بابەتژینگە

سووپەرمارکێتێک بەبێ کەڵکوەرگرتن لە پلاستیک

سووپەرمارکێتێک بەبێ کەڵکوەرگرتن لە پلاستیک

کاتێک کە دەچن بۆ سووپەرمارکێتە گەورەکان، ئایا سەرنجی پلاستیکێک کە بەکار دەبرێت بۆ بەستەبەندیی بەرهەمەکانتان داوە؟ لە بەستەبەندیی پەنیرەوە بیگرە تا چیپس و میوە و نیسک و هتد؛ پلاستیک کەرەستەی سەرەکیی بەستەبەندییە!
ئەو پلاستیکەی کە بەکار دەبرێت، زۆربەی کات فڕێ دەدرێتە ناو ژینگە و تا ملیۆنان ساڵ دەمێنێتەوە. توێژینەوە دوای توێژینەوە، دەریخستووە کە کاریگەریی پلاستیک بۆ ژینگە هێڵی سووری تێپەڕاندووە و پێویستە زۆر جددیتر هەوڵ بدەین بەکارهێنانی پلاستیک کەمتر بکەینەوە بۆ پاراستنی ژینگەکەمان!

 

بۆ یەکەم جار لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، سووپەرمارکەتێکی گەورە بە ناوی تۆرنتۆن باجنس، بەشی “بێ-پلاستیکی” بۆ بەستەبەندیی ١٧٠٠ بەرهەمی خۆی دروست کردووە. ئەمە هەنگاوێکه بۆ ئەوەی کە تا سێ ساڵی تر ئەم سووپەرمارکیتە هەموو زنجیرەکانی له بەریتانیا بکات بە “بێ-پلاستیک”.

 

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە بوو کە سووپەرمارکێتیکی چکۆلە لە ئەمستردام، بۆ یەکەم جار لە دنیادا، بەستەبەندی بەشێک لە بەرهەمەکانی کرد بە “بێ-پلاستیک”. بەڵام ئەو کارەی کە لە لەندەن کراوە، زۆر قەبارەکەی گەورەترە. لە بەستەبەندیی میوە و سەوزییەوە بیگرە، هەتاوەکوو پەنیر و گۆشت و هتد، هەموو بەبێ کەڵکوەرگرتن لە پلاستیک!

دەوڵەتی بەریتانیا بەتەمایە کە لە داهاتوودا باج بخاتە سەر بەستەبەندیی پلاستیکی. بۆیە ئەم هەنگاوە زۆر گرینگە کە نیشان بدات بەستەبەندیی بێ پلاستیکیش کردەییە.

بۆ زۆریەک لە بەرهەمەکان، بەستەبەندیی پلاستیکی گۆڕدراوە بۆ بەستەی کاغەزیی سلۆلزی. سلۆلز بەشێکە لە دیواری خانەکانی گیاکان.

خاوەنی ئەو سووپەرمارکێتە دەڵێت کە هیوادارە ئەم کارە ڕچەشکێن بێت بۆ سووپەرمارکێتەکانی تریش.

 

سەرچاوە:
https://www.telegraph.co.uk/news/2018/11/07/britains-first-plastic-free-supermarket-zones-open

وشەکان:
Thornton Budgens تۆرنتۆن باجنس
Cellulose سلۆلز
Plastic-free بێ-پلاستیک

نووسەر: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button