بابەتمێشک

ئێمە بۆچی دەخەوین؟

ئێمە بۆچی دەخەوین؟
مرۆڤ نزیکەی سێیەکی ژیانی بە خەو بەسەر دەبات. نەخەوتن باری دەروونیت تێکدەدا و سەرەنجامیش دەبێتە ھۆی مردن. ئەوە ڕوونە چاولێکنان زۆر گرنگە بۆ راپەڕاندنی فرمانەکانی جەستە.
بەڵام لە ڕاستیدا کەس نازانێت خەو چی دەکات.

دکتۆر مایکڵ ھالاسا دەڵێت ” ئەوە جۆرێکە لە شەرمەزاری بۆ ئێمە کە نازانین خەو چی دەکات؟” دەشڵێت ” ئەوە ڕوونە ئێمە بۆچی نان دەخۆین یان زاوزێ دەکەین … ھتد بەڵام بە ھیچ جۆرێک ئەوە ڕوون نیە ئێمە بۆ دەخەوین”.

ئێمە خەومان لێ دەکەوێت لەبەر ئەوەی لە ژێر جۆرێک لە مەترسی داین، ئینجا خەوتن ھەر کارێک بکات، ئەوە دەھێنێت کە مێشک خۆی دەرھێڵ بکات. ئێمە چەند تیۆرییەکمان ھەیە دەربارەی ئەوەی بۆچی دەخەوین، بەڵام ھیچ کامێکیان تیۆریی پۆڵایین نین، ئەوەی ھەیە تەنھا ھەوڵدانێکی کەمە بۆ ئەوەی بزانین ھەر شەوێک لە کەلەسەرمان چی ڕوودەدات، ناونیشانی توێژینەوەکان لە ” کرداری خانەکان لە کاتی خەودا” تاوەکو “کردەی فێربوون لە کاتی خەودا”ن. زاناکان دەڵێن ئەوە بە ڕوونی دەردەکەوێ کە خەوتن وەک کلیلی توانای مێشک وایە بۆ ئەوەی دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە – سیفەتێک کە پێی دەڵێن گونجۆکی.

قۆناغەکانی خەوتن
سەلماندنی ئەوەی خەوتن چەند گرنگە کارێکی گران نییە. بە پێ توێژینەوەیەک لە زانکۆی شیکاگۆ ئەو جرجانەی تەواو بێخەو کرابوون لە ماوەی دوو بۆ سێ ھەفتەدا مردبوون. کەس تاقیکردنەوەی لەو شێوەیەی لەسەر مرۆڤ ناکات بەڵام بەپێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری دەمارزانی بڵاوکراوەتەوە تەنھا ٢٤ سەعات بێخەوبوون بۆتە ھۆی ئەوەی مرۆڤی تەندرووست دەست بکات بە وڕێنە و دەرکەوتنی نیشانەی تری لە شیزۆفرینیا چوو.

یەکێ لەو ھۆکارانەی وایکردووە زەحمەت بێ ئێمە بزانین بۆ دەخەوین ئەوەیە کە زۆر گرانە خەوتن بە تەواوی لە ھۆکارەکانی تر داببڕین و توێژینەوەی لەسەر بکەین. مارکۆس فڕانک، دەمارناس لە زانکۆی واشنتۆن دەڵێت: باوترین رێگا بۆ لێکۆڵینەوە لە خەوتن ئەو توێژینەوانەن لەسەر بێخەوکردنی ئاژەڵان دەکرێن، بەڵام بێخەوکردنی ئاژەڵێک بەشێکی زۆری سیستەمی زیندەیی ئاژەڵەکە تێکدەدات، دیاریکردنی ئەوەی کام دەرەنجام ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە بێخەوییەوە گرانە، مەگەر تەنھا بڵێی بەھۆی فشارەوەیە.

ھۆکارێکی تر وایکردووە تێگەشتن لە خەوتن گران بێت ئەوەیە لە نێوان دوو قۆناغی سەرەکی خەوتندا مێشک ڕەنگە دوو کاری جیاواز ئەنجام دەدات. کاتێ شەوگار تێپەڕ دەبێت، خەوتوەکان بە قۆناغی جوڵەی چاوی خێرا و جوڵەی چاوی ناخێرادا تێپەڕ دەبن. قۆناغی جوڵە-چاوی خێرا بە شەپۆلی مێشکی خاو دەناسرێتەوە، کە ناسراون بە شەپۆلی دەلتا و ثێتا. لە لایەکی ترەوە، چالاکییە کارەباییەکانی مێشک لە قۆناغی جوڵە-چاوی خێرادا ھەروەکو ئەو کاتە دەردەکەون کە کەسەکە بێدارە، بەڵام ماسولکەکانی جەستەی لە کار دەکەون.

توێژینەوەکان جیاوازییان لە کردە زیندەییەکانی مێشک لەم قۆناغە جیاوازانەی مێشک پیشانداوە. بۆ نمونە، لە قۆناغی جوڵە-چاوی خێرادا، جەستە ھۆڕمۆنی گەشە دەردەکات. بەڵام لە قۆناغی جوڵە-چاوی ناخێرادا، دروستبوونی ھەندێ لە پڕۆتینەکانی مێشک زیاد دەبێت و ھەندێ جینیش کە بەشدارن لە درووستوونی پڕۆتیندا زیاتر، چالاک دەبن.

ئێمە لەسەر خەوتن چی دەزانین؟
دەرەنجامێک کە ئێمە لە ئەنجامی توێژینەوە لەسەر خەو دەسمان کەوتووە ئەوەبووە کە خەو تەنھا دیاردەیەکی پەیوەست بە مێشکەوە نییە. بەڵکو لە ھەمان کاتدا، کەمخەوی کار دەکاتە سەر سیستەمی بەرگری و ئاستی ھۆڕمۆنەکانی جەستەش دەگۆڕێت.

فڕانک دەڵێت ” خەوتن ھەمیشە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی دەمار ھەیە، بەڵام دەکرێ ئیڤۆلیوشن زۆر شتی تری بۆ سەر فرمانی سەرەکی خەوتن زیاد کردبێت، بەڵام وا پێدەچێت فرمانی سەرەکی خەوتن زیاتر پەیوەست بێت بە مێشکەوە”

فڕانک دەشڵێت “لە ڕاستیدا بەڵگە ھەیە کە خەوتن ئەو شتەیە دەمارە خانەکان دەیکەن کاتێک لە تۆڕێکدا بە یەکەوە دەبەسترێن. ھەتاکو تۆڕی دەمارە خانەکان کە لە تاقیگەدا تاقیدەکرێنەوە، بە قۆناغی چالاکی و ناچالاکیدا تێدەپەڕن، بە جۆرێک کە لە خەوتن و بێداربوونەوە دەچێت”. فڕانک ھەروەھا دەڵێت “ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خەوتن بە سروشتی ڕوودەدات کاتێ دەمارەخانەکان بە یەکەوە کاردەکەن”

ئەمە دەکرێ ئەوە ڕوون بکاتەوە بۆچی سادەترین زیندەوەرەکانیش ڕەفتاری وەک خەوتن نیشان دەدەن. تەنانەت کرمی بچوکی وەک سەیانۆرھابتیدیس ئێلێگانس، کە تەنھا لە ٣٠٢ دەمارە خانە پێکھاتووە، بە ماوەی کپی و تەمبەڵیدا سوڕ دەخوات کە لە خەوتن دەچێت. ڕەنگە لەگەڵ پەرەسەندنی یەکەم سیستەمی دەماری سادەدا ئەو ماوە کپ بوونە پەیدا بووبێ. لەگەڵ گەورە بوون و ئاڵۆزبوونی مێشکیشدا، ماوەی ناچالاکی و خەوتنی مێشکیش زیاتر ئاڵۆز بووە.

بەڵام بیرۆکەی ئەوەی خەوتن سیفەتێکی سرووشتی تۆڕی دەمارەخانەکانە، ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە ئێمە بۆچی دەخەوین. لەو ڕووەوە زانایان چەند گریمانەیەکیان ھەیە. یەکێکیان دەڵێت خەوتن وزەی مێشک دەگێڕێتەوە. لە کاتی قۆناغی جوڵە-چاوی ناخێرادا، مێشک تەنھا نیوەی وزەی کاتی ئاسایی بە کاردێنێت. بیرۆکەیەکی تر دەڵێت خەوتن ڕێگە بە مێشک دەدات خۆی پاک بکاتەوە لەو ژەھرانەی کە لە کاتی بێداریدا درووست دەبن.

ھەرچۆنێک بێت گرنگترین بیردۆز ئەوەیە کە پێی وایە مێشک ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە پەیوەندی و گونجۆکی مێشکدا. گونجۆکی پەیوەستە بە فێربوون و یادەوەری مرۆڤ. ھەرچەندە میکانیزمەکەی ڕوون نییە، بەڵام بێشومار بەڵگە ھەیە ، کە بێخەوی دەبێتە کێشە لەگەڵ یادەوەری. لە ھەمان کاتدا کەسانێک کە توشی کەمخەوی دێن، توشی کێشە دەبن لە ڕێکخستی ھەست و سۆزەکانییان و لە ھەڵبژاردنی ئەو شتەی پێویستە گرنگی پێ بدەن.

وشەکان:

Cognition فێربوون

Non rapid eye movement (non-REM) جوڵە چاوی ناخێرا

rapid eye movement (REM) جوڵە چاوی ناخێرا

Sleeps deprivation بێخەوی

ئامادەکردن: عەبدوڕەحمان ئەبووبەکر

سەرچاوە:

https://www.livescience.com/32469-why-do-we-sleep.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button