بابەتمێشک

بۆ مێشکی مرۆڤ ئەوەندە گەورەیە؟

بۆ مێشکی مرۆڤ ئەوەندە گەورەیە؟

قەبارەی مێشک و جەستەی زۆربەی ٸاژەڵەکان هاوڕێژەیە. واتە ئەو جۆرانەی جەستەیان گەورەترە، زۆربەی کات مێشکیشیان گەورەترە. بەڵام مێشکی مرۆڤ ٦جار گەورەترە لەو قەبارەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت! ئەمە زۆر سەرسووڕهێنەرە، چون مێشک زۆر وزە بەرە. نزیک ٢٠%ی وزەی جەستە لە مێشکدا دەسووتێت و ٸەمە لە حاڵێکدایە کە تەنیا ٤%ی کێشی جەستەیە.
ئەگەر ڕەوتی پەرەسەندن لە سروشتدا، کەم کردنەوەی “وزە بەفیڕۆدان” بووە، ئەی بۆ مێشکی مرۆڤ ئەوەندە گەورە و وزە سووتێنەرە؟ بۆ وڵامی ئەو پرسیارە، بیرۆکە زۆرن. گریمانەی زاڵ دەڵێت کە پێکداداچوونە ئالۆزە کۆمەڵایەتییەکان هێزی هاندەر بووە. بەڵام ئاکامی توێژینەوەیەکی نوێ دژی ئەم گریمانەیەیە و دەڵێت کە ژینگەزانی هۆکاری سەرەکی گەورەبوونی قەبارەی مێشک بووە.
هەموو گریمانەکان بۆ گەورەبوونی مێشک لەسەر ئەوە هاوڕان کە زلبوونی مێشک توانای ئێمەی بۆ چارەسەری کێشەکان بردووەتە سەر. بەڵام کام کێشانە؟ جیاوازیی گریمانەکانیش هەر لێرەدایە. کێشە کۆمەڵایەتییەکان یان کێشە ژینگەزانییەکان؟
یەکێک لەو هۆکارانەی کە گریمانەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لایەنگری زۆرە ئەوەیە کە ئەم کێشانە چارەسەریان زۆر ئەستەمە. بۆ نموونە هاوکاری لەگەڵ هاوڕێکان بۆ ڕاوی ئاژەڵە گەورەکان یان هێرش بۆ سەر دەستە و قەبیلەی تر، یان فێڵ لە دوژمنان و هتد. چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەخوازێت که بۆ هەر هەڵسوکەوتێک، ٸاکاری دۆست و دوژمنی خۆت پێشبینی بکەیت. کەواتە ئەم کێشانە زۆر ئاڵۆزن و وا گریمانە دەکرا که ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ڕۆژبەڕۆژ مێشکی مرۆڤ لە کێبەرکێیەکی بێکۆتادا گەورەتر و گەورەتر ببێت تا بگات بە مێشکی ئەمڕۆیی.
لە بەرانبەردا، گریمانەکانی تر کێشە ژینگەزانییەکان بە هۆکاری سەرەکی دەزانن. بۆ نموونە پەیاکردنی خۆراک لە وەرزە جیاوازەکانی ناوچەی ساڤانادا، یان پاراستنی خۆراک بۆ خواردنی دواتر، یان ئامادەکردنی خۆراک بۆ خواردنی ئاسانتر. ئەم ململانەیانە لەوانەیە کە مرۆڤەکانی هان دابێت کە چۆن ئاژەڵەکان بدۆزنەوە، یان ئامێر دروست بکەن و ئاگر لە چلکەی دار بگیرسێنن.
لەوەپێش هەردوو گریمانەی کۆمەڵایەتی و ژینگەزانی بە هەڵسەنگاندنی مێشک و جەستەی ئاژەڵەکانی تر توێژینەوەی لەسەر کراوە. بۆ نموونە ئایا مەیموونەکان که مێشکی گەورەیان هەیە خواردنێکیان هەیە که دۆزینەوەی ئەستەم بێت و ژینگەزانی هۆکاری بێت؟ یان ئەوەی کە لە دەستەی گەورەدا دەژین و بەردەوام تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی دەبن؟ کێشەی ئەم توێژینەوانە ئەوەیە کە دیاری ناکات کە ئایا ئەم کێشانە هۆکاری گەورەتربوونی مێشک بوون یان گەورەتربوونی مێشک هۆکاری چارەسەری ئەو کێشانەیە! واتە هۆکار و ئەنجام نادیارە.
لەم توێژینەوەیەدا لە شێوازێکی نوێ کەڵک وەرگیراوە. بۆ هەر دوو گریمانەکە لە مۆدێلێکی بیرکاری کەڵک وەرگیراوە. ئەم مۆدێلە یارمەتی دەدات کە چۆنیەتی پەرەی مێشک لە هەمبەر کێشەی کۆمەڵایەتی و ژینگەزانی ئەژمار بکرێت. بە کورتی، ئەم مۆدێلە تێچووی وزەی مێشک بە پێی قەبارە و کێشەکە ئەژمار دەکات. چەندە وزە پێویستە که لە ئەگەری گەورەبوونی مێشک کێشەیەک چارەسەر بکرێت؟ بە گۆڕانی ئاستی ئەستەمبوونی کێشە کۆمەلایەتی یان ژینگەزانییەکان، دەکرێت بە کەڵک وەرگرتن لەم مۆدێلە، ئاستی شیاوی گەورەبوونی مێشک بدۆزرێتەوە.
ئاکامی توێژینەوەکە لە ئەنجامدا نیشانی دا کە هەر دوو هۆکار کاریگەرن له دروستکردنی قەبارەی مێشکی مرۆڤ بەو شێوەی کە ئێستا هەیە. بەڵام، زۆر سەرسووڕهێنەرانە، دەرکەوت کە هۆکارە ژینگەزانییەکان هۆکاری گەورەتربوونی مێشکن و بەپێچەوانەی گریمانەی زاڵ، کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری چکۆلەترکردنی قەبارەی مێشکن. بەڵام هەردوکیان پێویستن بۆ ئەوەی کە قەبارەی مێشک بگاتە ئاستی ئێستا. ئەگەر کێشەی کۆمەڵایەتی نەبوایە، ئێستا مێشکمان زۆر گەورەتر دەبوو بەڵام بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی بەکار نەدەهات! مێشکی گەورەتر هەمیشە باشتر نییە.
هۆکار زۆرە بۆ ئەوەی که ململانێ کۆمەڵایەتییەکان قەبارەی مێشک چکۆلەتر دەکەن. یەک ئەوەیە کە لە دەستەکاندا، مێشکەکان دەخرێنە سەر یەک و وەک کۆمەڵ دەتوانن لە مێشکدا وزەپارێزی بکەن.

پرسیارێک کە پێش دێت ئەوەیە کە ئەگەر کێشەی ژینگەزانی هۆکاری گورەبوونی مێشکه ئەی بۆ ئاژەڵانی تر که ململانێی ژینگەزانیی زۆر ئەستەمیان هەیە مێشکی گەرەیان نییە؟ لەم توێژینەوەدا دەرکەوت که کێشە ژینگەزانییەکان تەنیا ئەو کاتانە مێشکی گەورە پیک دێنن که تاکەکان شارەزاییە ئەستەمەکان لە کاتی گەورەبووندا فێر بن. ئەمە کاتێک ڕوو دەدات، کە تاکەکان بتوانن لە هاوپەیمانەکانیان زانیارییە کۆکراوە فەرهەنگییەکانیان فێر ببن. بۆ نموونە دروستکردنی ئاگر! واتە ئەمانە پێوسیتیان بە شارەزایی کۆمەڵایەتیش هەیە. کەواتە تەنیا بە تێکەڵێک لە شارەزایی کۆمەڵایەتی و ژینگەزانییە کە مێشکی مرۆڤ ئەو قەبارە گەورەیەی هەیە کە ئەمڕۆکە هەیەتی!
ئایا مێشکی مرۆڤ لەوە زیاتر گەورە دەبێت؟ ئالۆزیی ئەو سیستەمانەی کە پێوەندیدارن بە باسەکە هێندە زۆرە که هیچ شتێک بە

دڵنیاییەوە ناتوانین بڵەین. بۆ نموونە هاوکاریی نێوان مرۆڤەکان دەتوانێت لە چکۆلەترکردنی مێشکدا کاریگەر بێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە کەمکردنی هاوکاری دەبێتە هۆی گەورەتربوونی مێشک.
لە ڕاستیدا هەر گۆڕانکارییەک سەدان هەزار ساڵی پێ دەچێت و ئەمەش زۆر کاریگەریی تری لێ دەکەوێتەوە که بەم توێژینەوە پێشبینی ناکرێت. بەڵام ئەم توێژینەوە ڕەوتێکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە پەرەسەندنی مێشکی مرۆڤ بە تەنیا بە کەڵک وەرگرتن لە تۆزێک بیرکاری پێشکەش دەکات.
بۆ دیتنی کورتەیەکی وێنەیی لە پەرەسەندنی مێشکی مرۆڤ بچۆ بۆ ئەم دوو لاپەڕەیە:

http://hojan.org/پەرەسەندنی-مرۆڤ/

http://hojan.org/بەر-لە-مرۆڤ

نووسەر: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

وشە:

Hypothesis گریمانە
Social interaction پێکداداچوونی کۆمەڵایەتی
Ecology ژینگەزانی
Savana ساڤانا

سەرچاوە:

https://www.technologynetworks.com/neuroscience/articles/why-do-humans-have-such-large-brains-our-study-suggests-ecology-was-the-driving-force-304373

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button