بابەتمێشک

خوێندنەوە چۆن بیرکردنەوەمان دەگۆڕێت ؟!

خوێندنەوە چۆن بیرکردنەوەمان دەگۆڕێت ؟!

خوێندنەوە و نووسین لە ئاڵۆزترین کارەکانن کە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات، جێگەی پرسیارە بۆچی ساڵانێکی زۆر درێژە دەکێشێت تا کەسێک بتوانێت بەبێ كێشە بنووسێت و بخوێنێتەوە. بۆ خوێندنەوە و نووسین هاوئاهەنگی لە نێوان چەندین کرداری ناسینی پێویستە. بۆ وێنە تێگەیشتن لە دەنگەکان، تواناییە بنەڕەتییەکانی بینین، بیرگەی درێژماوە و بیرگەی کاری.
لە ڕاستیدا خوێندنەوە و نووسین پێکهاتە و کارکردنی مێشک دەگۆڕێت. بۆ توێژینەوە لەسەر ئەو گۆڕانانەی کە خوێندنەوە و نووسین لە مێشكدا دروستی دەکەن دوو پرسیاری بنەڕەتی پێویستە. یەکەمیان ئەوەیە کە دەبێت لە چ هەلومەرجێکدا بین بۆ ئەوەی فێری خوێندنەوە و نووسین ببین؟ ئەو کارە ئاڵۆزە چۆن تواناییەکانی تێگەیشتن و ناسینمان دەگۆڕێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستە کە هەڵسەنگاندن بکەین لە نێوان ئەو گەورەساڵانەی کە بە باشی دەتوانن بخوێننەوە و ئەوانەی کە قەت فێر نەبوون بخوێننەوە؛ یان هەڵسەنگاندن لە نێوان ئەو منداڵانەدا بکەین کە بە سادەیی فێری خوێندنەوە بوون و ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ ئەو کارە کێشەیان هەیە یان ناڕێكیی خوێندنەوەیان هەیە.

ئەو کەسانەی کە ناتوانن بخوێننەوە وێنەکان بە شێوەیەکی جیاواز شیکاری دەکەن!

ئەو کەسانەی کە خوێندەوارییان نییە وەک ئەو کەسانەی کە ناڕێکیی خوێندنەوەیان هەیە لە دەرکی پۆلێنبەندی، بیرگەی کورت-ماوەی وشەکان، توانایی دووپاتکردنەوەی وشەئاساکان، توانایی وتنی خێرای ناوەکان، ڕەنگەکان و هێماکان و هەروەها پێشبینیی درێژەی ڕستەیەک کە بەشێکی وتراوە کێشەیان هەیە. توێژەرەان بەو ئەنجامە گەیشتن کە ئەم کێشانە وەک ئەنجامی نەخوێندەوارییە نەک ئەوەی کە هۆکاری کێشە لە خوێندنەوەدا بێت، واتە بە فێربوونی خوێندنەوە کەسەکان دەتوانن لەو بوارانەدا باشتر ببن.

خوێندنەوە بنەمای بڕیاری دێموکراتیکە!

بەپێی دراوەی ڕێکخراوەی یونسکۆ، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لە سەرانسەری جیهاندا نەخوێندەوار ماونەتەوە ١٥ لە سەدە. توێژەران دەڵێن نەخوێندەواری نە تەنیا کاریگەری لەسەر خودی کەسەکان هەیە بەڵکوو لەسەر هەموو مرۆڤایەتی کاریگەری هەیە. دوای ئەوەی مرۆڤ فێری خوێندنەوە دەبێت کاریگەرییەکانی ئەو فێربوونە تەواو نابن و درێژماوەیە و دەمێنێتەوە. توانایی خوێندنەوە و نووسین بۆ شیکردنەوەی کێشە و پرسی ئاڵۆز و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی زۆر گرینگە. خەڵکی خوێندەوار باشتر دەتوانن لە کاروباری کۆمەڵایەتیدا بەشداری بکەن و دەسەڵاتێکی دێموکراتیکتر دابمەزرێنن.

وشەکان:
cognitive ناسینی
pseudo word وشەئاسا
short-term memory بیرگەی کورت-ماوە
working memory بیرگەی کاری
dyslexia ناڕێکیی خوێندنەوە
data دراوە

سەرچاوە:
http://neurosciencenews.com/culture-reading-thinking-8859/?utm_source=feedburner&utm_medium=feed&utm_campaign=Feed%3A+neuroscience-rss-feeds-neuroscience-news+%28Neuroscience+News+Updates%29

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button