گۆڤاری زانستیی هۆژین ١٢ | Hojin Science Magazine 12

لەگەڵ گەشەکردنی خێرای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناوەندە هەواڵنێرییەکان، هەموومان ڕۆژانە خوێنەر یان گوێبیستی هەواڵی جۆراوجۆر لە سەرچاوەگەلی جیاواز دەبین. بەشێک لەم هەواڵانە زانیاریی بەکەڵک لە سەرچاوەی ڕوون و بڕواپێکراو دەگوازنەوە یان لەلایەن پسپۆڕانەوە پشتڕاست کراونەتەوە. بەڵام هەندێک هەواڵ تەنیا ڕووکەشێکی ڕاستییان بەسەردا کێشراوە و بە بڕێک تێفکرین یان بەدواداچوون دەردەکەوێت کە کاکڵی ڕاستیی تێیاندا بوونی نییە. بەداخەوە ئەم چەشنە هەواڵانە بە بزواندنی بڕێک لە هەستە سروشتییەکان، وەک سەرسووڕمان، ترس، بەپەلەیی، کونجکۆڵی، و هتد زۆر خێرا سەرنجی بەردەنگ ڕادەکێشن. ئەم هەواڵانە، کە بە مەبەستی دەستکاریکردن لە ڕاوبۆچوونی جەماوەر، سازکردنی سەرلێشێواوی، یان بەدەستهێنانی کەڵکی ئابووری بڵاو دەبنەوە، بە هەواڵی ساختە ناو دەبرێن.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە تەنانەت خوێندنەوەی سەردێڕی هەواڵێکی ساختە، ئاسەواری خۆی لە بیرگەی خوێنەردا بەجێ دەهێڵێت (پێی دەوترێت بیرەوەریی هەڵە). واتە بەبێ ئەوەی کە خوێنەر سەرنجی تایبەتی بە ناوەرۆکی هەواڵێکی ساختە دابێت، سەردێڕی هەواڵ لە گۆشەیەکی مێشکدا پاشەکەوت دەبێت، بەبێ ئەوەی کە ناونیشانی سەرچاوەکەی لە بیر مابێت. ئەمە دەتوانێت لەسەر بڕیار یان بۆچوونی بەردەنگی هەواڵ لە داهاتوودا کاریگەر بێت. ئەمە هەر ئەو شێوازەیە کە لە بانگەشەی کەلوپەلەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیردرێت. بینینی چەندجارەی هێمای کەلوپەلێک لە بانگەشەکاندا، دەبێتە هۆی سازبوونی هەستێکی خۆشی ئاشنایەتی کاتێک کە هەمان هێما لەکاتی کڕیندا دەبینین، زۆرجار بەبێ ئەوەی کە بزانین سەرچاوەی ئەو هەستە خۆشە کوێیە.

ڕێکارێک بۆ خۆپاراستن لە بەرامبەر هەواڵە ساختەکاندا، فێربوونی بیرکردنەوەی پرسیارکەرانەیە. بەم چەشنە کە لە کاتی بینین یان بیستنی هەر هەواڵێکدا، سەرنجی تایبەت بدەین بەوەی کە هەواڵەکە لە کوێ بڵاو بووەتەوە یان ئەوەی کە کێ لە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە قازانج دەکات. سەرنجدان بەم پرسیارانە یارمەتیی مێشک دەدات کە هەم سەرچاوە و هەم بڕواپێکراویی هەواڵی لە بیر بمێنێتەوە و لە داهاتوودا تووشی هەڵە نەبێت. هەروەها، ناسینی جۆرەکانی هەواڵی ساختە دەتوانێت یارمەتیمان بدات کە نەکەوینە داویانەوە. بەکورتی، هەواڵە ساختەکان زۆر لە سەردێڕی ورووژێنەر کەڵک وەردەگرن، یەکجار لایەنگرانەن، زۆر پڕۆپاگەندە بۆ ڕێبازێکی فکریی تایبەت دەکەن، سەردێڕەکانیان خەڵەتێنەرە و لەگەڵ ناوەرۆکی هەواڵ یەک ناگرێتەوە و هتد. بەداخەوە، هەواڵە ساختەکان لە دونیای زانستیشدا بوونیان هەیە. بەڵام ئەوان تەنیا ڕێگە بۆ بڵاوبوونەوەی زانیاریی زانستیی هەڵە نین. شێوازێکی باوی تر لەم باسەدا “زڕەزاسنت”ە.

وشەی زڕەزانست ئاماژە بەو بیروبڕوا و چەمکانە دەکات کە ئیدعا دەکرێت زانستین، بەڵام گەوهەر و شێوازی زانستیی ڕاستەقینەیان تێدا بەدی ناکرێت. ئەم باوەڕانە ڕواڵەتێکی زانستییان پێوە دیارە، بەڵام شتێکی هەڵە تێیاندا بوونی هەیە. بۆ نموونە، زۆربەی ئەو باسانەی کە لەسەر بینینەوەی گیانلەبەرە ڕازاوییەکان، یان بوونەوەرە سەرووسروشتییەکان، یان فڕۆکە نەناسراوەکان دەکرێن، دەکەونە بازنەی زڕەزانستەوە. زڕەزانست تەنیا بەهۆی ڕوودانی چەن هەڵە لە توێژینەوەیەکی زانستیدا ساز نابێت. بەڵکوو لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانیدا کەموکورتیی وەها جیدی تێدایە کە بیرۆکەکە بەگشتی دەباتە ژێر گومانەوە. 

زڕەزانستوانان لە شێوازە لێکدانەوە زانستییەکان بەشێوەیەکی ڕووکەشانە و هەڵە کەڵک وەردەگرن تاکوو ئەو شتە بسەلمێنن کە خۆیان حەزیان لێیە ڕاست بێت. لە حاڵێکدا کە ئامانجی زانستوانێک ئەوەیە کە بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازە زانستییەکان ڕوونی بکاتەوە کە ئایا بیرۆکەکەی ڕاست یان هەڵەیە. لەڕاستیدا، هەنگاوی یەکەمی زانستوانێکی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەوڵی تەواو بدات کە بیردۆزەکەی خۆی بە درۆ بخاتەوە. هەرکات بیردۆزەکەی لەو هەوڵانە بەسەرکەوتوویی دەرباز بوو، ئەوکات دەتوانێت بیردۆزەکەی بخاتە بەر پرسیار و ڕەخنەی هاوکاران و پسپۆڕانی تر. 

زۆرجار سنووری نێوان زانست و زڕەزانست بەڕوونی دیاری ناکرێت. لەوانەیە زانستوانێکی لێهاتوو و بەئەزموون بەهەڵە شێواز یان هەڵسەنگاندنی زڕەزانستی لە توێژینەوەکانیدا بەکار بهێنێت. زڕەزانستوانانیش لەوانەیە بەهەڵکەوت یان بەئەنقەست لە بڕێک شوێندا لە شێوازە زانستییەکان بۆ بڕەوپێدانی بیروبڕوا و بیرۆکەکانیان کەڵک وەربگرن. کەواتە لە نێوان ئەم دوو ئەوپەڕەدا، واتە زانست و زڕەزانست، هەرێمێکی خۆڵەمێشی بوونی هەیە و پێویستە بۆ لێککردنەوەی زانست و زڕەزانست لەم هەرێمەدا، تایبەتمەندییەکانی هەر دوو لا بەباشی بناسین. لە درێژەدا، هەندێک لە شێوازە زڕەزانستییە باوەکان بەکورتی دەناسێنین.

یەکێک لە شێوازە بەبڕەوەکانی زڕەزانست ئەوەیە کە بە کەڵکوەرگرتن لە توێژینەوەیەکی زۆر کەم و چەن بەڵگەی تاوتوێنەکراو و سەرەتایی، ئیدعای زۆر گەورە بکرێت کە زانستی سەلمێندراو و جێگیر بەدرۆ بخاتەوە. نموونەیەکی بەرچاو لەم چەشنە لە زڕەزانست، کتێبێکی نووسەر “لۆید پای”ە بە نێوی “هەرچی ئێوە دەیزانن هەڵەیە”. نووسەر لە کتێبەکەیدا بیردۆزێکی نوێ سەبارەت بە سەرچاوەی ژیان و مرۆڤ دەهێنێتە ئاراوە کە بەتەواوی دژایەتی لەگەڵ بیردۆزە دامەزراوە زانستییەکاندا (وەک پەرەسەندن) هەیە. ئەو لە کتێبەکەیدا ئیدعا دەکات کە شارستانییەتێکی مێژوویی نەناسراو بوونی هەبووە کە بوونەوەرە نامۆ ئاسمانییەکان دەستیان تێیدا بووە و ئەمە کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ هەبووە. نووسەر بۆ سەلماندنی بیردۆزەکەی لە کاسەسەرێکی دۆزراوەی کۆن کەڵک وەردەگرێت کە پێی وایە هی بوونەوەرێکی نیوەمرۆڤ-نیوەبێگانەیە، هەرچەن دواتر زانایانی جینەتیک سەلماندیان کە کاسەسەرەکە هی مرۆڤە. لە هەر شوێنێکدا کە لێکدانەوەکان و بیردۆزەکانی نووسەر دژ بە زانستی سەلمێندراوی کەونارناسی، زیندەوەرناسی، و فیزیا دەردەچێت، نووسەر ئەو زانستانەش بە هەڵە ناو دەبات و باوەڕێکی زڕەزانستی بەرامبەر بەوان پێشکەش دەکات. لە کۆتاییدا، نووسەر هیچ بە زانستەوە ناهێڵێت!

 

وێنەی ژمارە ١ – لۆید پای و کاسەسەرە بەناوبانگەکەی کە پێی وایە هی بوونەوەرێکی نیوەمرۆڤ-نیوەبێگانەیە.

 

شێوازێکی باوی تر لە بەرهەمهێنانی زڕەزانستدا، گشتاندنی بەپەلە و شپرزەی بنچینەیەکی زانستی لەسەر تەنیا یەک بەڵگەی (زۆرجار) بڕواپێنەکراوە. نموونەیەک لەم چەشنە لە زڕەزانست ئیدعاکانی دەنیەل پاڵمێر، کایرۆپراکتەری کەنەداییە، کە بە باوکی ئەم بوارە لە پزیشکیش ناسراوە. پاڵمێر دەیوت هۆکاری تەواوی نەخۆشییەکان ئەوەیە کە یەک یان چەند دانە لە ئێسکەکانی بڕبڕەی پشت لە شوێنی خۆیان ترازاون و ئەمە گوشاری خستووەتە سەر دەماری بڕبڕە و بووەتە هۆی شێوانی گواستنەوەی سیگناڵە دەمارییەکان لە مێشکەوە بۆ هەموو ئەندامەکانی لەش. پاڵمێر ئەم بیردۆزەی لەسەر بنەمای تەنیا یەک بەڵگە داڕشتبوو کە لەودا پاڵمێر، وەک خۆی دەڵێ، نەخۆشێکی کەڕ (گوێگران) تەنیا بە شێلان و دەستکاریی مل دەرمان دەکات. لەو کاتەدا، پاڵمێر ئاگادار نەبوو کە ئەو دەمارانەی کە بەرپرسی بیستنن هیچیان لە مل تێناپەڕن و دەستکاریکردنی مل ناتوانێت هیچ ڕێگەیەک بۆ دەمارەکانی بیستن خۆش بکات. ئەمڕۆ، کایرۆپراکتەرەکان لە شێلان و دەستکاریکردنی جومگەکانی بڕبڕە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی ئێشی پشت و مل کەڵک وەردەگرن، نەک بۆ دەرمانکردنی هیچ نەخۆشییەکی تر. خاڵێکی سەیر سەبارەت بە پاڵمێر ئەوە بوو کە ئەو دەیوت کە ڕۆحی دکتۆرێک لە دونیایەکی ترەوە ئەو شێوازەی پێ ئیلهام کردووە!

وێنەی ژمارە ٢ – دەنیەل پاڵمێر، باوکی بواری کایرۆپراکتیس، کە دەیوت ڕۆحی دکتۆرێک ئەو شێوازەی فێر کردووە!

 

یەکێکی تر لە شێوازەکانی زڕەزانست پێشکەشکردنی وەڵامێکی سادە بۆ کێشەگەلی ئاڵۆزی چەندلایەنەیە. نموونەیەکی باش بۆ ئەم چەشنە بیردۆزەکەی هوڵدا کلارک، پزیشکی کەنەداییە. کلارک لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مشەخۆرەکانی جەرگ هۆکاری هەموو نەخۆشییەکانی مرۆڤن. کەواتە هەموو نەخۆشییەکان، تەنانەت شێرپەنجە، دەکرێت بە چارەسەرکردنی مشەخۆرەکانی جەرگ دەرمان بکرێن. بەم پێیە، ئەو چارەسەرکردنی هەموو نەخۆشییەکانی زۆر ئاسان کردبووەوە، هەڵبەت تەنیا بە قسەی خۆی!

هەواڵی زانستیی ساختە و زڕەزانست دوو مەترسیی جیدین کە بەردەنگانی هەواڵ و بابەتە زانستییەکان دەبێت لێیان ئاگادار بن. بەتایبەت، کاتێک کە ئەم هەواڵانە پەیوەندییان بە تەندروستیی مرۆڤەوە هەیە پێویستە کە بەردەنگ زۆر زیاتر لەسەر بڕواپێکراویی هەواڵەکان هەستیار بێت. لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا، زۆر هەواڵی ساختە و بابەتی زڕەزانستی بڵاو بوونەوە کە تەنانەت گیانی زۆر کەسیان خستە مەترسییەوە. بیرۆکەگەلێک بڵاو بوونەوە کە چارەسەری بێبنەما وەک میزی ئاژەڵ، ماددەی سپیکەرەوەی جلوبەرگ، کۆکاین، یان ئەلکۆلیان بۆ دەرمانی کۆرۆنا پێشنیار دەکرد. پەتاکە وەک چەکی بایۆلۆجیک، بەرهەمی لاوەکی ئینتەرنەتی 5G، یان فریوێکی سیاسی هەژمار کرا و زۆر لە ناپسپۆڕانی لایەنگری پزیشکیی بەدیل (یان نەریتی)، دەرمانی سازکراوی خۆیان بەناوی چارەسەری کۆرۆنا بە خەڵک فرۆشت. لەوانەیە ئەم هەواڵ و شێوازە زڕەزانستییانە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بووبێتنە هۆی لەدەستچوونی گیانی سەدان کەس لەم ماوەیەدا. بەم هۆکارە، پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە نابێت زڕەزانست بە هیچ شێوەیەک لە بواری تەندروستیدا ڕێگە پێ بدرێت و پێویستە تەنانەت دەوڵەتەکان بەتوندی لە دژیدا ڕابوەستن.  

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەی زانستیی هۆژان و گۆڤاری زانستیی هۆژین، وەک لە دەرفەتەکانی پێشووشدا باس کراوە، بڵاوکردنەوەی بابەت و هەواڵی زانستیی ڕاستەقینە لە سەرچاوەی بڕواپێکراوە. هەروەها، هۆژان لە دەرفەتە جۆراوجۆرەکاندا هەوڵی داوە کە هەواڵە ساختە یان زڕەزانستییەکان بە بڵاوکردنەوەی پۆست یان بابەتی ڕوونکەرەوە ڕەت بکاتەوە. ئەمانە هەنگاوگەلێکی گرینگ بوون بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەی زڕەزانست لەناو کۆمەڵگەدا و لە ئاستی توانای هۆژاندا. هەوڵی هۆژان و هۆژین بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێبازەیە بەچەشنێک کە لە داهاتوودا ببن بە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی هەواڵ و بابەتی زانستی بۆ هەموو کۆمەڵگەی کوردەواری.

بە هاوشێوەی چەن ژمارەی پێشووی گۆڤاری زانستیی هۆژین، لەم ژمارەیەشدا بابەتەکانی گۆڤار بە سێ شێوەی چاپکراو، سەرهێڵ، و فایلی دەنگی لە بەردەستی خوێنەراندا داندراون. لە ژمارەی پێشووی گۆڤاردا (ژمارەی ١١)، بۆ یەکەم جار یەکێک لە بابەتەکان (بابەتی مێژووی فڕین) بە شێوەی ڤیدیۆش ئامادە کرا کە خوێنەرانی گۆڤار دەتوانن بە سکەنکردنی کیو.ئاڕ.کۆدی سەر بابەتەکە ڤیدیۆکە چاو لێ بکەن. ئەم کارە هەنگاوێکی نوێ بوو بۆ ئاسانکردنەوەی زیاتری دەستپێڕاگەیشتن بە ناوەرۆکی گۆڤار و سەرنجڕاکێشترکردنی دیارییە بچووک بەڵام پڕهیواکەمان. لەم ژمارەیەی بەردەستیشدا، سێ بابەتمان بە شێوەی ڤیدیۆ ئامادە کردووە کە هیوادارین بە دڵی ئێوەی ئازیز بێت. بەدڵنیاییەوە، گۆڤاری هۆژان لە داهێنانی شێوازگەلی نوێ بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی زانستی و هەروەها بۆ بەدیجیتاڵیکردن و ژیرترکردنی گۆڤار بەردەوام دەبێت.

=====================================================

لەم ژمارەی گۆڤاردا چی چاوەڕێتان دەکات:

  • وەک بڕیارمان دابوو، تایبەتنامەیەکی چڕوپڕمان سەبارەت بە باسی “زمان” هەیە کە هەڵگری دە بابەت و وتاری سەرنجڕاکێشە، کە هەر کامیان لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە دەڕواننە باسی زمان. وەک نموونە، زمان لە ڕوانگەی دەروونناسی و دەمارناسییەوە، و هەروەها لە تێڕوانینی سیاسەتی زمانی و بەرنامەداڕێژیی زمانییەوە تێشکی خراوەتە سەر. هەروەها، گرنگیی فێرکاری بە زمانی دایکی لە سیستمی پەروەردەدا لە دوو بابەتی جیاوازدا ڕوون کراوەتەوە. دوو وتووێژی گەرموگوڕمان کردووە لەگەڵ بەڕێزان پرۆفیسۆر جەعفەر شێخولئیسلامی (سەبارەت بە زمانناسیی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکارانە) و دکتۆر ئەمیر کەلان (سەبارەت بە پەروەردەی فرەزمانەیی) کە هەڵگری زانیاریی زۆر بەنرخن. 
  • دکتۆر ئالان فتووحی لە بابەتێکی پڕزانیاریدا پێناسەی پێکوتە، چەشنەکانی پێکوتە و تایبەتمەندییەکانیان شی دەکاتەوە و هەندێک لە گرفتەکانی وڵاتانی دنیا لە دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا دەهێنێتە بەر باس. 
  • هۆگرانی تەکنەلۆجیا دەتوانن لەم ژمارەیەدا خوێنەری سێ بابەتی سەرنجڕاکێش بن. لەم بابەتانەدا، کاریگەریی تەکنەلۆجیا لەسەر داڕشتنی گەڵالەی بینا، کەڵکوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای ئێن.ئێف.سی وەک ڕێکارێک بۆ بەرگریکردن لە تەشەنەی کۆرۆنا، و بەکارهێنانی وزەی کارەبا لە بواری گواستنەوەدا تیشکیان خراوەتە سەر.
  • بابەتێکی ناوازەمان لەسەر دایناسۆرەکان، دەسەڵاتدارانی بێڕکابەری ١٦٥ ملیۆن ساڵەی سەر زەوی هەیە کە هیوادارین سەرنجی هۆگرانی مێژووی ژیان لەسەر زەوی ڕابکێشێت
  • لە بابەتێکی سەرنجڕاکێشی تردا، چەمکی شاری داهێنەر و کاریگەریی ئەو لەسەر گەشەکردنی ئابووری کۆمەڵگە ڕوون کراوەتەوە.
  • ئەگەر ئاوێتەی فەلسەفە و زانست بۆتان سەرنجڕاکێشە، ئەوە بڕواننە بابەتی کاک سەروەر محەممەد لەسەر ڕەهەندە ئەخلاقییەکانی پشکنینی جینەتیکی بۆ ئاوڵەمەی بلووری و ئەوەی کە ئایا پێویستە ئەم تەکنەلۆجیاییە بەیاسایی بکرێت یان نا.

لە کۆتاییدا، سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرجەم ئەو دۆستانە دەکەم کە لە ئامادەکردنی ئەم ژمارەی گۆڤاردا بەشدار و یارمەتیدەر بوون. جێی ئاماژەیە کە ژمارەی داهاتووی گۆڤاری هۆژین، بە تەوەری تایبەتی “ژینگە” پێشکەشی ئێوەی خۆشەویست دەکرێت کە هیوادارین لە ئاستی چاوەڕوانیی خوێنەرانی هێژای هۆژیندا بێت. تکایە ڕەخنە، تێبینی، و پێشنیارەکانتان لە ڕێگەی ئایدیی ZanistHojan@، لە هەر کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، یان بۆ ئیمەیلی govar.hojan@gmail.com بنێرن.

 

لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم،

ئەهوەن جەلالی، سەرنووسەری سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژین

فایل دەنگی سەروتار

نووسەر: عەبدوڵڵا عەبدوڵڵازادە

پوختە: …
وشه‌ی سه‌ره‌کی: به‌رنامه‌دا‌ڕێژیی زمان، چاکسازی، زمانناسی

نووسەر: موسـلیم ئەحمـەدی

پوختە:ئەم بابەتە لەسەر قەشەیەکی ئیتالییە بە ناوی ماوریتسیۆ گارزۆنی کە لە ساڵی ١٧٨٧دا کتێبێکی لەسەر ڕێزمانی کوردی نووسیوە و بەم جۆرەش وەک یەکەم کەسی بیانی دەناسرێت کە سەرنجی خستووەتە سەر زمانی کوردی. هەروەها باسی وەرگێڕانێکی گارزۆنیش دەکەین کە دواتر ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە و کوردستان، ڕۆم و ئوورشەلیمی پێکەوە گرێ داوە.

وشەگەلی سەرەکی: زمانی کوردی، ڕێزمان و فەرهەنگی کوردی، ڕاگەیێنەرانی مەسیحیەت، دۆعای باوکی ئێمە

نووسەر: هێمن موحەمەدیان

پوختە:

هەتا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە چاوی مرۆڤ بە چ شێوەیەک ڕەنگەکان دەبینێت؟ چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوە کە مۆز بە ڕەنگی زەرد و تەماتە بە ڕەنگی سوور ببینین؟ یان چاو بە چ شێوەیەک زانیاری دەنێرێت بۆ مێشک؟ ئایا بیرت لەوە کردووەتەوە کە مرۆڤ بەگشتی چەند ڕەنگ دەبینێت؟ یان چاوی چ کەسانێک باشتر دەبینێت، ژنان یان پیاوان؟ لەم بابەتەدا وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە دراونەتەوە.
لە کۆتاییشدا لەگەڵ خاتوو سەحەر مۆعزی وتووێژێکمان بووە. خاتوو سەحەر خەڵکی سنەیە و فەرهەنگێکی نووسیوە کە زیاتر لە ٧٤ هەزار ناوی کوردی بۆ ڕەنگەکان لەخۆ دەگرێت. بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر کارە بەنرخەکەی خاتوو سەحەر وەربگرن خوێنەری ئەم بابەتە پەلکەزێڕینەیە بن.

وشەگەلی سەرەکی: چاو، ڕەنگ، درێژیی شەپۆل

نووسەر: ئەمیر عەبدوڵاڵپوور


پوختە:لەسەر گۆی زەویدا ٥٠٠٠ تا ٦٠٠٠ زمان بوونیان هەیە. زمان لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە بایەخی زۆری پێ دراوە و وەڵامی زۆر پرسیار سەبارەت بە زمان دراوەتەوە. بەڵام ڕێژەی پرسیارەکان هەر دێت و ڕوو لە زیادبوون دەکات. پرسیارگەلێک وەکوو: مرۆڤەکان چۆن  فێری زمان دەبن و بەکاری دەهێنن؟ ئایا فێربوون و بەکارهێنانی زمان لە هەر کەسێک بە جۆرێک ڕوو دەدات یا خود جیاوازی هەیە؟ زمان لە ناو مێشکدا چۆن پەرە دەستێنێت و دەکەوێتە کارکردن؟ ڕۆڵی دایک و باوک  و کۆمەڵگە لە فێربوونی زماندا چییە؟ زمانناسیی ده‌روونناسییانه، یەکێک لە لقە گرینگەکانی زانستیی زمان، بە شێوەیەکی ئاکادێمی ورد وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە. لەو وتارەدا بە کورتی بیروبۆچوونەکانی دەروونناسەکان لەسەر زمان تاوتوێ دەکەین.

وشەی سەرەکی:  زمان، دەروونناسی، فێربوونی زمان، زمانناسیی دەروونناسییانە

 

نووسەر: سینا ئەحمەدی

پوختە: لەم وتارەدا باس لە ئامێری پێواژۆی زمانی کوردی یان KLPT دەکەین. ئامانجی سەرەکیی ئەم ئامێرە گەشەپێدانی زمانی کوردی لە بواری تەکنۆلۆژیدایە و هەر بەو مەبەستە، چەندین ئەرکی سەرەکیی پێواژۆی زمان، وەکوو خاوێنکردنەوەی دەق، ئانالیزی وشە، ئانالیزی مۆرفۆلۆژی (یان شێوەناسی)، هەڵەگری و گۆڕێنەوەی دەق لە ئەلفبێیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە لە خۆ دەگرێتەوە. لە وەشانی ئێستادا، ئەم ئامێرە دوو زاراوەی کوردیی باکوور و ناوەڕاست لە خۆ دەگرێت و دەکرێت زاراوەکانی دیکەشی لێ زیاد بکرێت.  ئەم ئامێرە بە کراوەیی بڵاو کراوەتەوە و هەموو کەسێک دەتوانێت کەڵکی لێ وەربگرێت.

وشە سەرەکییەکان: پێواژۆی زمانی سروشتی؛ زمانناسیی کۆمپیوتەری؛ تەکنۆلۆژیی زمان؛ کوردی؛ زمانناسی

نووسەر: مەنسوور ئامادە

پوختە: زمان دیاردەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگای مرۆییە. ئەوەش بە بۆنەی تایبەتمەندییە جیاوازەکانی مێشکی مرۆڤە کە لە هیچ گیانلەبەرێکی تردا وێنەی نییە. زمانەکان جیاوازیی زۆریان هەیە لە دەنگەوە بگرە هەتا وشە، ڕستە و مانا، بەڵام گشتیان لە چوارچێوەی زانستدا لە ڕووی توانای ئاڵوگۆرکردنی پەیام، مانا و سۆزە دەروونییەکان یەکسانن. تا ئێستا هیچ کۆمەڵگایەکی مرۆیی لەسەر زەوی نەدۆزراوەتەوە کە زمان تێیدا گەشەی نەکردبێت و بەکارنەهاتبێت. جیهانیبوونی گەشەی زمان و تایبەتمەندییەکانی مێشکی مرۆڤ دوو هۆکاری سەرەکین بۆ گەشەکردنی زمان لە سەرەتای منداڵیدا. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت وەڵامی چەند پرسیاری سەرەکیی تایبەت بە زمان، لە ڕوانگەی زانستی و چۆنیەتیی گەشەکردنی زمان و کاریگەری لەسەر مێشک، بخرێنە بەر باس.

وشەگەلی سەرەکی:  زمان و ئاخاوتن، مێشک، زمانناسی، دەمارناسی، زانستی کاگنیتیڤ، گەشەکردنی زمان

نووسەر :دۆڵان هێرش

پوختە: پەروەردەکردن بە زمانی دایکی، هۆکارێکی گرنگ و بەرچاوە بۆ باشتر فێربوون و پێشکەوتن لە پۆلەکانی وانەخوێندن. بەپێی توێژینەوەیەک کە لە چەند وڵاتی ئەفریقی ئەنجام دراوە، دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی زمانی دایکی لە پۆلەکانی وانەخوێندن، هۆکارە بۆ زیاتر بەشداریکردنی منداڵان لە وانەکانی پۆل و کەمتر وازهێنانیان لە پڕۆسەی خوێندن. لەم توێژینەوەیەدا باس لەوە دەکرێت کە پەرەپێدان بە سیستمی نووسین و خوێندن بە زمانە ناوخۆییەکان یەکێکە لە سەرەکیترین هەوڵەکان کە پێویستە لە پڕۆسەی خوێندن لە پۆلەکانی وانەخوێندندا لەبەرچاو بگیردرێت. ململانێیەکان لە نێوان جێبەجێکردنی سیاسەتی زمانی ناوخۆیی و زمانە دەرەکییەکان کە بەرچاوترینیان زمانی ئینگلیزییە، چڕتر دەبێتەوە و لە چەند وڵات بەڕوونی لەسەر سیستمەکانی پەروەردە و فێرکاریدا دەبیندرێت. لەو بابەتەدا هەوڵ دراوە کە هەموو ئەو لایەنانە بەوردی باسیان لێبکرێت و شی بکرێنەوە.

وشەگەلی سەرەکی:  زمان، زمانی دایک، نەتەوە، فێرکاری، پەروەردە، خوێندن

نوسەر: دکتۆر ئالان فتووحی

پوختە: لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٧٢٠ەوە و دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-١٩ و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بۆ پێشگرتن لەو پەتا مەترسیدارە، هەوڵە جیهانییەکان بۆ دروستکردنی پێکوتە (ڤاکسین)، لە لایەن سەدان کۆمپانیا و ناوەندی لێکۆڵینەوە دەستی پێ کردووە. ژمارەیەک لەو پێکوتانە قۆناغەکانی تاقیکردنەوەشیان بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و بۆ کەڵکلێوەرگیرانی گشتی خستراونەتە بەردەست. لەم وتارەدا دوای پێناسەکردنی پێکوتە، چەشنەکانی پێکوتە و تایبەتمەندییەکانیان و چۆنیەتی کارکردنیان و کێشە پێوەندیدارەکان، دێنە بەر باس و شیکردنەوە. هەروەها هۆکاری کێشەکانی ئێستای وڵاتانی جیهان بۆ دابینکردنی پێکوتەی پێویست لێک دەدرێنەوە و ئەگەرەکانی چارەنووسی مرۆڤ لە پێوەندی لەگەڵ قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩دا تاوتوێ دەکرێن. 

وشەگەی سەرەکی: کۆڤید-١٩، کۆرۆنا، پێکوتە

نوسەر: کوردەوان ئیفتیخاری

پوختە: ئەمڕۆکە ژمارەی ئەو مۆبایلانە کە لە تەکنەلۆجیای ئێن.ئێف.سی. کەڵک وەردە‌گرن بەردەوام بەرز دەبێتەوە. بەتایبەت، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکان، تەبلێتەکان، فەبلێتەکان، و کاتژمێرە ژیرەکان لەو تەکنەلۆجیایە کەڵک وەردەگرن. ئێن.ئێف.سی. کورتکراوەی دەستەواژەی ئینگلیزیی “پەیوەندی لە ڕێگەی مەیدانی نزیک“ە و جۆرێکە لە تەکنەلۆجیای بێتەل بۆ گواستنەوەی زانیاری لە مەودایەکی کەمتر لە دە سانتیمەتردا. گرینگترین خاڵی ئەرێنی لە تەکنەلۆجیای ئێن.ئیف.سیدا ئەوەیە کە پێویست ناکات پەیوەندیی ڕاستەوخۆ و فیزیکی لەنێوان ئامرازەکان و مرۆڤەکاندا دروست ببێت کە ئەمە دەتوانێت ڕێکارێکی کاریگەر بێت بۆ بەرگری لە تەشەنەکردنی هەندێک لە پەتا و نەخۆشییەکان وەکوو کۆرۆنا.

وشەی سەرەکی: ئێن.ئێف.سی، مۆبایل، کۆرۆنا، پەتا، تەکنەلۆجیا

نوسەر: کەریم بایرامی

وشەگەلی سەرەکی: گواستنەوە، لۆریی کارەبایی، هێزگە، وزەی خۆر

Back to top button