بابەتتەکنەلۆجیا

مێشکێکی دەستکرد کە هاوشێوەی مێشکی منداڵی ناکامڵ هەڵسوکەوت دەکات

مێشکێکی دەستکرد کە هاوشێوەی مێشکی منداڵی ناکامڵ هەڵسوکەوت دەکات

“مێشکی بچووک” کە لە دەفرێکدا گەورە کراوە، بۆ یەکەم جار شەپۆلی هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ و نەخشێکی ئەلەکتریکی هاوشێوەی مێشکی منداڵی ناکامڵ، بەرهەم دەهێنێت.
ئەم پێشکەوتنە یارمەتیی توێژەران دەدات کە سەرەتای گەشەی مێشک بخەنە بەر لێکۆڵینەوە. توێژینەوە لەم بوارەدا هێواش بووە، چونکە ئاستەمە کە لە شانەکانی تۆل نموونە هەڵگیرێت یان لەناو منداڵداندا لەسەری شیکاری بکرێت. زۆربەی توێژەران خۆشحاڵن بەو هەڵسوکەوتەی ئەم ئۆرگانۆیدە، چونکە کاتێک کە بە شێوەی سێ ڕەهەندی گەورە دەبێت، هەندێک لە پێکهاتە ئاڵۆزەکانی مێشک تێیدا پەرە دەستێنن. ئەم تەکنۆلۆژییە پرسیارێکی ئاکاریش دروست دەکات لەمەڕ ئەوەی کە ئەندامێک دروست بکرێت کە ئاگامەندی هەبێت.
تیمێکی توێژەران کە لە لایەن زانای دەماری ئالیسۆن مۆوتری لە زانکۆی کالیفۆرنیا سان دیەگۆ ڕێبەرایەتی دەکرێت، بە دانانی خانە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە پاڵ یەکتریدا شانەیەکیان هاوشیوەی توێخی مێشک –ئەو بەشەی مێشک کە توانایی ناسین کۆنترۆڵ دەکات و ڕاڤەی زانیاریی وەرگیراو لە هەستەکان دەکات- دروست کرد.
مۆوتری و هاوکارەکانی بە بەردەوامی نەخشی ئەلەکتریکی یان چالاکیی ئەلەکترۆئەنسفالۆگرامیان لەسەر ڕووکاری مێشکە بچووکەکان تۆمار کرد. دوای شەش مانگان، خانەدەمارییەکان لە بەراورد بەوانەی کە پێشووتر ساز کراون، بە ڕێژەی زیاتر چالاک دەبوون.
ئەو نەخش و پەتێرنانەی کە بەرهەمیان دەهێنان، چاوەڕواننەکراو بوو. لە مێشکی پێگەیشتوودا، دەمارەخانەکان تۆڕێکی هاوکاتکراو پێکدەهێنن کە بە ڕیتیمێکی پێشبینیکراو دەمارەخانەکان چالاک دەبن. بەڵام لە ئۆرگانۆیدەکاندا، نەخشەکان ناڕێک بوون، ئەوەش هاوشێوەی چالاکیی ناڕێکی مێشکە لە کاتی گەشەکردندا. کاتێک توێژەران نەخشە بەرهەمهاتووەکانی ئەم مشێکە دەستکردانەیان بە ئی منداڵانی ناکامڵی تەمەنی ٢٥-٣٩ هەفتەیی بەراورد کرد، بۆیان دەرکەوت کە نەخشی ئەم مێشکانە هاوشێوەی منداڵەکانە.
ئێستا توێژەران خەریکن ئۆرگانۆیدەکان بۆ ماوەیەکی دیکەش گەورە بکەن. توێژەران هەروەها پلانیان هەیە کە پێکهاتەی بەشەکانی دیکەی مێشکیش دروست بکەن، تاوەکوو بە پێکەوە لکاندیان بزانن کە ئایا ئەم پێکهاتە دروستکراوە هاوشیوەی توێخی مێشکی مرۆڤی ئاسایی کار دەکات یان نا.
هەرچەند تا ئێستا بە باشی نازانن کە چۆن ئاگامەندیی مرۆڤ بپێون، بەڵام مۆوتری دەڵێت ئەگەر لە درێژەی توێژینەوەکەدا زانییان کە ئۆرگانۆیدەکە خودوشیاری دەبێت، توێژینەوەکە ڕادەگرن، هەرچەن کە لە ئیستادا ئەوان زۆر سەرەتاییترن لەوەی خودوشیارییان ببێت.

وشەکان:
Mini brain مێشکی بچووک
Consciousness ئاگامەندی
Self-aware خودوشیاری
Cortex توێخی مێشک
Synchronized هاوکاتکراو
Pattern نەخش
electroencephalogram ئەلەکترۆئەنسفالۆگرام
Neuron دەمارەخانە
Organoid ئۆرگانۆید

سەرچاوە:
https://www.nature.com/articles/d41586-018-07402-0

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button