بابەتتەندروستی

بۆنکردن بە زمان

بۆنکردن بە زمان

زانایان لە ناوەندی مۆنێل دەڵێن کە وەرگرەکانی بۆنکردن، ئەو هەستەوەرانەی کە بۆنەکان دەناسنەوە، لەناو خانەکانی تامکردنی زمانیشدا بوونیان هەیە. دەستکەوتەکان پێشنیار دەکەن کە کارلێکێک لە نێوان هەستەکانی بۆنکردن و تامکردندا هەیە و تامکردنی خواردنەکان بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی پێشوو، پێدەچێت لە زمانەوە دەست پێبکات نەک لە مێشکەوە.
مەحمەت هاکان ئۆزدەنەر، پزیشک و پسپۆڕی زیندەوەرەناسیی خانەیی دەڵێت “لەوانەیە توێژینەوەکەمان ئەوە ڕوون بکاتەوە کە چۆن مۆلکولەکانی بۆنکردن هاوکاریی هەستی تامکردن دەکەن. ئەمە ڕەنگە ببێتە هۆی پەرەدانی گۆڕێنەری تامەکان لەسەر بنەمای بۆن و ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەنگاریی بەکارهێنانی خوێ، شەکر و چەوریی زیادە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی وەک قەڵەوی و شەکرە.”
زۆربەی خەڵکی هەستەکانی بەرامەکردن و تامکردن بە یەک شت دەزانن، بەرامەی تایبەتیی زۆربەی خواردن و خواردنەوەکان لە هەستی بۆنکردنەوە دێت نەک تامکردن. تامکردن، شیرینی، سوێری، تاڵی، ترشی و مزری خواردنەکان لە ڕێگەی زمانەوە لێک جیا دەکاتەوە، کە وەک دەروازەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی بەهای خۆراکیی خواردنەکان و ئەگەری ژاراویبوونیان. بۆنکردن زانیاریی وردتر سەبارەت بە چۆنیەتیی بەرامەی خواردن دابین دەکات. مێشک زانیاریی هەستەکانی بۆنکردن، تامکردن و هەستەکانی تر تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی هەستێکی فرەڕەهەندی بۆن و بەرامەی خواردنەکان پێکبهێنێت.
تا ئێستا وا دەزانرا کە هەستەکانی تامکردن و بۆنکردن دوو سیستمی هەستەوەریی سەربەخۆن و لەگەڵ یەکتر پەیوەندییان نییە تاوەکوو زانیارییەکانیان دەگەن بە مێشک. ئۆزدەنەر کاتێک بیر لەم کێشەیە دەکاتەوە کە کوڕە ١٢ ساڵەکەی لێی دەپرسێت ئاخۆ مارەکان زمانیان کە دەردێنن، دەتوانن بە زمانیان بۆن بکەن!
لە توێژینەوەیەکدا کە بەر لە بڵاوبوونەوەی لە جورناڵی هەستە کیمیاییەکان لە سەرهێڵ بڵاو بووتەوە، ئۆزدەنەر و هاوکارەکانی، مێتۆدێکیان پەرە دا تاوەکوو خانەکانی تامکردنی مرۆڤ کۆنترۆڵ بکەن. لە ڕێگەی زانیاریی جەنەتیکی و زیندەکیمیایی، توێژەران بۆیان دەرکەوت کە خانەکانی تامکردنی مرۆڤ زۆر مۆلکیولیان تێدایە کە لە وەرگرەکانی بۆنیشدا هەن.
دواتر، مێتۆدێکیان بەناوی وێنەگریی کالسیۆم بە کار هێنا تاوەکوو پیشانی بدەن کە خانەکانی تامکردن، هاوشێوەی خانەکانی وەرگری بۆن، کاردانەوە بەرامبەر مۆلکولەکانی بۆن پیشان دەدەن.
ئەم دەستکەوتانە بۆ یەکەم جار پێمان دەڵێن کە وەرگرەکانی بۆنکردن لە خانەکانی تامکردنی مرۆڤدا بوونیان هەیە و پیدەچێت کە وەرگرەکانی بۆنکردن دەورێکی گرینگ لەگەڵ خانەکانی وەرگری تامەکان لە زماندا لە هەستی تامکردندا بگێڕن. ئەمەش تاقیکردنەوەکانی دیکەی زانایان مۆنێل پشتڕاست دەکاتەوە کە تاکە خانەیەکی تامکردن هەردوو وەرگری تام و بۆنی تێدایە.

وشەکان:

Monell مۆنێل

Taste تامکردن

Flavor بەرامە

Smell بۆنکردن

Calcium imaging وێنەگریی کالسیۆم

سەرچاوە:

https://medicalxpress.com/news/2019-04-tongue.html

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button