بابەتتەندروستی

ئایا دەمامکێکی دەموچاوی N۹۵ دەتوانێت مڕۆڤ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا بپارێزێت؟

بە پێی ڕاپۆرتەکان، بەهۆی زیادبوونی نیگەرانیی لە بابەت بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نوێی کرۆنا، دەمامکی دەموچاو لە گشت شارەکانی ئاسیادا دەفرۆشرێت. کۆمیسیۆنی تەندروستی نەتەوەیی چین دەمامکی بۆ فەرمانبەرانی چاوەدێریی تەندروستی بڵاوکردووەتەوە و بە پێی ڕاپۆرتەکان، ملیۆنان دەمامک بۆ دانیشتووانی ووهان نێردراوە. بەڵام ئایا ئەم دەمامکانە دەتوانن مڕۆڤ بپارێزن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا؟

ئێمە دەزانین کە ڤایرۆسی کرۆنا لە ڕێگای هەواوە بڵاودەبێتەوە و دەتوانێت لە ناو خەڵکدا بگوازرێتەوە. شیکارەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم ڤایرۆسە لەوانەیە بەهۆی هەناسەکێشانی گەردەی ناو هەوا لە بازاڕی ئاژەڵەکانی کێویی، لە ئاژەڵەوە بۆ مڕۆڤ بگوازرێتەوە، لە بەر ئەوە گونجاوە کە دەم و لووتی خۆتان داپۆشن.

دوو جۆری سەرەکیی دەمامکی دەموچاو بە کار دەهێنرێت. دانەیەکیان دەمامکی ستانداردی نەشتەرگەرییە، کە پزیشکان لە کاتی نەشتەرگەری بە کاری دەهێنن. ئەم دەمامکانە بۆ ڕێگرتن لە پڕووشەی تراو لە ناو دەمەوە بە کار دەهێنرێن و هەلی تووشبوون بە ڤایرۆس لە کەسی دیکەوە کەم دەکەنەوە.

ئەم جۆرە دەمامکانە بە تەواوی مرۆڤ ناپارێزێت. دەمامکەکان بەتەواوی دەم و لووت ناگرن و گەردە چکۆلەکان دەتوانن بە ئاسانی لە دەمامکەکان تێپەڕن. هەروەها ئەم جۆرە دەمامکە چاوی مرۆڤ داناپۆشن و ئەگەریی ئەوە هەیە کە ڤایرۆسەکە لەو ڕێگایەوە بگوازرێتەوە.

ڕێکخر‌اوی جیهانیی تەندروستی پێشنیاردەکات کە تەواوی کرێکارانی چاودێریی تەندروستی کە لەگەڵ کەسانی تووشبوو بە  ڤایرۆس هەڵسوکەوت دەکەن، دەمامکی نەشتەرگەری و دەستکێش (دەستەوانە) و چاویلکە و کراس لەبەر بکەن. دەمامکەکان زووزوو دەبێ بگۆڕدرێن، دەمامکی نەشتەرگەری وا دروست نەکراوەکە زۆرتر لە یەک جار بە کار بهێنرێت.

دەمامکی N۹۵ پارێزگاری زیاتری هەیە. ئەم دەمامکانە وا دروست کراون کە ڕێگای ۹۵ لە سەدی گەردە چکۆلەکان بۆ ناو دەم و لووت دەگرن. بەڵام ئەم جۆرە دەمامکانە تەنیا کاتێک کە بە دروستی بەکار بهێنرێن  گونجاون و بۆ منداڵان و ئەو کەسانەی کە مووی دەموچاویان هەیە گونجاو نین.

هەروەها دەمامکی N۹۵ دەتوانێت هەناسەدان دژوار بکات، هەر بەم هۆکارەش دەتوانێت بۆ کەسێک کە نیشانەکانی هەوکردنی کڕۆنای نوێ وەکوو کۆکە و هەناسەدانی دژواری هەیە، مەترسیدار بێت.

بۆ پارێزگاریکردن لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە، ڕێکاری دیکەش هەیە. بۆ نموونە بەرپرسانی ناوخۆیی داوا لە  دانیشتووان دەکەن کە لە کۆبونه‌وه‌کانی گشتی خۆ بپارێزن. پشووی سەری ساڵی نوێ بە مەبەستی پاراستنی خەڵک درێژ کراوەتەوە و پاراستنی پاکوخاوێنی و فێرکردنی خەڵک بۆ ئەم پرسە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. هەروەها بەرپرسانی تەندروستی لەسەر سەفەرکردن بۆ ناوچە تووشبووەکان هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان. 

 

نووسەر: Jessica Hamzelou 

ئامادەکردن: ئەژین جەلالی

 

وشەکان:

دەمامک mask

ئامێری هەناسەدان respirator 

 

سەرچاوە:

https://www.newscientist.com/article/2231535-can-an-n95-face-mask-protect-you-from-catching-the-new-coronavirus

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button