بابەتژینگە

جۆرێک کرم دەتوانن پلاستیکەکان بکەن بە پێخۆری خۆیان

بەرهەمهێنانی پلاستیک لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا سێ هێندە بووە و گرفتە پەیوەندیدارەکان بەو بەرهەمە دەستکردەی مرۆڤ ڕوو لە زۆربوونە. گەڕاندنەوەی پلاستیکەکان ڕێگەچارەیەکە بۆ بەرگریکردن لەو گرفتانە. ڕێگەیەکی تر کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕوو لە گەشەکردنە یارمەتی وەرگرتنە لە ژینگە یاخود کەڵکوەرگرتن لەو زیندەوەرانەیە کە دەتوانن پلاستیکەکان بخۆن و بیانفەوتێنن. چەند جۆرێک بەکتریا و کەڕوو دەتوانن ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن، بەڵام ئەو دیاردەیە زۆر بە هێمنی بەرەو پێش دەچێت و ناتوانێت ڕێگەچارێکی بە پەلە و بەسوود بێت.
ماوەیەک لەوە پێش تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی ستەنفۆرد دۆزیویانەتەوە کە هەندێک بەکتریا کە لە ڕیخۆڵەی کرمەکاندا دەژین دەتوانن دوو دانە لە خۆڕاگرترین پلاستیکەکان بە خێراییەکی زۆرتر بپروکێنن و لەناویان ببەن. بە گشتی ئەو گرووپە توێژەرە لەسەر پڕۆژەیەک کار دەکەن کە بە هیوان بە یارمەتی وەرگرتن لە ئاژەڵەکان بە تایبەت دەعباکان پلاستیکەکان لەناو بەرن و دواتر بتوانن بیانکەنەوە زیندەبارستا و بەرهەمی یارمەتیدەر بۆ زەوی.
لەسەرەتا ئەو توێژەرانە خۆرایی ئەو کرمانەیان لەسەر پۆلیئەستایرەن تاقی کردەوە و پاشان بە سەرسووڕمانێکی زۆرەوە دیتیان کە بەکتریای ڕیخۆڵەی ئەو کرمانە دەتوانێت پۆلیئەتیلێنیش کە لە ڕوانگەی کیمیاییەوە پێکهاتەیەکی زۆر جیاوازی لە پۆلیئەستایرەن هەیە بتوێنێتەوە و بیپروکێنێت. بەم پێیەش تێگەیشتن کە بە لێکۆڵینەوەی زیاتر دەتوانن لەو کرمە زۆر بەربڵاوتر کەڵک وەرگرن.
بە پێی وتارەکەیان کە لە ژورناڵی “تەکنەلۆژی و زانستی ژینگە “دا بڵاو بووەتەوە، ئەو توێژەرانە کرمەکانیان لە چەند دەستەدا دابەش کردووە. بە هەندێک لەو کرمانە 1.8 گرام پۆلیئەتیلێن و بە هەندێکیان 1.8 گرام پۆلیئەستایرەنیان داوە و بۆ هەندێکی تر هەر دووی ئەو پێخۆرانە دانراوە. هەروەها بۆ دەستەیەک ئەو پێخۆرە لەگەڵ بڕێک توێکڵی گەنم بەتام کراوە (توێکڵی گەنم ئاستی پروکانی پۆلیئەستایرەن زیاد دەکات) و گروپێک وەک گروپی پێوانە تەنیا گەنمی پێدراوە.
لە کۆتاییدا پاش 32 ڕۆژان، زیاتر لە 90٪ ئەو کرمانە بە خۆشی ژیاون و لەو تاقیکارییە سەرکەوتوو بوون. ئەو کرمانەی تەنیا پۆلیئەتیلێنیان پێ بەخشرابوو زۆر بەکەیف بوون و نزیک 87٪ی خواردمەنییە 1.8گرامییەکەیان خواردبوو. ئەو ڕادەیە بە دڵنیاییەوە لە 57٪ خواردنی ئەو کرمانەی کە پۆلیئەستایرەنیان بەرکەوتبوو زۆرتر بوو. باشترین گرووپ ئەو کرمانە بوون کە هاوکات پۆلیئەستایرەن و پۆلیئەتیلێنی ئاوێتەکراو بە توێکڵە گەنمیان وەبەر کەوتبوو. ئەو گرووپە نزیک بە 1.1 گرام پۆلیئەتیلێن و 0.98 گرام پۆلیئەستایرەنی نۆشی گیان کردبوو.
ئەو کرمانە نە تەنیا ئەو پلاستیکانەیان جووتبوو بەڵکوو بەشێکی بەرچاوی پلاستیکەکانیان لەناو ڕیخۆڵەدا کردبوو بە دیۆکسایدی کەربۆن. لە کۆتایی ئەو تاقیکارییەدا توێژەران ئەو کرمانەی کە پلاستیکیان خواردبوو لەگەڵ گرووپی پێوەر هەڵسەنگاند و بابەتێکی زۆر سەرنجڕاکێشیان وەبەرچاو کەوت. ئاست و جۆری بەکترییاکان لە ڕیخۆڵەی ئەو کرمە پلاستیکخۆرانەدا زۆرتر و بەربڵاوتر بوو. توێژەران بڕوایان وایە کە ئەو کرمانە خۆیان لەگەڵ هەلومەرجی ڕەخساو گونجاندووە و ڕیخۆڵەیان خەریکە ڕوو لە پلاستیک خواردن دەکات.
هەروەها توێژەران بڕوایان وایە ئەو کرمانە نەتەنیا دەتوانن بەشێکی زۆر لە پلاستیکەکان بخۆن بەڵکو سروشتی پرۆتینی بەکتریای ڕیخۆڵەیان دەتوانێت زۆر بەخێرایی خۆی بۆ جۆرێکی تایبەتی خواردەمەنی تایبەت کاتەوە.
بە گشتی کۆگایەکی بچووکی چەند هەزار کرمی لەو کرمانە دەتوانن خواردنی نزیک بە 0.32 گرام پۆلیئەتیلێن و 0.28 گرام پۆلیئەستایرەن لە ئەستۆ بگرن. هەڵبەت ئەو ڕادەیە شتێکی زۆر و بەرچاو نییە بەڵام بۆ داهاتوویەکی نزیک دەتوانێت دڵخۆشکەر بێت.
وشەکان:
Recyclingگەڕاندنەوە
Fungiکەڕوو
Stanford Universityزانکۆی ستەنفۆرد
Gutڕیخۆڵە
Mealwormکرمی خۆراک
Insect دەعبا
Biomassزیندەبارستا

Wheat bran توێکڵی گەنم

سەرچاوە
https://www.economist.com/science-and-technology/2018/05/26/another-way-to-recycle-plastic
https://woods.stanford.edu/environmental-venture-projects/mealworm-based-codigestion-persistent-plastics-and-food-wastes

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button