵەی هۆمینۆیدیاوە هاتووە. بوونەوەرە کۆنترەکانی پێش جنسی مرۆڤ، بە گشتی بە خێڵی هۆمۆنینی، ژێربنەماڵەی هۆمینانی، بنەماڵەی هۆمینیدای و گەورەبنەماڵەی هۆمینۆیدیا دەناسرێن.
هەرکام لەم دەستانە نیشان دەدات کە بەڕیز لەگەڵ شامپانزەکان، گوریلاکان، ئۆرانگۆتان و گیبۆنەکان باووباپیری هاوبەشمان هەیە. درەختی پەرەسەندنی مرۆڤ دەتوانن لێرە ببینن.

سەرچاوەی وێنە

لە درێژەدا لەگەڵمان بن بۆ ناسینی بڕێک لە ئێسکەپەیکەر و کاسەسەرە بەناوبانگە دۆزراوەکانی ئەم بنەماڵە گەورەیە.

هەرچی زیاتر بەرەودواوە بگەڕێینەوە، هاوبەشیی باووباپیرمان زیاتر دەبێت لەگەڵ شامپانزەکان، گوریلاکان، ئورانگوتانەکان و گیبۆنەکان.

لەم وێنەیەی ژێرەوەدا چەند جۆری گەورەبنەماڵەی هۆمینۆیدیا نیشان دراوە. بۆ ئاسانیی هەڵسەنگاندنیان، مووەکانیان لێکراوەتەوە. ئەم جۆرانە، ئەمڕۆکە ماونەتەوە و لە ناو نەچوون.

لە ژێربنەماڵەی هۆمینانی، تەنیا دوو جۆری جنسی پان ماوەتەوە (شامپانزە و بۆنبۆ) و تەنیا دوو جۆری جنسی گوریلا، بەڵام لە جنسی مرۆڤدا تەنیا ئێمە، واتە مرۆڤی عاقڵ ماوینەوە و هەموو جۆرەکانی تر لەناو چوون!

پێشتر لە مرۆڤAustralopithecus afarensis

ئەم ئێسکەپەیکەرە ناوی “لووسی”یە، تەمەنی بۆ ٣.٢ ملوێن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە وڵاتی ئێتیۆپی لە ساڵی ١٩٧٤ دۆزراوەتەوە. کاسەسەری زۆر چکۆکەیە بەڵام لەسەر دووپێ ڕێ ڕۆشتووە.


Australopithecus afarensis
ئەمە کاسەسەری مناڵێکی ٣ساڵانەیە بە ناوی “سەلام” ( ئاشتی). بە کچی “لووسی” ناسراوە. تەمەنی بۆ ٣.٣ ملوێن ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ٢٠٠٠ لە ئێتیۆپی دۆزراوەتەوە.


Australopithecus prometheus
قاچبچووک (little foot)، تەکمیلترین ئێسکەپەیکەری جنسی ئۆسترالۆپیتیکووس لە خێڵی هۆمۆنینە. دۆزینەوە، پاککردنەوە، دەرهێنان، سەریەکخستن و هەڵسەنگاندنی ئەم ئێسکەپەیکەرە بێوێنەیە، نزیک ٢٠ ساڵ درێژەی کێشاوە و لە کۆتاییدا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بوو کە ئێسکەپەیکەرەکە پەردەی لە سەر لادرا. ئەم ئێسکەپەیکەرە سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٤ لە لایەن ڕۆناڵد کلارک دۆزراوەتەوە. هۆکاری ئەم درێژەکێشانە، هەبوونی ئەم ئێسکە لەناو شاخێکی زۆر سەختدا بووە. هەروەها ئێسکەکەش زۆر ناسک ببووەوە و دەرهێنانی زۆر ئەستەم بووە.
تەمەنی قاچبچووک بۆ ٣.٦٧ ملوێن ساڵ دەگەڕێتەوە. ئەم ئێسکە لە ئەشکەوتێکی دوور لە باشووری ئافریقا دۆزراوەتەوە.
قاچی ئەم ئێسکە نیشان دەدات دووپێ بووە. دەستەکانیشی ئەگەری ئەوە نیشان دەدات کە قاچبچووک لەناو درەختەکاندا ژیابێت. بەڵام دەستی قاچبچووک زۆر کورتترە لە دەستی شامپانزە و گوریلاکان و لەڕاستیدا زۆر نزیکە لە درێژیی دەستی مرۆڤی مۆدێڕن.
قاچبچووک مێینەیە و باڵاشی زۆر کورتە.
دۆزینەوەی ئەم ئێسکەپەیکەرە زۆر گرینگە بۆ ناسینەوە و دۆزینەوەی باوباپیرمان…


Sahelanthropus tchadensis
ناوی ئەم کاسەسەرە کە لە چاد دۆزراوە، “تۆمای” یان بە کوردی هیوای ژیانە. تەمەنی بۆ ٦ ملوێن ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. ئایا باپیری هاوبەشی مرۆڤ و گوریلا؟

پۆستە هاوشێوەکان

یەک کۆمێنت

  1. سڵاو هاوڕێیانی خۆشەویست
    بەڕاستی جێی شانازییە ئێوەی بەڕێز بە هیچ چاوەڕوانییەک خۆتان ماندوو دەکەن بۆ ئاگادار کردن و هاسانکاری دەست پێڕاگەیشتنی تاکی کورد بۆ بابەتە زاستیێکان ، کاری ئێوەی بەڕێز کارێکی سەردەمیانە ، سەرنج ڕاکێش و جێی پێزانینە.
    دەستی ماندوونەناستان دەکووشم.
    ڕێز و حوورمەت:ئەنوەر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button