هۆژین لە سەردەمی کۆرۆنادا

 

سەردەمی کۆرۆنا، بارودۆخێکی جیاوازی لە دنیادا پێک ھێناوە . ژیانی ڕۆژانەمان تووشی گۆڕانکاری بووە، وڵاتەکان ھەر کام بە شێوازێک لە ھەوڵ دان کە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس کەم بکەنەوە و لە پەناشیدا ئابووریی وڵات لە قەیران بپارێزن. ڕاگرتنی ئەم ھاوسەنگییە ئاسان نییە، ھەر بۆیە توێژینەوە زانستییەکان گرینگیی تایبەتیی خۆیان بەدەست هێناوە. لە لایەکی تریشەوە گەڕان بەشوێن پێکوتە (ڤاکسین)ی کۆرۆنا بووەتە ئامانجی یەکەمی زۆربەی وڵاتان. زانست و توێژینەوە بوونەتە ھیوای یەکەمی مرۆڤەکان بۆ ڕزگاری لەم بارودۆخە.

 

کۆرۆنا گرینگیی لەبیرکراوی زانستی زیاتر دەرخست بۆ کۆمەڵانی خەڵک و هەروەها بۆ سیاسەتمەدارەکان، ھەڵبەت ئەم گرنگیدانە بێکێشە نەبوو. ھەر کات زانست لە کۆمەڵگادا گرینگیی زیاتر پەیدا بکات، زڕەزانستیش زیاتر پەرە دەستێنێت. ئەم دیاردەیە بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ژێرخانێکی باشی پەروەردەییان نییە، زەقترە. خەڵک گرینگی بە چەمکی زانست دەدەن، بەڵام بە ھۆی ئاشنانەبوون لەگەڵ خودی زانست و ھەروەھا سەرچاوە بڕواپێکراوەکان، دەکەونە داوی زڕەزانست. لە زڕەزانستدا، لە پەنای وتنی چەند ڕاستییەکی زانستی، کۆمەڵێک وتەی نازانستی و دژەزانستیی تریش بە خوێنەر دەوترێت، لەم کاتەدایە کە گرینگیی وتنەوەی زانست بۆ کۆمەڵگە زیاتر دەردەکەوێت. لە ڕۆژنامەگەریی زانستیدا، ھەوڵ دەدرێت سنووری زڕەزانست و زانست دیاری بکرێت و زانست بە زمانێکی سادە بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگە.

 

کۆرۆنا دیاردەیەکی نەناسراو بوو کە سەری ھەڵدا و لە ماوەیەکی کورتدا لە ھەموو قوژبنێکی کۆمەڵگە تەشەنەی کرد، ئەمەش ببووە ھۆی ئەوەی کە توێژینەوەی زانستی لەو بوارەدا زۆر کەم بێت و لێڵی و گومانی زۆر دروست ببێت، نادڵنیایی پەرە بستێنیت و زڕەزانست و دژەزانست باڵ بکێشێت.

 

  • کەناڵی زانستیی ھۆژان و گۆڤاری زانستیی ھۆژین، لە سەردەمی لێڵیی زانیاریی کۆرۆناییدا، ھەوڵی دا زانیارییە بڕواپێکراوەکان بڵاو بکاتەوە، سەرچاوە بڕواپێکراوەکان بناسێنێت و بە چالاکیی کۆمەڵایەتی ئاگاداریی کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە.

 

بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ململانێی #ماسکی_من بکەین کە لە سەرەتاکانی تەشەنەی کۆرۆنادا و زۆر پێش ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژاوایی بەستنی دەمامک بکەن بە یاسا، دەستی پێ کرد. لەو ململانێیەدا داوا لە کۆمەڵانی خەڵک کرا کە ماسکی پارچەیی دروست بکەن و بەم کارە تەندروستیی کۆمەڵگە بپارێزن. بەختەوەرانە توانیمان کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هۆژان بەو قەناعەتە بگەیەنین کە دەمامکی پارچەیی دروست بکەن و بۆخۆیان ببن بە باڵوێز(سەفیر)ی تەندروستی لە کۆمەڵگەدا. 

 

بارودۆخی کۆرۆنا زۆر وڵات و ڕێکخراوی بەرەو بەدیجیتاڵیبوون برد و ئێمەش لێی بێبەش نەبووین، توانیمان گۆڤاری ژمارە ٧ و ٨ لە گووگڵبوکس دابنێین، ئەمە بەو واتایەیە کە هاوڕێیانی هەندەرانیش بتوانن لە ڕێی گووگڵەوە دوو ژمارەی پێشووی گۆڤار بکڕن و هەوڵ دەدەین ئەم کارە بۆ ژمارەکانی داهاتووش بەبەردەوامی ئەنجام بدەین. 

ژمارەی پێشوو دەستمان کرد بە تۆمارکردنی دەنگیی نووسراوەکانی گۆڤار و لەم ژمارەیەشدا ئەم کارەمان درێژە پێ دا، هەوڵمان دا بۆ ئەم ژمارەیە باشتر کارەکان بەڕێوە ببەین و وەرگرتنی دەنگەکانیش ئاسانتر بکەین.

 

کارێکی نوێی تر کە لەم ژمارەیەدا دەست پێکرا، زیادکردنی قۆناغێکی تری هەڵەبژێریی کۆتایی بوو بۆ یەکدەستکردنی ڕێنووس و دروستنووسی کە لەلایەن بەڕێز باخان ئەحمەد ئەنجام درا، هیوادارم ئەم یەکدەستکردنە، بابەتەکانی ڕێکوپێکتر و ئاسانتر کردبێت. گۆڤاری زانستیی هۆژین ڕۆژبەڕۆژ لە هەوڵدایە کە ژێرخانەکانی گۆڤارێکی ڕێکوپێکی کوردی-زانستی دابمەزرێنێت، ئەم ڕێگە کەمڕێبوارە دوورودرێژە و پێویستی بە کات و پشوودرێژیی خوێنەرە. 

 

لەم ژمارەیەدا مزگێنییەکی ترمان هەیە بۆ خوێنەرانمان: بە هۆی بارودۆخی کۆرۆنا و بە مەبەستی هاندانی زیاتری کۆمەڵگە بۆ مانەوە لە ماڵ، بۆ یەکەم جار لە مێژووی ڕێکخراوەی هۆژاندا بڕیارمان دا کە ئەم ژمارەیەی گۆڤاری زانستیی هۆژین بەبێ هیچ تێچوویەک لە ماڵپەڕی هۆژان بڵاو بکەینەوە و هەموو کەس بتوانێت خوێنەری بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی بێت. بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارە؛ بڕیارێکی سەخت بوو بۆ ئێمە، بەتایبەت کە بەشێکی زۆری تێچووی کارەکان لە فرۆشی گۆڤار دابین دەکرێت. لەم کاتە دژوارەدا، ئەم دیارییە بچووکە تەنیا کارێک بوو کە دەمانتوانی ئەنجامی بدەین. هیوادارین کۆمەڵگەش، پشتیوانیی ڕێکخراوەی زانستیی فەرهەنگیی هۆژان لەبیر نەکات. بەبێ پشتیوانیی کۆمەڵگەی کوردستان، گۆڤارێکی کوردیی زانستی بایەخێکی نییە.

 

لەم ژمارەدا بە چەندین  بابەتی ڕەنگاوڕەنگ دەبینە میوانی ماڵەکانتان:

وتووێژێکی هەمەلایەنەمان هەیە لەگەڵ دکتۆر دیاکۆ ئیبراهیمی، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە ئەنیستیتۆی توێژینەوەی تێکزاس بایۆمێدیکاڵ لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دکتۆر ئیبراهیمی وەک پسپۆڕێکی بواری جینەتیک باسی ڤایرۆس و جین دەکات و وەک کۆچەرێکی تاراوگە باس لە بەسەرهات و حەز و ئاواتەکانی دەکات. 

چەند باسی ورووژێنەر دەخەینە بەر باس لەم ژمارەیەدا: ئایا مرۆڤ خاوەن ئیرادەی ئازادە؟ کەی دەبێت کە ئۆتۆمبێڵێک بۆخۆی خۆی لێبخورێت و ئێمە تێیدا بخەوین؟ کەی چارەسەریی شێرپەنجە دەدۆزرێتەوە؟ ڕێگاکانی پڕکردنەوەی ددان چییە؟

ئایا لەم کاتەی کۆرۆنایەدا، وزەتان بۆ کار و خوێندنەوە دابەزیوە؟ خەم مەخۆن، بابەتێکمان هەیە لەسەر ڕێکارەکانی چارەسەری ئەم کێشەیە.  لەم ژمارەیەدا کاک سولەیمان باسی لاوە زاناکانی کورد دەکات کە چۆن لە کێبەرکێی نێونەتەوەیی لە ڕێکخراوەی سێرندا بەشدار بوون. لە وتارێکی تردا، مائدە باسی بەسەرهاتی خۆی لە زانکۆی کوردستانەوە بۆ زانکۆی خاینی سپانیا دەکات. 

 

بۆ دایکوباوکەکانیش ئەم ژمارەیە بە دەستی پڕەوە هاتووین، دکتۆر قادری بابەتێکی بۆ نووسیوین لەسەر گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵ و کاک باست بابەتێکی ئامادە کردووە لەسەر باڵغبوون. 

لە زەویش خافڵ نەبووین و بابەتێکمان هەیە لەسەر کارەساتی کەمئاوەی لە داهاتووی ناوچەکەدا. 

 

لە پێناسەی ڕێکخراوەکانی کوردستاندا، ئەم ژمارەیە بنکەی گەشەی فەرهەنگیی بانە (ئاشتی)مان بەسەر کردووەتەوە. کاک غەفووور باس لە چالاکییەکان و ئامانجەکانی ئەم ڕێکخراوە دەکات. 

ئەگەر خوازیاری فیلمن، لەم ژمارەیەدا کاک هێمن لێکدانەوەیەکی زانستی لەسەر فیلمی گاتاکا نووسیوە. 

هیوادارم ناساندنی ئەم چەند بابەتە، هاندەرتان بێت کە هەموو بابەتەکانی تری گۆڤاریش بخوێننەوە.

 

وەک هەمیشە، دەبێت دیسان بڵێینەوە کە زیندووبوونی هەر گۆڤارێک بە بەشداریکردنی خوێنەرەکەیەتی. تکایە پێشنیار و ڕەخنەی خۆت بۆ ئێمە بنێرە. ئەگەر ژمارەی پێشوو دەنگی خۆتان ناردووە بۆمان، ئەوا لە بەشی دەنگی خوێنەر بیخوێنەوە.

 

بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێمە، دەتوانن لە هەر کام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ “@ZanistHojan” پەیام بنێرن. چاوەڕێتانین!

لەگەڵ گۆڤاردا لە پەیوەندیدا بن.

govar.hojan@gmail.com

لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی  کە سپاسی نووسەران، داوەرانی زانستی، دەستەی سەرنووسەران، دەستەی تەکنیکیی گۆڤار، دەستەی هەڵەگری، دەستەی دەنگ و تەواوی ئەو ئازیزانە بکەم کە لە بەرهەمهێنانی ئەم ژمارەی گۆڤاردا یارمەتیدەری من وەک سەرنووسەری سەرەکی بوون. لە ژمارەی داهاتووەوە بەڕێز دکتۆر ئەهوەن جەلالی ئەرکی سەرنووسەریی سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژین دەگرێتە ئەستۆ. هیوادارم کە گۆڤار بە بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێوە، ڕۆژبەڕۆژ بەهێزتر و سەرنجڕاکێشتر بێت.   

 

بە سپاسەوە:

ئاسۆ ڕەحیمزادەگان، توێژەری دکتۆرای ڕووناکیزانی

ئەنستیتووی تەکنەلۆجیای کارلسرووهە، ئەڵمانیا

سەرنووسەری سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژین

ئامادەکردن: پەیمان تەوەکولی

بۆ وتووێژێکی دۆستانە، لەخزمەت بەڕێز دیاکۆ ئیبراهیمی داین. دکتۆر دیاکۆ ئیبراهیمی کارناسی کیمیا (شیمی) لە زانکۆ جوندیشاپوری ئەهواز و ماستەری کیمیای لێکۆڵەرەوە لە زانکۆی ڕازی کرماشان تەواو کردووە. دواتر بۆ خوێندنی دوکتۆرا لە بواری کیمۆمەتریکس  ڕوو دەکاتە  زانکۆی نیو ساوس وایڵز لە سیدنی ئوسترالیا. لە دوا وەرگرتنی بەڵگەنامەکەی، ساڵ و نیوێک وەک پۆست‌داک لە هەمان دێپارتمانی کیمیا خەریک بە توێژینەوە دەبێت. لە دوای ئەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ و نیو لە دێپارتمانی پزشکی لەسەر ڤایرۆلۆجی و بایۆئەنفۆرماتیک توێژینەوەی بووە پاش دە ساڵ، ئوستڕاڵیا بەجێ دەهێڵێت و بۆ درێژەپێدان بە توێژینەوەکانی ڕوو لە ئەمەریکا دەکات و زانکۆی مینیسۆتا. لەدوای تەواوکردنی توێژینەوەکانی لە مینێسوتا، بۆ سازکردنی تاقیگەی خۆی؛ “ئەنیستیتۆی توێژینەوەی تێکزاس بایۆمێدیکاڵ” هەڵدەبژێرێت. جیا لە توێژینەوە بەردەوامەکانی خۆی، لەدوای هاتنی کۆرۆنا، چەندین پڕۆژەی لەسەر ئەم نەخۆشییە دەست پێ کردوە. بەڕێزیان لە پیشە و بواری خۆیدا، یەکێک لە کارامەترینەکانە و لە هەوڵ و توێژینەوەی زانستی بەردەوامە. 

دکتۆر دیاکۆ ئیبراهیمی لە جووڵانەوە کۆمەڵایەتی-زانستییەکاندا هەوڵی بەردەوامی بووە و جیا لەوەی ئەندامی هۆژانە، ئەندامی ئاکادێمی زیلەمۆشە. 

نووسەر: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

پوختە: کەسێک تەقەیەکی کرد و کەسێکی کوشت. ئایا ئەم کەسە بە ئیرادەی ئازادەوە ئەو کەسەی کوشتووە؟ چرکەساتێک لەپێش ئەوەی کە تەقە بکات، لە مێشکیدا چ دەگوزەرا؟ یەک چرکە لەوەپێش، چ شتانێکی هەست پێ کردبوو کە تەقەی کرد؟ یەک خولەک لەوەپێشی، لە جەستەیدا چی ڕووی دابوو؟ یەک ڕۆژ لەوەپێش؟ یەک مانگ؟ یەک ساڵ؟ لە لاویدا؟ لە منداڵیدا؟ لە زگی دایکیدا؟ لە ژیانی باب و باپیرانیدا؟ و لە دەستپێکی ژیانەوە چ ڕووی داوە کە تەقەیەک کراوە؟ لەم نووسراوەدا شاکاری سەپۆڵسکی؛ زانای گەورەی دەمار دەناسێنین و بڕێک پرسیاری بنەڕەتی دەخەینە بەر باس. تەقەی فیشەکێک تەنیا داستانی کوشتنی یەک مرۆڤ لە یەک ساتی تایبەتدا نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێش لە هەبوونی  مرۆڤەکان. ئایا مرۆڤ خاوەن ئیرادەی ئازادە؟

وشەگەلی سەرەکی: مرۆڤ، مێشک، بایۆلۆجی، کردەوەی مرۆڤ، ئیرادەی ئازاد، ناساندنی کتێب

نووسەر: نەسرین ئیبراهیمی

پوختە: ئەم بابەتە لە پەرتووکی “یاساکانی مێشک”، لە نووسینی دکتۆر جان مێدینا؛ زیندەوەرزانی ئەمەریکی وەرگیراوە. هەوڵم داوە کورتەیەکی پەرتووکەکە لە ١٢ خاڵدا بە زمانێکی ئاسایی و خۆمانه‌ بنووسمەوە و بیخەمە بەر دەستی خوێنەرانی گۆڤاری زانستی هۆژین.

وشەی سەرەکی: مێشک، ناساندنی کتێب، زیندەوەرزانی، تەندروستی

نووسەر: باست عەزیمی

پوختە: کە منداڵ دەگاتە تەمەنی باڵغبوون، ئیتر دایک و باوک ئەو ناناسنەوە. زۆربەی جار دەپەشۆکێن، نازانن چ بکەن، داخۆ چ قەوماوە، هاوار! منداڵەکەیان چیی لێ بەسەر هاتووە! ئەو بۆ تاوێک هەڵدەچێت و سەرکێشی دەکات، تاوێکی تر خەیاڵاوییە و بەسۆزەوە دەردەکەوێت!
وا دیارە تازەلاوەکەیان ئیتر ناتوانێت بیر، هەست و بەرنامەکانی خۆی لە چوارچێوەیەکدا داڕێژێ یان بگونجێنێت. بەبێ هیچ هۆکارێکی ئاشکرا، کەمتەرخەمە و گوێ بە هیچ شتێک نادات، ڕاڕایە و خۆی ڕەزاگران دەکات، هەر دەڵێی مەترسییەکان نابینێت، هەر سەرەڕۆیی دەکات.
گۆڤاری گئۆ ویسن کە گۆڤارێکی زانستیی وەرزییە و لە ئەڵمانیا دەردەچێت، لە هاوینی ٢٠١٩، ژمارەی ٦٥ی خۆی لە ١٥٥ لاپەڕەدا بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردووە و هەوڵی داوە بە کۆکردنەوەی نوێترین توێژینەوەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ شارەزایانی ئەم بوارە، تا ڕادەیەک وەڵامێک بۆ ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بدۆزێتەوە.
من لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدەم بەکورتی و بە زمانێکی ساکار، تا ئەو ڕادەی دەگونجێت، خوێنەرانی کورد لەم بیروبۆچوونانە ئاگادار بکەمەوە.

وشەی سەرەکی: پەروەردە، باڵغبوون، تازەلاو، نوێبوونەوەی مێشک

نووسەر: سەلاح قادری

پوختە:

ئایا منداڵەکەمان تەندروستە؟ کەی دەتوانێت قسە بکات؟ کەی پێ هەڵدەگرێت؟ کەی یاری دەکات؟ ئایا باڵای منداڵەکەم کورتە؟ چۆن بزانین منداڵەکەمان له بواری توانایی و مێشکەوه لاواز نییه؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانه و زۆر پرسیاری تر، پێویسته لەگەڵ دوو پڕۆسە ئاشنا بین.

گەورەبوون و گەشەکردنی منداڵ، هەر لە ساتەوەختی تێکەڵاوبوونی خانەکانی زاوزێی دایکوباب لەناو منداڵدانی دایکدا دەست پێ دەکات و تا کۆتایی ژیان بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیه. گەورەبوون بە واتای زۆربوونی ژمارە و قەبارەی خانەکانی لەشه و گەشەکردن بە  واتای بەدەستهێنانی تایبەتمەندیی نوێ و گۆڕانکاری له بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانه.

 توێژەران و پسپۆڕانی پزیشکی منداڵان بە ڕەچاوکردنی ژیانی هەزاران منداڵی تەندروست، گەیشتوون به هەندێک زانیاریی ڕیزبەندکراو کە دەریدەخات منداڵ له چ تەمەنێکدا چەندە گەورە دەبێت، کێش و باڵای چۆن دەبێت و چ تواناییەک له بواری کردار و زمان و هۆشەوه بەدەست دەهێنێت. پزیشک و چاودێرانی منداڵ بەتایبەت دایک و باوک، دەبێت ئاگاداری ئەو زانیارییانە بن بۆ ئەوەی بەرەوپێشچوونی منداڵەکەیان ببینن و ئەگەر هەر حاڵەتێکی نەخوازراویان بینی، بزانن که پێویسته چ کارێک بکەن و زۆر جاریش بێهۆ تووشی دڵەڕاوکێ نەبن. لەم بابەتەدا بەکورتی هەندێک زانیاری لەم بوارەدا دەخەینه بەر باس.

 

وشەگەلی سەرەکی: گەورەبوونی منداڵ، گەشەسەندنی منداڵ، منداڵ، کێش و باڵای ئاسایی منداڵ، تایبەتمەندییه بۆماوەییەکان

نووسەر: یاسین بایزیدی

پوختە: لە ساڵانی پێشوودا زۆرمان بیستووە کە ئۆتۆمبێلە خۆئاژۆکان زۆرتر پەرەیان پێ دەدرێت و ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر لەسەر شەقام و بە دەستی خەڵکی ئاسایی دەیانبینین، بەڵام ئایا کە دەڵێن خۆئاژۆ، بەو مانایەیە کە لە هەموو کات بۆخۆی لێدەخوڕێت و بەنیاز نییە بۆ چاودێریکردن؟ ئەگەر وا نییە، بە چ ئۆتۆمبێلێک دەڵێن خۆئاژۆ؟ کەی ڕەنگە بتوانین لەگەڵ خۆمان باڵنج ببەین بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەمان و لە کاتێکدا ئەو بۆخۆی لێدەخۆڕێت، ئێمە بەبێ دڵەڕاوکە بخەوین؟ من؛ یاسین بایزیدی، هەوڵ دەدەم لەم وتارەدا بڕێک لە وردەکارییەکانی ئەم سیستمانە باس بکەم و ئەم پرسیارانە وەڵام بده‌مەوە.

وشەی سەرەکی: ئۆتۆمبێلی خۆئاژۆ، لێخوڕینی خۆئاژۆ، ژیریی دەستکرد

نووسەر: مەهدی سەربازی

پوختە: زۆر کەس لەم جیهانەی ئێمە کە تەکنەلۆجیاکان تەنیویانە بە هۆی باری ئابوورییەوە یان لەبەر نەبوونی کەلوپەلی پێویست، لە ڕەوتی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاکان بەجێ دەمێنن. هەر بۆیە زۆر هەوڵ لەگەڕدایە کە بە هەرزانکردن، بە فێرکاری و زۆر کاری دیکە، هەر کەس لە جێی خۆیەوە ئەو دۆخە بگۆڕێت و ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی هەلی ناسین و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ هەوموو تاکەکان بڕەخسێت. لەم وتارەدا لەگەڵ تەکنەلۆجیایەک ئاشناتان دەکەین کە تا ڕادەیەک ئاسانکاریی لەم بوارەدا کردووە و ئامانج لەم تەکنەلۆجیایە داهێنەرانە، دروستکردنی کەشێکی یەکسانیخوازانەیە لە کۆمەڵگادا. هەر بۆیە لە درێژەی بابەتەکەدا، بۆردی ڕەزپی بەتایبەتی و ڕێکخراوەی ڕەزبێری پای بەگشتی بە خوێنەر دەناسێنین.

وشەی سەرەکی: ڕەزپی، ڕەزبێری پای، کۆمپیوتەری تەک-بۆرد، کۆمپیوتەری دێسکتاپ، ڕێکخراوەی خێرخوازی

نووسەر: محەمەد ساوجبڵاغی

پوختە: هەروەک دەزانین زمان نەک تەنیا گرینگترین ئامێری پەیوەندیگرتنی مرۆڤە، بەڵکوو بنەمای پێکهاتنی زۆربەی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ترە، بەم جۆرە کە بەشێکی زۆر لە بیرکردنەوە و هزری مرۆڤیش هەر بە زمانەوە دەلکێت. باسی پەیوەندیی زمان و بیرکردنەوە، باسێکی زۆر کۆن و گرینگە کە  مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەفلاتوون و هاوچەرخانی ئەو. گرینگیی ئەم باسە تا ڕادەیەکە کە هێندێک جار کراوە بە تابۆ، لەبەر ئەوەی کە بووەتە هۆی دەمەقاڵەیەکی زۆری نێوان بیرمەندانی ئەم بوارە. دەڵێن سەدەی بیست و یەک؛ سەدەی مێشکە و گۆڕانی شۆڕشگێڕانە لەم بوارەوە دێتە ئاراوە و هەروەها مرۆڤ بە زاڵبوون بەسەر مێشکدا لە ڕێگای بیر و زمان، دەتوانێت بەربەستی ئەستەم لە زۆربەی زانستەکاندا لا بەرێت و بەم جۆرە دەبێت بە پاشای هەمیشەیی سەر زەوی، هەر بەو هۆیەوە لەم وتارەدا هەندێک لەسەر ئەم بابەتە گرینگ و سەرنجڕاکێشە دەدوێین.  

 وشەی سەرەکی: زمان، بیرکردنەوە، پێکهاتەی دەماری، میراتی جینەتیک، گوورانی زیندەوەری

نووسەر: عەبدوڕەحمان زەمینی

پوختە: نەخۆشیی شێرپەنجە هەمیشە ناوێکی ترسناک بووە بۆ مرۆڤەکان، نەخۆشییەکە هەمیشە بە ڕادەیەکی بەرز کوشندە بووە. چەندین ساڵە پزیشکان توێژینەوە لەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە دەکەن، بەئومێدی ئەوەی بتوانن چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە بدۆزنەوە. ئێستا ڕادەی مانەوەی تووشبووانی شێرپەنجە دوای پێنج ساڵ زۆر زیاتر بووە لەچاو پێشووتر. زاناکان ڕۆژانە ڕێگە و شێوازی جیاواز تاقی دەکەنەوە، تاکوو بتوانن چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ شێرپەنجە بدۆزنەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوەی نابێ شێرپەنجە ئیتر سەر هەڵناداتەوە، چونکە جۆرەها شێرپەنجەی جۆراوجۆرمان هەیە و چارەسەرییەکان وەکوو پێکوتەیەک کار ناکەن دژی شێرپەنجە. 

وشەی سەرەکی: لووی شێرپەنجەیی، دژەزیندەیی شێرپەنجە، وردیلە گەردە خۆڕێکخەرەکان

نووسەر: بەفرین بەهرام

پوختە: کلۆریی ددان؛ دیارترین کێشە و نەخۆشیی دەم و ددانە. مرۆڤ لە دێر زەمانەوە هەوڵی چارەسەری کلۆریی ددانی داوە و ڕێگەی جۆربەجۆری گرتووه‌تە بەر. لە سەدەی نۆزدەدا پڕکەرەوە کانزاییەکان بەکار هێنران تاکوو کلۆرییەکانی ددان پڕ بکرێنەوە، بەڵام پڕکەرەوە کانزاییەکان ڕەنگێکی جیاوازیان لە ڕەنگی ددانەکە هەبوو، سەرەڕای ئەوەی بڕێکی زۆر جیوەی تێدا بەکار دەهێنرا کە دەبووە هۆی کێشەی تەندروستی. پاشتر توانرا پڕکەرەوەی سپی یاخود کۆمپۆزیت بدۆزرێتەوە، کە ئەم کاریگەرییە لاوەکییانەی نەبوو. لەم دواییانەدا تەکنیکی زۆر نوێ لەژێر تاقیکاریدان، هەروەکوو نوێکردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان کە ڕەنگە لە داهاتوودا جێگەی پڕکردنەوەکانی ئەمڕۆکە بگرنەوە. 

وشەی سەرەکی: کرۆکی ددان، دەماربڕین، چارەسەرکردنی ددان، نەخۆشیی لەبیرچوونەوە، پڕکەرەوەی پلاتین، ڕیزن ئنفلترەیشن، نوێکردنەوەی خانە بنەڕەتییەکان، پڕکەرەوەی سپی، پڕکەرەوەی پلاتین

نووسەر: هاوڕێ ڕەحیمزادەگان

پوختە: وەک بەشێکی نوێ بۆ ناسینی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست، بۆ یەکەمین جار دەمانهەوێت لە گۆڤاری زانستی هۆژیندا باسی بەشی ڕاهێنانەوە، وەک بەشێک لە زانستە پزشکییەکان، بکەین کە هەوڵ دەدات ئەو نەخۆشانە چارەسەر بکات کە پێویستیان بە دەرمان نییە یان دەرمان ناتوانێت چارەسەریان بکات و نەخۆش پێویستی بە ڕاهێنان و مەشقکردنە تا چارەسەری تەواو وەربگرێت یان شێوازێکی نوێ فێر بێت. 

وشەی سەرەکی: ڕاهێنانەوە، ئاکیوپەیشناڵ تراپی، ئاخاوتن

نووسەر: شیوا سادقپوور

پوختە: لەم نووسراوەدا باسی (٦) ڕێگا دەکەین، کە یارمەتیمان دەدات کە لە کاتی کۆرۆنادا وزەمان بۆ کارکردن ببێت. 

 

وشەی سەرەکی: هاندان، کۆرۆنا، دەروونناسی، پاڵنەر

نووسەر: مائێدە نەوبەری

پوختە: لەم نووسراوەدا هەوڵ دەدەم کە گوزارشتێکی کورت لە سەفەرێکی زانستی لە زانستگای کوردستانەوە بۆ زانستگای خاینی ئیسپانیا بدەم. من باس لە چەند دانە لەو بەسەرهاتانەی لەم سەفەرانە بۆ ئەورووپا بەسەرم هاتووە، دەکەم.

وشەگەلی سەرەکی: خوێندن لە هەندەران، زانکۆی کوردستان، ئیسپانیا

نووسەر: سینا ئەحمەدی

پوختە: دڵنیام ئەگەر تا ئێستە چالاکیی زانستیتان هەبووبێ، لێتان دەرکەوتووە هەتا چ ڕادەیەک دەستوەردان لە دەقی زانستی دەتوانێت دژوار بێت، خشتەکان لە شوێنی خۆیان دەترازێن، وێنەکان پێنووسیان بۆ دانانرێت، ئیندکس و پێڕست ئاستەم ڕێک دەخرێت و… هتد.
لەوەتەی زانستی کۆمپیوتەر پەرەی سەندووە، باسی دەستوەردان لە دەقیش هەبووە و بەخۆشحاڵییەوە چارەسەریشی بۆ دابین کراوە. لەم وتارەدا باس لە سیستمی دەستوەردان لە دەقی “TeX” دەکەین کە پتر لە نیوسەدەیە خزمەتی کۆمەڵگای زانستیی جیهانی دەکات. هەروەها بەکارهێنانی ئەم سیستمە بۆ زمانی کوردی باس دەکەین، کە هیوادارین بۆ کۆمەڵگای زانستیی کوردی ببێتە جێگای سەرنج.

وشەگەلی سەرەکی: لاتێک، سیستمی پێکهێنانی دەق، نووسینی زانستی، کوردی

نووسەر: فاڕووق ئەحمەدی

پوختە: هەروەک دەزانن سروشت هیچ کات پابەندی سنوورە دەستکردەکانی مرۆڤ نەبووە و هەر ئاڵوگۆڕێکی سروشت؛ بەردەوام کاردانەوەی لەسەر هەموو دانیشتووانی ناوچەیەک یان تەنانەت پارزەوی و هەندێک جار کاریگەریی لەسەر هەموو پێکهاتەی سەر ڕووبەری زەوی دەبێت و لە سنوورێکی دیاریکراودا نابەسترێتەوە. دیاردەی کەمئاوی و زەختی ئاو، یەکێک لەو دیاردە سروشتییانەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە قەیرانێک بۆ زۆر وڵات و زۆر جار مشتومڕ و ئاژاوەی ناوچەیی لێ کەوتووەتەوە. وڵاتی ئێمەش بە هۆی سروشتی ناوچەکە و کەشوهەوای وشک و کەمبوونی خەزێنە ئاوییەکانی ژێرزەوی، یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لەو چەند ساڵەدا زەختی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوە ڕووبەرییەکان و خەزێنە ئاوییەکانی ژێرزەوی بەڕوونی ڕواڵەتی خۆی دەرخستووە و کاردانەوەکانی ئەو قەیرانە خەریکن خۆیان دەنوێنن. هەر لەسەر ئەو بابەتە و بە شێوەیەکی زانستییانە، ناوەندی سەرچاوەکانی جیهان (WRI) ڕاپۆڕتێکی لەسەر مژاری زەختی ئاو و ئەو وڵاتانەی گیرۆدەی ئەو گرفتەن؛ بڵاو کردووەتەوە کە لەو نووسراوەیەدا ئەو ڕاپۆڕتە تاوتوێ دەکەین. 

وشەگەلی سەرەکی: کەمئاوی، زەختی ئاوی، زەختی زۆر بەرزی ئاو، ناوەندی سەرچاوەکانی جیهان

نووسەر: فەریبا سەلامی

پوختە:  بیرۆکە زانستییه‌ نوێیەکان، هەم لەنێوان کۆمەڵگه‌ی زانستی و هەم چینه‌کانی تری کۆمەڵگه‌ بۆ ناساندنی خۆیان و هەروەها دروستکردنی تێگەیشتنێکی ڕێک و گشتگیرکردنی فامێکی هاوبەش، بەبەردەوامی تووشی کێشە و گرفت بوون. هۆکاری ئەم کێشانە، ئاڵۆزی و کاڵیی بیرۆکە نویێەکان بووە. هۆکاری بەشێکی تری کێشەکان، ڕەنگه‌ ژماره‌ی که‌میی بیرمەندانی ئەو زانستە بووبێت. دوو بیرۆکەی ئابووریی نوێ بە ناوی “ئابووریی دامەزراوەیی” و “ئابووریی ڕەفتاری“، گیرۆدەی ئەم کێشانە بوون. واتە هەم لە کۆمەڵگه‌ ڕۆژئاواییەکان بە درەنگی فام کران و هەم لای ئێمەش تا ئێستا نەناسراون، بۆ نموونه‌ هیچ کتێبێک لەم  بوارانەدا وه‌رنه‌گێڕدراونه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانی کوردی. هەر بەم هۆیەوە دەمانەوێت لەم وتارەدا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بدوێین و هۆکاری پێویستبوونیان لەناو کۆمەڵگه‌ زیاتر شی بکەینەوە.

وشەی سەرەکی: ئابووریی باو، ئابووریی دامەزراوەیی، ئابووریی ڕەفتاری، بیرۆکەی نوێ

نووسەر: سولەیمان مەعرووفی

پوختە: زانستی مرۆڤ هەر لە کۆنەوە لە هەموو بوارێکدا بڵاو بووه‌تەوە. لە سەردەمی ئێستادا بەربڵاویی زانست لە هەر کام لە بوارەکاندا بەتایبەت زانستی فیزیک، بە خێراییەکی زۆر بەردەوامە تا ئەو ڕادەیە کە زانستوانانی فیزیک دەبێت ڕۆژانە پێشەوەچوونی سنووری زانستی فیزیک لە سەرچاوە تایبەتییەکاندا بخوێننەوە. پرسیارێکی گرینگی زانایانی بواری فێرکاریی فیزیک ئەوەیە کە چۆن ده‌کرێت بۆ قوتابیانی ناوەندی کە هۆگری  فیزیکن، بەر لەوەی بچنە زانکۆ، ئاگادارییان لە پرسیارەکانی سەردەمی فیزیک؛ نوێ بکەنەوە یان وەک زانستوانێک بیردۆزییەکانیان لە ناوەندە جیهانییەکان تاقی بکەنەوە؟ لەم وتارەدا نووسەر وەک مامۆستا و ڕاهێنەری تیمی “زانایانی لاوی کورد”، دوای ناساندنی شێوازی پێشکەوتووی فێرکاریی فیزیک، باس لە چالاکی و دەستکەوتەکانی ئەم تیمە لە کێبڕکێی جیهانی “تیشکی تەنۆلکە بۆ قوتابخانەکان– 2019″ دەکات. 

وشەی سەرەکی: سنووری زانست، شێوازی فێرکاریی کلاسیک، سێرن، پرۆپۆزاڵ، تاقیکاری

نووسەر: غەفوور ساڵحی

پوختە: بنکەی گەشەی فەرهەنگیی بانە (ئاشتی)، وەک دامەزراوەیەکی فەرهەنگی، مەدەنی، کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ و ناحکوومی، لە ساڵی ۱۳۹۳ی هەتاوی چالاکییەکانی دەست پێ کردووە. لە ڕێکەوتی ۲۱ی گوڵانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، بەپێی مۆڵەتنامەی ژمارە ۲۷٨٦۲، وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆی جەماوەری بەفەرمی ناسراوە. ئامانجی سەرەکیی بنکەی ئاشتی، بریتییە لە پاراستنی میراتی فەرهەنگی و هەوڵ و تێکۆشان بۆ گەشەی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەندروستی و ئاوەدانیی شاری بانە. لەم نووسراوەدا هەوڵ دراوە ئاشتی باشتر بناسێنرێت.

وشەی سەرەکی: بنکەی فەرهەنگی، ڕێکخراوە، فەرهەنگ، گەشەی فەرهەنگی، بنکەی ئاشتی، بانە، ڕێکخراوەی فەرهەنگی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی، چالاکیی مەدەنی، میراتی فەرهەنگی

نووسەر: هێمن موحەممەدیان

پوختە: سینەما و بەتایبەت فیلمی زانستی-خەیاڵی، دەتوانێت چ ڕۆڵێکی هەبێت لە ژیانی مرۆڤ و پێشکەوتنی زانستدا؟
لەم وتارەدا باس لە فیلمی زانستی-خەیاڵی دەکەین و هەوڵم داوە سەرەتا بە کوردی و بەکورتی پێناسەی بکەم، هەر لە یەکەمین فیلمەکان کە لەم بوارەدا دروست کراوە، واتە “ڕۆیشتن بەرەوە مانگ”ی ساڵی ۱۹۰۲ی زایینی هەتا “گاتاکا”ی ۱۹۹۸ و “پیاوی نادیار”ی ۲۰۲۰.
لە فیلمی زانستی-خەیاڵیدا دەتوانین هەموو بوارەکانی زانست و تەکنەلۆجیا ببینین کە تێکەڵ بوون لەگەڵ خەیاڵ و ئاواتی مرۆڤدا، بۆ نموونە: ڕۆیشتن بۆ بۆشایی ئاسمان و هەسارەکانی دیکە و دیتنی بوونەوەرە نامۆکان، گەشت لە کاتدا، ڕۆیشتن بۆ ڕابردوو یان داهاتوو، پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەری زانستە پزیشکییەکان، کە وا دەکات مرۆڤ لە ئافراندنی هەندێ شت ڕۆڵێکی هەبێت و هەروەها وێناکردنی داهاتووی ژیانی مرۆڤ کە بەرەو کوێ دەڕوات، بەتایبەت لەژێر کاریگەریی ژیریی دەستکرد و ڕۆبۆتە مرۆڤئاساکاندا.
یەکێک لە بوارە سەرنجڕاکێشەکان، بواری پزیشکی و ئەندازیاریی جینەتیک و جیهانێکی نوێیە لەژێر کۆنتڕۆڵی مرۆڤدا. لە درێژەی وتارەکەدا تیشک دەخرێتە سەر فیلمی “گاتاکا” کە لە بواری جینەتیکدایە و زۆرتر هەوڵ دراوە چیرۆکی فیلمەکە، ئامانجەکەی و بابەتە زانستییەکانی شرۆڤە بکرێن. لە کۆتاییشدا بەشێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان و گافەکانی ئەم فیلمە نووسراون، کە خوێندنەوەیان دەتوانێ چێژدەر بێت.

وشەگەلی سەرەکی: ساینس-فیکشن، زانستی-خەیاڵی، جینەتیک، ژیریی دەستکرد

نووسەر: هانا جاری

پوختە: میلێڤا ماریچ ژنێکی فیزیازانی سێربییە، کە بە کەسێکی زیرەک و وریا پێناسەیان دەکرد. لەگەڵ ئەلبێرت ئاینشتاین لە بەشی بیرکاری و فیزیا پەیوەندییەکی قووڵیان هەبوو و ئەمە له نووسینەکانی ئاینشتایندا ئاماژەی پێ کراوە. میلێڤا ماریچ کەسێک بوو کە کاتی خۆی؛ توانا، هزر و بیری نەبینرا، کەسێک کە ئەگەر هەلومەرجێکی شیاوی بۆ بڕەخسایە، دەیتوانی ببێتە هۆی گۆڕانکاریی گەورە لە زانستی فیزیا. میلێڤا دوای ۷۲ ساڵ ژیان، لە ساڵی ۱۹٤٨ لە زوریخی سویس کۆچی دوایی کرد.

وشەگەلی سەرەکی: میلێڤا ماریچ، ئەلبێرت ئاینشتاین،  فیزیا 

نووسەر: مەسعوود نەقشبەندی

پوختە: کۆمپیوتەر لە سەرتاسەری ژیانی ئەمڕۆکەی مرۆڤدا بوونی هەیە، بە جۆرێک تەشەنەی سەندووە کە ژیان بەبێ کۆمپیوتەر وەک مەحاڵ دێتە پێش چاو. ڕەنگە بە خۆمان بڵێین ئەو کەسەی بووە هۆی دروستبوونی کۆمپیوتەر؛ دەبێت باشترین خزمەت کرابێت، بەڵام دەزانن نزیکەی ۷٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەو کەسە چیی بەسەر هێنرا؟ ئەم وتارە باسی ئەلن ماتیسۆن تیورینگ دەکات، ئەو کەسەی به‌ باوکی زانستی کۆمپیوته‌ر ناسراوه‌.

وشەی سەرەکی: زانستی کۆمپیوته‌، ژیرڤانی، به‌کۆدکردن، زانستی کۆمپیوته‌ر، ئه‌لن تیورینگ

نووسەر: نەسیبە بارانی

پوختە: کورتەیەک لە گرینگترین زانیارییەکانی کۆرۆنا

وشەی سەرەکی: ڤایرۆس، کۆرۆنا، کۆڤید-١٩

نووسەر: شەنیار جەلال

پوختە: زۆربەمان دەپرسین: دەکرێت داهاتووی مرۆڤایەتی بە کوێ بگات؟ داخۆ جەستەی ئێمەی مرۆڤ، چۆنهایی دەگۆڕێت؟ ئەدی دەکرێت زانستی سەردەم ببێتە کەرەستەی ئاراییش و بۆماوەکەمانی پێ دەستکاری بکەین؟ لە ڕاستیدا چاکترە جارێ لە داهاتوو گەڕێین، سەرنج لە ئەمێستامان تیژ بکەینەوە. هەموو دەزانین مرۆڤی سەدەی بیست و یەک؛ مرۆڤێکی ئیشکەرە، بۆ ئەوەی باشتر ئیشەکەی ڕایی بکات، کەمتر دەخەوێت. وا زانایان بازدانێکی بۆماوەییان دیتووەتەوە، کە وای کردووە خەڵکانێک لە شەو و ڕۆژێکدا تەنێ شەش کاتژمێر خەویان بەس بێت، لە کاتێکدا ناوەندە کاتەخەوی پێشنیازکراو، نێزیک حەوت کاتژمێرە. داخۆ دەبێت چلۆن ئەم بازدانە ڕوو بدات؟ چلۆن دیتراوەتەوە؟ هەموو ئەمانە لەم وتارەدا بخوێنەوە.

وشەگەلی سەرەکی: بازدان، کەمخەوی، بۆماوە، دی‌ ئێن‌ ئەی، جین (بۆهێڵ)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *