۲۰ دانە لە ترسناکترین نەخۆشییە گشتگیرەکان و جیهانگیرەکان لە مێژوودا

۲۰ دانە لە ترسناکترین نەخۆشییە گشتگیرەکان و جیهانگیرەکان لە مێژوودا

 

نەخۆشییە جیهانگیرەکان بە درێژایی مێژوو، مرۆڤایەتییان وێران کردووە و زۆرجار مێژوویان گۆڕیوە.

۱. نەخۆشیی گشتگیری بەرلە مێژوو، نزیکەی ۳۰۰۰ ساڵ پێش زایین: 

نزیکەی ٥۰۰۰ ساڵ پێش، نەخۆشییەکی گشتگیر دێهاتێکی لە چین لەناو برد. لاشەی مردووەکان لە ماڵێکدا دۆزراوەتەوە. هیچ تەمەنێک لەم نەخۆشییە ڕزگاریان نەبووە، لاشەی گەنج و مێرمنداڵ و بەساڵاچوو لە ناو ماڵەکەدا دۆزراوەتەوە. ئەم شوێنەوارە ئێستا بە ناوی، هەمین مانگها ناسراوە. نەخۆشییەکە بە خێرایی ڕووی داوە، چونکە بۆ ناشتنی مردووەکان بەپێی نەریتی خۆیان کاتیان نەبووە و دواتریش ئاوەدان نەکراوەتەوە.

۲. تاعوون لە ئاتێن، ٤۳۰ ساڵ بەر لە زایین:

کەمێک دوای شەڕی ئاتێن و سپاڕتا، نەخۆشیەکی گشتگیر خەڵکی ئاتێنی لەناو برد کە بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەردەاوم بوو. مەزەندەکراوە کە زۆرتر لە ۱۰۰۰۰۰ کەس مردوون. مێژوونووسێکی یۆنانی دەڵێت: ئەو کەسانەی کە تەندروستی باشیان هەبوو لە ناکاو تووشی سەرئێشە، سووری پێست و هەوکردن لە چاو و لە بەشی ناوەوە وەک گەروو و زمان دەبوون، هەروەها تووشی هەناسەدان بە بۆنی ناخۆش و نائاسایی دەبوون. 

۳. تاعوونی ئانتۆنین ۱٦٥-۱۸۰ی زایینی:

زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەم باوەڕەن، یەکەم جار ئەو سەربازانەی کە لە شەڕی دژی پارتیا گەڕابوونەوە، ئەم نەخۆشییەیان بۆ ئیمپراتۆری ڕۆم هێنا. ئەم نەخۆشییە لە کۆتایی ماوەی ئاشتی ڕۆمانی (Pax Romana)، کاتێک ڕۆم لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا بوو ڕووی دا.

٤. تاعوون لە قوبرس ۲٥۰-۲۷۱ی زایینی:

  • بەراورد کراوە کە ڕۆژانە ٥۰۰۰ کەس بەم نەخۆشییە لە ڕۆم مردوون. لە ساڵی ۲۰۱٤دا، شوێنەوارناسان لە لاکسۆر شوێنێکیان دۆزییەوە کە قوربانیانی تاعوون بەکۆمەڵ ناشترابوون. ئەم لاشانە بە توێژێکی ئەستووری کەڵس داپۆشرابوون. کەڵس بە شیوەی مێژوویی بۆ پاکژکردنەوە بەکاردەهێنرێت. شوێنەوارناسان سێ تەندووریان دۆزییەوە کە بۆ دروستکردنی کەڵس و بۆ سووتاندنی قوربانیانی تاعوون بەکار دەهێنرا.

٥. تاعوون لە جاستینیەن ٥٤۱-٥٤۲ی زایینی:

ئەم تاعوونە بە ناوی ئیمپراتۆری بیزانس جاستینیەن دەستنیشان کراوە. ئیمپراتۆری بیزانس بە تاعوونی خەیارە وێران بوو. دوای ئەوە تاعوون دووبارە ڕویدا و بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن لە سەدا ۱۰ی ژمارەی دانیشتووانی جیهان بەم نەخۆشییە مردوون.

٦. مەرگی ڕەش، ۱۳٤٦-۱۳٥۳ی زایینی:

مەرگی ڕەش لە ئاسیاوە بۆ ئەورووپا هات و وێرانی ساز کرد. مەزەندە کراوە کە زۆرتر لە نیوەی دانیشتووانی ئەورووپا لەناو چوون. باکتریای Yersinia pestis بووەتە هۆی ئەم نەخۆشییە کە ئێستا لەناو چووە.

۷. نەخۆشیی گشتگیری کۆکۆلیزتلی، ۱٥٤٥-۱٥٤۸ی زایینی:

هەوکردنێک کە ئەم نەخۆشییە ببوو بە هۆی، جۆرێک تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی بوو کە بوو بە هۆی مردنی ۱٥ ملیۆن کەس لە مەکسیک و ئەمریکای ناوەندی. تووشبووان پێشتر بە هۆی وشکەساڵی، لاواز ببوون و نەخۆشییەکە بەتەواوی جەرگبڕ بوو.

۸. تاعوونەکانی ئەمریکا، سەدەی شازدەهەم:

تاعوونەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک لە نەخۆشییەکانی ئۆراسیایە کە دۆزەرەوانی ئەورووپی بۆ ئەمریکایان برد. ئەم نەخۆشییانە وەک ئاوڵە، لە ڕووخانی ئاوەدانی ئینکا و ئازتێک بەشدارییان بووە. مەزەندە کراوە کە لەسەدا ۹۰ی دانیشتووانی نیوگۆی ڕۆژاوایی زەوی لەناو چوون.

۹. تاعوونی گەورەی لەندەن، ۱٦٦٥-۱٦٦٦ زایینی:

تاعوون لە مانگی چواری ساڵی ۱٦٦٥ دەستی پێکرد و بە هاتنی هاوین بەخێرایی بڵاوبووە. هۆی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، مشکە ڕووتەکان بوون کە تووشی تاعوون ببوون. دوای کۆتایی هاتنی تاعوون نزیک بە ۱۰۰۰۰۰ کەس مردن، کە لە سەدا ۱٥ی دانیشتووانی لەندەن دەگرێتە خۆ. دوای ئەوە لە ۲ی مانگی نۆی ساڵی ۱۳٦٦دا، ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە لەندەن دەستی پێکرد و بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ بەردەاوم بوو و بەشیکی زۆری  شاری سووتاند.

۱۰. تاعوونی گەورەی مارسەی، ۱۷۲۰-۱۷۲۳ زایینی:

تاعوون بەهۆی کەشتییەک دەستی پێکرد کە لە مەدیتەرانەی ڕۆژهەڵاتەوە باری بردبوو بۆ مارسەی و بۆ ماوەی ۳ ساڵ بەردەوام بوو. نزیکەی ۱۰۰۰۰۰ کەس کە دەبێتە لەسەدا ۳۰ی دانیشتووانی مارسەی، لەناو چوون.

۱۱. تاعوونی ڕووسی، ۱۷۷۰-۱۷۷۲ی زایینی:

کاتێک مۆسکۆ کە تووشی تاعوون ببوو، ترسی هاوڵاتیان لە کەرەنتینە بوو بە هۆی توندوتیژی و ئاسایشی شار لەناو چوو. دوای تاعوون نزیکەی ۱۰۰۰۰۰ کەس مردن.

۱۲. نەخۆشیی گشتگیری تای زەردی فیلادێلفیا، ۱۷۹۳ی زایینی:

مێشوولە دەتوانێت ئەم نەخۆشییە بگوازێتەوە. بە هۆی ئاووهەوای گەرم و نمداری فیلادێلفیا ئەم نەخۆشییە بە خێرایی بڵاوبووەوە. بە هاتنی زستان و لەناوچوونی مێشوولەکان نەخۆشییەکەش تەواو بوو. بەڵام بوو بە هۆی مردنی ٥۰۰۰ کەس. 

۱۳. نەخۆشی جیهانگیری ئەنفلوەنزا، ۱۸۸۹ی زایینی:

ئەم نەخۆشیە بۆ یەکەم جار لە ڕووسیا تۆمار کرا. لە کاتی پیشەسازیی مۆدێرندا، بازنەی گواستنەوەی نوێ، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئاسانتر کرد. تەنیا لە کاتی چەند مانگدا، نەخۆشییەکە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە و ۱ ملیۆن کەسی کوشت و تەنیا لەماوەی ٥ حەوتەدا نەخۆشییەکە گەیشتە لووتکەی مردن.

۱٤. گشتگیری ئیفلیجی منداڵی ئەمریکی، ۱۹۱٦ی زایینی:

گشتگیری ئیفلیجی منداڵ لە نیۆیۆرکەوە دەستی پێکرد و ۲۷۰۰۰ کەس تووش بوون و ٦۰۰۰ کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مردن.

تا ساڵی ۱۹٥٤ کە پێکوتەی ساڵک دروست کرا، ئەم نەخۆشییە لە ئەمریکا بەردەوام بوو. دوایین کەیسی ئیفلیجی منداڵ لە ساڵی ۱۹۷۹ لە ئەمریکا بینراوە. کوتان لەسەر ئاستی هەموو جیهان بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئەم نەخۆشییە.

۱٥. نەخۆشیی ئەنفلوەنزای ئیسپانی، ۱۹۱۸-۱۹۲۰ی زایینی:

٥۰۰ ملیۆن کەس لە دەریای باشوورەوە تا جەمسەری باکوور تووشی ئەم نەخۆشییە بوون و یەک لەسەر پێنجی ئەو کەسانە مردن. بڵاوبوونەوە و بکووژی نەخۆشییەکە بە هۆی بارودۆخی سەختی سەربازەکان و خواردەمەنی لاواز لە کاتی شەڕدا زۆرتر بوو.  

۱٦. نەخۆشیی ئەنفلوەنزای ئاسیایی، ۱۹٥۷-۱۹٥۸ی زایینی:

ئەم نەخۆشییە جیهانگیرە ڕیشەکەی لە چین بوو و گیانی زۆرتر لە ۱.۱ ملیۆن کەسی لە سەرانسەری جیهاندا گرت. ڤایرۆسێک کە بووەتە هۆی ئەم نەخۆشییە یەکێتی ڤایرۆسەکانی ئەنفلوەنزای باڵندەیە. ئەم نەخۆشییە بەخێرایی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە.      

۱۷. گشتگیری و جیهانگیری نەخۆشیی ئایدز، ۱۹۸۱ی زایینی تا ئێستا:

ڤایرۆسی HIV هۆی نەخۆشیی ئایدزە. مەزەندە کراوە ئایدز لەو کاتەوە کە ناسراوە، ژیانی ۳٥ ملیۆن کەسی لەناو بردووە. لەوانەیە ئەم ڤایرۆسە لە ساڵی ۱۹۲۰دا لە ڤایرۆسی شمپانزی لە ئەفریقای ڕۆژئاوا وە بۆ مڕۆڤ گواسترابێتەوە. ئایدز لە کۆتایی سەدەی ۲٠ەوە جیهانگیر بوو. ئێستا نزیکەی لەسەدا ٦٤ی ئەو کەسانەی کە ئەم ڤایرۆسەیان هەیە، کە مەزەندە کراوە ٤۰ ملیۆن کەسن، لە باشووری سەحرای ئەفریقادا دەژین.

۱۸. جیهانگیری ئەنفلوەنزای بەراز، ۲۰۰۹-۲۰۱۰ی زایینی:

لە ساڵی ۲۰۰۰دا جۆرێکی نوێی H1N1 بوو بە هۆی جیهانگیری ئەنفلوەنزای بەراز، کە لە مەکسیک ڕووی دا. لە ساڵێکدا، ڤایرۆسەکە ۱/٤ ملیار کەسی لە سەرانسەری جیهاندا تووش کرد و لە نێوان۱٥۱۷۰۰ تا ٥۷٥۰۰۰ کەس مردن. ئەم ڤایرۆسە لەسەر منداڵان و گەورەساڵان کاریگەری هەبوو و لەسەدا ۸۰ی مردووەکان تەمەنیان ژێر ٦٥ ساڵ بوو.       

۱۹. گشتگیری ئێبۆلا لە ئەفریقای ڕۆژئاوا، ۲۰۱٤-۲۰۱٦ی زایینی:

ئێبۆلا لە ساڵانی ۲۰۱٤ تا ۲۰۱٦ ئەفریقای ڕۆژئاوای وێران کرد. ۲۸٦۰۰ کەیس تۆمار کرا و ۱۱۳۲٥ کەس مردن، یەکەم جار لە گینێی بینرا و بە خێرایی لە لیبیریا وسیێرالێئۆن بڵاوبووە. لەوانەیە سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە بگەڕێتەوە بۆ شەمشەمەکوێرە.       

۲۰. گشتگیری ڤایرۆسی زیکا، ۲۰۱٥ تا ئێستا:

ڤایرۆسی زیکا لە ڕێگەی مێشوولەی ڕەگەزی Aedes و هەروەها لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە بڵاو دەبێتەوە. زۆربەی کات بۆ منداڵان و گەورەساڵان زیانبەخش نییە. بەڵام دەتوانێت هێرش بکاتە سەر منداڵێک کە لە نێو منداڵدانی دایکی دایە و ببێتە هۆی کەموکوڕی لە کاتی لەدایکبوونیدا. ئەو جۆرە مێشوولەیە کە ڤایرۆسی زیکا دەگوازێتەوە لە ئاووهەوای گەرم و نمدارا بە باشی دەژیت. بۆیە ئەم نەخۆشییە لە ئەمەریکای باشوور، ئەمەریکای ناوەندی و بەشێک لە ناوچەکانی باشووری ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا خۆی دەرخستووە.   

 

نووسەر: Owen Jarus

ئامادە کردن: ئەژین جەلالی 

 

وشەکان:

هەمین مانگها Hamin Mangha

سپاڕتا Sparta 

ئانتۆنین Antonine 

پارتیا Parthia

شوێنەوارناسان archaeologists 

لاکسۆر Luxor 

کەڵس lime 

جاستینیەن Justinian

بیزانس Byzantine 

خەیارە bubonic 

کۆکۆلیزتلی Cocoliztli 

ئۆراسی Eurasian 

ئینکا Inca 

ئازتێک Aztec 

مشکی ڕووتە rodents 

مارسەی Marseille

ساڵک Salk 

شمپانزی chimpanzee

دۆزەرەوە explorer

ئاوڵە smallpox

نیوگۆ Hemisphere

کوتان vaccination  

سیێرالێئۆن Sierra Leone

لیبیریا Liberia

گینێی Guinea

 

سەرچاوە: 

https://www.livescience.com/worst-epidemics-and-pandemics-in-history.html