بابەتگەردوونناسی

یەکەم وێنە کە تا ئێستا لە کونەڕەشێک گیراوە.

ئەم وێنە لێلە بەڵام بەڵگەیەکی مێژوویی ڕوونە بۆ ھەبوونی کونەڕەشەکان و تیۆریی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتاین.

ئەمە یەکەم وێنەیە کە تا ئێستا لە کونەڕەشێک گیراوە.

? کونەڕەش چییە؟ ئاسۆی ڕووداو چییە؟

ئێمە دەزانین کە تەنەکان بە ھۆی قورساییان یەکتر ڕادەکێشن. ھەر بۆیە کە ئێمە بەرەو زەوی ڕادەکێشرێین! واتە زەوی بە ھۆی بارستاییەکی زۆر کە ھەیەتی ئێمە بەرەو خۆی ڕادەکێشێت! بەم ھێزە دەوترێت ھێزی کێش! ھەرچی تەنەکان قورستر بن، ھێزەکە زیاترە. لە تیۆریی ڕێژەیی گشتیی ئاینشتایندا پێشبینی کراوە کە تەنێکی زۆر زۆر قورس دەتوانێت ھێندە ھێزی کێشکردنی ببێت کە تەنانەت ڕووناکیش بەرەو خۆی ڕابکێشێت! واتە ئەگەر ڕووناکی لەو تەنە قورسە نزیک ببێتەوە، دەکەوێتە ناوی و ئیتر نایەتە دەر. ھەر بەم هۆکارەیە کە لە ڕادەیەک نزیکتر لەو تەنە چڕە، ھیچ ڕووداوێک بۆ بینەری دەرەکی دیار نابێت! ھەر بۆیە بەو تەنە چڕ و قورسە دەڵێن کونی ڕەش واتە کونی تاریک! بە سنووری ئەو شوێنەش کە ھیچ ڕووداوێکی لێ تێپەڕ نابێت دەڵێن ئاسۆی ڕووداو!

کەواتە کونەڕەش کون نییە! چاڵ نییە! بەڵکوو تەنێکی چڕ و قورسە کە ڕووناکی ھەڵدەمژێت و بۆیە ڕەش یان تاریکە! بۆیەش پێی دەڵێن کون چون وەکوو کونێک بەرچاو دەکەوێت.

? چۆن وێنەی کونەڕەش بگرین؟

کونەڕەشەکان تا ئێستا تەنیا لە تیۆرییەکاندا بوونیان ھەبووە. وێنەگری لە کونەڕەشەکان کارێکی سادە نییە! ھەروا کە باس کرا کونەڕەشەکان تاریکن. چۆن بتوانین لە شتێک کە تاریکە وێنە بگرین؟ وەڵام ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین لە ئاسۆی ڕووداوی دەوری کونەڕەشەکان وێنە بگرین لەو کاتەدا کە لە دەوری کونەڕەشەکان گاز و ماکی تر بوونی ھەبێت. ئەم ماکانە کاتێت ڕادەکێشرێنە ناو کونەڕەشەکان، دەخولێنەوە و خێراییان دەڕواتە سەر. ھەر بۆیەش دەدرەوشێنەوە و ڕووناکی ئەدەنە دەر و ئەو جار دەتوانین ئاسۆی ڕووداوی کونەڕەشەکان ببینین.

ھەڵبەت دیتنی ئاسۆی ڕووداوی کونەڕەشەکان هاسان نییە! لە ڕاستیدا بۆ گرتنی وێنەیەک لە کونەڕەشەکان، پێویستە کە ئانتینێکی زۆر گەورەمان ھەبێت. ئانتینێک بە گەورەیی گۆی زەوی! ھەر بۆیە پڕۆژەیەکی گەورە بە ناوی تەلەسکۆپی ئاسۆی ڕووداو دروست کراوە.
ئەم پڕۆژەیە پێک ھاتووە لە کۆمەڵێک تێلێسکۆپی ڕادیۆیی گەورە کە لە سەرانسەری گۆی زەوی داندراون کە پێکەوە وەک ئانتینێکی گەورە کار دەکەن و ڕوو لە بۆشایی زانیاریی کۆ دەکەنەوە و گوێبیستی شەپۆلە رادیۆییەکانن.

بۆ یەکەمجار دوای سالانێکی زۆر بە کەڵکوەرگرتن لە تێلێسکۆپەکانی ئەم پڕۆژە گەورەیە توانرا وێنەی کونەڕەشێک هەڵگیرێت.

? وێنەی کام کونەڕەشە گیراوە؟

ئەم کونەڕەشە لە ناوەڕاستی گەلەستێتێرەیەکە بە ناوی M87 کە ۵۳ ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەوی دوورە. ئەم کونەڕەشە ۶۵۰۰۰۰۰۰۰۰ جار لە خۆر قورسترە. بۆ گرتنی ئەم وێنەیە ۲۰ ساڵ ھەوڵ دراوە.

ئەم وێنەیە بە کۆکردنەوە و سەریەکخستنی زانیاریی ھەموو تێلێسکۆپەکان لە زانکۆی بۆنی ئاڵمان و MITی ئەمریکا دروست کراوە!

ھۆکاری ئەوەی کە وێنەکە یەکدەست نییە و لە یەک سەری ڕووناکترە ئەوەیە کە ئێمە لە ڕووبەڕوویەوە چاو لە دیسکی دەوری کونەڕەشەکە ناکەین و ھەروەھا ڕووناکییەکە تووشی ڕووداوی دووپلەر دەبێت. بەشێک لە ڕووناکییەکە لە ئێمە دوور دەبێتەوە بەڵام بەھۆی کونەڕەشەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئێمە.

ھەڵبەت وردەکاریی باسەکە زیاترە و ھیوادارم بە کورتی و بە زمانێکی هاسای تەوەرەکەم گەیاندبێت.

ئامادەکردن: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

سەرچاوە:
Eventhorizontelescope.org

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button