بابەتتەندروستی

ئێمە چۆن ڕەنگ دەبینین

ئێمە چۆن ڕەنگ دەبینین ؟

گوڵەباخ سوورە و گوڵەوەنەوشە شین! بەڵام چۆنە کە ئێمە شتەکان بە ڕەنگی جیاواز دەبینین؟ بۆچی شتێک سوور دەبینین، شتێکی تر زەرد و شین و سەوز؟ هەمووی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ خانەیەکی تایبەت لەناو چاوماندا کە پێی دەوترێت قووچکە.

کاتێک ڕووناکی لە شتێک ئەدات، بۆ نموونە با بڵێین مۆزێک، مۆزەکە بڕێک لە ڕووناکییەکە هەڵدەمژێت و ماوەکەی تری دەگەڕێنێتەوە. ئەوەی کە ئەو شتە چ بەشێک لەو شەپۆلە ڕووناکییە دەگەڕێنێتەوە، پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی ئەو شتە هەیە و هەر ئەم تایبەتمەندییەشە کە دیاری دەکات ئەو شتە چ ڕەنگە.
کاتێک کە سەیری مۆزێک دەکەیت، شەپۆلەکانی ڕووناکی کە گەڕاونەتەوە دەچێتە ناو چاوت و دەدرێت لە بەشی هەستیار-بە-ڕووناکی چاوت کە ناوی تۆڕیی چاوە. لێرەدایە کە خانە قووچییەکانی چاو دەست بەکار دەبن.
خانە قووچییەکان جۆرێک وەرگری ڕووناکین. زۆربەمان ٦ تا ٧ ملیۆن خانەقووچیمان هەیە لە ناو چاوماندا کە زۆربەیان لە پاناییەکی چکۆلەی ٣دەهومی میلیمەتردا چڕ بوونەتەوە. ئەم بەشە چڕە پێی دەوترێت چاڵۆکە یان کونجی تۆڕی ناوەندی.
هەڵبەت هەموو ئەم خانەقووچییانە وەکوو یەک نین، بەڵکوو ٣ جۆریان هەیە. نزیک ٦٤لەسەدیان تەنیا بە ڕەنگی سوور هەستیارن، نزیک ٣٣لەسەدیان بە ڕەنگی سەوز هەستیارن و نزیک ٢لەسەدیشیان بە ڕەنگی شین.
کاتێک کە ڕووناکی گەڕاوەی مۆزەکە دەدرێت لەو خانە قووچییانە، هەرکامی بەجۆرێک دەبزوێنێت. ئەم بزوێنانە لەڕێی دەمارە ڕووناکییەکان دەگاتە مێشک و لەوێ بەپێی جیاوازیی وەڵامی سێ خانەقووچییەکان هەڵدەسەنگێندرێت و دەزانرێت کە ڕەنگی مۆز زەردە!

مرۆڤەکان، بەم سێ جۆرە خانە قووچییە، لە زۆر ئاژەڵی گواندار لە جیاوازی خستنی ڕەنگەکاندا باشترن، بەڵام زۆر ئاژەڵی تر هەن کە لە مرۆڤ زۆر باشتر دەتوانن ڕەنگەکان ببینن. بۆ نموونە زۆر باڵندە و ماسی، ٤ جۆر خانە قووچییان هەیە کە یارمەتییان دەدات تەنانەت ڕەنگی سەرووبنەوش یان ژێرسووریش ببینن.

بڕێک لە دەعباکانیش دەتوانن سەرووبنەوش ببینن کە دەتوانێت یارمەتیدەریان بێت بۆ بینینی چنراوەکانی سەر گوڵەکان کە بەتەواوەتی نادیارن بۆ ئێمە. بۆ زەردەواڵەیەک، لەوانەیە گوڵەباخێک ئەوەندە سوور بە چاوی نەگات!

ئامادەکردن: کاناڵی زانستیی هۆژین

وشەکان:
Cone قووچ
Retina تۆڕی چاو
Fovea centralis
چاڵۆکە یان کونجی تۆڕی ناوەندی
Mammal گواندار
Stimulation بزواندن
Nerve دەمار
وێنە:  https://img.purch.com/rc/300×200/aHR0cDovL3d3dy5saXZlc2NpZW5jZS5jb20vaW1hZ2VzL2kvMDAwLzA1MC80MTAvb3JpZ2luYWwvZXllLTEyMDgwMy5qcGc=
سەرچاوە:

https://www.livescience.com/32559-why-do-we-see-in-color.html

پۆستە هاوشێوەکان

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button