بابەتتەکنەلۆجیا

دووانە چینییەکەی بە کریسپر جینەکانیان دەستکاری کرابوو توانایی مێشکییان زیاتر بووە

دووانە چینییەکەی بە کریسپر جینەکانیان دەستکاری کرابوو توانایی مێشکییان زیاتر بووە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات ئەو دوو كچە چینییەی لە تاقیکردنەوەیەکدا جینەکانیان دەستکاری کرابوون تاوەکوو لە بەرامبەر نەخۆشیی ئایدزدا خۆڕاگر بن، توانایی فێربوون و یادەوەرییان بەهێزتر بووە.
مێشکی ئەو دوو کچەی جینەکانیان دەستکاری کرابوو بە شێوەیەک گۆڕانی بە سەردا هاتووە کە تواناییە ناسینییەکان و یادەوەرییان باشتر بووە. دووانەکە ناویان لوولوو و نانا یە و بەر لە لەدایکبوونیان لە لایەن تیمێکی چینییەوە و بە یارمەتیی ئامرازی کریسپر جینەکانیان دەستکاری کراوە. ئامانجی ئەو دەستکارییە ئەوە بووە کە کچەکان لە بەرامبەر تووشبوون بە HIV بەهێز بکەن کە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئایدز.
ئێستاکە، توێژینەوەیەکی نوێ پیشانی دەدات کە هەمان گۆڕانکاری کە لە دی.ئێن.ئەی كچەکاندا کراوە و جینێک بە ناوی CCR5 سڕدراوەتەوە، نە تەنیا ئەوانی زیرەکتر کردووە بەڵکوو توانایی چاکبوونەوەی مێشکی پاش جەڵتەی مێشک باشتر کردوون.
لاکینۆ سیلڤا پسپۆڕی دەمارزیندەناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا کە تاقیگەکەی دەورێکی گرینگی لە ئاشکراکردنی ئەرکی CCR5 لەسەر یادەوەری و تواناییە مێشکییەکان هەبووە دەڵێت “ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی لەسەر مێشکیان بووە. سادەترین لێکدانەوە ئەوەیە کە ئەو بازدانە جەنەتیکییانە ئەگەری هەیە کاریگەرییان لەسەر ئەرکە ناسینییەکانی دووانەکە بووبێت”. ئەو دەڵێت کە ناتوانین ڕێک پێشبینی بکەین کە ئەو دەستکارییە چ کاریگەرییەکی دەبێت هەر بۆیە پێشنیار دەکرێت کە ئەو کارە نەکەین.
تیمێکی چینی کە لە لایەن هی جیانکوی لە زانکۆی زانست و تەکنۆلۆژیی باشووری شێنژێن بەڕێوەبەرایەتی دەکرا، ئیدعای ئەوەی کرد کە لە ڕێگەی کریپسرەوە جینی CCR5یان لە تۆلی مرۆڤ سڕیوەتەوە تاوەکوو لەو ڕێگەوەیەوە لەشی منداڵەکان لە بەرامبەر نەخۆشیی ئایدزدا بپارێزن، چونکە جینی CCR5 پێویستە بۆ ئەوەی HIV بچێتە ناو خانەکانی خوێنی مرۆڤەوە.
تاقیکردنەوەکە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا لێ کەوتەوە و هی ئێستا لە چین لەژێر لێپێچینەوەدایە. هەواڵی دەستکاری جین ئەو بیرۆکەشی هێنایە ئارا کە ڕەنگە بکرێت ڕۆژێک لە تەکنۆلۆژیی کریسپر بۆ دروستکردنی مرۆڤی سوپەر-ژیر کەڵک وەربگیرێت.

وشەکان:

CRISPR کریسپر

Neurobiology دەمارزیندەناسی

سەرچاوە:

https://www.technologyreview.com/s/612997/the-crispr-twins-had-their-brains-altered/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button