بابەتزانستە بنەماییەکان

پێت خۆشە بزانی کەی دەمریت؟

پێت خۆشە بزانی کەی دەمریت؟
ماوەی تەمەنتان لە دی.ئێن.ئەیدا نووسراوە و ئێستا خەریکن ئەو کۆدە دەخوێننەوە!
تا ئێستا ئەم پرسیارە بێوەڵام ماوەتەوە: کەی دەمرم؟ ئەگەر وەڵامەکەی بزانین ئایا بە شێوەیەکی جیاواز دەژین؟ زانست هێشتا نەیتوانیوە ماوەی تەمەن لە فاڵچییەک باشتر لێک بداتەوە بەڵام ئێستا خەریکە ئەو شتە دەگۆڕێت.
ستیڤ هۆرڤاس پسپۆڕی بایۆئامار لە زانکۆی یوو.سی.ئێڵ.ئەی، لەسەر گۆڕانی ئێپیجەنەتیک کار دەکات کە چالاکیی دی.ئێن.ئەی دەگۆڕێت بەڵام خودی زنجیرەی دی.ئێن.ئەی ناگۆڕێت. هۆرڤاس دەڵێت کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان بەتەمەنی و ئێپیجەنەتیکدا هەیە. دەڵێت “کاتێک من ئەو پەیوەندییەم زانی هەموو پڕۆژەکانی ترم لا خستن، چون ئەمە بە داهاتوو دەزانم.”
هۆرڤاس لەسەر ئەوە کار دەکات کە چۆن گۆڕانە کیمیاییە تایبەتەکان لە سایتۆزیندا -یەکێک لە چوار پیتە سەرەکییەکەی کۆدی جەنەتیکی- دەبنە هۆی چالاکبوون یان چالاکنەبوونی جینەکان. بە سەیرکردنی ئەو گۆڕانانە دەکرێت بڵێین کە کەسێک خێرا تەمەن دەکات یان هێواش. تیمەکەی هۆرڤاس ئەو کاتژمێرە ئێپیجەنەتکییەیان لەسەر دی.ئێن.ئەی ١٣٠٠٠ کەس تاقی کردەوە، ئەنجامەکان دەردیخەن کە ئەم کاتژمێرە لە پێشبینیی کاتی مردندا یارمەتیدەر دەبێت. ئەو دەڵێت “دوای پێنج ساڵ توێژینەوە، هیچ کەس نییە دڕدۆنگ بێت لەوەی کە ئێپیجەنەتیک ماوەی تەمەن پێشبینی دەکات.”
ئەگەر بەپێی کاتژمیرەکەی هۆرڤاس هەشت ساڵ یان زیاتر لە تەمەنی ناو ڕۆژژمێر خێراتر بژین، مەترسیی مردن دوو بەرامبەر دەبێتەوە، لە کاتێکدا ئەگەر تەمەنمان حەوت ساڵ هێواشتر بێت، ئەو مەترسییە نیوە دەبێتەوە. کاتژمێری ئێپیجەنەتیک بۆ تەمەنی کەمتر باشتر وەڵام دەداتەوە، بۆ تەمەنی زۆر بەرەوژوو وردبینیی باش نییە.
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، سایتۆزینی سەدان هەزار خاڵ لە دی.ئێن.ئەیدا، گروپی کیمیایی مێتیل بە دەست دەهێنن یان لە دەستی دەدەن. هۆرڤاس دەیهەوێت کە بڕی کەم و زۆربوونی مێتیلەیشن بپێوێت، ٣٠٠ تا ٥٠٠ گۆڕانی گرینگی لەبەر چاو گرت و لەو ڕێگەیەوە کاتژمێرەکەی دروست کردووە. ئەنجامەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خێرایی کاتژمێرەکە پەیوەندییەکی بەهێزی بە جینەکانەوە هەیە. ئەو بەراورد دەکات کە ٤٠ لەسەدی ئەو خێراییە پەیوەندی بە بۆماوە ببێت و ئەوەی تریش پەیوەندی بە شێوازی ژیان و شانسەوە ببێت.

وشەکان:
Epigenetic ئێپیجەنەتیک
Cytosine سایتۆزین
Methylation مێتیلەیشن

سەرچاوە:
https://www.technologyreview.com/s/612256/want-to-know-when-youre-going-to-die/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button