بابەتتەندروستی

ئۆکسیتۆسین ؛ هۆرمۆنی ئەوین

ئۆکسیتۆسین (فۆرمولی کیمیایی: C43H66N12O12S2)
سەرەتا لە ساڵی ۱۹۰۶دا لەلایەن هێنڕی دەیڵ دۆزرایەوە.
ڤینسێنت دی ڤینەو زیندەکیمیازانی ئەمریکایی لە ساڵی ۱۹۵۵ی زایینیدا بە هۆی جیاکردنەوە و پێکهێنانی دوو هۆرمۆنی پیتویتەری، واتە ڤاسۆپرێسین (هۆرمۆنێک کە کار دەکاتە سەر ماسوولکەکانی دەمارە خوێنییەکان بۆ بردنەسەرەوەی پەستانی خوێن) و ئۆکسیتۆسین خەڵاتێکی نۆبێلی لە کیمیادا وەرگرت.

ئۆکسیتۆسین هۆرمۆن و گوازەرەوەیەکی دەمارییە کە لە زایین و شیردانی دایکاندا دەوری هەیە.
ئۆکسیتۆسین هەروەها پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەل هاودڵی، متمانەکردن، هەستی سێکسی و خۆشەویستی.

هەندێ کات پێی دەڵێن هۆرمۆنی ئەشق، بەڵام هۆکاری ئەم ناولێنانە چییە؟
لە ساڵی ۲۰۱۲دا توێژەرەکان ڕایان گەیاند کە مرۆڤەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆشەویستیدا، ڕادەی ئۆکسیتۆسینیان بە بەراوەرد لەگەڵ کەسانێک کە پێوەندیی خۆشەویستییان نییە زۆرترە.
ئەم ڕێژەیەی ئۆکسیتۆسین لانیکەم بۆ ماوەی ۶ مانگ بەردەوام بوو.
هەروەها ڕادەی ئەم هۆرمۆنە لە کاتی لەئامێزگرتندا بەرز دەبێتەوە.

ئۆکسیتۆسین لە ژناندا:
ئۆکسیتۆسین هۆرمۆنێکی هەرە گرینگە لە ژناندا.
لەری یانگ، دەمارناسی ڕەفتار لە زانکۆی ئێمۆری لە ئاتلانتا دەڵێ:
ئۆکسیتۆسین پێپتیدێکی دروستکراوە لە مێشکدا کە سەرەتا بەبۆنەی کاریگەرییەک کە لە قۆناخی لەدایکبوون و هەروەها لە پەرستاریدا هەیبوو، دۆزرایەوە.
ئەم هۆرمۆنە دەبێتە هۆی بچووک بوونەوەی منداڵدانی دایک لەکاتی زاییندا و یارمەتی دەدات کە منداڵدانی دایک لەدوای زاییندا کۆ ببێتەوە.
کاتێک کە منداڵێک لە مەمکی دایکی شیر دەخوات، ئەو بزواندنە دەبێتە هۆی دەردانی ئۆکسیتۆسین کە ئەمەش فەرمان دەداتە لەش کە شیر بەر بدات بۆ منداڵەکە.
توێژینەوەیەک لە ساڵی ۲۰۰۷دا لە گۆڤاری psychological science بڵاو بووەوە کە نیشانی دەدا هەر چەندە ڕادەی ئۆکسیتۆسینی دایکێک لە قۆناخی سێ مانگی سەرەتایی دووگیانبوونی لەسەرەوە بێت ئەگەری ئەوەی کە ڕەفتار گەلێکی میهرەبانانەی لەگەڵ منداڵەکەی هەبێت زیاترە، وەکوو گۆرانی خوێندن یان حەمام پێکردنی منداڵەکەی.
ئۆکسیتۆسین لە پیاواندا:
ئۆکسیتۆسین لە پیاوانیشدا هەر وەکوو ژنان دەبێتە هۆی ئاسانکاری لە پێوەندییە سۆزدارییەکاندا.
لە ساڵی ۲۰۱۲دا ئەو باوکانەی کە لەڕێگای پڕژێنەری لووتەوە، ئۆکسیتۆسینیان بەرز کرایەوە، بە بەراوەرد لەگەڵ ئەو باوکانەی کە ئۆکسیتۆسینیان وەرنەگرتبوو، پێوندییەکی باشتریان هەبوو لەگەڵ منداڵە ۵ مانگەکەیان و لە گەمە کردندا زۆرتر لەگەڵ منداڵەکانیان تێکەڵ دەبوون.

لە توێژینەوەیەکی دیکە کە لە ساڵی ۲۰۱۰دا لە PNAS بڵاو بووەوە ، ژەمە دەرمانێک لە ئۆکسیتۆسین درا بە پیاوان و کاتێک داوایان لێکردن کە سەبارەت بە دایکی خۆیان بنووسن، ئەوانەی کە پێوەندییەکی پتەویان هەبوو، دایکی خۆیان بە سەرپەرشتێکی باش دەزانی.
بەڵام ئەوانەی کە پێوەندییەکی ئالۆزیان هەبوو، دایکیان کەمتر بە دڵسۆز دەزانی.
بەپێی وتەی لێکۆڵەران ئەم هۆرمۆنە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە پێک هاتنی بیرەورەییە کۆمەڵایەتییەکاندا.
کەوابوو هەڵمژینێکی کورت، پێوەندییە پێشووەکان چ چاک یان خراپ، بەهێز دەکات.
یانگ دەڵێ، ئەو کارەی کە ئۆکسیتۆسین لە مێشکدا دەیکات ئەوەیە کە دەبێتە هۆی بەرچاو بوونی زانیارییە کۆمەڵایەتییەکان.
ئۆکسیتۆسین ئەو بەشانەی مێشک پێکەوە گرێ دەدات کە لە پێواژۆ کردنی زانیارییە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دەموچاوەکان، بۆنەکان یان دەنگەکان بەشدارن و هەروەها لە گرێدانی ئەو بەشانە لەگەڵ سیستەمی خەڵاتی مێشک یارمەتیدەرە.

oxytocin ئۆکسیتۆسین
neurotransmitter گوازەرەوەی دەماری
childbirth زایین، لەدایکبوونی منداڵ
nasal spray , سپرەیی لووت، پڕژێنەری لووت
brain’s reward system سیستەمی خەڵاتی مێشک
social memorie بیرەوەریی کۆمەڵایەتی
biochemist زیندەکیمیازان
isolation جیاکردنەوە
synthesis پێکهێنان
pituitary (پیتویتەری) لووەکوێرەیەک لەژێر مێشکدا
blood pressure پەستانی خوێن
dose ژەمەدەرمان
Chemical formula فۆرمولی کیمیایی
Henry Hallett Dale هێنڕی هەڵێت دەیل
Vincent du Vigneaud ڤینسێنت دی ڤینەو

ئامادەکردن : هێمن موحەممەدیان
سەرچاوەکان :
www.livescience.com/amp/42198-what-is-oxytocin.html

www.medicalnewstoday.com/articles/275795

www.britannica.com/biography/Vincent-du-Vigneaud

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button