بابەتتەکنەلۆجیا

کۆمپیوتەرەکەی هاوکینگ چۆن کاری دەکرد؟

زانای گەورەی فیزیک ستێفن هاوکینگ دوێنێ ڕێکەوتی 14ی مارسی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. هاوکینگ نەخۆشیی  نۆرۆنی جووڵەی هەبوو کە دەبێتە هۆی لاوازیی ماسولکەکان. ئەم نەخۆشییە بە تایبەت خانە دەمارییەکان دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە کە ئەو ماسولکانە کۆنترۆڵ دەکەن کە توانایی خواردن، قسەکردن، هەناسەکێشان و قووتدانمان پێ دەبەخشن. ئەم نەخۆشییە لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی نییە. هاوکینگ بە هۆی ئەم نەخۆشییەوە نەیدەتوانی قسە بکات بۆیە کەڵکی لە کۆمەڵێک ئامراز وەردەگرت کە لێرەدا چۆنیەتیی کارکردنەکەی باس دەکەین.

پڕۆفیسۆر هاوکینگ لە سیستمێکی کۆمپیوتەری بە ناوی ACAT کەڵکی وەردەگرت کە ساڵی ١٩٩٧ لە لایەن کۆمپانیای ئینتێلەوە پەرەی پێدراوە و هەر دوو ساڵ جارێک لەگەڵ لاوازبوونی ماسولکەکانی هاوکینگ نوێ کراوەتەوە چونکە تاکە ڕێگەی پەیوەندیی هاوکینگ و سیستمەکە ماسولەکەکانی گۆنای بوون.

وای دانێن پڕۆفیسۆر هاوکینگ دەیهەوێت ئەم ڕستەیە بڵێت: “ئەم هێزە دەبێتە هۆی مانەوەی پڕۆتۆنەکان و نیۆترۆنەکان لە ناوکی ئەتۆمدا”، سەرەتا بۆ هەر وشەیەک گۆنای بە شێوەیەک دەجووڵێنێت کە نیشاندەری یەک یان چەند پیتی سەرەتای وشەکە بێت و لە ڕێگەی سویچێکی ژێرسوورەوە ئەو پیتانە دەناسرێنەوە. ئەلگۆریتمێکی پێشبینی، یارمەتیی ناسینەوەی خێراتری وشەکە یان وشەی دواتر دەدات. ئەم ئەلگۆریتمە بە نووسراوەکانی پێشووی پڕۆفیسۆر هاوکینگ ڕاهێنراوە. دوای ئەوەی کە ڕستەکە تەواو بوو دەینرێت بۆ سیستمی سازکردنی ئاخاوتن. سیستمی سازکردنی ئاخاوتن ڕستەکە دەخوێنێتەوە.

هەر لە ڕێگەی جووڵەی گۆنای دەیتوانی ئاماژەکەری ماوسی سەر شاشەی کۆمپیوتەرەکەی کۆنترۆڵ بکات و بەم شێوەیە دەیتوانی ئیمەیل بنێرێت، لە ئینتەرنێتدا بگەڕێت و لە وۆردا بنووسێت.

پڕۆفیسۆر دەڵێت: “بۆ وتاربێژی سەرەتا وتارەکەم لەسەر دیسکێک پاشەکەوت دەکەم، لە ڕێگەی بەشێک لە سیستمەکە بەناوی بەڕێوەبەری وتاربێژی هەر جارەی بڕگەیەک لە وتارەکە دەنێرم بۆ سازکەری ئاخاوتن. بەم شێوەیە بەر لە پێشکەشکردنی دەتوانم وتارەکەم ڕێکوپێک  بکەم.”

شیاوی ئاماژەپێدانە ئەو سیستمەی بۆ هاوکینگ پەرەی پێدرابوو لە لایەن کۆمپانیای ئینتێلەوە بە شێوەی سەرچاوەکراوە خراوەتە بەردەست و هەندێک تایمەتمەندیی دیکەشی پێ زیاد کراون کە ئەندازیاران دەتوانن بۆ تەکنۆلۆژییەکانی تایبەت بە کەمئەندامان بە کاری بهێنن.

هاوکینگ سەرەڕای ئەوەی کە لە چەندین شوێن نیگەرانیی خۆی لە داهاتووی ڕۆبۆتەکان و ژیریی دەستکرد دەربڕیوە خۆی لە بەکارهێنەرانی سەرەکیی ژیریی دەستکرد بووە و تاکە ڕێگەی پەیوەندیی ئەو بوو لەگەڵ جیهانی دەرەوە.

 

وشەکان:

Assistive Context-Aware Toolkit (ACAT)

open source     سەرچاوەکراوە

motor neuron disease نەخۆشیی نۆرۆنی جووڵە

infrared ژێرسوور

speech synthesiser سازکەری ئاخاوتن

سەرچاوەکان:

https://01.org/acat

http://www.hawking.org.uk/the-computer.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button