بابەتژینگە

ھەنگەکان لە چەمکی “سفر” تێدەگەن!

داھێنانی مرۆڤەکان بۆ ژمارە سفر، بۆ ماتماتیک و زانستی مۆدێرن گرینگ بوو، بەڵام ئێمە تاکە جۆر نین کە “ھیچ” بە ژمارە دابنێین!

تووتی و مەیموونەکانیش چەمکی “سفر” تێدەگەن، ئەمێستا ھەنگەکانیش دایانەپاڵیان.

ھەنگە ھەنگەوانەکان بەوە ناسراون، کە ھەندێ کارامەیی ژمارەییان ھەیە. بۆ نموونە؛ توانای ژماردنیان تاوەکوو ژمارە چوار ھەیە، کە بۆ شوێنپێ ھەڵگرتنی ئاسەوارەکانی ژینگەکەیان ڕەنگە بەسوود بێت. بۆ ئەوەی بزانن داخۆ ئەم توانایەی ھەنگەکان تاوەکوو تێگەییشتن لە “سفر” دەکشێت، لێکۆڵەران دە ھەنگیان وا ڕاھێنا کە بچووکترینی نێوان دوو ژمارە بناسنەوە. بە درێژایی چەند تاقیکردنەوەیەک، دوو وێنەی جودا کە چەند بیچمێکی ڕەنگ ڕەشیان لە پاشخانێکی سپییدا تێدابوو، بە ھەنگەکان پیشاندا. ئەگەر ھەنگەکان ڕووەو ئەو وێنە بیچم کەمترینەکەیان فڕیبان، ئەوا بە شەکراوێکی بەتام پاداشت دەکران. بەڵام ئەگەر ڕووەو وێنە بیچم زۆرترەکەیان فڕیبان، بە کوایناینی* تفتەتام سزا دەدران.

ئەو وەختەی کە ھەنگەکان فێربوون بە ھاوتایی بڕیارە دروستەکە بدەن، ئیدی زاناکان ھەڵبژاردەیەکی تریان پێدان؛ پاشخانێکی سپی بەبێ لەخۆگرتنی ھیچ بیچمێک. وێڕای ئەوەی کە ھەنگەکان ھەرگیز پێشتر وێنەیەکی بەتاڵیان نەدیتبوو، 64%ی جارەکان ئەم ھەڵبژاردەیان لەبری وێنەیەکی بە دوو بیچم یان سێ بیچم ھەڵبژارد. ھەربۆیە ئەمەیش ئەوە پێشنیاز دەکات؛ ھەنگەکان لەوە تێگەییشتبوون کە سفر لە دوو یاخود سێ کەمترە. وە لەبەر ئەوە نەدەچوونە لای وێنە بەتاڵەکە چونکە تازە و سەرنجڕاکێش بێت؛ لە تاقیکردنەوەیەکی تردا کۆمەڵێکی دی لە ھەنگەکانیان وا ڕاھێنا کە ھەمیشە ژمارە گەورترەکەیان ھەڵبژێرن، ئەم جارەیان زیاتر بە لای ھەڵبژاردنی وێنە ناسفرەکەدا چوون.

لە تاقیکردنەوەکانی دواتردا، لێکۆڵەران ئەوەیان خستەڕوو کە تێگەیشتنی ھەنگەکان بۆ سفر، تەنانەت کارامەتریش بوو، بۆنموونە؛ ئەوان دەیانتوانی سفر و یەک لێک جیا بکەنەوە، کە ئەمە تەنانەت بۆ ھەندێک لە ئەندامانی تری یانەی لە سفر-تێگەیشتووان دەردەسەرە. توانای ژمارەیی پێشکەوتووی لەم چەشنە، دەکرێت  کەڵکێکی  پەرەسەندنی بە جانەوەران ببەخشێت و ھاریکاریان بێت شوێنپێی  دڕندە و سەرچاوەکانی خۆراک بکەون.

“ئەگەر مێروویەک بتوانێت تێگەیشتنێکی وا پوخت بۆ ژمارە سفر نیشان بدات، کەوایە دەکرێت ئەم توانایە لە شانشینی جانەوەراندا لەوەی بیری لێدەکەینەوە باوتر بێت.”

 

 

*کوایناین؛ پاودەرێکی تفت و بێڕەنگە، لە چارەسەرکردنی مالاریا و ئاوی خاوێندا بە کار دەبرێت.

 

فەرھەنگۆک:

 

بیچم   shape

پاشخان   background

کوایناینquinine

کەڵکی پەرەسەندنی   evolutionary advantage

 

ئامادەکردنی: شەنیار جەلال

 

سەرچاوە:

http://www.sciencemag.org/news/2018/06/bees-understand-concept-zero?utm_source=sciencemagazine&utm_medium=facebook-text&utm_campaign=beezero-19849

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button