ژمارەی ١١ی هۆژین

گوێگرتن لە سەرورتار

ئەرکی بەڕێوەبردنی گۆڤارێکی زانستیی کوردی، ئەزموونێکی چێژبەخش و هاوکات پڕ لە بەرەنگاری بوو. چێژبەخش بوو، چونکە ئەزموونی ڕاپەڕاندنی کارێکی تیمیی هاوبەش لەگەڵ هاوڕێیانی نوێ بە شارەزاییگەلی جیاوازەوە، پڕە لە هەلی فێربوون. لەم ئەرکەدا لەگەڵ تیمێک ئاوێتە بووم کە زۆر جار لە وزە، داهێنەری و وردبینییەکانیان سەرم سوڕماوە. هاوڕێیانێک کە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و هاوکات سەرنجڕاکێشیی گۆڤار، هیچ سنوور و ماندووییەک ناناسن. هاوهەنگاو چوونە پێش لەگەڵ ئاوا کۆڕێک، یەکێک لە بەرەنگارییەکانی ئەم بەرپرسیارێتییە بوو. هاوئاهەنگکردنی هەموو هەوڵ و وزەی خۆبەخشانەی ئەم هاوڕێیانە بۆ ئامانجی کۆتایی بەرهەمهێنانی گۆڤارێکی ئاستبەرز و ڕەوان لە کاتێکی دیاریکراودا، بەرەنگارییەکی تر بوو کە ئەزموونێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتی و پشوودرێژی لە خۆیدا هەبوو.

گۆڤاری زانستیی هۆژین، وەک چۆن لە دەرفەتە جۆراوجۆرەکاندا و لەلایەن بەڕێوەبەرانییەوە ئاماژەی پێ کراوە، بەپێی بنەماکانی ڕۆژنامەگەریی زانست، هەوڵ دەدات زانستی ڕۆژ بە زمانی سادە بۆ بەردەنگی گشتی و ناپسپۆڕ بگوازێتەوە. لەم دەرفەتەدا، گرنگیی ڕۆژنامەگەریی زانست بۆ زمان و کۆمەڵگە بەکورتی ڕوون دەکرێتەوە. 

زمانی ئینگلیزی لە دونیای ئەمڕۆدا وەک زمانی سەرەکیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی زانست ناسراوە. زۆربەی گۆڤار و جۆرناڵە زانستییەکان بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبنەوە و توێژەران و زانستدۆستان بۆ خوێندنەوەی بابەتی زانستیی نوێ پێویستیان بە زمانی ئینگلیزی هەیە. هەروەها، زۆربەی وشە و چەمکە زانستی و تەکنیکییەکان بە ئینگلیزی پێناسە کراون، ئەگەرچی لەوانەیە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو وشانە بە ڕەچەڵەک یۆنانی یان لاتینی بن. لە یەکەم ڕوانیندا وا دەردەکەوێت کە فێربوونی وشە زانستییەکان بە زمانی ئینگلیزی کاری توێژەرێکی نائینگلیزی ڕێ دەخات و ئەو چیدی پێویستی بە فێربوونی وشە تەکنیکییەکان بە زمانی خۆی نییە. سەرەڕای ئەوەی کە کەڵکوەرگرتن لە یەک زمانی هاوبەش، وەک ئینگلیزی، لەوانەیە بۆ پەرەسەندن و گواستنەوەی خێراتری زانست ڕێکارێکی کارامەتر بێتە بەرچاو، ئەمە دەتوانێت کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشەکردنی زمانە نائینگلیزییەکان ببێت و تەنانەت بەربەستێک بێت بۆ پەرەسەندنی چالاکانەی زمانگەلێک کە گوێزەرەوەی زانست نین. ئەمە ڕاستییەکی مەترسیدارە کە زمانێک کە بۆ نووسین، ئاخاوتن و تەنانەت بیرکردنەوە سەبارەت بە باسە زانستییەکان کەڵکی لێ وەرنەگیرێت و بەپێی پێویست و بەبەردەوامی نوێ و بەڕۆژ نەکرێتەوە، لە ئاستێکی سنووردار و ناوچەیی دەمێنێتەوە، کەمتر گەشە دەکات و تەنانەت لەوانەیە لە درێژەی زەمەندا پەراوێز بخرێت و ئەگەری لاوازبوون و لەناوچوونی زۆرتر ببێت. کەواتە بۆ زیندوو و چالاک مانەوەی هەر زمانێک، گرنگە کە ئەو زمانە توانای خۆی بۆ گواستنەوە و دەربڕینی زانستی ڕۆژ پەرە پێ بدات و بەپێی پێشکەوتنی زانست بەردەوام بەڕۆژ کرێتەوە. ڕۆژنامەگەریی زانست یەکێک لە گرنگترین ڕێکارەکان بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجەیە.

 

ڕۆژنامەگەریی زانست دەتوانێت دەوری بەرچاوی نەک تەنیا بۆ گەشەی زمانەکان، بەڵکوو بۆ گەشەی کۆمەڵگەکان ببێت. بەکورتی، کاتێک کە زانستی ڕۆژ بەردەوام بە زمانی خەڵک و بۆ خەڵک دەگوازرێتەوە، کۆمەڵگە لە پێشکەوتنە زانستییەکانی دونیای مۆدێرن ئاگادار دەمێنێت. ئەمە دەتوانێت حەز بە زانست لە چینەکانی خەڵکدا ببووژێنێتەوە، ویستی پێشکەوتن و گەشەسەندن لەناو خەڵکدا بەئارامی پەرە پێ بدات و لە ئاکامدا کۆمەڵگەیەکی وریاتر، چالاکتر و زیندووتر بەدی بهێنێت. بەرپرسیارێتیی سەرەکی لەم ڕێگەیەدا لەسەر شانی ڕۆژنامەگەرانی زانستە.

ئەرکی ڕۆژنامەگەرانی زانست تەنیا ڕاگەیاندنی ئاسایی هەواڵە زانستییەکان نییە، ڕۆژنامەگەرێکی زانست دەبێت بابەتێکی زانستی وەک چیرۆکێک بۆ بەردەنگی ئاسایی بڵێتەوە. ئەو دەبێت خۆی لەگەڵ زانستی سەردەم هاوهەنگاو ڕابگرێت، بەخێرایی لە زانستی پشت بابەت و هەواڵە زانستییەکان تێبگات، سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی زانست بناسێتەوە و داهێنەرانە لە شێوازگەلی سەرنجڕاکێش بۆ گوتنەوەی چیرۆکی پشت هەواڵە زانستییەکان کەڵک وەربگرێت. گرنگیی ئەمە لە کاتێکدا ڕوونتر دەردەکەوێت کە هەژمارێکی بەرچاو لە میدیا بەردەستەکان بۆ ڕاکێشانی بەردەنگی زیاتر هەواڵی بە ڕواڵەت زانستی و بێبنەما (کە بە زڕەزانست و تەنانەت دژەزانست ناو دەبرێن) بڵاو دەکەنەوە. ئەم چەشنە بابەتانە دەتوانن ببنە هۆی سازبوونی سەرلێشێواوی لە بەردەنگەکانیاندا و ڕێژەی متمانە بە زانست لە توێژەکانی خەڵکدا داببەزێنن. ڕۆژنامەگەریی زانست دەتوانێت پێش بەمە بگرێت. بۆ سەرکەوتووبوون لەم ئامانجەدا، ڕۆژنامەگەرێکی زانست دەبێت بەبەردەوامی و بە کەڵکوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای ڕۆژ و بەستێنگەلی نوێی ڕاگەیاندن، شێوازە سەرنجڕاکێشەکانی گێڕانەوەی چیرۆکە زانستییەکان بناسێتەوە. کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پۆدکەستەکان، ڕاگەیاندنی بابەت و هەواڵە زانستییەکان بە دەنگ و ڤیدیۆ، و بەکارهێنانی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژیریی دەستکرد بڕێک لەم ڕێکارە نوێیانەن. 

کەناڵی زانستیی هۆژان و گۆڤاری زانستیی هۆژین بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، واتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی زانستی لە سەرچاوەی بڕواپێکراو، بە زمانی سادە و بە شێوازی نوێ و سەرنجڕاکێش، هەموو هەوڵ و توانای خۆی بەگەڕ خستووە. لە ئێستادا، بابەتەکانی گۆڤاری زانستیی هۆژین هەم بە شێوەی چاپکراو، هەم بە شێوەی سەرهێڵ و هەم بە شێوەی فایلی دەنگی لەبەر دەستی زانستدۆستاندان. ئەمە بێجگە لە دەق و ڤیدیۆ زانستییەکانی کەناڵی هۆژانە کە بەبەردەوامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە. ئەم ڕەوتە، کە دەرەنجامی هەوڵ و داهێنانی چەندین ساڵەی بەڕێوەبەرانی هۆژان و هۆژینە، هەنگاوێکی بەنرخە لە ئاسانتر کردنەوەی دەستپێڕاگەیشتنی بەردەنگەکان بە ناوەرۆکی کەناڵ و گۆڤار. بەدڵنیاییەوە، ڕێکخراوەی هۆژان و گۆڤاری هۆژین لە داهێنان و بینینەوەی شێوازگەلی نوێتر و سەرنجڕاکێشتر بۆ ڕاگەیاندنی هەواڵی زانستیی ڕاستەقینە بە بەردەنگەکانیان بەردەوام دەبن.

بە هاوشێوەی سێ ژمارەی پێشووی گۆڤار، لەم ژمارەیەشدا لە تۆمارکردنی گوتارەکان بە شێوەی فایلی دەنگی بەردەوام بووین و هاوڕێیانی هۆژین دەتوانن بە کەڵکوەرگرتن لە کیو ئاڕ کۆدی سەر گوتارەکان گوێ بۆ بابەتەکان ڕابگرن. بەرپرسیارێتییەکی نوێش بە ناوی “بەڕێوەبەری فایلی دەنگی” بۆ ئەم مەبەستە پێناسە کرا. قۆناغێکی نوێی هەڵەگری کە لەم ژمارەی گۆڤاردا بۆ یەکەم جار بەڕێوە چوو، هەڵەگریی ڕێزمانی و ڕەوانبێژی بوو. هیوادارین بە زیادکردنی ئەم قۆناغە، هەنگاوێکی ترمان بەرەو سادە و ڕەوان تر کردنی دەقی گوتارەکان هەڵگرتبێت. هەروەها، لەم ژمارەدا بۆ یەکەم جار بەرپرسیارێتییەکی تایبەت بە ناوی “سەرنووسەری تەکنیکی”، بە مەبەستی سەرەکیی ئامادەکاری بۆ بەدیجیتاڵیکردن و ژیرکردنی گۆڤار پێناسە کرا.

هەر هەنگاو و قۆناغێکی نوێ کە بە پرۆسەی ئامادەکردنی گۆڤار زیاد دەکرێت، لە وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتیدایە کە هەموو بەرپرسانی گۆڤار بەردەوام لە خۆیان دەپرسن: چۆن دەستپێڕاگەیشتن و تێگەیشتن لە ناوەرۆکی گۆڤار تا دەکرێت بۆ بەردەنگەکانمان سادەتر و بەرهەمەکانمان سەرنجڕاکێشتر بکەین؟ گۆڤاری هۆژین بە سەرنجی بەردەنگەکانیەوە زیندوو و گەشاوەیە و هێزی پاڵنەری تیمی نووسەران و بەڕێوەبەرانی گۆڤار دابینکردنی ڕەزامەندیی خوێنەران لە ئاست و ناوەرۆکی گۆڤارە. تێبینی، ڕەخنە و پێشنیارەکانتان لە هەر ڕوانگەیەکەوە یارمەتیمان دەدات گۆڤار بەو شێوەیە بەرهەم بهێنین کە بۆ ئێوەی ئازیز خوازراوتر و بەکەڵکترە. کەواتە، تکایە گۆڤاری خۆتان لە بیر مەکەن!

=====================================================

ئەم ژمارەی گۆڤار چەندین بابەتی هەمەڕەنگی لەخۆ گرتووە:

  • تایبەتنامەیەکی تێر و تۆخمان سەبارەت بە کەونارناسی و لەژێر سەردێری “مرۆڤ لە کوردستان” هەیە، کە شەش گوتاری سەرنجڕاکێش لەخۆ دەگرێت. ئەرکی سەرەکیی ئامادەکردنی تایبەتنامەکە لەسەر شانی بەڕێز کاک ڕەحمەت نادری بووە، کە وەک سەرنووسەری زانستیی تایبەتنامە و بە هاوکاریی چوار نووسەری هێژای دیکە یاریدەدەرمان بووە. وەک نموونە، تایبەتنامەی ئەم ژمارە بابەتێکی مێژوویی لەخۆی گرتووە لەسەر نیاندرتاڵەکانی کوردستان، کە باس لە چەندین ئاسەواری دۆزراوەی مرۆڤی نیاندرتاڵ لە کوردستان دەکات. هەروەها لە گوتارێکی دیکەدا، شوێنەواری ١٢٠٠٠ ساڵەی ناوکتەپە لە کوردستان، کە بە کۆنترین پەرستگەی جیهان ناسراوە، بەوردی دەناسێنرێت.
  • وتووێژێکی گەرموگوڕمان کردووە لەگەڵ بەڕێز دکتۆر هێرش ئەمینی، توێژەر و وانەبێژی سەرکەوتووی کورد لە زانکۆی هارڤارد و زانکۆی کۆپێنهاگی دانمارک. کاک هێرش چەندین تەوەری هاندەر بۆ لاوان دەهێنێتە بەر باس و هەروەها بڕێک زانیاریی زۆر بەسوود لەسەر بواری پەتاناسیی ژینگە بە خوێنەران دەدات. 
  • ئەگەر دەتانەوێت وتووێژەکان و مشتومڕەکانتان بەبێ دەمەقاڵێ و تەنانەت بەسوودمەندی بەڕێوە بچن، ئەوە سەرنج بدەنە بابەتی “پەیوەندیی بێزەبروزەنگ”ی بەڕێز کاک باستی عەزیمی. وەک لە گوتارەکەدا دەیخوێننەوە، لە شێوازی پەیوەندیی بێزەبروزەنگدا هەموو لایەنەکانی بەشداربوو لە گفتوگۆیەکدا سوودی لێ وەردەگرن و کەس بە دڵگرانی و دۆڕاوی مشتومڕەکە جێ ناهێڵێت! 
  • دادە شلێر سەعادەتی بۆی نووسیوین کە تۆڕە هێزەکانی دونیا چۆن بە تووشی پەتای کۆرۆناوە بوون و چۆناوچۆن ڕزگاریان بوو! خاتوو سروە ئەمین ساڵەحییش تەندروستبوونی تاوەی تیفلۆنی لە گوتارێکی هەژێندا بەیەکجاری خستووەتە بەر پرسیار! گوزارشێکی سەرنجڕاکێشیشمان هەیە لەسەر بەشداریی خاتوونێکی سەرکەوتووی جوانڕۆیی، دادە ئەوین ڕەشیدی ڕۆستەمی، لە پێشبڕکێی جیهانیی کارامەیی لە وڵاتی ڕووسیا. چالاکیی بەردەوامی نووسەرانی خاتوون لە گۆڤاردا جێی خۆشحاڵییە، هەر چەند چاوەڕوانین ڕێژەی بەشداریی خاتوونەکان زۆر زیاتر بێت.
  • دوو بابەتی پڕزانیارییشمان بۆ هۆگرانی گەردوونناسی هەیە. بابەتێکی دکتۆر محەمەد مەولوود لەسەر چۆنیەتیی وێنەگرتن لە مانگ و هەسارەکان، و بابەتی کاک سلێمان مەعرووفی لەسەر “کونەڕەشەکان”.
  • ئەگەر مێژووی زانست سەرنجتان ڕادەکێشێت، ئەوە ئەم ژمارەی گۆڤار بەتایبەتی بۆ ئێوە نووسراوە! سێ بابەتی چێژبەخشمان سەبارەت بە شێوازەکانی نهێنیکاریی زانیاری، وێنەگریی تیشکی ئێکس، و مێژووی فڕین هەیە، کە هەر کامیان مێژووی لقێکی زانست لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ باس دەکەن.
  • کاک پوویا ئیسمەعیلی و کاک گەوهەر سەعدی لە گوتارێکی سەرنجڕاکێشدا شێوازەکانی جیۆفیزیکیان بۆ ناسینی ناو دڵی گۆی زەوی، بەبێ پێویست بە قاشکردنی، بۆ شی کردووینەتەوە.

لە کۆتاییدا، لەلایەن سەرجەم بەڕێوەبەرانی هۆژینەوە، سپاسی گەرمی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە ئامادەکردنی ئەم ژمارەی گۆڤاردا هاریکارمان بوون. پێویست بە ئاماژەیە کە ژمارەی داهاتووی گۆڤاری هۆژین، بە تەوەری تایبەتی “زمانی دایکی” و بە بەشداریی چەندین پسپۆڕ و مامۆستای شارەزای ئەم بوارە ئاراستەی بەردەنگانی هێژا دەکرێت. هیوادارین هەوڵەکانمان جێی ڕەزامەندیتان بێت. تکایە ڕەخنە، تێبینی، و پێشنیارەکانتان لە ڕێگەی ئایدیی ZanistHojan@، لە هەر کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، یان بۆ ئیمەیلی govar.hojan@gmail.com بنێرن.

 

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم،

ئەهوەن جەلالی، سەرنووسەری سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژینپوختە: لە چاخی پلایستۆسین (١.٩ ملیۆن تا ٣٠٠ هەزار ساڵ پێش) و لە کۆتاییەکانی کۆنینەبەردیی قەدیم، پاش لەناوچوونی مرۆڤەکانی هۆمۆهابیلیس (تەڕدەست)، مرۆڤی هۆمۆئێرکتووس (ڕاستەباڵا) وەدی هاتن. ئەم مرۆڤانە پاش بەجێهێشتنی ئەفریقا، بە هۆی ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا، بەرەو ئاسیا و ئەورووپا وەڕێ کەوتن و لە سەرتاسەری گۆی زەوی بڵاو بوونەوە. دۆزینەوەی کەرەستەی بەردی لە هەندێک شوێن، وەک: بەردەبڵکە، کانی کفرکە لە باشووری کوردستان، دەشتی مێهران لە باشووری ڕۆژئاوای ئیلام، شیوەتوو لە باشووری ڕۆژئاوای مەهاباد و گاکییە لە شاری کرماشان؛ ئەوە دەسەلمێنێت. تایبەتمەندییەکانی ئەم مرۆڤە بریتین لە دروستکردنی تەوری بەردی، نەریتی نوێی ژیانی بنەماڵەیی، شێوازی سازکردنی خانووچکە و زاڵبوون بەسەر ئاوردا کە پێشتر ئەم کارانە نەکرابوون. ئاکامی گۆڕانی ئەم مرۆڤە، دەرکەوتنی هۆمۆساپیەنس (مرۆڤی ژیر) یان مرۆڤی ئەمڕۆیی بوو.

وشەی سەرەکی: مرۆڤی ڕاستەباڵا، کوردستان، پلایستۆسین، کۆنینەبەردیپوختە: نیاندرتاڵ؛ مرۆڤێکی دێرین و سەرنجڕاکێش بووە که نزیکەی ٤٠٠ هه زار ساڵ بەر لە ئێستا له ئەورووپا ژیاوە و له ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی له بەشێکی زۆری ئەورووپا و ئاسیادا بڵاو بێتەوە. ئەم مرۆڤه له ئەورووپا و ئاسیا، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا توانیویەتی بەباشی نیشتەجێ بێت و شوێنەواری زۆری لێ دیتراوەتەوه، بەتایبەت له کوردستان. پسپۆڕانی کەڤنارناسی بۆیان ڕوون بووەتەوه که کوردستان وڵاتێکی کۆن و لەمێژینەیه. بوونی ئاسەواری پەیوەندیدار به مرۆڤی سەرەتایی، هەتا دەگاتە ئێستا نیشاندەری ئەم خاڵەیه که کوردستان هەمیشه پەنایەکی باش بووه بۆ مرۆڤ له سەردەمانی بەر لە مێژووەوە بگرە هەتا دەگاتە مێژوو. هەبوونی کانگا و سەرچاوەی سروشتی، یەکێک لە خاڵه هەره بەرچاوەکانی ڕاکێشانی مرۆڤ بووە بۆ ئەم ناوچەیە. ناوچەیەک که دەکەوێته ناوەڕاستی ڕوژهەڵاتی ناوین و داڵانێکه بۆ پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاوا، ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی دوور. 

تا ئێستا له چەندین شوێن ئاسەواری پەیوەندیدار به مرۆڤ، بەتایبەت مرۆڤی نیاندرتاڵ دۆزراوەتەوه. لەم وتارەدا بەکورتی باس لەو شوێنانە دەکەین کە ئێسک یان بەشێک له جەستەی مرۆڤی نیاندرتاڵی تێدا دۆزراوەتەوە. 

وشە سەرەکییەکان: نیاندرتاڵەکان، کوردستان، کەڤنارناسی، شانەدەر، دوودەریه، یەوان، بێستوونپوختە: نیاندرتاڵەکان چلۆن و لە چ کات و لەکوێڕا وەدی هاتن؟ چلۆن و له کۆی لەگەڵ مرۆڤی ژیر پەیوەندییان هەبوو؟ ئەم پەیوەندییه چەندی خایاند؟ ئەم پرسیارانه و دەیان پرسیاری لەم چەشنه، لێکۆڵەرانی ئەم بوارەی سەرقاڵی خۆی کردووه. بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠١٠، کاتێک وەدەرکەوت که نزیکەی به ١ تا ٤ له سەدی جینۆمی نیاندرتاڵەکان لەنێو مرۆڤی ئەمرۆیی که لەسەر زەوی دەژین بوونی هەیه (بێجگە له ئەفریقا) و ئەم دوو چەشنه مرۆڤه پەیوەندیی خزمایەتییان هەیه، زۆر له جاران زیاتر، دێرین مرۆڤناسەکان سەرنجیان داوەته سەر ئەو ئامۆزایانەمان. بەڵام لەو نێوانەدا بە هۆی تێکەڵاویی جینەتیکیی نیاندرتاڵ لەگەڵ مرۆڤی ژیر، بەشێک له تایبەتمەندییە ڕەفتاری و جەستەییەکانی نیاندرتاڵەکان بە مرۆڤی سەردەم دراوە. 

ئەم وتارە کورتەی بەر دەستت، جگە له چاوخشکاندنێک بەسەر دوایین دەستکەوتەکان له بواری لێکۆڵینەوەکانی دێرین مرۆڤناسی و بەتایبەت دوایین لێکۆڵینەوەیەک کە لەسەر نیاندرتاڵەکاندا بەئەنجام گەیشتووه، زۆرتری سەرنجی لەسەر ئەم بابەتەیە کە چ میراتێک له نیاندرتاڵەکانەوە بە ئێمه گەیشتووە. له لایەکی ترەوە ئێمه دەزانین که کۆمەڵانی نیاندرتاڵ بێگومان له فەلاتی ئێران و بهتایبەت زاگرۆسی باکووری و ناوین هەبوون و فۆسیلی جەستەی ئەوان له چەند شوێن وەک ئەشکەوتی شانەدەر له ناوچەی مێرگەسووری هەولێر و چەندەها شوێنی دیکە له ناوچەی کرماشان دۆزراونەتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەوه لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم چەشنه له مرۆڤ دەتوانێت بۆ خوێنەرانی ئەم وتاره سەرنجڕاکێش بێت. 

وشەی سەرەکی: نیاندرتاڵ، کەونارناسی، جینۆم، مرۆڤی ژیرپوخته: خوێندنەوەی هەلومەرجی مێژوویی چاخه جۆراوجۆرەکان، بیناسازی و پرسە کاریگەرەکانی و ناساندنی به کۆمەڵگای بیناسازی و کەونارناسی، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگره. نوێبەردی له چاخه گرنگەکانی بەر له مێژووه که به خوێندنەوەی بەربڵاوی ئەو، دەتوانین سەرەتاییترین تەکنیک، هێڵ، هێما و کەرەستەی بیناسازیی بەکارهاتوو له وەدەستهاتووەکانی ئەم چاخە؛ بەدی بکەین. کوردستان به هۆی هەلومەرجی گونجاو بۆ ژیان، وەکوو سەرچاوەی بەرفراوانی ئاو، توانای زۆری ژینگەیی و له هەمووان گرنگتر پێگەی تایبەتیی پەیوەندی وەکوو ڕێڕەوێکی سروشتی، هەمیشه لەلایەن کۆمەڵگا مرۆییەکانی چاخەکانی نوێبەردی و دوای ئەویش جێی سەرنج بووه. 

2ئەم توێژینەوه به شێوەی مێژوویی–پێناسەیی و بە شێوازی کتێبخانەیی، به ئامانجی ناسینی بیناسازیی چاخی نوێبەردی له کوردستان؛ ئەنجام دراوه. ئەنجامەکان ئەوه دەردەخەن که بەڵگەی مێژوویی وەکوو چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵ، کردەی ڕستن (چنین)، پەرستگەی بەردی، پەرستگەی دروستکراو لە قوڕ، تاوەری بازنەیی و گوند و… هتد، له سنوورێکدا که ئەوڕۆ پێی دەڵێن کوردستان؛ زۆره. ئەم ئەنجامانه، ئەم سنوورەی کردووه به گرنگترین بناغەی نوێبەردی له جیهاندا. ئاسەواری چاخی نوێبەردی له سێ ناوچەی سەرەکیی کوردستان بریتییه له ڕۆژهەڵات، به ناوەندیەتیی دەشتی مێهران و سەیمەره، باکوور و باکووری باشوور، به ناوەندیەتیی ئۆرفا و ڕۆژاوا و گەرمیان، به ناوەندیەتیی سنووری تەلحەلەف. له درێژەی وتارەکەدا، خاڵه گرنگەکانی بیناسازیی ئەم چاخه له کوردستان تاوتوێ دەکرێت. 

وشه سەرەکییەکان: چاخی نوێبەردی، کوردستان، بیناسازی، کەرەستە و بژێویی ژیانپوختە: ناوکتەپە بینایەکی مێژوویی و ئاسەوارێکی ١١٥٠٠ ساڵەی تایبەت و بێوێنەیە کە بەشێکی زۆری تا ئێستاش سەربەمۆر ماوەتەوە و شەقڵی نەشکاوە. وا دیارە هۆکارەکەی ئەوەیە کە زەمەن خۆی شاردوویەتییەوە و لە دەستتێوەردانی پاراستووە. ناوکتەپە سایتێکی کەونارناسیی یەکجار بەنرخ و گرینگە کە هەڵگری گەلێک بایەخی مێژوویی و جوانیناسانەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەی کەونارناسان، ئەم شوێنه ڕەنگه یەکێک له هەرە کۆنترین پەرستگەکانی جیهان بەئەژمار بێت. وا دیارە هۆکارەکەی ئەوەیە کە بەپێی تێپەڕبوونی زەمەن شاردراوەتەوە و لە دەستتێوەردان پارێزراوە. ئەم شوێنەواره له باکووری کوردستان هەڵکەوتووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە بە شۆڕشی نۆبەردینە ناودێر کراوە. کوردستان لە سەردەمی نۆبەردینەدا خاوەن پلەوپایەیەکی تایبەتە. ئەم شوێنەواره تایبەمەندیی ئایینی و واتایی زۆر بەڕوونی پێوە دیارە. هەروەک چۆن لە بڕیارنامەی ڤێنیزدا هاتووە: “بەشداران و خاوەنمافانی هەنووکەیی ئەم شوێنە ئەرک و بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە کە زامنی مانەوەی ئەم ئاسەوارە و ڕادەستکردنی بە بەرەکانی داهاتوو بن، پێویستە ئاگاداریی لێ بکەن و بیپارێزن تا بەرەکانی داهاتوو بتوانن بە دەستی پڕ و زانستی نوێ باشتری تاوتوێ بکەن.”

 

 وشەگەلی سەرەکی: ناوکتەپه، نۆبەردینە، ئۆرفا، کەونارناسیپوختە: کتێبی مرۆڤی ژیر، نووسراوەی یوواڵ نووح هەراری، ناوەرۆکێکی مێژوویی-فەلسەفی هەیە و بەوردی دەپەرژێتە سەر مێژووی ژیانی مرۆڤ. بەسەرهاتی مرۆڤەکان لەسەر گۆی زەوی بە شێوەی چیرۆک و لەسەر شێوازێکی سەرنجڕاکێش و هەستبزوێن دەخاتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەراری بە ڕانانی مرۆڤی ئەوڕۆ لەگەڵ چەشنەکانی تری مرۆڤ کە هەزاران ساڵ و بگرە سەدان هەزار ساڵ لەمەوبەر لەسەر گۆی زەوی بوونیان هەبووە، هانمان دەدا سەرلەنوێ بە ڕوانینێکی جیاواز شرۆڤەی بارودۆخی ئێستای بکەین. بە هۆی ڕاوێژی شیرین و کاریگەر، هەروەها بواری زانستیی مژارەکانی ئەم کتێبە، گەلێک ئاسۆی فەریک و بێوێنە بۆ ڕوانینێکی نوێ لەسەر مێژووی جیهان بەرەوڕوومان واڵا دەبێتەوە و وەها چێژێک لە خوێنەردا دێتە دی کە دنەی دەدا هەمووان لەم چێژەدا هاوبەش بکات و هانیان بدات بیخوێننەوە.پوختە: وێنەگرتن لە هەسارەکان، بە پێچەوانەی تەنەکانی قووڵایی ئاسمان، زۆر ئاسانتر و خێراترە و کەرەستەی کەمتر و هەرزانتری پێویستە. دووربینێکی گەورە بە مەودای پێکهاتنی درێژەوە لەسەر پایەیەکی ئاسایی و هەروەها کامێرایەکی چکۆلە یان تەنانەت وێبکەمێک و بڕێک کاری نەرمامێری؛ پێداویستییەکانی وێنەگرتن لە هەسارەکانن. لەم وتارەدا سەرەتا باس لەوە دەکرێت کە هەسارەکان و مانگ چۆن دەجووڵێن و چۆن دەبێ وێنەیان لێ بگیرێت. هەر بەو پێیە، کامێرا وەک سەرەتاییترین و گرینگترین کەرەستەی ئەم کارە بەوردی باس دەکرێت و نموونەیەکی کامێرای گونجاو بۆ ئەم کارە دەخرێتە بەر چاوی خوێنەر. پاشان پێداویستییەکانی دووربینێکی گونجاو بۆ وێنەگرتن لە مانگ و هەسارەکان باس دەکرێت و نموونەیەک دووربین بە خوێنەر دەناسێنرێت. لە درێژەدا، باسی بارلۆ و کەڵکەکانی دەکرێت و نموونەیەک لە بارلۆی گونجاو دەخرێتە بەر باس. لە کۆتاییدا کۆمەڵێک وێنەی مانگ و هەسارەکان بە شیکارییەوە دەبینین و کەرەستە بەکاربراوەکانیش بۆ گرتنی ئەو وێنانە نیشان دەدەین. لە وێنەکانی مانگدا بەکورتی باسی چۆنیەتیی خەمڵاندنی قەبارەی چاڵەکانی سەر مانگ دەکرێت. ئەم وتارە خوێنەر لە ئاستێکی باشدا لەگەڵ وێنەگرتن لە هەسارەکان و مانگ ئاشنا دەکات و دەستپێکێکە بۆ وێنەگرتن لە ئاستێکی بەرزدا.


وشەگەلی سەرەکی: ڕێژەی پێکهاتن، خانەی هەستوەر، بازنەی کەیوان، جەمسەری بەستەڵەکی بارام، چاوی مشتەری“ئێمە لە هەموو ساتێکدا ئەو توانا شاراوەیەمان هەیە کە یان بە ژیان خزمەت بکەین، یان ژیان بفەوتێنین.” 

دکتۆر مارشاڵ ب. ڕۆزنبێرگ

 

پوختە: پەیوەندیی بێزەبروزەنگ دیاردەیەکە کە نەک تەنیا شێوازێکی سەرکەوتووانە بۆ گفتوگۆ دەهێنێتە گۆڕێ، بەڵکوو بارودۆخێکی وەهاش پێک دێنێت کە تێیدا هەموو لایەنەکانی وتووێژ و هەر کامەیان بەگوێرەی خۆیان لەو گفتوگۆیە سوود وەربگرن و لە کۆتاییدا هیچ کەس وەک دۆڕاو باسەکە بەجێ‌ نەهێڵێت. بە فێربوونی ئەم شێوازە پڕ لە هاوسۆزییە بۆ گفتوگۆ، لایەنەکان فێر دەبن کە بەرپرسیارێتیی خۆیان بۆ ژیان لەئەستۆ بگرن.

 

وشە سەرەکییەکان: پەیوەندی، بێزەبروزەنگ، هاوسۆزی، نامۆ بە ژیان، پێداویستی، تکاکردنپوختە: گەر  لە تاریکەشەودا  بڕوانینە  قووڵایی ئاسمان، جگە لە چەند خاڵی ڕووناک (ئەستێرەکان)، هیچی دیکە نابینین. گەردوونناسەکانیش بە هۆی کەڵکوەرگرتن لە تەلسکۆپ و ئامێرە پێشکەوتووەکان،  تەنیا دەتوانن خاڵە ڕووناکەکان  گەورەتر ببینن و بۆیان دەرکەوتووە زۆربەی خاڵە ڕووناکەکان  ئەستێرە نین، بەڵکوو گەلەئەستێرە یان کۆمەڵەی ماک یان پێکهاتەی دیکەن. ئەوەی جێی سەرنجە و لەم وتارەدا باسی دەکرێت، کونەڕەشەکانن کە ماوەی نزیک سەد ساڵە گەردوونناسانیان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە. کونەڕەشەکان وەبەر چاو نایەن و وەک ڕاوچییەکی زیرەک و برسی هەر چی لێیان نزیک ببێتەوە، دەیکێشنە ئامێزی خۆیان و بێسەروشوێنی دەکەن. کونەڕەشەکان بە هۆی هێزی کێشی لەڕادەبەدەریان، سووکترین بارستایی گەردوون واتە تەنولکەی فۆتۆنیش دەکێشنە نێو خۆیان و دەرفەتی دەرچوون بە تیشک نادەن، جا چ بگاتە ئامێرەکان.  براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی فیزیکی ٢٠٢٠ لە ڕۆژی ٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن ئەکادیمیی نۆبڵی سوێد ڕاگەیانران.  نیوەی ئەو خەڵاتە بە  ڕاجێر پێنڕۆز و نیوەی دیکەی  خەڵاتەکە بە  ئاندریا گێز و  ڕینهارد گنزل بەخشرا. هۆی بەخشینی خەڵاتەکە، پێناسەکردنی کونەڕەشەکان بە کۆمەڵگای زانستی ڕاگەیەنرا. لەم وتارەدا هەوڵ دراوە  کونەڕەشەکان  بە زمانێکی ساکار بە خوێنەران بناسێنرێت.

وشەگەلی سەرەکی: کونەڕەش ، گەردوونناسی، تیۆریی ڕێژەیی گشتیپوختە: تا ئێستا شووتیتان کڕیوە؟ ئەگەر شووتییەکە بە شەرتی چەقۆ نەبێ، چۆن دەزانن باشە یان نا؟ هەر کەسێک بە جۆرێک تاقیی دەکاتەوە، کەسی وا هەیە بە ڕەنگی توێکڵی شووتییەکەدا دەزانێ باشە یان نا، هیی واش هەیە بە سەر توێکڵی شووتییەکەدا دەکوتێ و بەو دەنگەی لە شووتییەکەوە هەڵدەستێ؛ دەتوانێ پێناسەی باش و خراپبوونی شووتییەکە بکات. ناسینی زەوییش تا ڕادەیەک وەکوو ناسینی شووتی وایە. گۆی زەوی وەکوو شووتی، بەئاسانی چەقۆی لێ نادرێ تا ناوەرۆکی بکەوێتە دەرەوە. ئێمە بۆ ناسینی گۆی زەوی لە شێوازگەلێکی جیاواز کەڵک وەردەگرین، ئەم شێوازگەلە لقێکن لە زانستی زەوی. بەم لقە لە زانستی زەوی دەڵێن جیۆفیزیک.

وشەی جیۆفیزیک لە دوو بەشی “جیۆ” و “فیزیک” پێکهاتووە کە بە مانای فیزیکی زەوییە. جیۆ لە زمانی یۆنانیدا بە زەوی دەڵێن. جیۆفیزیستەکان بۆ ئەوەی کە ناوەرۆکی زەوی بناسن، لە یاساگەلی فیزیک کەڵک وەردەگرن. ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن کە زەوی ھەر لە توێکڵیەوە ھەتاکوو نێو دڵی، لە چ شتگەلێک پێک ھاتووە.

وشەگەلی سەرەکی: جیۆفیزیک، زەوی، شێوازی کێشی، مەگنەتیکی، لەرزەیی، جیۆئەلیکتریکیپوختە: سەرهەڵدانی چاوەڕواننەکراوی پەتای کۆڤید-١٩ (کە بە کۆرۆنا ناسراوە)، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بەڕێوەبردنی تۆڕی هێزی زۆربەی وڵاتانی دنیا هەبووە. بەڕێوەبردنی تۆڕی هێز بە یەکێک لەو خزمەتگوزارییە گرینگانە هەژمار دەکرێت کە، بەتایبەت لە ماوەی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، پێویستی بە کارکردنی بەردەوام و نەپچڕاو هەیە. ئەمە بۆ بەرهەمهێنانی بەردەوامی وزەی پێویستی ماڵەکان، نەخۆشخانەکان، بانکەکان، ئامێرەکانی هاتوچۆی گشتی، ناوەندەکانی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوە و هەروەها ئەو فرۆشگەیانەی بەپێی یاسا دانەخراون؛ یەکجار گرینگە. گرنگیی دابینکردنی بەردەوامی وزە بەتایبەت بۆ ماڵەکان لەم ماوەیەدا لەوەدایە کە زۆربەی ماڵەکان بەدوای داخرانی فەرمانگەکان و نووسینگەکان (بە هۆی یاسا تەندروستییەکانەوە) بوون بە شوێنی دوورکاری بەشێکی زۆر لە خەڵک. ئەم وتارە بەکورتی کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانی کۆرۆنا لەسەر بەڕێوەبردنی تۆڕی هێزی وڵاتانی دنیا شی دەکاتەوە، بە وردبوونەوەیەکی زیاتر لە سەر کێشەکانی تۆڕی هێزی وڵاتی ئوسترالیا لەم ماوەیەدا.

 

وشەی سەرەکی: کۆرۆنا، تۆڕی هێز، پێداویستی بە هێز، ئاوێتەی بەرهەمهێنانی هێز، نرخی کارەباپێناسەی دکتۆر هێرش ئەمینی: دکتۆر هێرش (حەسەن) ئەمینی، زانستوان و پەتاناسی ژینگەییە. ئەو ماستەری لەسەر ئەندازیاریی تەندروستیی ژینگە لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی زانستە پزشکییەکانی تاران وەرگرتووە. هەروەها، دکتۆرای لەسەر پەتاناسی لە ساڵی ٢٠١٧ لە زانکۆی بازڵ لە وڵاتی سویس خوێندووە. ئەو بۆ پۆستدکتۆرا لە ساڵەکانی ٢٠١٨ تا ٢٠١٩ چووەتە زانکۆی هارڤارد لە وڵاتی ئەمەریکا. دکتۆر هێرش ئێستا وەک زانستوانی میوان لە زانکۆی هارڤارد و وەک پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و وانەبێژ لە زانکۆی کۆپێنهاگی وڵاتی دانمارک خەریکی توێژینەوە و چالاکیی زانستییە. ئەو زیاتر لە ٦٠ وتاری لە ژوورناڵە بڕواپێکراوە زانستییەکان بڵاو کردووەتەوە و بەرپرسی پێداچوونەوەی زانستیی زیاتر لە ١٠٠ وتاری زانستیی دیکەش بووە، هەروەها وەک هەڵەگری هاوبەش لە ژورناڵی نێونەتەوەیی تەندروستیی گشتی چالاکە. دکتۆر ئەمینی بۆ چەندین جار ڕاوێژکاری کاتیی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهان بووە و لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی فیزیا و کیمیای ئەتمۆسفێڕیکی لەلایەن ئەکادیمیی زانستەکانی سویس پێ بەخشراوە. لە هەموو بەرچاوتر، دکتۆر ئەمینی خەڵاتی ساڵی ۲۰۲۰ی ڕۆزنبلێسی لەم دواییەدا پێ بەخشرا. ئەم خەڵاتە لەلایەن ئەنستیتۆی هۆکارە کاریگەرەکان لەسەر تەندروستی دەبەخشرێت بە کەسانێکی لاو کە پڕۆفیسۆری یاریدەدەرن و لەسەر کاریگەرییەکانی پیسبوونی هەوا توێژینەوەیان هەیە.

وشەی سەرەکی: پەتاناسی، تەندروستیی ژینگەیی، ئێپیدێمی، پاندێمی، زانکۆی هارڤاردپوختە: ئەم نووسینە پێداچوونەوەیەکی کورتە لەسەر مێژووی تیشکی ئێکس و چۆنیەتیی سوودلێبینینی بۆ بەوێنەکردنی ئەندام و بەشەکانی ناوەوەی جەستەی مرۆڤ بۆ مەبەستی بینین و دەستنیشانکردنی نەخۆشی و گرفتە جەستەییەکانی نەخۆشە. هەروەها پوختەیەکە لەسەر قۆناغەکانی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای تیشکی ئێکس و گۆڕینی لە سیستمی تیشککێشیی کۆنباو بۆ سیستمی تیشککێشیی دیجیتاڵی.

وشە سەرەکییەکان: تیشک، کارۆموگناتیس، تیشککێشی، وێنەگریی پزیشکی، تیشکی ئێکسپوختە: لەم نووسراوەدا هەوڵ دراوە پێداچوونەوەیەک بە مێژووی فڕیندا بکرێت و ئاواتەکانی مرۆڤ لەسەر بناغەی فڕین شرۆڤە بکرێت، تەنانەت لەسەر چۆنیەتیی گەڵاڵەی داهێنەرەکان تا ئەو جێیەی کە سەرچاوە ئاماژەی پێ کردووە باس کراوە. مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی لە دونیای فڕیندا، بۆ پاوانکردنی ئاسمان ماندوونەناسانە تاکوو ئەمڕۆ چالاکیی نواندووە و لە ماوەی چەندین سەدەدا سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست هێناوە.

 

وشەی سەرەکی: فڕین، مێژووی فڕین، باڵەفڕۆکە، گلایدێر (فڕۆکەی بێ مەکینە)، باڵۆنپوختە: زانستی نهێنیکاری بریتییە لە پاراستن و ناردنی زانیاری بە بەکارهێنانی کۆمەڵێک تەکنیکی تایبەت بە چەشنێک کە لایەنی نەخوازراو نەتوانێت دەستی بەو زانیارییانە بگات. ئەم زانستە باس لە بەنهێنیکردنی زانیاری لەلایەن پەیامنێرەوە و دواتر ناردنی کۆدەکە بۆ لایەنی وەرگر دەکات، بەو ئامانجەی کە لایەنی نەخوازراو توانای تێگەیشتن لە کۆدەکەی نەبێت. لەم وتارەدا (کە دەسپێکی زنجیرەوتارێکە) هەوڵ دەدەین پوختەیەک لەسەر زانستی نهێنیکاری و شێوازەکانی بەکۆدکردن و چۆنیەتیی بەکارهێنانی باس بکەین.  

وشەی سەرەکی: بەنهێنیکردن ، ڕەمز  پەیامنێر، وەرگری پەیام 

پوختە: ئەم جارە بە بابەتێکی سەرنجڕاکێشی زانستییەوە باسی کەرەستەیەکی ئاسایی دەکەین کە لەوانەیە لە چێشتخانەی زۆربەماندا هەبێت. بەڵێ، باسی مەنجەڵ و تاوەی تیفلۆن و زیانەکانی دەکەین. هەر بۆیە کابانی بەڕێز، گەر تا ئێستا لە مەنجەڵ و تاوەی کانزایی بە تیفلۆنی ڕووپۆشکراو کەڵک وەردەگریت، پاش خوێندنەوەی ئەم بابەتە جارێکی تر بیر بکەوە لەوەی کە بەکاری بهێنیت یان وەلای بنێیت؟

 

وشەگەلی سەرەکی: تیفلۆن، تەندروستی، ڕژێنە ناوەڕێژەکان، ژەهراویبوون پوختە: “کارامەیی بۆ داهاتوو” ئەمە درووشمی پێشبڕکێی جیهانیی کارامەییە و گرنگیی فێربوونی کارامەیی لە داهاتوودا نیشان دەدات. ئێستاکە جیهان بە هۆی بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا بە گوندی جیهانی دەناسێنرێت، هەر بۆیە فێربوونی کارامەیی بە ستانداردەکانی جیهانییەوە ئاسانترە. کارامەیی ڕۆڵێکی گرنگی لە دۆزینەوەی پیشە و پیشەسازیدا هەیە. من لەم وتارەدا باس لەوە دەکەم کە کارامەیی لە جیهاندا چەندە گرنگە و بۆ دەبێ زیاتر بەهای پێ بدەین و هەروەها دەمەوێت ئەزموونەکانم لە بەشداری لە پێشبڕکێی جیهانیی کارامەیی ڕووسیا لەگەڵتان بەش بکەم.

وشەی سەرەکی: کارامەیی، پێشبڕکێی جیهانیی کارامەیی، گرافیک

Back to top button