بابەتتەکنەلۆجیا

ئینتەرنێتی ئاژەڵەکان

ئینتەرنێتی ئاژەڵەکان

 

پڕۆژەیەک کە چاودێریی هەزاران ئاژەڵ و باڵندە لە فەزاوە دەکات و جۆرێکە لە ئینتەرنێتی ئاژەڵەکان دەست پێدەکات.

لە مانگی فێوریەی ئەمساڵدا  (مانگی ڕەشەممەی ڕابردوو) توێژەرانی ئاڵمانی سێ ئانتینی ٢٠٠ کیلۆگرامییان نارد بۆ وێستگەی فەزایی نێونەتەوەیی. ئانیتنەکان بە کۆمپیووتەرێکەوە لکێنران کە لە مانگی ئۆکتۆبردا نێردرابوون. ئەم پارچانەی نێردراون، گوێ و مێشکی سیستمێکن بە ناوی  ICARUS و ئەم وشەیە کورتکراوەی ئەم دەستەواژەیە: هاوکاریی نێونەتەوەیی بۆ توێژینەوە لەسەر ئاژەڵ لە ڕێگەی فەزا. پڕۆژەکە لەلایەن ئاژانسی فەزایی ئاڵمان و ڕووسیاوە سەرمایەگوزاری لەسەر کراوە و ئامانجی ئەوەیە کە جووڵەی بچوکترین ئاژەڵەکان وەک باڵندەکان، کیسەڵ، ماسی و تەنانەت مێشوولەکان تۆمار بکات و لەم ڕێگەیەوە بگاتە شتێک کە پێی دەوترێت ژیریی پۆلەکان. هەروەک دەزانین لە زمانی کوردیدا بە کۆمەڵیک باڵندە یان ماسی دەوترێت پۆلە ماسی یان پۆلە باڵندە.

توێژەران هەستەوەرێک لە ئاژەڵەکان دەبەستن تاوەکوو دراوە و دەیتاکەیان بنێرن بۆ کۆمپیوتەرەکە لە وێستگەی فەزایی. بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئەم بڕە زۆرە لە دراوە نەخشی جیهانیی ژیانی ئاژەڵەکان دەردەخات و لەم ڕێگەیەوە زانستمەندان دەتوانن بەدواداچوون بۆ  دۆخی ژیان و هۆکار و چۆنیەتیی مردنی ئاژەڵەکان بکەن، بەم شێوەیە ئەم زانیارییە دەتوانێت لە پاراستنی جۆرەکانی ئاژەڵاندا یارمەتیدەر بێت.

جگە لەوەی کە ئەم کارە یارمەتیی مانەوەی ئاژەڵەکان دەدات پێچەوانەکەشی ڕاستە و ئاژەڵەکان دەتوانن یارمەتیی ئێمە بدەن. بۆ وێنە دەکرێت کە شوێنی ماسیگرتن یان دیکەی سەرچاوەکانی خواردنی مرۆڤ دیاری بکرێت. بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا و ئانفلۆنزای باڵندە دەر بخرێت. لە گۆڕانی کەشوهەوا و پێشبینییی کارەساتە سروشتییەکان ئاگادار بین.

توێژەران پێشتر ئەم سیستمەیان لەسەر زەوی تاقی کردووتەوە و لەم ڕێگەیەوە و بە شیکاریی نەخشی جموجوڵی بزنەکان توانییان شەش کاتژمێر زووتر دەستپێکی گڕکانی کێوی ئێتنا لە ئیتالیا، پێشبینی بکەن. هەروەها جۆرێک شەمشەمەکوێرە لە ئەفریقای باشوور چۆنیەتیی بڵاوکردنەوەی دانەوێڵەیان لە ڕووبەرێکی گەورەدا پیشان دا.

وشەکان:

Swarm intelligence  ژیریی پۆلەکان

Internet of animals ئینتەرنێتی ئاژەڵەکان

Pattern نەخش

Data دراوە

 

ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی

 

سەرچاوە:

https://spectrum.ieee.org/tech-talk/aerospace/satellites/a-project-to-track-animals-from-space-is-getting-close-to-launch

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button