بابەتتەکنەلۆجیا

ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان

ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان
تاوەکوو ئێستا ژیریی دەستکرد، تەنیا بە دەست کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئامازۆن، بایدو، گووگڵ و مایکرۆسافت و هەندێک ستارتاپی دیکەوە بووە. بۆ زۆر کۆمپانیای دیکە و کەرتەکانی دیکەی ئابووری، سیستمەکانی ژیریی دەستکرد زۆر گرانن و جێبەجێکردنی تەواوەتییان زۆر ئاستەمە.
ڕێگەچارە چییە؟
ئامرازەکانی فێربوونی ماشین، کە لەسەر سیستمەکانی هەورن، ژیریی دەستکرد دەخەنە بەر دەستی ژمارەیەکی زۆرتری بەکارهێنەران.
تاوەکوو ئێستا ئامازۆن لەگەڵ AWS دەستی بەسەر ژیریی دەستکرد لەسەر کلاودا گرتووە. گووگڵیش بە تێنسۆرفلەو دەیهەوێت بێتە ناو گۆڕەپانەکەوە کە بۆ دروستکردنی نەرمامێری دیکەی ژیریی دەستکرد دەکرێت کەڵکی لێ وەربگیرێت. لەم دواییانەدا گووگڵ Cloud AutoML ئاشکرا کرد کە یارمەتی دەدات ژیریی دەستکرد زۆر سادەتر لە پێشتر بە کار بێت.
مایکرۆسافت کە سیستمی ژیریی دەستکردی لەسەر بنەمای کلاود هەیە و ناوی Azureە، ئێستا هەوڵ دەدات لەگەڵ ئامازۆن ڕێ بکەوێت Gluon كە کتێبخانەیەکی سەرچاوەکراوەیە، گشتگیر بکات و لەم ڕێگەیەوە سازکردنی ئەپەکانی مۆبایل کە کەڵک لە ژیریی دەستکرد وەردەگرن سادەتر دەبێتەوە.
هێشتا ڕوون نییە کە کام یەک لەو کۆمپانیانە دەبنە جێبەجێکاری پێشەنگ لە بواری ڕاژەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای کلاود، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر کامیان ئەوە بکات لە بواری بازرگانییەوە بردنەوەیەکی گەورەیە.
ئێستاکە ژیریی دەستکرد زۆرتر لە پیشەسازیی تەکنۆلۆژیی ئاستبەرزدا بە کار دێت بەڵام زۆر بواری تری بارزگانی و پیشەسازی لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکردا کێشەیان هەیە. کەرتەکانی پزیشکی و وزە ئەگەر بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن ئاڵوگۆڕێکی گەورە تێاندا ڕوو دەدات کە دەتوانێت داهاتێکی ئابووری مەزنیشی لێ بکەوێتەوە.
زۆربەی کۆمپانیاکان ئێستا کەسی شارەزایان لە بواری چۆنیەتیی بەکارهێنانیی ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای کلاود نییە، بۆیە ئامازۆن و گووگڵ خزمەتگوزاریی ڕاوێژکاریش پێشکەش دەکەن. کاتێک ژیریی دەستکرد کەوتە بەر دەستی هەمووان ئەو کاتەیە کە دەتوانین بڵێین شۆڕشی ژیریی دەستکرد دەستی پێکردووە.

وشەکان:
Cloud based AI ژیریی دەستکرد لەسەر بنەمای کلاود
Machine learning فێربوونی ماشین
Tensorflow تێنسۆرفلەو

ئامادەکردنی:
محەممەد محەممەدئەمینی
سەرچاوە:
https://www.technologyreview.com/lists/technologies/2018/

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button