بابەتتەکنەلۆجیا

چاپکردنی سێ-ڕەهەندیی کانزایی

چاپکردنی سێ-ڕەهەندیی کانزایی
سەرەڕای ئەوەی کە چاپکردنی سێ ڕەهەندی چەندین دەیەیە هاتووەتە ئاراوە، زیاتر وەک شتێک بۆ خۆسەرقاڵکردن یان بۆ ئەو بەرهەمانە بە کار هاتووە کە تەنیا یەک دانەی لێ دروست کراوە. هەروەها، چاپکردنی شتەکان بە کەرەستەکانی تر جگە لە پلاستیک –بە تایبەت کانزاکان- زۆر گران و هێواش بووە.
ئێستا، چاپکەرە سێ ڕەهەندییەکان لەگەڵ دابەزینی تێچوو و ساکاربوونەوەی بەرهەمهێنان دەکرێت وەک ڕێگەیەکی کردەیی سەیریان بکرێت کە دەتوانن شێوازی بەرهەمهێنان و پیشەسازی بە تەواوەتی ئاڵوگۆڕ بکەن.
لە کورت ماوەدا، پیشەسازەکان دەتوانن بەبێ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە یەک شت بەرهەم بهێنن، بەپێی داوکاریی کڕیارەکانیان یەک دانە لە بەرهەمێک دروست بکەن.
لە درێژ ماوەدا، پیشەسازەکان کە پێشتر تەنیا ژمارەیەکی کەم بەرهەمیان بوو و زۆریان لێ بەرهەم دەهێنا دەتوانن جۆری بەرهەمەکانیان زیاد بکەن و لە هەرکامیان بەپێی پێویست دروست بکەن.
بە چاپی سێ ڕەهەندیی کانزاکان دەتوانین پارچەی زۆر ئاڵۆز بەرهەم بهێنین کە بە شێوازە کۆنەکان ناکرێت بەرهەم بێن هەروەها وردبینیش دەچێتە سەرەوە. ساڵی ٢٠١٧ توێژەران لە تاقیگەی نەتەوەیی لۆرێنس لیڤرمۆر وتیان کە شێوازێکی چاپی سێ ڕەهەندییان بۆ دروستکردنی پارچەکان لە پۆڵای دژەژەنگ پەرە پێداوە.
هەروەها ساڵی ٢٠١٧، کۆمپانیای مارکفۆرجد، کۆمپانیایەک کە تازە دەست بە کار ببوو. یەکەم چاپکەری کانزایی سێ ڕەهەندیی خۆی بە نرخی کەمتر لە ١٠٠،٠٠٠ دۆلار دروست کرد.
ستارتاپێکی دیکە لە ناوچەی بۆستۆن بە ناوی دێسکتاپ مێتاڵ، لە سێپتەمبری ٢٠١٧دا دەستی کرد بە خستنەڕووی یەکەم ماشینەکانی چاپکردنی کانزایی. ستارتاپەکە پلانی وایە، تاوەکوو ماشێنی گەورەتر، بۆ کارخانەکان بەرهەم بهێنێت کە ١٠٠ بەرامبەر لە شێوازە باوەکانی چاپی کانزایی خێراترن.
ئێستا دێسكتاپ مێتاڵ، نەرمامێری پێویست بۆ گەڵاڵەداڕشتنی چاپی سێ ڕەهەندی دەخاتە بەر دەست، بەکارهێنەران تەنیا تایبەتمەندیی ئەو شتەی دەیانهەوێت چاپی بکەن بە بەرنامەکەی دەدەن و نەرمامێرەکە مۆدێلێکی کۆمپیوتەری بۆ دروستکردنی ئەو شتە دروست دەکات.
جی.ئی کە بۆ ماوەیەکی زۆر پێشەنگی چاپی سێ ڕەهەندی بووە، چاپێکەرێکی سێ ڕەهەندیی کانزایی نوێی بەرهەم هێناوە کە دەتوانێت زۆر خێرا پارچەی گەورە چاپ بکات. کۆمپانیاکە دەیهەوێت لە ساڵی ٢٠١٨دا بەرهەمەکانی بفرۆشێت.

ئامادەکردن:
محەممەد محەممەدئەمینی
سەرچاوە:
https://www.technologyreview.com/lists/technologies/2018/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button