بابەتتەکنەلۆجیا

ناردنی بۆن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە

ناردنی بۆن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە
بیرتان کردووەتەوە لەوەی لە سەرهێڵ ژوانێکتان بێت و بۆنی خۆشەویستەکەتان بکەن؟ یان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە عەترێک بکڕن و بۆنەکەی تاقی بکەنەوە؟ یان داوا بکەن بە شێوەی سەرهێڵ پێش داواکردنی خواردنێک لە ڕێستۆرانێک بۆنی خواردنەکە بکەن؟
ئەو توێژەرانەی کە لەسەر “بۆنی دیجیتاڵ” کار دەکەن هێشتا ڕێگەیەکی دوور و درێژیان لەبەرە تا ئەوەی بەرنامەی بەکاربەری دروست بکەن کە وەڵامی ئەو پرسیارانەمان بداتەوە.
ئێستا توێژینەوەیەک لەسەر بۆنی دیجیتاڵ لە لایەن کاسون کارونانایاکا لە لە مالیزیا دەستی پێکردووە. ئەم پڕۆژەیە تێزێکی دوکتۆرایە و بەشێکە لە پڕۆژەیەکی گەورەترە بە ناوی “ئینتەرنێتی چەندهەستی”، کە پێشتر لەسەر ماچی دیجیتاڵ و تامی ئەلەکتریکی کاریان کردووە.
کارونانایاکا دەڵێت زۆربەی توێژینەوەکانی پێشوو لەسەر بۆنی دیجیتاڵ لە ڕێگەی کارتریجێکەوە دەکران. فەرمانیک دەنێردرا بۆ کارتریجکە و ماددە کیمیاییەکان تێکەڵ دەبوون بۆ ئەوەی بۆنێکی تایبەت بەرهەم بهێنن.
ئێستا ئەم تیمە لەگەڵ ستارتاپێکی ژاپۆنی بە ناوی Scentee کار دەکەن کە ئەپێکی مۆبایل دروست بکەن کە لەگەڵ هەموو ئەپەکانی تر پەیوەندی ببێت. بۆ وێنە کاتێکی زەنگی تەلەفۆنەکەتان بەیانی لێدەدا بۆنی قاوە دروست ببێت، یان کاتێک لە هاوڕێیەکی تایبەتەوە پەیامێکتان بۆ دێت تەنانەت بۆنی هاوڕێکەشتان بێت.
لەم توێژینەوەیە نوێیەدا بە شوێن ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێن کە کەڵک لە کاتریج و ماددە کیمیاییەکان وەرنەگرن کە پڕکردنەوەیان دەوێت بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی ئەلەکتریسیتەوە ئەو کارە ئەنجام بدەن.
لە توێژینەوەکەدا ٣١ کەسی خۆبەخشیان ڕازی کرد کە کەیبڵێک بە ناو لووتیاندا ببەنە سەر. کەیبڵەکە کامێرایەکی بچوک و ئەلەکترۆدێکی زیوی بەسەرەوە بوو. کامێراکە یارمەتیی توێژەران دەدات کە ناو لووتی بەشداربووەکە ببینن تاوەکوو بتوانن پەیوەندی لە نێوان ئەلەکترۆدەکان و خانەکانی ئەپیتیلیۆمی بۆنکردن دروست بکەن کە حەوت سانتیمەتر لە کونی لووتەوە دوورە. ئەم خانانە زانیاریی بۆ دەماری بۆنکردن لە مێشکدا دەنێرن.
بە شێوەی ئاسایی، ئەم خانانە لە ڕێگەی پێکهاتە کیمیاییەکانەوە هاند دەدرێن بەڵام لەم توێژینەوەدا لە ڕێگەی تەزوویەکی کارەباییەوە ئەم کارەیان کرد.
لە توێژینەوەکەدا پارامیتری جیاجیا تاقی کرانەوە بە شێوەیەک کە بەشداربووان هەستیان بە چەند جۆر بۆنی جیا کرد. ئەمە یەکەم قۆناغە و لە قۆناغی دواتردا دەستنیشانی دەکەن کە کام یەک لە هاندانەکان پەیوەندییان بە بۆنێکی تایبەتەوە هەیە.
بە هۆی ئەوەی کە ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ بەشداربووان ناخۆش بوو، بیر لەوە دەکرێتەوە کە چۆن بەبێ ناردنی کەیبڵ بۆ ناو لووت بکرێت ڕاستەوخۆ بەشێک لە مێشک کە پەیوەندی بە بۆنکردنەوە هەیە هان بدرێت.

وشەکان:
Digital smell بۆنی دیجیتاڵ
Internet multisensory ئینتەرنێتی چەندهەستی
Olfactory epithelium cells خانەکانی ئەپیتیلیۆمی بۆنکردن

سەرچاوە:
https://spectrum.ieee.org/the-human-os/biomedical/devices/these-researchers-want-to-send-smells-over-the-internet

ئامادەکردنی: محەممەد محەممەدئەمینی

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button