ئابووریبابەت

چۆن زانست لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگای خۆمان بە کار بهێنین؟!

یەکێک لە ئامانجەکانی زانست و زانایان کە زۆر ئاماژەی پێدەکەن، باشترکردنی کۆمەڵگایە. بەڵام کام کۆمەڵگا؟ پێویستی و بارودۆخی ژیانی خەڵک، کۆمەڵگا و ناوچەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە بوارەکانی بەکارهێنانی وزە، مەترسیی نەخۆشی و بەردەستبوونی سەرچاوەی سروشتی و پیسیی کەشوهەوا زۆر جیاوازە.
چەند ناوەندی زانستی بەهێز لە ئاسیادا کە کەڵکیان لە ناوچەیی کردنی زانست وەرگرتووە، بریتین لە: هۆنگ کۆنک، مالیزیا، سەنگاپوور، کۆریای باشوور و تایوان. ئەم وڵاتانە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەرکامیان بە شێوازێک زانستییان بۆ پێداویستییەکانی ناوچەی خۆیان بە کار هێناوە.
سەیرکردنی ئەو وڵاتانە وەک سەرمەشق بۆ کۆمەڵگایەک وەک کۆمەڵگای کوردستان کە زۆر لە ئەجێندا و ئاراستەی توێژینەوەکانی زانست سوودمەند نەبووە، دەتوانێت یارمەتیدەری پێش خستنی ئەم ناوچەیە بێت.
هەر کام لەو وڵاتانەی کە ئاماژەمان پێکردن ئابوورییەکی تایبەت بە خۆیان هەیە کە شێوەی توێژینەوە و پەرەسەندنی لەو وڵاتانەدا دیاری کردووە. بۆ وێنە نیمچەدوڕگەی مالیزیا و دووڕگەکانی کە دەکەونە نێوان تایلەند و ئیندۆنیزیا، لە ساڵانی ١٩٧٠دا، بڕیاڕیان دا کە ئابوورییەکەیان لە فرۆشی کاڵای هەرزان وەک کاکائۆ و ماسی بگۆڕن بۆ گازی سروشتی و ڕۆنی پاڵم. پاشان زانستە کردەییەکانیان بۆ بەرهەمهێنانی ئامێرە ئەلەکترۆنیکەکان بە کار هێنا. ئێستا لە زانستە کردەییەکانی دیکەش کەڵک وەردەگرن و یەکێک لە بەرهەمەکانیان مادی کیمییاییەکانە.
مالیزیا لە کەڵکوەرگرتن لە زانستە کردەییەکاندا تەنیا نییە، سەنگاپوور و کۆریایی باشوور و تایوانیش لەو وڵاتانەن کە لەسەر پڕۆژەی کردەیی لە بوارەکانی ئەلەکترۆنیک، فیزیک و ماددە کانزاییەکان چڕ بوونەتەوە. داهاتی ئەم بوارانە تێكڕای داهاتی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی زۆر بردووەتە سەر و دەوڵەتەکانیان دەتوانن لە بواری دیکەشدا سەرمایەگوزاری بکەن، بۆ وێنە ولاتی سەنگاپوور لە بواری توێژینەوەی پزیشیکیدا سەرمایەگوزاری کردووە و دەستکەوتی زۆریان لە بوارەکانی چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەی گەدە، مەمک و سییەکدان بە دەست هێناوە.
کۆریای باشوور بە زۆر پێوەر یەکێک لە کاریگەرتری وڵاتەکانە لە بواری زانست لە ناوچەی خۆیدا. ٤٪ تێکڕای داهاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە زانست و تەکنۆلۆژیدا خەرج دەکرێت.
بیرۆکەی ئێوە بۆ پێشخستن و بەکارهێنانی زانست لە کوردستاندا چییە؟!

 

وشەکان:

Applied science زانستی کردەیی
Gross domestic product تێکڕای داهاتی ناوخۆیی

سەرچاوە:

https://www.nature.com/articles/d41586-018-05524-z

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button