بابەتمێشک

بۆچی خەونەکانمان بیر نایەنەوە ؟!

بۆچی خەونەکانمان بیر نایەنەوە ؟!

سێ یەکی ژیانمان لە خەوداین و بەشێکی بەرچاو لە کاتی خەوەکەمان، خەون دەبینن. کاتێک لە خەو هەڵدەستین بە دەگمەن نەبێت خەونەکانمان بیر نایەنەوە و لەوەش کە بیرمان ماوە زۆر دڵنیا نین. لە کاتی بەخەبەریدا بیرچوونەوەی شتەکان ئاسایی نییە و ڕاستەوخۆ دەبێت بچینە کن پزیشک، بەڵام لە کاتی خەودا شتێکی ئاساییە. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بۆچی خەونەکانمان بیر نایەنەوە؟

تۆماس ئاندریلۆن، نۆرۆساینتیست لە زانکۆی مۆناش لە ئوسترالیا دەڵێت: “بە گشتی ئێمە زوو خەونەکان لە بیر دەبەینەوە، ئەو کەسانەی کە زۆر کەم خەونەکانیان دەگێڕنەوە، ئی ئەوەیە کە زۆر ساناتر لە بیریان دەبەنەوە”. تەنانەت ئەو کەسانەی کە بە دە ساڵیش جارێک خەونێک ناگێڕنەوە یان کەسانێک لە هەموو ژیانیاندا، لە بیریان نییە کە خەونیان دیبێت، وەک کەسانی تر خەون دەبینن بەڵام بیریان نایەنەوە.

هەرچەند بە تەواوەتی هۆکاری ئەم لەبیرچوونەوەیە نەزانراوە بەڵام زانایان بە توێژینەوە لەسەر پێواژۆکانی بیرگە لە کاتی خەودا، هەندێک بیرۆکەیان بۆ دروست بووە کە دەتوانێت لە تێگەیشتن لەم دیاردەیە یارمەتیمان بدات.

هەموو بەشەکانی مێشکمان لە یەک کاتدا ناچنە حاڵەتی خەوەوە. هیپۆکامپس دوا بەشی مێشکە کە دەچێتە خەوەوە، پێکهاتەیەکی چەماوە کە لە هەردوو نیوەگۆی مێشکدا هەیە و ئەرکێکی گرینگی لە گواستنەوەی زانیاری لە بیرگەی کورت-ماوە بۆ بیرگەی درێژ-ماوە هەیە. ئەگەر هیپۆکامپس دوابەشی مێشکە خەوی لێ دەکەوێت بە ئەگەری زۆر دوا بەشیشە کە باگای دەبێتەوە. ئاندریلۆن دەڵێت: “ئەگەر کاتێک لە خەو هەڵدەستن خەونەکەتان لە بیرگەی کورت-ماوەدا بێت، ناتوانن خەونەکەتان بە بیر بهێننەوە چونکە هێشتا هیپۆکامپس باگا نییە و مێشک ناتوانێت ئەو یادەوەرییە هەڵبگرێت”.

هەندێک زانیاری دەریدەخات کە هیپۆکامپس لە شەودا بە تەواوەتی ناچالاک نییە و چاوەڕێی خەونەکانە کە بیانگوازێتەوە بۆ توێخی مێشک بۆ ئەوەی پاشەکەوت ببن. ئەم پەیوەندییە یەک لایەنەیە و هیپۆکامپس لە کاتی خەودا زانیاریی نوێ وەرناگرێت و تەنیا بیرەوەرییەکان دەگوازێتەوە بۆ توێخی مێشک.

بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی ٢٠١٧ لە وڵاتی فەڕەنسا کراوە، ئەو کەسانەی کە شەوانە زیاتر لە خەو هەڵدەستن، زیاتر خەونەکانیان بیر دێتەوە لە چاو ئەو کەسانەی کە کەمتر لە کاتی خەودا خەبەریان دەبێتەوە.

هۆکارێکی دیکەی بیرنەهاتنەوەی خەونەکان پەیوەندی بە دوو گەیەنەری دەماریی ئەسێتیلکۆلین و نۆرئادرێناڵینەوە هەیە. کاتێک دەخەوین ئەم دوو ماددەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەبنەوە.

زۆربەی خەونەکان کاتێک ڕوو دەدەن کە دەچینە قۆناغی جووڵەی خێرای چاو (ڕێم). لەم قۆناغەدا ئەسێتیلکۆلین دەگەڕێتەوە ئاستی کاتی بێداری، بەڵام نۆرئادرێناڵین هەر بە کەمی دەمێنێتەوە. زانایان تێکەڵەی ئاستی ئەم گەیەنەرە دەمارییانە دەبەستنەوە بە بیرهاتنەوەی خەونەکان. گەڕانەوەی ئەسێتیلکۆلین بۆ ئاستی کاتی بێداری، توێخی مێشک هان دەدات بەڵام کەمبوونەوەی نۆرئادرێناڵین توانایی بیرهاتنەوەی هەیەجانە زەینییەکانمان کەم دەکاتەوە.

بیرت ماوە ئەم بەیانییە کاتێک ددانت دەشت بیرت لە چی دەکردەوە؟! لە ڕاستیدا زۆربەی خەیاڵ پڵاوی ڕۆژانە و ئەو بیرانەی کە پێویستمان نین، بیرمان نایەنەوە. یەکێکی تر لە هۆکارەکانی کە خەونەکانمان بیر نایەنەوە ئەوەیە کە هاوشێوەی ئەو بیرە بێکەڵکانەن و پێویست نییە لە بیرگەماندا ڕایانبگرین.

زیاتر ئەو خەونانەمان بیر دێنەوە کە ڕوونترن، یان سەیروسەمەرە نین یان هەستمان دەجووڵێنن. ئەو خەوانانە لەوەی دەچێت زیاتر بمانبەنە دۆخی بەخەبەری یان ڕێکوپێکیی چیرۆکیی خەونەکە یارمەتی دەدات کە سادەتر پاشەکەوت ببێت.

ئایا دەتوانین کارێک بکەین بۆ ئەوەی زیاتر خەونەکانمان بیر بێنەوە؟ لێکدانەوەی زانست بۆ خەون چەندە بە ڕاست دەزانیت؟ ئایا خەونەکانمان هەڵگری پەیامێک و ناوەرۆکێکی تایبەتن وەک لە کوردەواری و سەرجەم کۆمەڵگای ئیسلامی و تەنانەت دەقە پیرۆزەکانیشدا باوە؟ ئایا ئەوەندە پەیامی سەیریان لە منداڵیمانەوە هەڵگرتووە کە فرۆید بەشێکی بەرچاو لە ڕێبازی دەروونشیکاریی لەسەر شیکردنەوەی خەونەکان بنیات دەنێت؟ ئێوە چۆن بیر لە خەونەکان دەکەنەوە؟!

وشەکان:

Short-term memory بیرگەی کورت-ماوە

Long-term memory بیرگەی درێژماوە

REM ڕێم

Memory process پێواژۆی بیرگە

Hippocampus هیپۆکامپس

Cortex توێخی مێشک

Noradrenaline نۆرئادرێنالین

Neurotransmitters گەیەنەری دەماری

Acetylcholine ئەسێتلکۆلین

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/62703-why-we-forget-dreams-quickly.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button