بابەتتەکنەلۆجیا

چۆن ڕۆبۆتێکی بەڕەوشت ساز بکەین؟!

چۆن ڕۆبۆتێکی بەڕەوشت ساز بکەین؟!

سازکردنی ڕۆبۆتێک کە ئاکار و ڕەوشتی ببێت زیاتر وەک بابەتێکی فیلمە زانستی خەیاڵییەکان دەچێت، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر زووتر لەوەی کە بیر دەکەنەوە دەبێت بیر لە هەبوونی ڕەوشت بۆ ڕۆبۆتەکان بکەینەوە.
ڕۆبۆتۆێکی ڕزگارکەر لە کاتی بوومەلەرزەدا لە نێوان دوو کەسدا کە دەرفەتی نییە هەردووکیان ڕزگار بکات کامیان هەڵبژێرێت؟!
ئۆتۆمۆبیلێکی خۆ-ئاژۆ کە خۆی سەرنشینی هەیە لە نێوان لێدانی لە منداڵێک و پێداکێشانی بە بەرگرێکدا کام ڕێگە هەڵبژرێت؟
ئەمانە بابەتی دووڕیانێکی ئاکارین کە دەبێت دانەیەکیان هەڵبژێردرێت. کاتێک باس لە ئاکار دەکرێت شتەکان زۆر ئاڵۆز دەبن، ئەوە تەنانەت بۆ مرۆڤەکانیش ڕاستە کە یاسایەکی کۆنکرێتی بوونی نییە تاوەکوو ڕاست لە هەڵە هەڵاوێرێت. بۆیە لە جیاتی یاسایەکی ئاکاری ئێمە بەهاکان و نۆرمەکانمان هەن کە لە هەزاران ڕێکاری فازی و دژبەیەک پێکدێن. بەهاکان یارمەتیمان دەدەن کە پێشبینی بکەین چۆن مرۆڤەکانی دەوروبەرمان هەڵسوکەوت دەکەن و دەیانهەوێت کە ئێمە لە بەرامبەردا چۆن هەڵسوکەوت بکەین.
بابەتێکی گرینگ هەیە ئەویش ئەوەی کە نۆرمەکان شتێکی ڕەها و قەتعی نین، بەڵکوو لە دۆخێکدا کۆمەڵیک هەڵسوکەوت ڕاستن و لە دۆخێکی دیکەدا ڕاستییەکان بە تەواوەتی دەگۆڕێن. بۆیە دەبێت ئێمە ڕۆبۆتۆکەمان فێر بکەین کە لە دۆخێکی تایبەتدا چۆن هەڵسوکەوت بکات. دەروونناسە کۆمەڵایەتییەکان لە زانکۆی براون خەریکن کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن. ئەوان سەرەتا لیستێک وشە، ڕێسا و بیرۆکەیان هەڵبژارد کە مرۆڤەکان کاتی باسکردن لەسەر ئاکار بەکاریان دەهێنن و وەک وشەنامەی بنەڕەتی بەکاریان هێنا. هەنگاوی دواتریان ئەوە بوو کە چۆن ئەم وشەنامەیە بکەنە بڕی چەندایەتی. بیردۆزەیەک ئەوەیە کە تێڕوانینی ئاکاریی مرۆڤەکان وەک تۆڕێکی واتایی وایە، ئەم تۆڕە لە کۆمەڵێک چەمکی زۆر پێکبەستراو ساز بووە کە بەپێی دۆخێکی تایبەت زیاتر ئاگاداری ئەو چەمکانە دەبین. خاڵێکی سەرەکی ئەوەیە کە دەکرێت پەیوەندیی نێوان بەشەکانی ئەو تۆڕە ژمارەیی بکرێت و بپێورێت. توێژەران پێیانوایە لە ڕێگەی ئەم بیرۆکەوە دەکرێت نەخشەیەک بۆ ئاکاری مرۆڤ دەربهێنرێت و لە ڕێگەی ئەو نەخشەوە ڕۆباتەکان فێر بکەین کە لە هەر دۆخێکدا چۆن هەڵسوکەوت بکەن.

self-driving car ئۆتۆمۆبیلی خۆئاژۆ
fuzzy فازی
social psychology دەروونناسیی کۆمەڵایەتی
Brown Univeristy زانکۆی براون
semantic network تۆڕی واتایی
ئامادەکردنی: موحەممەد موحەممەدئەمینی

سەرچاوە: https://spectrum.ieee.org/video/robotics/robotics-software/how-to-build-a-moral-robot

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button