بابەتزانستە بنەماییەکان

سەرەتا مریشک هەبووە یان هێلکە؟

سەرەتا مریشک هەبووە یان هێلکە؟

ڕەنگە پێتان وابێت زۆر پرسیارێکی ساکار و سادەیە و وەڵامەکەی ڕوونە، بەڵام وانییە و وەڵامەکەی قورسە!

ئەم پرسیارە دەرخەری پارادۆکسی باوی سەردەمی کۆنە کە چەمکی ″بنەڕەت و هۆکاری یەکەم″ تاوتوێ دەکات.

بەڵام وەڵامەکەی چییە؟
زانست چی دەڵێت؟
سەرەتا دەبێ باش لە پرسیارەکە تێبگەین، ئایا مەبەست لە وشەی هێلکە، هێلکەیە بەگشتی یان خود تەنیا مەبەست هێلکەی مریشکە؟
ئێمە دەزانین کە لە سەردەمی زۆر کۆندا کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دایناسۆرەکان هێلکە هەبووە (۳۴۰ ملیۆن ساڵ پێش) بۆیە ئەگەر مەبەست تەنیا ″هێلکە″ بێت نەک ″هێلکەی مریشک″ ئەوە وەڵامەکە هێلکەیە و هێلکە لە پێشدا هەبووە، نەک مریشک.

لە ساڵی ۲۰۱۴دا، توێژەرە بریتانییەکان دەریان خست کە پرۆتینێک(OV_17) لە پێستی هێلکەی مریشکدا هەیە کە تەنیا لە منداڵدانی مریکشدا دەدۆزرێتەوە و بۆ دروستبوونی هێلکە، ئەو پرۆتینە پێویستە.
کەوابوو ئەگەر مەبەستی پرسیارەکە ″هێلکەی مریشک″ بێت، واتە سەرەتا مریشک هەبووە یان هێلکەی مریشک؟ ئەوە هەندێک کەس بەپێی ئەم توێژینەوەیە دەڵێن مریشک بەڵام دەبێ قووڵتر بڕوانینە بابەتەکە.
بەپێ بیردۆزیی پەرەسەندنی داروین، مریشکی ئەمڕۆیی لە گوورانی ئاژەڵێکی هاوشێوەی خۆی یان باشتر بڵێین بەهۆی بازدانی (میووتەیشن) لە DNAی مریشکە پێشووەکان هاتووەتە کایەوە.
ئەم ڕەوتە زۆر درێژخایەنە و لە ماوەی هەزاران ساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە پێک دێت، کەواتە هیچ چەشنێک (جۆر) نەبووە کە هەر لە هەمان سەردەمی خۆیدا چەشنێکی تر پێک بێنێت.
لە درێژەی باسەکەدا ڕووبەڕووی دوو گریمانە دەبینەوە؛ یەکەم ئەوەی کە مریشکێکی سەرەتایی هێلکەی کردووە و لە یەکێک لەوانە بازدان ڕووی داوە و لە دواییدا مریکشێکی ئەمڕۆیی پێک هاتووە کە وەڵامی پرسیارەکە دەبێتە ئەوەی کە سەرەتا مریشک هەبووە.
دووهەم گریمانە ئەوەیە کە مریشکێکی سەرەتایی لەنێو شتێکی هاوشێوەی هێلکەیەکی ئەمڕۆیی، مریشکێکی ئەمڕۆیی هێناوەتە کایەوە، کەوابوو ئەمجار وەڵامی پرسیارەکە دەبێتە هێلکە.
لێرەدا دەبێ لە دەستەواژەی زانستیی چەمکەکان تێبگەین کە بەگشتی مریشک و هێلکەی مریشک و هەروەها مریشکی سەرەتایی و هێلکەی مریشکی سەرەتایی چین.
لەکۆتاییدا وەڵامێک کە هەموومان دەتوانین لەسەری ڕێک بکەوین، ئەوەیە کە مریشکی ئەمڕۆیی چ لە هێلکەیەکی هاوشێوەی هێلکەی ئەمڕۆیی و چ لە هێلکەیەکی مریشکی سەرەتایی دروست بووبێت هەر لە هێلکە هاتووەتە دەرەوە، کەواتە سەرەتا هێلکە هەبووە.

mutation بازدان

ئامادەکردن: هێمن موحەممەدیان

سەرچاوەکان:

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button