بابەتتەندروستی

کاردانەوەی سێمێڵوایز چییە؟

کاردانەوەی سێمێڵوایز چییە؟

ئەو کەسانەی گوێ نادەنە ڕێنماییە پزیشکییەکان کێن؟

کاردانەوەی سێمێڵوایز دەستەواژەیەکە بۆ خواستی دژایەتیکردنی هەندێک کەس لەگەڵ دەستکەوتە نوێیەکانی زانست بەهۆی ئەوەی لەگەڵ بیر و بڕوایان ناخوێنێتەوە.
نموونەی ئەم کاردانەوەیە لەم ڕۆژانەدا سەبارەت بە بڵاووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەبینرێت. کەسانێک هەن بڕوایان بە نەخۆشییەکە نییە یان دەستشۆردن و پاکوخاوێنی و دژەگەنکردن بە کارێکی بێسوود دەزانن و لە هاتوچۆ و سەیرانکردن و خولانەوە لە مۆڵەکان بەردەوامن. ئایا دەسەڵات نەیتوانیوە قەناعەت بەم کەسانە بهێنێت و لاواز جووڵاوەتەوە یان ئەم کەسانە تووشی کاردانەوەی سێمێڵوایز بوون؟ با بەیەکەوە چیرۆکی ئێگناز سێمێڵوایز بخوێنینەوە.

ئێگناز سێمێڵوایز* یەکەم پزیشک بوو کە گرینگی شۆردنی دەستی لە پیشەی پزیشکیدا ئاشکرا کرد. سێمێڵوایز یەکەم کەس بوو بە شێوەیەکی زانستی باسی دەستشۆردنی کرد و چەند وتاری لەسەر نووسی.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا ڕادەیەکی زۆری ژنان بە هۆی نەخۆشییەکانی کاتی منداڵبوون یان دوای ئەو کە بە “تای منداڵبوون” ناسرابوو گیانیان لەدەست دەدا.
بابەتێک کە لە کاتی کارکردنی لە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی ڤیەنا لە نەمسا (ئۆتریش) سەرنجی سێمێڵوایزی ڕاکێشا. ئەوە بوو کە ئەو ژنانەی لەلای پزیشک یان خوێندکارە پزیشکییەکان منداڵیان دەبوو تا ڕادەیەکی زیاتر دەمردن تا ئەو ژنانەی لە ماڵەوە و بەدەستی مامانەوە منداڵیان دەبوو! دیار بوو مامانەکان پێش کار دەستیان دەشۆرد.
سێمێڵوایز زانی کە کێشەکە لەوە دایە کە پزیشکەکان و خوێندکارە پزیشکییەکان پێش ئەوەی منداڵێک لەلای ئەوان لەدایک بێت، جەستەی مردووەکانیان گواستبۆوە یان توێکارییان کردبوون، ئەمە دەریخست کە شۆردنی دەست پێشگیری دەکات لە گواستنەوەی نەخۆشی بۆ ژنە دووگیانەکان.
لەدوای ئەوەی سێمێڵوایز بڕیاری زۆرەملی “شۆردنی دەست”ی لە نەخۆشخانە ڕاگەیاند، ڕادەی مردنی ژنانی دووگیان لە ١٨٪ دابەزی بۆ ٢٪، واتە بەرانبەر بە ڕادەی مردنی ژنان بە دەستی مامانەکان. کاتێک سێمێڵوایز دەستی کرد بە شۆردنی کەلوپەلی پزیشکی ئەو ڕادەیە بۆ لە سەدا ١ دابەزی.
هاوکات لەگەڵ ئەمە ستافی سەرەکیی نەخۆشخانە قبووڵیان نەدەکرد کە پزیشکەکان دەبنە هۆی مردنی ژنانی دووگیان. ئەوان پێیان وابوو نەخۆشی و هەو لە رێگەی شتێک بە ناوی “میاسما” لە رێگەی هەواوە دەگوازرێتەوە و کەم بوونەوەی ڕادەی مردنی ژنانی دووگیان لە نەخۆشخانەکەیان دەبەستەوە بە دامەزراندنی سیستەمێکی نوێی گواستنەوەی هەوا. سێمێڵوایز پاش ئەوە ڕۆی بۆ هەنگاریا و بوو بە سەرۆکی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی بووداپێست، لەوێش توانی بە سەپاندنی یاسای زۆرەملی شۆردنی دەستی پزیشکەکان ڕادەی مردنی ژنانی دووگیان دابەزێنێت.
لە ساڵی 1861 بە پێی زانیارییەکانی کتێبێکی بڵاوکردەوە لەسەر پێشگیریکردن لە تای منداڵان، بەڵام پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا. زۆربەی کۆمەڵگای پزیشکیی ئەوکات دژی قسەکانی ئەو بوون و پێیان وابوو باری دەروونی ئاسایی نییە، پێنج ساڵ دوای ئەوە لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی گیانی لەدەست دا، نەخۆشخانەی دەروونی ئەو سەردەمە زیاتر شێوازی گرتووخانەی هەبوو. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن سێمێڵوایز بە لێدانی پارێزەرانی گرتووخانە دەروونییەکە گیانی لەدەست دابێت.
دوای لێکۆڵینەوەیەک لەلایەن لوئیس پاستۆر، ڕابێرت کۆخ و جۆسێف لیستێر کە باسی بیردۆزیی میکرۆبەکان و شێوازەکانی دژەگەنکردنیان کرد، واتە دوو دەیە پاش مردنی پێشوازی لە کارەکانی کرا.
———
* ئێگناز سێمێڵوایز 1818-1865 (باوکی دژەگەنکردن )

ئامادەکردنی: ڕەزا سووری

https://www.newscientist.com/people/ignaz-semmelweis/

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button