بابەتزانستە بنەماییەکان

پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار خەڵاتی فیڵدزی بردەوە کە گەورەترین خەڵاتی بیرکارییە لە ئاستی جیهاندا

پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، خەڵکی شاری مەریوان یەکێک لە براوەکانی میدالی فیڵدزی ٢٠١٨ ەیە. خەڵاتەکە لە کۆنگرەی نێونەتەوەیی بیرکاری لە ڕیۆ دی جانیرۆ لە بڕازیل بەخشرا.

خەڵاتی فێلدز کە بە نۆبڵی بیرکاری ناسراوە، هەر چوار ساڵ جارێک دەبەخشرێت، براوەکان دەبێت لەو ساڵەدا کە خەڵاتەکە وەردەگرن، تەمەنیان کەمتر لە ٤٠ ساڵ بێت و ئەوپەڕی چوار بیرکاریزان لە یەک کاتدا خەڵات دەکرێن.

کۆچەر بیرکاری مامۆستا لە زانکۆی کەمبریج، خەڵاتەکەی بە هۆی کارەکانی لەسەر پۆلێنبەندیی جۆرە جیاجیاکانی هاوکێشە ڕادەدارەکان وەرگرت، بیرکار سەلماندی کە جۆرە ناکۆتاکانی ئەم هاوکێشانە دەکرێت دابەش بکرێنە سەر کۆمەڵێک پۆل کە ژمارەی پۆلەکان ناکۆتا نییە و ئەوەش لە ئەندازەی ژمارەییدا پێشکەوتنێکی گەورەیە. بیرکار لە گوندی نێ لە شاری مەریوان لە دایک بووە و لە وڵاتی بریتانیا پەنابەری سیاسییە.

 

براوەکانی تر

یەکێکی تر لە خەڵاتەکانی ئەمساڵ بۆ ئەلیسۆ فیگالی بوو لە ETHی زوریخ لە وڵاتی سویس، کە توێژینەوەکەی لەسەر پرسی گواستنەوەی باشینە بوو، مەبەست لەم پرسە ئەوەیە کە باشترین ڕێگە بۆ گواستنەوەی شتێک لە نێوان دوو شوێندا بدۆزرێتەوە. ئەم پرسە بە ڕواڵەت سادەیە، ژمارەیەکی بەرچاو کەڵکی هەن لە پێکهاتنی کریستاڵەکانەوە بگرە تا گۆڕانەکانی کەشوهەوا.

پێتر شۆلزەی ئاڵمانی کە تەمەنی ٣٠ ساڵە وەک لاوترین کەسی مێژووی براوەکانی ئەم خەڵاتە، هەروەک کۆچەر بیرکار بە هۆی داهێنانەکانی لە بواری ئەندازی ژمارەیی توانی ئەم خەڵاتە بباتەوە. لە کاتێکدا کە شێوەکان و ژمارەکان سەر بە دوو بواری جیاواز دەناسرێن، شۆلزە بڕوای وایە کە دەکرێت لە بەینی ئەم دووانەدا وەرگێڕان بکرێت، کە ئەمەش چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە ببێتە هۆی یەکخستنی بوارە جیاوازەکانی بیرکاری.

دوایین کەس ئەکشای وێنکاتێش لە ئەنستیتوتی خوێندنە پێشکەوتووەکانی پرینستۆن لە نیوجێرسی بوو کە ئەم خەڵاتەی بردەوە. خەڵاتەکەی ئەم زانایە بە هۆی زنجیرەیەک کار لە بوارەکانی بیرکاریدا بوو، لەوانە بیردۆزیی ژمارە، داینامیکس و تۆپۆلۆژی. هەندێک کەس پێیان وایە کە توێژینەوەکەی دەبێتە هۆی پێشکەوتن لە چاەرەسەری گریمانەی ڕیمان.

براوەکانی پێشتر یەکیان سێدریک ڤیللانی بوو کە ئێستا ئەندام پەرلەمانە لە فەڕانسە و مریەم میرزاخانیش کە وەک یەکەم ژن توانی ئەم خەڵاتە بباتەوە.

 

وشەکان:

Polynomial equation هاوکێشە ڕادەدارەکان

Arithmetic geometry ئەندازەی ژمارەیی

Optimal transport problem پرسی گواستنەوەی باشینە

Number theory بیردۆزیی ژمارە

Dynamics داینامیکس

Topology  تۆپۆلۆژی

Riemann Hypothesis گریمانەی ڕیمان

 

سەرچاوە:

https://www.newscientist.com/article/2175731-kurdish-refugee-wins-the-fields-medal-the-biggest-prize-in-maths/

 

 

پۆستە هاوشێوەکان

2 کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button