ژمارە ٨

گوێگرتن لە سەرورتار

۱۰ ساڵ تێپەڕیوە لەو ڕۆژە مێژووییەی کە بڕیارمان دا گۆڤارێکی زانستیی کوردی بدەینە دەر.

بۆ ئێمە، گۆڤارێکی کوردیی زانستی ھاوکات چەند ئامانجی دەپێکا:

۱) زانست و فکری زانستی لە کۆمەڵگای کوردستان بەرەوپێش ببات.

۲) زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا جێگیر بکات بە ھێژمۆنیی زانسته‌وه‌.

۳) کۆمەڵێک توێژەر و پسپۆڕ لە دەوری یەک کۆ بکەینەوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەیەکی ھاوبەش کە لە خزمەت گەشە و ئاوەدانیی کوردستاندا بێت.

دە ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاقمێکی که‌م بووین به‌ ئاواتێکی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام ئێستا کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌ له‌ هۆگرانی زمانی کوردی و پسپۆڕانی زانستیمان له‌گه‌ڵه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن سه‌رمایه‌یه‌کی به‌ نرخ پێک بێنن بۆ زمانی کوردی. لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، هەوراز و نشێوی زۆرمان دیتووه‌، ئەزموون و خەتای زۆرمان کردووه‌، بەڵام توانیومانە کێشە سەرەکییەکان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و تا ڕادەیەکی زۆر بە سەقامگیرییەک بگەین کە بتوانین بەردەوام بین لە کارەکانی هۆژیندا. سەقامگیری ئەم هەلە بۆ ئێمە دەرەخسێنێت کە دەست بە چاکسازی بکەین، گۆڕانکاری بکەین و ڕۆژبەڕۆژ لە ئەزموونەکان کەڵک وه‌ربگرین و باشتر بین و لە ئامانجەکان نزیکتر ببینەوە. بەدڵنیاییەوە لەم قۆناغە ئەستەمەدا، تەنیا و تەنیا خوێنەران و هۆگرانی فکری زانستی دەتوانن یارمەتیدەر بن. ئەویش نەک تەنیا بە خوێندنی ناچالاکانەی گۆڤار، بەڵکوو بە ڕەخنە و پێشنیاری بەردەوام بۆ نووسراوەکان، نووسەران و بەرپرسانی گۆڤارەوه‌. بۆیە داواکارین چالاکانە لەگەڵ گۆڤار و بەرپرسانی لە پێوەندیدا بن.

لەم ژمارە نوێیەدا چ بابه‌تێک ده‌خوێنینه‌وه‌؟

ھەوڵ دراوە کە له‌ جیاتی داوای نووسین لە نووسەران، داوای نووسراوە بکەین. پرسیارەکانی ڕۆژه‌ڤی کۆمەڵگا چین؟ باسە گەرموگوڕەکانی دنیای زانست چین؟ کاریگەریی ئێمە لەکوێدا دەبێت؟ هەر بۆیە هەوڵ دەدەین لەم ژمارەوە بڕۆین بەشوێن ئەو بابەتانەی کە سەرنجراکێشتر و لەپەنایدا کاریگەرترن لەسەر کۆمەڵگا. 

لەم ژمارەدا وتووێژێکی تایبەتمان هەیە لەگەڵ بەڕێز ئیبراهیم کەریمی، پڕۆفیسۆری بەناوبانگی کوانتەمی لە زانکۆی ئۆتاوای کانادا. وتووێژێکی چڕوپڕمان هەیە لەگەڵی لەسەر ژیانی تاکەکەسی و پیشه‌یی ئه‌و بیرمه‌نده‌ کورده‌. کوانتەم باسی ڕۆژە. لێمان پرسیوە کە کوانتەم چییە و بە چ که‌ڵکێک دێت؟ 

لەم ژمارەدا ئەم پرسیارانە وڵام دەدەینەوە. بیتکۆین چییە و ڕەمپارە لەکوێیە هاتووە؟ گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بەرەوە کوێمان دەبات؟ یوڤال هەراری کێیە و بۆچی بیرمەندێکی بەناوبانگە؟ مێژووی مرۆڤ چۆن دەگێڕێتەوە؟ داهاتووی مرۆڤ چۆن دەبینێت؟ جینی مرۆڤ بۆ خۆویستە؟  لە جوانییەکانی قووڵایی ئاسمان چۆن وێنە دەگرین؟ نەرمامێری سەرچاوەکراوە چییە؟ چۆن لەشێکی ماسوولکەییمان هەبێت؟ چۆن لەژێر زەوی کەڵک وه‌ربگرین؟ و دەیان پرسیاری گرینگ و سەرنجڕاکێشی تر. هیوادارم خوێنەرمان بن و ئێوەش چێژ لە وڵامی ئەم پرسیارانە وەرگرن.  

لە دنیای فەرهەنگدا، ئه‌م ژمارەیه‌ چاوێکمان خشاندووه‌ بەسەر کار و چالاکییەکانی دوو ڕێکخراوەی فەرهەنگیی کوردستان: پاژین و ڤەژین! هەروەها گەشتێکمان هه‌بووه بۆ سەر بارودۆخی ویکیپیدیای کوردی. 

هیوادارم هاوڕێمان بن.

لەم ژمارەدا چ نوێکارییەکمان هەبووە:

١) بەرەو ژیرکردنی گۆڤار: قۆناغی یەک: بەدەنگیکردنی گۆڤار.

مزگێنییەکی تایبەت بۆ خوێنەرانمان کە لەم ژمارەیه‌دا هەمانە، بەدەنگیکردنی گۆڤارە. لەمەوبه‌دوا، دەتوانن لە پەنا خوێندنەوەی بابەتەکانی گۆڤار، گوێ ڕابگرن بۆ خوێندنەوەی نووسراوەکان. لەسەرەتای هەموو نووسراوەیەک کۆدێک هەیە، کە بە سکەنکردنەکەی دەتانباتە به‌سته‌رێک (واته‌ لینکێک) کە دەنگی نووسراوەکەی تێدایە. هیوادارم ئەم شێوازە نوێیەتان بەدڵ بێت و ئێمەش بەردەوام بین.

٢) داواکاریی لە خوێنەرانی دەره‌وه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هۆژین بۆ خوێندنەوەی وتارەکان به‌ر له‌چاپ.

زۆرجار ئەو نووسراوانەی کە دەگاتە دەست گۆڤاری زانستیی هۆژین، تەنیا لەلایەن پسپۆڕانی هۆژین دەخوێندرێنەوە. لە حاڵێکدا ئێمە نووسراوەکانمان بۆ کۆمەڵگایەکی گشتی دەنووسین و دەبێت کەسێک کە هیچ پسپۆڕییەکی نییە لە باسەکە بە باشی تێی بگات و چێژی لێوه‌رگرێت. بۆیە لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە نووسراوەکان به‌رلە چاپ، بدەین بە چەند کەسی دەره‌وه‌ی بازنه‌ی نووسه‌رانی هۆژین کە نووسراوەکان بخوێننەوە و لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە ڕەخنە و پێشنیار ئاراستەی نووسەر بکەن. ئێمە هێشتا تا پەروەردەی نووسەری بەتوانا ڕێگایەکی دوورودرێژمان هەیە و لەم ڕێگایەدا ئه‌وه‌ ڕەخنە و پێشنیاری خوێنەرانە کە یارمەتیدەرە.

٣) گۆڕانکاریی شێوازیی هەڵەگریی تیمی

لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە شێوازی پێداچوونەوەی دەق گۆڕانکارییەکی بناخەیی بەسەردا بێنین و بەڕۆژتری بکەینەوە. هەر نووسراوەیەک کە لەلایەن نووسەرانەوە دەنێردرێت، پێویستە لەلایەن چەند کەسەوە پێداچوونەوەی زانستی، زمانی، ڕێنووسی، چوارچێوەیی و هونەری بەسەردا بکرێت. هاتوچۆکردنی فایلی نووسراوەکان لەلایەن ئەو چەندین کەسەوە، هەموو جارێک تووشی کێشەی دەکردین. لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە لە گووگڵداک کەڵک وه‌ربگرین کە پلاتفۆرمێکی پێک هێناوە کە کاری تیمی لەسەر دەق به‌شێوه‌ی هاوکات به‌ڕێوه‌ ببات. بەم شێوازە و به‌ شێوه‌ی هاوکات، چەندین کەس دەتوانن لەسەر یەک دەق کار بکەن و ئەمەش کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆمان. هەڵبەت وەک هەموو چاکسازییەک، ئەم کارەش لەسەرەتادا بڕێک دژبه‌ری ده‌بێت، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا ئەم شێوازه‌ هەڵەگرییە تیمییە لە گۆڤاری زانستیی هۆژیندا جێ بکەوێت. 

 

کێشەکانی بەردەممان چین:

۱) خوێنەریی ڕاستەقینەی زانست

هەر لە دەستپێکی گۆڤاری زانستیی هۆژینەوە تا ئەم ساتە، زۆر لایەنگر و پشتیوانمان هەبووە. ئەم پشتیوانییە هەمیشە چەند لایەنەیە. هه‌ندێک که‌س چێژ لە خوێندنەوەی زانست وه‌رده‌گرن هه‌ندێک چێژ لە خوێندنەوەی کوردی وه‌ده‌گرن و زۆر کەسیش پشتیوانمان بوون لەبەر ئەوەی کە گۆڤارێکی کوردی بکه‌وێته‌ سەر پێ و تەنانەت تەنیا به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانیکردن گۆڤاریان دەکڕی و لەسەر ده‌لاقه‌یان دادەنا و نەیاندەخوێندەوە. پشتیوانی هەموو ئەو چین و توێژانە زۆر گرینگ و زۆر پێویستە، بەڵام  دەبێت هەمووده‌م ئەوە لەبەر چاو بگرین کە لە درێژماوەدا گۆڤاری زانستی هۆژین، پێویستی بە “خوێنەرە” و تەنیا و تەنیا هەبوونی بەردەوامی خوێنەرە کە مانەوەی گۆڤار مسۆگه‌ر ده‌کات. ده‌سته‌به‌رکردنی خوێنەر بۆ گۆڤارێکی زانستی ئەویش بە زمانی کوردی لە کۆمەڵگایەکدا کەبەهۆی کێشەی ئابووری و سیاسی لە زانسته‌وه‌ دوور کەوتووەتەوە و هەروەها بەهۆی نەبوونی پەروەردە بە کوردی لە قوتابخانەکان لە زمانی کوردی دوور کەوتووەتەوە کارێکی ئەستەمە. ئێمە لە بازاڕێکدا خەریکی گەمەین کە پێداویستییەکی قووڵ بوونی نییە و کاری سەرەکیمان ده‌سته‌به‌رکردنی پێداویستییە. ئایا دەتوانین کۆمەڵگا قانع بکەین کە پێداویستییەک بە ناوی گۆڤارێکی زانستیی کوردی بوونی هەیە؟

۲) نووسەر و زمانی نووسراوەکان

زۆر کەس گلەیی هەیە کە زمانی نووسراوەکان ئەستەمە. هۆکارەکەی دوو بەشە: ١) یەکه‌م، ئەوەی کە نووسەران هێشتا ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی زانستیان نییە. لە ڕۆژنامەگەریی زانستیدا، پسپۆڕ دەبێت زانست بە زمانی کۆمەڵگا بڵێتەوە، ئەمەش هونەرێکی ڕۆژنامەوانییە کە پێویستی بە ئەزموونی زۆرە. ٢) دووهەم، ئەو وشە کوردیانە و زمانێکە کە بەکار دەڕوات. لەم بوارەدا هێشتا کەموکوڕی زۆرن. لە گۆڤاری زانستیی هۆژیندا هەوڵمان ئەوەیە  کە لە زمانێکی ستاندارد کەڵک وه‌ربگرین، بەجۆرێک کە هەموو سۆرانییه‌ک لێی تێبگات. هەر ئەمەش بۆخۆی کێشەیەکی گەورەیە. زۆر پێکهاتە هەیە کە لەوانەیە لە سنە باو بێت بەڵام لە هەولێر تێی نەگەن. زۆر وشە هەیە کە لە باشوور جێ کەوتووە و لە ڕۆژهەڵات کەس تێی ناگات. ئەمانە هەمووی کێشەگەلێکن کە دەبێت ڕۆژ بە دوای ڕۆژ چاکسازیان تێدا بکەین. کلیلی ئەم کارەش دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندی ئێوە لەگەڵ گۆڤار.

لەکۆتاییدا، سپاسی تایبەتی ئەندامانی ڕێکخراوەی زانستی-فەرھەنگیی ھۆژان دەکەین کە لە ڕێگەی یارمەتیی ئابوورییەوە، ئالیکاری بەردەوامبوونی ئەم گۆڤارە دەکەن. سپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە یارمەتیدەری ئێمە بوون لە ناساندن و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری هۆژین. هەروەها سپاسێکی تایبەتیش بۆ خوێنەرانمان کە ھاوڕێی ڕاستەقینەی گۆڤارن، ئێمە لە ڕەخنەکانتان بێ بەش مەکەن. 

لەگەڵ گۆڤاردا لە پێوەندیدا بن. هەر ئێستا هەر ڕەخنە یان پێشنیارێکتان هەیە بۆمان بنێرن:

govar.hojan@gmail.com

ڕێگەیەکی سادەتریش ئەوەیە کە بچیتە سەر ئەم ماڵپەڕە و هەر ئێستا تێبینیی خۆت بنووسیت لەسەر گووگڵداکی ئەم سەروتارە:

http://tiny.cc/Hojin8

بەسپاسەوە،

ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

خوێندکاریی دوکتورای ئۆپتیک و فۆتۆنیک، ئەنستیتووی تەکنۆلۆژیی کارلسروهە، ئاڵمان

سەرنووسەری سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژین

ئامادەکردن: زۆرار ئەحمەدی

پوختە: پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، دوکتۆرای فیزیک و مامۆستای زانکۆی ئۆتاوای کانادایە و لە هەمان کاتیشدا سەرپەرشتی گرووپێکی لێکۆڵینەوە دەکات هەر لەم زانکۆیەدا. تاکوو ئێستا بۆ ڕێزلێنان لە دەسکەوتەکانی لە بواری فیزیکی کوانتۆمی و فیزیکی ڕووناکی، چەند خەڵاتی گرینگی جیهانی پێ بەخشراوە. لەم وتووێژەدا هەوڵ دراوە پرۆفیسۆر کەریمی وەک زانایەکی بەناوبانگی بواری فیزیکی کوانتۆم، زیاتر بە کۆمەڵگای کوردی بناسێنین. 

Ebrahim Karimi, Canada Research Chair – University of Ottawa, ekarimi@uOttawa.ca

وشەگەلی سەرەکی: پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی، فیزیکی کوانتۆم، وتووێژ.

نووسەر: سەرچیا خورشید

پوختە: ویکیپیدیا چییە؟ ویکیپیدیا کوردییەکان لە چ ئاستێکن و ئاستەنگەکانی بەردەمیان چین؟ ئەم وتارە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە بەکەڵکوەرگرتن لە داتای ویکیپیدیا کوردییەکان. ھەروەھا پێشنیازی چەند ڕێگەیەک دەکات بۆ زیاتر خزمەتکردنیان.

وشە سەرەکییەکان: ویکیپیدیا، ویکیپیدیای کوردی، ئینسایکڵۆپیدیا، زمانی کوردی

نووسەر: سیروان محەممەدی

پوختە: زانستی مکانیک لقێکی زانستی فیزیکه‌ کە لە کاریگەریی هێزەکان لەسەر تەنەكان دەکۆڵێتەوە. جووڵەزانی بەو بەشە لە مکانیک دەوترێت کە توێژینەوە دەکات لەسەر چۆنیەتی جووڵەی تەنە تاودارەکان، وەکوو لەرینەوەی تەنەکان. لەم بابەتەدا، بە کورتی باس له‌ زانستی لەرینەوە  دەکرێت.

وشەگەلی سەرەکی:  لەرینەوە، ڕێزۆنانس، فرێکانس.

نووسەر: دیاری ئەبووبەکر

پوختە: له‌م وتاره‌دا هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین یه‌كێك له‌ پڕچاپترین په‌رتووكه‌كانی جیهانتان پێبناسێنین. ئه‌و په‌رتووكه‌ش له‌ژێر ناوی (جینی خۆویست) كه‌ له‌لایه‌ن پڕۆفیسۆر و زانای زیندەوەرزانی ڕیچارد دۆوكنزه‌وه‌ له‌ ساڵانی ١٩٧٠دا نووسراوه‌ته‌وه‌. په‌رتووكه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌لێن و هه‌ڵه‌كانی بیردۆزی په‌ره‌سه‌ندن ڕاست ده‌كاته‌وه و به‌ تێڕوانینێكی نوێ و گونجاوتره‌وه‌ له‌ ڕه‌فتاری ئاژه‌ڵان ده‌كۆڵێته‌وه‌. بیردۆزیی جینی خۆویست باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ناوه‌ند و مه‌به‌ستی په‌ره‌سه‌ندن بریتیه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی جینه‌كان و پارێزگاری كردن لێیان. 

وشەگەلی سەرەکی: زیندەوەرزانی، پەرەسەندن، جین، ڕیچارد دۆوكنز، داروین

نووسەر: عەبدوڕەحمان زەمینی

پوختە: نزیک بە ٪٣٠ هەموو وشکایی سەر زەوی لە بیابان و سە‌حرا پێکهاتووە، کە ئەم ڕووبەرە خاکە بە نزیکەیی هیچ کەڵکێکی لێ وەرنەگیراوە، وشک، بێ ئاو و زۆر گەرمن، بەڵام ئەم ڕووبەرە خاکە سەرچاوەیەکی بەردەوامی تیشکی خۆرە بۆ زەوی. ئایا مرۆڤایەتی ناتوانێت سوود لەم تیشکی خۆرە ببینێت بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا؟  بە تایبەت لەمڕۆدا کە جیهان بە دوای وزەی جێگرەوەدا دەگەڕێت بۆ سووتەمەنییە بەبەردبووەکانی وەک نەوت و گاز، کە جگە لەوەی خەرجییەکی زۆری دەوێت لە هەمان کاتدا بڕێکی زۆر لە گازی زیان بەخش دەکاتە بەرگەهەواوە. ئەم وتارە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم بابەتە زۆر بە ڕوونی شی بکاتەوە.

وشە سەرەکییەکان: پانێلی هەتاویی، کارەبا 

نووسەر: محەممەد مەولوود

پوختە: لە کۆنەوە مرۆڤ سەرسام بووە بە گەردوون و جوانییەکانی و هەموو کات هەستی خۆی بە کێشانەوەی وێنەکان بە کەرەستەی جیاواز دەربڕیوە. کێشانەوەی وێنەکان لە سەر بەردەوە دەستی پێ کردووە و تا کامێرای دیجیتاڵی سەر دووربینی (ته‌لسکۆپ) هابڵ بەردەوام بووە. بەڵام کەرەستەکان وا پێشکەوتنیان بە خۆیانەوە بینیوە کە لە سەر زەویشەوە دەکرێت لە بڕێک بواردا وێنەی هاوتای دووربینی هابڵ بگیردرێت. لەو نوسراوەیەدا هەوڵ دەدرێت کە هۆگرانی ئەو بوارە لە ئاستێکی سەرەتاییدا بەو هونەرە جوانە ئاشنا بکرێن. لە پێشدا زانستی سەرەتایی لەو بوارەدا دێتە بەر باس و جۆری دووربینەکان دەستینشان دەکرێن و پاشان نیشان دەدرێت کە سووڕانی زەوی وەک بەربەستی سەرەتایی چۆن بە هاوکاری سەرهاوەی کەمەرەیی بەرپەرچ دەدرێتەوە. هەروەها لە بواری وێنەگرتندا باس لە جۆری کامێراکان و هەسته‌وەرەکان (سێنسۆر) و پاڵێوەرە پانەباند و باریکەباندەکان دەکرێت و بە کورتی شی کراوەتەوە کە چۆن دەبێ بەو کەرەستانە وێنە  بگیرێت و جۆری وێنەکان و تایبەتمەندییەکانیان شرۆڤە دەکرێت. لە کۆتاییدا وێنەگیراوەکان دەبردرێنە ناو چەند نەرمامێر کە هەر کامیان کارێکی تایبەت لە سەر وێنەکان دەکەن. لە پێشدا وێنەکان کەڵەکە دەکرێنە سەریەک و وێنەیەک لە هەر دەستەوێنە ساز دەکرێت و دوایی دەبردرێتە ناو فۆتۆشاپ و لە سەر ئاستی ڕەنگەکان و تیشک و هتد کار دەکرێت تا وێنەی کۆتایی چێ ببێت. لە کۆتابەشی نوسراوەکەدا چەند وێنەی گەلەستێرە و هەورەستێرەی گیراو بە دەستی نووسەر نیشان دەدرێت  و کەرەستە بەکارهاتووەکان دەنووسرێن. سەرەڕای ئەوەی دەکرێت وێنەی باشتریش بگیرێت، بەڵام هەر ئەوانەش بۆمان دەدوێن کە تا چ ئاستێک لە سەر زەوییەوە دەکرێت وێنەی جوان بەرهەم بهێنرێت.

وشەگەلی سەرەکی: سەرهاوەی کەمەرەیی، هەسته‌وەر، پانەباند، باریکەباند، گەلەستێرە، هەورەستێرە.

نووسەر: سەروەر محەممەد

پوختە: لەم وتارەدا تیشک دەخرێتە سەر کەسایەتییەکی تازە دەرکەوتوو لە ناو کایەی فیکر و ڕۆشنبیریی جیهاندا بەناوی یوڤاڵ نوح حەراری.  لێرەدا، یوڤاڵ خۆی و سێ کتێبە بەناوبانگەکەی دەبنە بابەتی ناساندن و لێکدانەوە و ڕوانگەی ئەو بۆ مێژوو، ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی و کێشەکانی هەمبەر مرۆڤ دەخرێنە بەرباس.

وشەگەلی سەرەکی: یوڤاڵ حەراری، تەکنۆلۆجیا، مرۆڤی ژیر، ئەلگوریتم، پەرەسەندن (گووران) ، ویستی ئازاد.

نووسەر: فاڕووق ئەحمەدی

پوختە: کاتێک چاوێک بە دەوروبەری خۆمان بخشێنین و هەندێک بە وردبینییەوە سرنج بدەینە ژینگە و کەشوهەوای کوردستان بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە کەشوهەوا خەریکە ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەردا دێت.  ئەو ئاڵوگۆڕەی کە هەموو پسپۆڕان و زانایانی کەشوهەواناسی خەریکن باسی لێ دەکەن هۆکارەکانی چین؟ لە کوێوە دەستی پێکردووە و مرۆڤ چەندە لەو بابەتەدا هەڵەکارە؟ ئایا ڕێگەی گەڕانەوەمان هەیە؟ و هەزاران ئایا و ئەگەری تر. لەم نووسراوەیەدا بە کورتی باسی مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی دەکرێت و پاشان هۆکار و سەرچاوەکانی ئەو دیاردەیە دێتە پەیڤین. لە کۆتاییدا باسێکی چڕ لەسەر گازە گوڵخانەییەکان وەک سەرەکیترین هۆکاری گەرمبوونی زەوی و شێوازی کاردانەوەیان لەسەر بەرگەهەوای زەوی و ئاستی کاردانەوەیان دەکرێت. بۆ باسی چڕتر و وردتر دەتوانن سەردانی سەرچاوەکانی ئەو نووسراوە بکەن. 

وشەگەلی سەرەکی:  گازە گوڵخانەییەکان، ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا،  گەرمبوونی زەوی

نووسەر: هێڤار عاسی

پوختە: ڕێنماییەکان بۆ وەرزشوانان تاکوو ئێستا ئەوە بووە کە بۆ گەورەترکردنی ماسولکەکان، پیویستە قورسایی بە زۆرترین کێشەوە بە کار بهێنرێت. توێژەرێک و تیمەکەی لە وڵاتی کەنەدا ڕێگەیەکی نوێ دەخەنە بەردەم. ئەوان سەلماندوویانە کە بەرزکردنەوەی قورسایی کەمتر بەڵام بە دووپاتبوونەوەیەکی زیاتر، کاریگەرترە.

وشەگەلی سەرەکی: ڕاهێنان، ماسولکە، لەشجوانی

نووسەر: پژواک کەوکەبیان

پوختە: بیتکۆین و ڕەمزپارە سیستمێکی پارەن کە ڕێگه دەدەن بەبێ کەڵکوەرگرتن له بانک یان لایەنی تر، ئاڵوگۆڕی پارە بکرێت. لەم شێوەیەدا تەکنەلۆجی ڕۆڵی بانک و حکوومەت و لایەنی متمانەپێکراو دەگێڕێت. ئەو جۆرە پارەیە دەکرێت لە ژیاندا بۆ کڕین و فرۆشتن یان بۆ خەرجکردن لە بڕێک شوێن كه‌ له‌ ئێستادا قبووڵی ده‌كه‌ن، بە کار بهێنرێت. لە ڕێگەی بیتکۆینەوە، هەرکەس دەتوانێت بانکی خۆی هەبێت و خاوەن بیتکۆین و ڕەمزپارە بە نەناسراوی بمێنێتەوە. بە یارمەتیی بیتکۆین دەتوانرێت پێش له گرانی و نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بگیرێت.

 

وشەگەلی سەرەکی: ڕەمزپارە، بیتکۆین، بەیاننامەی سپی، ئاڵتکۆین، ناونیشانی گشتی، ڕەمزی تایبەت، دەرهێنانی ڕەمزپارە، واڵت، کیفی پارە، بلاکچەین، دەفتەری حساب، لێجر.

نووسەر: عەدنان ناسری

پوختە: لەم وتارەدا بە کورتی چالاکییەکانی ڕێکخراوەی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژین باس دەکەین. چالاکییەکانی ڤەژین بە گشتی لە سێ بواری فێرکاری، بەڕێوەبردنی بەرنامەی گشتی، چالاکی لە بواری بەرهەمهێنانی فەرهەنگی هونەری پێکدێن. خەڵاتی ساڵانەی بەڕووی زێڕین، پڕۆژەی ڤەژین بوکس و چەندین پۆلی فێرکاری بۆ تەمەنی جیاجیا و لە بواری جیاوازدا لە بەرچاوترین بەرهەم و چالاکییەکانی ڤەژینن. لە درێژەدا لەسەر هەرکام لەو پڕۆژانە و پڕۆژەکانی تری ڤەژین زانیاریی وردتر دەخەینەڕوو.

وشەگەلی سەرەکی: ڕێکخراوەی فەرهەنگی هونەری ڤەژین، ڤەژین بوکس، خولی فێرکاری

پوختە: بەڕێوەبەریی بازاڕی وزەی ئوستڕاڵیا بە “ئەیمۆ” ناسراوە. ئەیمۆ، جگە لە بەرپرسیارەتی بازاڕی وزەی ئوستڕاڵیا، بەرپرسی بەڕێوەبردنی تۆڕی هێزی کارەبا و هەروەها تۆڕی گازی ئوستڕاڵیاشە. تۆڕی هێزی ئوستڕاڵیا لە چەن ساڵی ڕابردوودا ئاڵوگۆڕی یەکجارزۆری بەسەردا هاتووە. هۆکاری سەرەکی ئەمە یەکخستنی بەرچاوی سەرچاوە وزە جێگرەوەکان و تۆڕی هێز لە چەن ساڵی ڕابردوو بووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتووشدا درێژەی هەبێت. ئەمە چەندین کێشە و بەرەنگاریی نوێی بۆ ئەیمۆ ساز کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت تۆڕی هێزی ئوستڕاڵیا بە دڵنیایی و پشت پێبەستراوی بەڕێوە ببات. ئەم بەرەنگارییانە درەنگ یان زوو بۆ تۆڕی هێزی وڵاتانی دیکەش دێنە پێش. لەم وتارەدا، پێشەکی باسی چوارچێوەی تۆڕی هێزی ئوستڕاڵیا و بەرەنگارییەکانی بەڕێوەبردنی دەکەین. لە دواییدا، هەوڵ دەدەین بە زمانێکی سادە شی بکەینەوە کە ئەیمۆ چۆن ڕووبەڕووی ئەم بەرەنگارییانە دەبێتەوە و چارەسەریان دەکات.

وشەگەلی سەرەکی: تۆڕی هێزی کارەبای ئوستڕاڵیا، یەکخستنی وزە جێگرەوەکان، سەقامگیری فرێکانس، پتەوی تۆڕی هێز.

نووسەر: مەسعوود شێخولئیسلامی

پوختە: لە سەرەتای دروستبوونی زەوی تا ئێستا نزیک بە ٤٦٠٠ ملوێن ساڵ تێدەپەڕێت، مێژوویەکی لێواولێو پر لە ڕووداو و بابەتی سەیر و سەرسوڕهێنەر. لەمەبەدوا، بە هیواین لەهەر ژمارەیەکی گۆڤاردا، سەرنجتان ڕابکێشین بەرەو یەکێک لەم بابەتانە. هەروەک دەزانن یەک جار گەڕانی زەوی بە دەوری خۆر ٣٦٥ ڕۆژی ٢٤ ساعەتە دەخایێنێت، بەڵام ئایا ئەم شێوازە هەر وا بووە و هەرواش دەمێنێتەوە؟ لەم نووسراوەدا ئاوڕێک دەدەینەوە لە وەڵامی ئەم پرسیارە.

وشە سەرەکییەکان: فۆسیل، خۆر، زەوی، لمەبەرد، بەردی نیشتوو

نووسەر: سەید مادێح پیریۆنسی

پوختە: جێپەنجەی گۆڕانی ئاووھەوا لەسەر زۆر لایەنی ژیانی مرۆڤ دیارە. ئەم کاریگەرییە لە داھاتوویەکی نزیکدا زەقتریش دەبێتەوە. ژێرخانەکان یەکێک لەو دەستکردانەی مرۆڤن کە بە ھۆی تەمەنی درێژیانەوە دەکەونە ژێر کاریگەریی دیاردەی گۆڕانی ئاووھەوا. ئەم دیاردەیە کاریگەریی جیاوازی لەسەر ژێرخانە جۆراوجۆرەکان دەبێت، بەڵام بە گشتی دەبێتە ھۆی کورتبوونەوەی ماوەی ژیانی ژێرخانەکانەوە. توێژەران پیشانیان داوە کە ئەم کاریگەرییە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر جیاوازە و جۆری کاریگەرییەکەش لەسەر ژێرخانە جۆراوجۆرەکان جیاوازه‌. ئەوەی کە بە گشتی پلەی گەرمیی زەوی بەرز دەبێتەوە و ئاستی ئاوی دەریاکان دەچێتە سەرەوە و زستانی ساردتر و ھاوینی گەرمترمان تووش دەبێت، کاریگەریی ڕووخێنەری لەسەر ژێرخانەکان دەبێت. بەڵام چەند و چۆنی ئەو کاریگەرییە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و تایبەت ھەیە.

وشەگەلی سەرەکی: گۆڕانی ئاووھەوا، ژێرخان، ڕێگە، تۆڕی زێراب.

نووسەر: باست عەزیمی

پوختە: بۆچی زۆربەی مرۆڤەکان ناتوانن بەکراوەیی دەربارەی خۆیان و بۆچوونەکانیان بدوێن؟ بۆچی ترس لە ناخیاندا تەشەنە دەکات و ناوێرن هەستی ڕاستەقینەی خۆیان دەببڕن؟ ڕیشەکانی ئەم دیاردە بەربڵاوە کۆمەڵایەتییە، بۆ کوێ دەگەڕێتەوە؟ پەیوەندیی ئەم دیاردەیە لەگەڵ هەستی “خۆبەکەمزانین” چییە؟ بۆچی مرۆڤ زۆربەی جار هەوڵ دەدات خۆی تەنیا لە “ڕووە شیرینەکەیەوە” نیشان بدات و ڕووە لاسارەکەی خۆی  بشارێتەوە؟ “ترس لە خۆدەربڕین” کورتە نووسراوەیەکە کە هەوڵ دەدات لەژێر تیشکی دەوونناسیی مرۆڤدۆستانەی ئەمڕۆدا، باسی ڕیشەکانی ئەم دیاردانە بکات و هەندێک پرسیار بخاتە بەردەم خوێنەران. 

وشە سەرەکییەکان: پەروەردە، دەروونناسیی مرۆڤدۆستانە، هەستی خۆبەکەمزانین، تەکنیکەکانی “خۆشاردنەوە”

نووسەر: فەتاح ئەمینزادە

پوختە: پاژین ڕێکخراوەیەکی ناحوکمییە لە شاری بانە کە لە بواری ژینگەدا چالاکی دەکات. پاژین کورتکراوەی دەستەواژەی پارێزەرانی ژینگەیە. ئەم کورتە نووسراوە هەوڵ دەدات پاژین و چالاکییەکانی بە خوێنەرانی هێژای هۆژین بناسێنیت.

وشە سەرەکییەکان: ژینگە، ڕێکخراوەکان، ڕێکخراوەی ناحوکمی، پاژین، پاراستنی ژینگە.

نووسەر: فاڕووق ئەحمەدی

پوختە: بە گشتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر دیاردەی سروشتی لە لایەن زانستوانانەوە پێوەندی دراوەتەوە بە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، کە بۆتە هۆی ڕووداوە  بەتاوەکانی کەشوهەوا. هەندێک لەو دیاردانە بریتین لە: نەمان و توانەوەی زۆربەی سەهۆڵدانە مەزنە مێژووییەکانی جیهان، زۆربوونی وشکەساڵی گەورە و کەمبوونەوەی مەودای کاتیی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە، بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان و سووتانی دارستان و گۆڕ و لەوەڕگەکان، گۆڕانی سووڕی سروشتی وەرزەکان و پشکوتنی دار و گژوگیا، هەڵکشانی ژینگەی سروشتی بەشێک لە گژوگیا و ئاژەڵەکان بەرەو جەمسەری باکوور و هتد. بەڵام ئایا تەنیا کاریگەرییەکانی ئەو دیاردەیە هەر لێرە دەبەسترێتەوە یاخود کاریگەرییەکانی زۆر بەربڵاوترە. لەو نووسراوەیەدا زۆر بە کورتی بەشێکی بچووک لە کاردانەوە مەزنەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە شی دەکەینەوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەتوانن سەردانی سەرچاوەکانی ئەو نووسراوە بکەن تاکوو لە هەموو ڕەهەندە ترسهێنەرەکانی ئەو دیاردەیە ئاگادار ببنەوە.

  • لەو نووسراوەیەدا هەوڵ دراوە بە سادەترین شێواز باسی دیاردەکان بکرێت و زۆرتر باری نەرێنی دیاردەکان زەق کراونەوە و باری ئەرێنییان کەمتر هاتۆتە بەر چاو.

وشەگەلی سەرەکی: گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی تینی زەوی، گەرمبوونی جیهانی، کاردانەوەکانی گەرمبوونی جیهان

پێرست:

  • یەکەمین کۆمپیووتەر
  • یەکەمین لەپتاپ
  • یەکەمین مەکبووکی ئەپڵ
  • یەکەمین مۆبایل
  • ئینتەرنێت
  • یەکەمین مۆبایلی زیرەک
  • بۆچوونی نووسەر
  • ئێوە دەنگ بە کامیان دەدەن؟

 

پوختە: لە دەستپێکی سەدەی نۆزدە بوو کە تەکنۆلۆژی بە نرخێکی توانی گڕی گرت و مرۆڤ لە سەد ساڵدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری تەکنۆلۆژی بەدەست هێنا. لەم وتارەدا باس لە یەکەمین ئامێرەکان دەکەین کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەو پیشکەوتنانە بووە و ئاستی ژیانی مرۆڤیان بەرز کردووەتەوە.

وشەگەلی سەرەکی: تەکنۆلۆژی، ئینتەرنێت، مۆبایلی زیرەک، ژیریی دەستکرد، هۆلۆگرافی

پوختە: لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین بە پێناسەکردنێکی کورت هەندێک ئەفسانە سەبارەت بە نەرمامێری سەرچاوەکراوە شی بکەینەوە. نەرمامێری سەرچاوەکراوە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس ترسناک بێت. ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوانەی یەکەم جار دەیبیستن نامۆیە بە تایبەت ئەگەر ئەو کەسە بەرنامەنووسێک بێت کە خووی گرتووە کۆدی بەرنامەکانی خۆی بشارێتەوە و بیهەوێت لە نەرمامێرەکانی پارە پەیدا بکات. هەر بۆیەش زۆر قسەی ناشارەزایانە بە ئانقەست لەسەری ساز دەکرێت. لێرەدا بە گشتی چەمکی سەرچاوەکراوە دەخەینە بەر باس و دواتر سەبارەت بەو قسەڵۆکانە دەدوێین.

 

وشەگەلی سەرەکی: نەرمامێر، سەرچاوەکراوە، بەرنامەنووسی

نووسەر: کاوش ڕۆستەمی

پوختە: پێویستی باوکی زانستە، ئەم ڕستەیە بەرەو ئەو پرسیارەمان دەبات، مرۆڤ چ پێویستییەکی بە پیشەی تونێلسازی هەبووە؟ بۆ چووەتە قوڵایی زەوی شوێنی بۆ خۆی ساز کردووە؟ مرۆڤی سەردەمی بەردینە بە هۆی لاوازیی جەستەیەوە و هەروەها گەشە نەکردنی بیر و هزری، بۆ پاراستنی گیانی خۆی هانای بۆ ناو باوەشی زەوی و ئەشکەوتە سروشتییەکان دەبرد. ئەو کە توانی فرەتر بەسەر سروشتدا زاڵ بێت، ئەم جار بۆ مەبەستی تر ناوسکی زەوی هەڵدڕی! بۆ نموونە، گواستنەوەی ئاو لە شاخەکان بەرەو دەشتە بەپیتەکان، کانگەوانی واتە دەرهێنانی کانییە بەنرخە سروشتییەکان، سازکردنی ڕێگای ژێر زەوی (مێترۆ) لە شارە قەرەباڵغەکان و هتد. ئەم نووسراوە باسێکە لەسەر ئەو مەبەستە گشتییانە کە مرۆڤ بۆ هەڵکەندنی زەوی هەیبووە، لەپاڵ ئەوەدا ڕەوتی بەرەو پێش چوونی ئامرازی هەڵکەندنی زەوی لە پیک و نوێڵ هەتا ئامێری تونێل هەڵکەن (TBM) باس دەکات. گرنگیی پەرەپێدان و سازکردنی تونێلەکان بە مەبەستی کورت و کەمکردنەوەی مەترسیی ڕێگای هاتووچۆ لە نێوان شارەکانی نیشتەجێی زاگرۆس بەشێکی تر لەم نوسراوە پێکدەهێنێت.

وشە سەرەکییەکان: تونێلسازی، کانگەوانی، هەڵکەندنی زەوی، کەرستەی بەنرخ، TBM