بابەتتەندروستی

کاتێک کە قامکمان دەتەقێنین چی ڕوو دەدات؟!

کاتێک کە قامکمان دەتەقێنین چی ڕوو دەدات؟
بەڕاستی کاتێک کە قامکمان دەتەقێنین، لەناو جومگەکانماندا چی ڕوو دەدات؟ ئەو دەنگە لە کوێوە دێت؟ ئایا تەقاندنی قامک، زیان دەگەیەنێتە جومگەکان؟
زانستمەندان بۆ تێگەیشتن لەوە کە چی ڕوو دەدات و ئەو دەنگە لە کوێوە دێت، کەڵکیان لە ماشینە سەروودەنگەکان وەرگرت و کۆتاییان بەم بابەتە باسورووژێنە هێنا.
لە ئاپریلی سالی ٢٠١٥دا، توێژەرانی زانکۆی ئاڵبێرتا وتارێکیان لەسەر وێنەی MRIی جومگەی قامک کە لە حاڵی تەقیندایە، بڵاو کردەوە. ئەم وتارە باس لەوە دەکات کە ئەو دەنگە بەهۆی تەقینی هەندێک بڵقی هەوا یە کە لەناو شلاوێکدا کە شلاوی سینۆڤیالی پێ دەڵێن و جومگەکانمان پڕ دەکەن، دروست دەبێت. بەڵام ماشینە سەروودەنگەکان دەتوان سەد بەرامبەر خێراتر لە MRI تۆماری بکەن کە لە لەشماندا چی ڕوو دەدات . بەم پێیە ژمارەیەک لە زانستمەندان بڕیاریان دا لەسەر ئەم ئیدعایە توێژینەوەیەکی زیاتر بکەن.
بە سەرپەرشتیی ڕۆبیرت د.بووتین ڕادیۆلۆجیست لە زانکۆی کالیفۆڕنیا-داڤیس، تیمێک ٤٠ کەسیان بە کار گرت و لەو ٤٠ کەسە، سی کەسیان ھۆگری قامک تەقاندن بوون و ١٠ کەسیش، قەت قامکیان نەدەتەقاند. لەناو ئەو سی کەسەدا، بەتەمەنترینەکەیان گوتی کە لە چل ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕۆژێک زیاتر لە ٢٠جار قامکی تەقاندووە.
لەم چل کەسە داوا کرا، لە کاتێکدا کە لەناو ماشێنێکی سەروودەنگدان، قامکی دەستیان بتەقەنێن، لەکۆتاییدا، توێژەرەکان وێنەی ٤٠٠ جومگەی قامکی دەستیان کۆ کردەوە، هەروەها ئەوان دەنگەکەشیان تۆمار کرد، و بەم شێوەیە ئەوان دەیانزانی کام وێنەیە کە دەنگەکەی لێوە دێت.
لە وێنەکاندا، کاتێک کە قامک دەتەقا نوور/برووسکەیەکی ڕۆشن لە جومگەکەدا دەردەکەوت، ئەمە بەتەواوی شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو.
توێژەرەکان شکیان بوو کە تەقاندنی قامک و دیتنی نوورەکە لەناو وێنەی ئۆلتراسۆنددا، پەیوەندیی بە گۆڕانی  گوشارێک بێت کە لە شلاوی سینۆڤیالدا ڕوو دەدات.
بووتین شی دەکاتەوە:
لەسەر ئەوە کە لە جومگەدا چی ڕوودەدات کاتێک کە قامک دەتەقێت، چەند تیۆرییەک هەیە؛ ئێمە دڵنیاین کە دەنگی تەقانی قامک و برووسکەی ڕۆشن لە سەروودەنگدا پەیوەندییان هەیە بە گۆڕانکاریی چالاک لە پەستانی بڵقێکی گازی لەناو جومگەکەدا.
بەڵام نهێنییەکی گەورە هێشتا لە جێی خۆی ماوەتەوە. لە ساڵی ١٩٤٧دا توێژینەوەیەک بڵاو کرایەوە کە دەیگوت، ئەم دەنگە کاتێک دەبیسترێت کە بڵقەکە سەرەتا لەناو شلاوی سینۆڤیاڵی جومگەدا دروست دەبێت. ئەم تێزە ٣٠ ساڵ دواتر ڕەت کرایەوە، کاتێک گرووپێکی دیکە لە توێژەران گوتیان کە زیاتر وا دەردەکەوێت کە ئەو دەنگە بەهۆی تەقینی بڵقەکە بێت نەک دروستبوونی.
لە توێژینەوەکەی زانکۆی ئاڵبێرتادا، تیمەکە بە کەڵکوەرگرتن لە زانیارییەکانیانی MRI، پشتگیریان لە تەقینی بڵقکە کرد بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە بەڵگەیەکی حەتمی بێننەوە.
کەواتە کامیان ڕاستە؟ ئایا ئەو دنگە بەهۆی تەقینی بڵقەکە لەناو جومگەدایە یان دروستبوونی لە جومگەدا؟
وەڵام دانەوە بەم پرسیارە کارێکی سەختە، بووتین گوتی: ئێمە تەنها پاش بیستنی دەنگەکە ئەو برووسکەیە دەبینین. ڕەنگە ئەمە پشتگیری لە بیردۆزیی دروستبوونی بڵقەکە بکات نەک بیردۆزیی تەقینی.
ئەو شتەی وا توێژەرەکان بەدڵنیاییەوە دەتوانن بیڵێن ئەوەیە کە کاتێک کە قامکتان دەتەقێنن، هیچ ئازار، هەوکردن یان خەسارێک لە جومگەکەتان نادرێت و هەروەها لە نێوان جومگەی ئەو کەسانەی وا بەردەوام قامکیان دەتەقێنن و ئەوانەی وا نایتەقێنن، هیچ جیاوازییەکی بەرچاو نابینرێت.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بووتین دەڵێت: توێژینەوەی زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە قامک تەقاندن لە درێژماوەدا هیچ خەسارێک دروست ناکات.
هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە تەقاندنی قامک لەڕاستیدا بۆمان باش بێت. پاش تەقاندنی قامک ئاستی گەڕانی جومگەکە تا ڕادەیەکی زۆر، زیاتر دەبێت .

تکایە کەسێک لەسەر ئەم بابەتە توێژینەوە بکات، ئێمە دەمانەوێت بزانین!
ئامادەکردنی: نەسیبە بارانی
وشەکان:
Joint جومگە
Ultrasound machines ماشینی سەروودەنگ
Air bubbles بڵقی هەوا
Fluid شلە
Synovial fluid شلاوی سینۆڤیال
bubble formation theory بیردۆزیی دروستبوونی بڵق
bubble popping theory بیردۆزیی تەقینی بڵق
سەرچاوەکان:
https://www.sciencealert.com/new-study-confirms-what-really-happens-when-you-crack-your-knuckles
https://www.sciencealert.com/researchers-have-finally-worked-out-what-happens-when-you-crack-your-knuckles?utm_source=Article&utm_medium=Website&utm_campaign=InArticleReadMore

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button