بابەتمێشک

دە زانیاری لە بارەی مێشکەوە کە نەتزانیوە

 مێشک بایەخی بە خۆی نەداوە: مێشکی مرۆڤ بە درێژایی مێژوو کەمخەم بووە لە بیرکردنەوە لە خودی خۆی، هەر لە میسرییە دێرینەکانەوە تاوەکو ئەرستۆ ڕۆڵی ئەو پێکهاتە ئاڵۆزەی نێوان گوێیەکانیان کەم کراوەتەوە، “گالینۆس”ی توێکاری ناودار؛ مێشکی وەک فەرماندەی جووڵە و ئاخاوتن داناوە، بەڵام تەنانەت ئەویش ماددە سپی و خۆڵەمێشییەکەی مێشکی فەرامۆش کردووە، پێی وا بووە سکۆڵە پڕ شلەکانی ناو مێشک زۆربەی کارەکان ڕادەپەڕێنن.

مێشکی مرۆڤ گەورەیە: مامناوەندیی بارستایی مێشکی مرۆڤ 1.3-1.4 کیلۆگرامە، هەندێک لە نۆژدارانی دەمار هەستی دەستدان لە مێشکێکی زیندوو بە هەویری ددان دەچوێنن، بەڵام بە قسەی “کاترینا فێرلک”ی نۆژداری دەمار بێت؛ دەتوانین لە فرۆشگەی خواردن لێکچواندنێکی جوانتر بدۆزینەوە. “فێرلک” لە یاداشتنامەکەیدا دەڵێت: “مێشک وەک هەویری ددان بڵاو نابێتەوە، وەک هەویری ددانیش بە پەنجەکانەوە نانووسێت، ئەگەر بزانیت تۆفوو چییە؛  تۆفۆی جۆری نەرم؛ لێکچواندنێکی نزیکترە”.

ئەگەر بەم گوزارشتە تووشی سەرسوڕمان نەبوویت؛ لەمەیان ڕابمێنە: نزیکەی 80%ی پێکهاتەکانی ناو کاسەی سەرت لە مێشک پێک هاتووە، بەشەکەی تریش بریتییە لە بڕی یەکسانی خوێن و شلەی پەتکەمێشک؛ ئەو شلە ڕوونەی دەمارە شانەکان لە یەکتر جیا دەکاتەوە، مێشک و خوێن و شلەکە پێکڕا نزیکەی 1.7 لیتر دەبن، یانی بەشی پڕکردنی بوتڵێکی سۆدەی دوو لیتری ناکەن.

بەڵام بچووک دەبێتەوە: بەو مێشکە قەبارە بتڵ سۆدەییەت زۆر لەخۆت دەرمەچوو، ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر مرۆڤ مێشکی گەورەتر بووە، “جۆن هۆكس”ی توێژەری بواری مرۆڤناسیی دێرین دەڵێت: “لە دراوە شوێنەوارییەکانەوە دەتوانین لە زۆربەی شوێنەکان، مێشک بپێوین؛ ئەورووپا، چین، ئەفریقیای باشوور، ئوستڕالیا. مێشک لە کۆی 1350 سانتیمەتر سێجا بە ئەندازەی 150 سانتیمەتر چوارگۆشە چۆتەوە یەک، کە دەکاتە نزیکەی 10%”

توێژەران نازانن مێشک بۆچی بچووک دەبێتەوە، هەندێک گریمانەی ئەوە دادەنێن؛ مێشک پەرە دەسەنێت تاوەکو چوستتر بێت، هەندێکی تر پێیان وایە کەللەی سەرمان بچووک دەبێتەوە، چونکە خۆراکەکانمان جوینیان ئاسانترە، بۆیە چیدی شەویلگەی گەورە و بەهێزمان پێویست نییە.

هۆکارەکەی هەر چییەک بێت؛ قەبارەی مێشک ڕاستەوخۆ بە ژیرییەوە گرێ نەدراوە، بۆیە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ژیرتربوونی مرۆڤە دێرینەکان.

مێشکمان وزە دەسووتێنێت: مێشکی ئەم چەرخە حووتی وزەیە، ئەگەرچی 2%ی کێشی لەش پێک دەهێنێت؛ کەچی 20%ی ئۆکسجین و 25%ی گلوکۆزی ناو خوێن بەکار دەهێنێت.

ئەم هەموو وزە خوازراوە مشتومڕی لەنێوان مرۆڤناسەکان ناوەتەوە؛ ئاخۆ دەبێت چی سووتەمەنیی پەرەسەندنی مێشکە گەورەکانی سەرەتا بووبێت، زۆر توێژەر پێیان وایە گۆشت سەرچاوەی ئەو وزە زۆرە بووە، بەڵگەیان ڕاوچێتیی باوانە سەرەتاییەکانمانە، بەڵام زاناکانی تر دەڵێن گۆشت سەرچاوەیەکی پشتپێبەستراو نەبووە، توێژینەوەیەکی ئەکادیمیای نیشتمانیی زانستی ئاماژە بەوە دەدات؛ شەمپانزییەکانی ئەمڕۆ لە ناوچەکانی ساڤانا؛ دەزانن چۆن زەوی بە دوای سەلکە پڕ کالۆرییەکاندا هەڵبکەنن، ڕەنگە باپیرانی ئێمەش هەمان شتیان کردبێت و توانستەکانی مێشکیان بە ڕووەک بەهێز کردبێت.

سەبارەت بەوەش چی وای کردووە مێشک قەبارەی گەورە بێت؛ سێ گریمانەی سەرەکی هەن: گۆڕانی کەشوهەوا، خواستەکانی ژینگە، کێبڕکێی کۆمەڵایەتی.

لۆچەکان زیرەکمان دەکەن: نهێنیی زیرەکیی چەشنەکەی ئێمە چییە؟ وەڵامەکەی ڕەنگە لۆچەکان بێت، ڕووی مێشک بە قڵیشەکان لوولی خواردووە، کەندەکەکان درز( Sulci) یان پێ دەگوترێت و بەرزاییەکانیش لەند (Gyri )، ئەم ڕووە توێكڵی مێشک (Cerebral Cortex) ی پێ دەڵێن، نیشتمانی نزیکەی ١٠٠ ملیارد دەمارە خانەیە.

ئەم ڕووە لۆچدارە ڕووبەرێکی زیاتری مێشک لە سنوورەکانی کەللەی سەر جێ دەکاتەوە، ئەم شتەش توانستی هەڵسووڕان دەگەیەنێت، خزمە سەرەکییەکانمان پلەی جیاوازی لۆچدارییان هەیە، چەشنی دروستکراوە ژیرەکانی تری وەک فیل، لە ڕاستیدا توێژینەوەیەک دەریخستووە؛ مێشکی دۆلفینەکان لۆچی دیارتریان هەیە لە هی مرۆڤەکان.

زۆربەی خانەکانی مێشکمان دەمارە خانە نین: ئەو تێڕوانینە کۆنەی پێی وا بوو تەنیا 10%ی توانستەکانی مێشکمان بەکار دەهێنین؛ ڕاست نییە، بەڵام ئێستاکە دەزانین دەمارە خانەکان تەنیا 10%ی خانەکانی مێشکمان پێک دەهێنن.

90%ەکەی تر؛ کە نیوەی کێشی مێشک پێک دەهێنن؛ هێلم (Glia)یان پێ دەگوترێت، واتای “غەڕڕە” دەگەیەنێت، هێلمەکان وەک ماددەیەکی پێوەنووسێن وان، دەمارە خانەکانیان بە یەکەوە بەستووە، بەڵام توێژینەوەیەکی ئەم دواییە هێلم بە جێبایەختر نیشان دەدات، ساڵی ٢٠٠٥ لە بابەتێکی “گۆڤاری نوێترین بیروڕاکان لە بارەی دەمارناسییەوە” ڕۆڵی ئەو سەربازە ونانە دیار دەخات؛ هەر لە پاککردنەوەی دەمارە گوێزەرەوە زیادەکانەوە بگرە تا دەگاتە دابینکردنی پاراستنی بەرگری بۆ برەودان و دەستکاریی نەشونما و فرمانی گەیەنەرەکان، گەیەنەرەکان بەستەری نێوان دەمارە خانەکانن، وا دەردەکەوێت ئەو کزوماتییەیان لەخۆڕا نییە.

مێشک شوێنێکی تایبەتە: خانەکانی ناو سیستمی خوێنی مێشک پێکڕا “بەربەستی خوێنی مێشک”یان پێ دەگوترێت، وەک پاسەوان وان، تەنیا ڕێگە بە کەمێک لە گەردەکان دەدەن بچنە ناوەوەی مێشک، ئەو موولوولەخوێنانەی خۆراک دەدەنە مێشک؛ بە کۆمەڵێک خانەی توند پێکبەستراو ناوپۆش کراون، گەردە گەورەکان دوور دەخەنەوە و پڕۆتینی تایبەت لە بەربەستەکەدا خۆراک و ماددە پێویستەکان دەگوازنەوە بۆ مێشک؛ تەنیا کۆمەڵەیەکی کەم تێدەپەڕێنرێن.

ئەم بەربەستە مێشک دەپارێزێت، بەڵام دەتوانێت ڕێ لە دەرمانە ژیانپارێزەکانیش بگرێت، پزیشکەکان دەتوانن لووەکانی مێشک بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە چارەسەر بکەن؛ کە خانەکان لە یەک دەکەنەوە، بەڵام ئەمە بۆ ماوەیەکی کاتی مێشک بۆ تووشبوون واڵا دەکات، ڕەنگە ڕێگەیەکی نوێ بۆ دزەکردنی دەرمانەکان بەناو بەربەستەکەدا تەکنەلۆژیای نانۆ بێت، ساڵی 2009 توێژینەوەیەک لە “گۆڤاری توێژینەوەی شێرپەنجە” بڵاو کراوەتەوە؛ نیشانی دەدات ئەو تەنۆلکە نانۆییانەی تایبەت دیزاین کراون؛ دەتوانن بەربەستەکە ببڕن و بە لووە شانەکانەوە بلکێن، لە ئایندەدا؛ دەکرێت یەکخستنی تەنۆلکە نانۆییەکان و دەرمانی چارەسەرە کیمیاییەکان ڕێگەیەکی بەئامانجگرتنی لووەکان بێت.

مێشک وەک لوولەکێک دەست پێ دەکات: هەر زوو، سێ هەفتە دوای سکپڕی، بناغە بۆ مێشک دادەنرێت؛ پەڕەیەک خانە ئاولەمەییەکان کە پێچە پەڕە دەمارییەکان (Neural Plate Folds) یان پێ دەگوترێت؛ یەک دەگرن و لوولەی دەماری (Neural Tube) پێک دەهێنن، ئەم شانەیە دەبێتە ناوەندی سیستمی دەمار.

لوولەی دەماری بە درێژایی سێ مانگی یەکەم گەشە دەکات و جودا دەبێتەوە، (جودابوونەوەی خانەکان؛ واتە بوونە شانەی جیاواز بۆ دروستبوونی بەشەکانی لەش)، ناگاتە سێ مانگی دووەم؛ هێلم و دەمارە خانەکان دەست بە دروستبوون دەکەن، پاشان مێشک لۆچی تێدەکەوێت، بە گوێرەی توێژینەوەیەکی “گۆڤاری تیشکناسی” لە هەفتەی 24دا؛ وێنەگرتن بە زرنگانەوەی موگناتیسی تەنیا چەند کەندەکێکی ساوا لە ڕووە لووسەکەی مێشک نیشان دەدات، لەگەڵ دەستپێکی سێ مانگی سێیەم لە هەفتەی 26ەم؛ کەندەکەکان قووڵتر دەبنەوە و مێشک دەست دەکات بە خۆنواندن وەک مێشکی کۆرپەی ساوا.

مێشکی هەرزەکاران تەواو دروست نەبووە: دایک و باوکی هەرزەکارانی لاسار شادمان دەبن؛ یان لانیکەم دەحەسێنەوە بەوەی کەمێک هەرزەییان بە هۆی گەشەی مێشکیانەوە نەمێنێت.

ماددەی خۆڵەمێشیی مێشک؛ ڕێک پێش باڵغبوون دەگاتە چڵەپۆپە و بە درێژایی هەرزەکاری پاشەکشە دەکات، هاوڕێ لەگەڵ هەندێک گەشەی زۆر لەناکاوی نێوچەوانە پل، کە جەرگەی بڕیاردانە.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی “گۆڤاری گەشەی منداڵ”؛ بەشە بەرپرسەکانی فرەکرداری تا شازدە حەڤدە ساڵی بە تەواوی پێناگەن، لە توێژینەوەیەکی تردا هاتووە؛ هەرزەکاران پۆزشێکی دەمارییان هەیە بۆ تەنیا پشت بەخۆ بەستن، دەمی بیرکردنەوە لە ئیشێک کە کار لەوانی دیکە دەکات؛ هەرزەکاران کەمتر توێکڵی ناوەندیی بەرنێوچەوان (Medial Prefrontal Cortex) بەکار دەهێنن، کە پەیوەستە بە هاوسۆزی و هەستکردن بە تاوان، توێژەرەکان دەڵێن هەرزەکاران بە تێکەڵبوونی خەڵکی فێری هاوسۆزی دەبن، دەبێت زۆر تێکەڵ ببن تاوەکو لە بیست ساڵی ڕەگیان تێدا دابکوتێت.

مێشک هەرگیز لە گۆڕان ناوەستێت: زانست دەیگوت بە گەیشتنە باڵغی؛ مێشک هەموو توانستێکی پێکهێنانی پەیوەندیی نوێی دەماری لەدەست دەدات، ئەم توانستە کە گونجۆک (Plasticity) ی پێ دەڵێن؛ پێیان وا بووە تەنیا لە ساوایی و منداڵیدا کاری خۆی دەکات.

هەڵەن، لە توێژینەوەیەک لەسەر تووشبووێکی جەڵتەی مێشک دەرکەوت؛ مێشکی نەخۆشەکە خۆی لەگەڵ تێکچوونی ئەو دەمارانە گونجاندووە؛ کە زانیاریی بینایی دەگوازنەوە، ئەمەش بە وەرگرتنی زانیاریی هاوشێوە لە دەماری ترەوە، چەندین توێژینەوە دوای ئەمە نیشانیان دا مشکی پێگەیشتوو دەتوانێت دەمارە خانەی نوێ پێک بهێنێت، دواتر توێژینەوەکان بەڵگەی زیاتریان دەرخست؛ کەوا دەمارە خانەکانی مرۆڤ تاوەکو قۆناغی پێگەیشتنیش پەیوەندیی نوێ دروست دەکەن، لەم میانەیەدا توێژینەوە لە ڕامان دەریخست؛ مەشقی چڕوپڕی هزری دەتوانێت پێکهاتە و فرمانی مێشک هەردووک بگۆڕێت.

دوای هەموو شتێک؛ ئافرەتان لە ڤینۆسەوە نەهاتوون: کەلتووری خەڵکی دەڵێت مێشکی ئافرەتان و پیاوان تەواو جیاوازن، دروستە کەوا هۆڕۆمەکانی نێر و مێ جیاواز لە یەکدی کار لە گەشەسەندنی مێشک دەکەن، هەروەها توێژینەوە وێنەگرییەکان نیشانیان داوە؛ مێشکی ئافرەتان و پیاوان بە ڕێگەی جیاواز هەست بە ئازار دەکەن و بڕیاری کۆمەڵایەتی دەدەن و مامەڵە لەگەڵ پەشێوی دەکەن، ئەم جیاوازییانە ئاخۆ دەبێت بۆماوەیی بن یان ئەزموونی؟ دیار نییە.

بەڵام زۆربەی بەشەکانی مێشکی ئافرەتان و پیاوان و توانستی هزرییان وەک یەکە، ساڵی 2005؛ لە شیکارییەکی دەروونناسێکی ئەمریکی لە توێژینەوەیەکی جیاوازییە ڕەگەزییەکان؛ دەرکەوتووە؛ 78%ی ئەو جیاوازییە ڕەگەزییانەی لە توێژینەوەکانی تر باس کراون؛ ڕەگەز کاریگەریی لەسەر ڕەفتار زۆر کەم بووە و بگرە نزیک بووە لە هیچ، هەروەها توێژینەوە تازەکان پۆخڵەواتەکانیان بە تەواوی لێک هەڵوەشاندۆتەوە لە بارەی جیاوازیی دوو ڕەگەزەکەوە، لە توێژینەوەیەکی 2010 چاودێریی نزیکەی نیو ملیۆن کچ و کوڕی 69 وڵات کراوە و هیچ جیاوازییەکیان لە توانستی بیرکاریدا نەدۆزیوەتەوە، ڕەنگە تیشک خستنە سەر جیاوازییەکانمان چەندین کتێبی بە ناونیشانی سەرنجڕاکێشەوە لێ بکەوێتەوە، بەڵام لە دەمارناسیدا؛ هیچ شتێک هێندەی ئەمە سادە نییە!

سەرچاوە:

www.livescience.com/12916-10-facts-human-brain.html

ئامادەکردنی: عەبدوڕەحمان ئەبووبەکر و ماهیر حەسەن

پۆستە هاوشێوەکان

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button