بابەتزانستە بنەماییەکان

چۆن چۆلەکەی ماڵان، لانکەی لەگەڵ مرۆڤەکاندا پێکنا؟

چۆن چۆلەکەی ماڵان، لانکەی لەگەڵ مرۆڤەکاندا پێکنا؟

مرۆڤ لەھەر شوێنێک ھەبێت، چۆلەکەی ماڵانیش لەوێ ھەن. وێڕای ناوەکەی ) passer domesticus)، کە لافی ماڵییبوون لێدەدا، بەڵام لەڕاستیدا ماڵی نین. ئەم مەلە چکۆلە ڕەنگ خۆڵەمێشیی و قاوەییانە، جگە لە جەمسەری باشوور، لە ھەموو پارزەوییەکانی سەر زەویدا ھەن. ئەم چۆلەکانە، بەنێو شارەکاندا ھەڵبەز و دابەزیانە، لەسەر خۆراکی فڕێدراوی لاشەقام و کۆڵانان دەژین، ھەندێک جاریش، ڕاوەدووی باڵندە کێوییەکانی دەنێن. لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، باس لەوە ئەکات، کە چۆن ئەم باڵندە زۆر و زەبەنانە، خۆیان لەگەڵ ژیانکردن لەتەک مرۆڤەکاندا، گونجاندووە: پێدەچێت ئەو پڕۆسە پەرەسەندنییەی ھەڵبژاردنی سروشتی، گۆڕانکارییەکی بۆماوەیی پەسەند کردبێت، کە شێوەی کاسەسەری گۆڕیبێتن و، ھەروەھا توانای ھەرسکردنی نیشاستەی پێدابن- ھاوشێوەی جڕ و جانەوەرە ماڵییەکانی تر، وەکوو سەگ.

ئەو ئەتوارە دۆستانەییەی ئەم چۆلەکانە، ڕەگوڕیشەیەکی ئەفسانەیی ھەیە، لە سەرچاوەگەلێکی وەک؛ کتێبی پیرۆز، شیعرە چینییە سەرەتاییەکان و، سەربوردەکانی (کانتەربێری) لە نووسینی جیۆفری چاوکەر، ھاتووەتە باسکردن. بەڵام ھیچ کەسێک بەڕاستی نەیدەزانی چی وای لێکردوون لەو ئەندامانەی تری خێزانی چۆلەکەکان- کە لە مرۆڤ سڵ دەکەنەوە- جیاوازبن.

بەمەرامی گەڕان لە دووی لێکدانەوەیەکی بۆماوەیی، (مارک ڕاڤینێت)ی زیندەزانی پەرسەندنی و ھاوکارانی لە زانکۆی ئوسلۆ، دەیان چۆلەکەیان لە شوێنانێکی سەرانسەری ئەورووپا و ئاسیادا بە حەواوە گرت. بۆ گرتنی چۆلەکەکان، تۆڕی درێژ و کزبینیان دانا، وەختێ باڵندەکان دەفڕینە نێویەوە، تاڵە درێژ و ھەڵتۆقیوەکانی تۆڕەکە قۆڵبەستی دەکردن. پاش ڕاکێشانی نموونەی خوێن، پێوان و پاشان نیشانکردنیان، باڵندەکانیان بەڕەڵا کرد. دەستەکە زانیارییان لەسەر چوار جۆری سەرەکیی چەشنە ئەراسیاییەکان* کۆکردەوە؛ 46 چۆلەکەی ماڵان، 43 چۆلەکەی سپانیایی، 31 چۆلەکەی ئیتاڵیایی و، 19 چۆلەکەی باکتریانایی*(bactrianus).

لە تاقیگەدا، دی.ئێن.ئەی چۆلەکەکانیان ڕیزبەندیی کرد. وەختێ زنجیرە بۆماوەییەکانی چۆلەکەی ماڵانیان لەگەڵ نزیکترین خزمی کێوییاندا بەراورد کرد، ئەوەیان بۆ دەرکەوت، کە لەو وەختەوەی لێک جوودا بوونەتەوە، زۆر ناوچەی کۆھێڵی چۆلەکەی ماڵان، وا دەردەکەوتن بە ھەڵبژاردنی سوودبەخشدا چووبن. واتە؛ بەئەگەرێکی زۆرەوە، ھەندێ جیاوازیی بۆھێڵیی دیارییکراو کە لەو ناوچانەدا بنجیان کوتاوە، ھاریکار بوون لە گوزەرانکردنیان لەگەڵ مرۆڤدا.

بەبایەخترین نیشانەی ھەڵبژاردنێکی سوودبەخش لە دی.ئێن.ئەی چۆلەکەکەدا، لە ناوچەیەک دۆزرایەوە کە دوو بۆھێڵی ناسراوی تێدایە؛ یەکێکیان پەیوەندە بە گەشەی کاسەسەر و، ئەوەی دی ھاوکارە لە درووستکردنی ئەنزیمی ئەمایلەیز، ئەویش ئەنزیمێکە دەستی ھەیە لە تێکشاندنی نیشاستە لە مرۆڤ، سەگ و ھەروەھا ئاژەڵەکانی تریش. ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ھەردوو بۆھێڵەکەدا ھاتوون، ڕەنگە ھاوکار بووبن لەوە چۆلەکەی ماڵان، بەروبومی بەرھەمھاتووی دەستی مرۆڤ بخوات.

ڕاڤینێت دەڵێت: چۆلەکەی ماڵان، دەتوانێت لەبەرگیراوی زیاتر، یاخود لەبەرگیراوێکی جیاوازی ھەردوو بۆھێڵی کاسەسەرەشێوە و بۆھێڵی ئەمایلایز ھەڵبگرێت. بەو پێیەی ھێشتا دیار نییە کە چۆن ئەم بۆھێڵانە شێوە و ئاکاری ئەم باڵندانەیان گۆڕیوە، دەستەکەی ڕاڤینێت پلانیان وایە وردتر لە جیاوازییەکانی ھەردوو بۆھێڵەکە بکۆڵنەوە. ھەنگاوێکی تریشیان ئەوەیە، لە ژەمەخۆراکەکانی چۆلەکەی ماڵان وردببنەوە، بۆ ئەوەی بزانن، داخۆ ئەو گۆڕانانەی بەسەر کاسەسەریاندا ھاتوون، ھێزی قەپگرتنیانی زیادکردووە؟ کە ئەوەیش دەکرێت ھاوکاری ئەم باڵندانە بووبێت، کە ئەو تۆوە ڕەقترانەی بە مەزرای مرۆڤەکاندا پەرش بووبوونەوە، لووش دەن.

شیکردنەوە تاقیکردنەوەییەکانیش ئەوەیان پێشنیاز دەکرد، کە چۆلەکەی ماڵان و چۆلەکەی باکتریانیایی، نزیکەی 11،000 یازدە ھەزار ساڵ لەمەوبەر، لەدەستپێکی شۆڕشی بەردینی نوێوە، ئەو وەختەی کشتوکاڵ بۆ یەکەمین جار لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا برەوی پێدرا، لێک جیا بوونەتەوە.

(ساموێل ئەندریو)ی زیندەزانی پەرەسەندنی، لە زانکۆی ماکواری لە سێدنی، کە لە چۆلەکە دەکۆڵێتەوە، دەڵێت: ئەم کارە ھەنگاوێکی تازەی ھەژێنەرە بۆ لێکۆڵەرانی باڵندە، ھەنگاوێکە، کە دەکرێ چەندین پرسیار لەسەر چۆنیەتی لێک جیابوونەوە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژینگە نوێیەکانیاندا، وەڵام بداتەوە. بەڵام لەسەر ئەوەیش کۆکن، کە دەکرێت گۆڕانکاریی لە بۆھێڵگەلێکی تریشدا ھەبن، کە وای لە چۆلەکەکان کردبێت سوود لە بوونی مرۆڤ وەربگرن و، ئەمانیش لەم شیکردنەوە سەرەتاییەیاندا بەسەریدا تێپەڕیبن.

ڕاڤینێت دەڵێت: ئەگەر تۆ لە شارێکی گەورە دەژیت، لەڕاستیدا زیاتر لەوەی درکی پێدەکەیت، جڕ و جانەوەر لە دەوروبەرتدا ھەن. “ئەوان مێژوو و سەرگوزەشتەیەکیان ھەیە بیگێرنەوە، ئێمە مێژووی ئەوانمان گۆڕی.”

____
*ئەراسیایی؛ جانەوەر گەلێکی ئەورووپی-ئاسیایی.

*باکتریا( bactria) ؛ کاتی خۆی بەو ناوچەیەی باکووری چیای (ھیندو کوکوش) و باشووری ڕووباری(ئامو داریا) دەوترا، ناوەچەکانی ئێستای ئافگانیستان، تاجیکستان و ئۆزباکیستان دەگرێتەوە. ھەندێ جار بەم چۆلەکانیش دەوترێ (چۆلەکەی ھیندیی).

فەرھەنگۆک؛

چۆلەکەی ماڵان، پاساریی – House sparrow
پڕۆسەی پەرەسەندییEvolutionary process
ھەڵبژاردنی سرووشتیی- Natural selection
نیشاستە- starch
ئەراسیایی- Eurasian
بۆھێڵ- gene
کۆھێڵ-genome
ئەمایلەیز- Amylase

سەرچاوە؛
http://www.sciencemag.org/news/2018/08/how-house-sparrow-made-its-home-humans?utm_source=sciencemagazine&utm_medium=facebook-text&utm_campaign=housesparrow-21225

شەنیار جەلال

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button