بابەتتەکنەلۆجیا

سوپەرکۆمپیوتەرێکی نوێ بە ١ ملیۆن پێواژۆکەرەوە، گەورەترین ماشینی دنیا کە هاوشێوەی مێشک کار بکات

سوپەرکۆمپیوتەرێکی نوێ بە ١ ملیۆن پێواژۆکەرەوە، گەورەترین ماشینی دنیا کە هاوشێوەی مێشک کار بکات

زانایان گەورەترین مێشکی دنیایان وەگەڕ خست: سووپەرکۆمپیوتەرێک بە یەک ملیۆن پێواژۆکەر (پرۆسێسۆر) و ١٢٠٠ بۆردی خولگەی پێکبەستراو کە پێکەوە وەک مێشکی مرۆڤ کار دەکەن.
پاش دە ساڵ کار کردن گەورەترین کۆمپیوتەری شێوەدەماری –جۆرێک کۆمپیوتەر کە چالاکیی دەمارەخانەکان مۆدێل دەکات- لە ٢ی نۆڤەمبردا خرایە کار.
ناوی ئەم کۆمپیوتەرە سپاین نایکێرە و لە زانکۆی مەنچستەر لە بریتانیا دروست کراوە. سپاین نایکێر تەنیا وەک مێشک بیر ناکاتەوە بەڵکوو دەمارەخانەکانی مێشکی مرۆڤ مۆدێل دەکات و لە هەر کۆمپیووتەرێکی تری سەرزەوی ژمارەیەکی زۆرتر و خێراتر لە دەمارەخانەکان هاوشێوەسازی دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٦ەوە سپاین ناکێر بە ٥٠٠،٠٠٠ پێواژۆکەرەوە کاری هاوشێوەسازی نۆرۆنەکانی دەکرد بەڵام لە ئێستادا ژمارەی پێواژۆکەرەکانی دوو بەرامبەر کراوەتەوە و گەیەنراوەتە یەک ملیۆن دانە. ئەم کۆمپیوتەرە بەشێکە لە پڕۆژەی مێكشی مرۆڤ کە یەکیەتیی ئەوروپا پشتیوانی لێ دەکات و هەوڵێکە بۆ ئەوەی ماشینێک دروست بکرێت کە هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ کار بکات، ئێستا ماشینەکە دەتوانیت ٢٠٠ کوادریلیۆن ئەرک بە شێوەی هاوکات جێبەجێ بکات.
مێشکی مرۆڤ لە ڕێگەی ١٠٠ ملیارد دەمارەخانەوە سیگناڵەکان بۆ هەزاران شوێن دەگوازێتەوە، سپاین ناکێر بە ژمارەیەکی زۆر پەیوەندی لە نێوان پێواژۆکەرەکانیدا تا ڕادەیەکی باش لەم ڕوانگەشەوە وەک مێشکی مرۆڤ کار دەکات.
پێشتر سپاین ناکێر کە ٥٠٠،٠٠٠ پێواژۆکەری بوو، دەیتوانی ٨٠،٠٠٠ دەمارەخانەی توێخی مێشک مۆدێل بکات، توێخی مێشک ئەو بەشەی مێشکە کە پەیوەندی هەیە بە وەرگرتنی دراوە لە ڕێگەی هەستەکانەوە.
ئایا بەم کۆمپیوتەرەوە چەندە توانیومانە ماشینێک دروست بکەین کە کارەکانی مێشک جێبەجێ بکات؟ لە ڕاستیدا، ئەم کۆمپیوتەرەش تەنیا بەشێکی بچووک لەو کارە ئاڵۆزانەی مێشک دەتوانێت جێبەجێ بکات. فاوبر کە پڕۆفیسۆری زانستی کۆمپیوتەرە لە زانکۆی مەنچستەر دەڵێت “سپاین ناکێر تەنیا یەک لە سەدی کارەکانی مێشک ڕادەپەڕێنێت”. هێشتا ڕێگەیەکی دوورمان لەبەرە ماشینێک دروست بکەین کە بتوانێت بە تەواوەتی وەک مێشک کار بکات.

وشەکان:
SpiNNaker سپاین ناکێر
Neuromorphic شێوەدەماری
Neuron دەمارەخانە
Cortex توێخی مێشک
Processor پێواژۆکەر

سەرچاوە:
https://www.livescience.com/64005-worlds-largest-supercomputer-human-brain.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button