ژمارە ٨

گوێگرتن لە سەرورتار

۱۰ ساڵ تێپەڕیوە لەو ڕۆژە مێژووییەی کە بڕیارمان دا گۆڤارێکی زانستیی کوردی بدەینە دەر.

بۆ ئێمە، گۆڤارێکی کوردیی زانستی ھاوکات چەند ئامانجی دەپێکا:

۱) زانست و فکری زانستی لە کۆمەڵگای کوردستان بەرەوپێش ببات.

۲) زمانی کوردی لەناو کۆمەڵگای کوردستاندا جێگیر بکات بە ھێژمۆنیی زانسته‌وه‌.

۳) کۆمەڵێک توێژەر و پسپۆڕ لە دەوری یەک کۆ بکەینەوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆژەیەکی ھاوبەش کە لە خزمەت گەشە و ئاوەدانیی کوردستاندا بێت.

دە ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاقمێکی که‌م بووین به‌ ئاواتێکی گه‌وره‌وه‌، به‌ڵام ئێستا کۆمه‌ڵێکی گه‌وره‌ له‌ هۆگرانی زمانی کوردی و پسپۆڕانی زانستیمان له‌گه‌ڵه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانن سه‌رمایه‌یه‌کی به‌ نرخ پێک بێنن بۆ زمانی کوردی. لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا، هەوراز و نشێوی زۆرمان دیتووه‌، ئەزموون و خەتای زۆرمان کردووه‌، بەڵام توانیومانە کێشە سەرەکییەکان چاره‌سه‌ر بکه‌ین و تا ڕادەیەکی زۆر بە سەقامگیرییەک بگەین کە بتوانین بەردەوام بین لە کارەکانی هۆژیندا. سەقامگیری ئەم هەلە بۆ ئێمە دەرەخسێنێت کە دەست بە چاکسازی بکەین، گۆڕانکاری بکەین و ڕۆژبەڕۆژ لە ئەزموونەکان کەڵک وه‌ربگرین و باشتر بین و لە ئامانجەکان نزیکتر ببینەوە. بەدڵنیاییەوە لەم قۆناغە ئەستەمەدا، تەنیا و تەنیا خوێنەران و هۆگرانی فکری زانستی دەتوانن یارمەتیدەر بن. ئەویش نەک تەنیا بە خوێندنی ناچالاکانەی گۆڤار، بەڵکوو بە ڕەخنە و پێشنیاری بەردەوام بۆ نووسراوەکان، نووسەران و بەرپرسانی گۆڤارەوه‌. بۆیە داواکارین چالاکانە لەگەڵ گۆڤار و بەرپرسانی لە پێوەندیدا بن.

لەم ژمارە نوێیەدا چ بابه‌تێک ده‌خوێنینه‌وه‌؟

ھەوڵ دراوە کە له‌ جیاتی داوای نووسین لە نووسەران، داوای نووسراوە بکەین. پرسیارەکانی ڕۆژه‌ڤی کۆمەڵگا چین؟ باسە گەرموگوڕەکانی دنیای زانست چین؟ کاریگەریی ئێمە لەکوێدا دەبێت؟ هەر بۆیە هەوڵ دەدەین لەم ژمارەوە بڕۆین بەشوێن ئەو بابەتانەی کە سەرنجراکێشتر و لەپەنایدا کاریگەرترن لەسەر کۆمەڵگا. 

لەم ژمارەدا وتووێژێکی تایبەتمان هەیە لەگەڵ بەڕێز ئیبراهیم کەریمی، پڕۆفیسۆری بەناوبانگی کوانتەمی لە زانکۆی ئۆتاوای کانادا. وتووێژێکی چڕوپڕمان هەیە لەگەڵی لەسەر ژیانی تاکەکەسی و پیشه‌یی ئه‌و بیرمه‌نده‌ کورده‌. کوانتەم باسی ڕۆژە. لێمان پرسیوە کە کوانتەم چییە و بە چ که‌ڵکێک دێت؟ 

لەم ژمارەدا ئەم پرسیارانە وڵام دەدەینەوە. بیتکۆین چییە و ڕەمپارە لەکوێیە هاتووە؟ گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی بەرەوە کوێمان دەبات؟ یوڤال هەراری کێیە و بۆچی بیرمەندێکی بەناوبانگە؟ مێژووی مرۆڤ چۆن دەگێڕێتەوە؟ داهاتووی مرۆڤ چۆن دەبینێت؟ جینی مرۆڤ بۆ خۆویستە؟  لە جوانییەکانی قووڵایی ئاسمان چۆن وێنە دەگرین؟ نەرمامێری سەرچاوەکراوە چییە؟ چۆن لەشێکی ماسوولکەییمان هەبێت؟ چۆن لەژێر زەوی کەڵک وه‌ربگرین؟ و دەیان پرسیاری گرینگ و سەرنجڕاکێشی تر. هیوادارم خوێنەرمان بن و ئێوەش چێژ لە وڵامی ئەم پرسیارانە وەرگرن.  

لە دنیای فەرهەنگدا، ئه‌م ژمارەیه‌ چاوێکمان خشاندووه‌ بەسەر کار و چالاکییەکانی دوو ڕێکخراوەی فەرهەنگیی کوردستان: پاژین و ڤەژین! هەروەها گەشتێکمان هه‌بووه بۆ سەر بارودۆخی ویکیپیدیای کوردی. 

هیوادارم هاوڕێمان بن.

لەم ژمارەدا چ نوێکارییەکمان هەبووە:

١) بەرەو ژیرکردنی گۆڤار: قۆناغی یەک: بەدەنگیکردنی گۆڤار.

مزگێنییەکی تایبەت بۆ خوێنەرانمان کە لەم ژمارەیه‌دا هەمانە، بەدەنگیکردنی گۆڤارە. لەمەوبه‌دوا، دەتوانن لە پەنا خوێندنەوەی بابەتەکانی گۆڤار، گوێ ڕابگرن بۆ خوێندنەوەی نووسراوەکان. لەسەرەتای هەموو نووسراوەیەک کۆدێک هەیە، کە بە سکەنکردنەکەی دەتانباتە به‌سته‌رێک (واته‌ لینکێک) کە دەنگی نووسراوەکەی تێدایە. هیوادارم ئەم شێوازە نوێیەتان بەدڵ بێت و ئێمەش بەردەوام بین.

٢) داواکاریی لە خوێنەرانی دەره‌وه‌ی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی هۆژین بۆ خوێندنەوەی وتارەکان به‌ر له‌چاپ.

زۆرجار ئەو نووسراوانەی کە دەگاتە دەست گۆڤاری زانستیی هۆژین، تەنیا لەلایەن پسپۆڕانی هۆژین دەخوێندرێنەوە. لە حاڵێکدا ئێمە نووسراوەکانمان بۆ کۆمەڵگایەکی گشتی دەنووسین و دەبێت کەسێک کە هیچ پسپۆڕییەکی نییە لە باسەکە بە باشی تێی بگات و چێژی لێوه‌رگرێت. بۆیە لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە نووسراوەکان به‌رلە چاپ، بدەین بە چەند کەسی دەره‌وه‌ی بازنه‌ی نووسه‌رانی هۆژین کە نووسراوەکان بخوێننەوە و لە ڕوانگەی کۆمەڵگاوە ڕەخنە و پێشنیار ئاراستەی نووسەر بکەن. ئێمە هێشتا تا پەروەردەی نووسەری بەتوانا ڕێگایەکی دوورودرێژمان هەیە و لەم ڕێگایەدا ئه‌وه‌ ڕەخنە و پێشنیاری خوێنەرانە کە یارمەتیدەرە.

٣) گۆڕانکاریی شێوازیی هەڵەگریی تیمی

لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە شێوازی پێداچوونەوەی دەق گۆڕانکارییەکی بناخەیی بەسەردا بێنین و بەڕۆژتری بکەینەوە. هەر نووسراوەیەک کە لەلایەن نووسەرانەوە دەنێردرێت، پێویستە لەلایەن چەند کەسەوە پێداچوونەوەی زانستی، زمانی، ڕێنووسی، چوارچێوەیی و هونەری بەسەردا بکرێت. هاتوچۆکردنی فایلی نووسراوەکان لەلایەن ئەو چەندین کەسەوە، هەموو جارێک تووشی کێشەی دەکردین. لەم ژمارەوە بڕیارمان دا کە لە گووگڵداک کەڵک وه‌ربگرین کە پلاتفۆرمێکی پێک هێناوە کە کاری تیمی لەسەر دەق به‌شێوه‌ی هاوکات به‌ڕێوه‌ ببات. بەم شێوازە و به‌ شێوه‌ی هاوکات، چەندین کەس دەتوانن لەسەر یەک دەق کار بکەن و ئەمەش کاتێکی زۆر دەگەڕێنێتەوە بۆمان. هەڵبەت وەک هەموو چاکسازییەک، ئەم کارەش لەسەرەتادا بڕێک دژبه‌ری ده‌بێت، بەڵام هیوادارم لە داهاتوودا ئەم شێوازه‌ هەڵەگرییە تیمییە لە گۆڤاری زانستیی هۆژیندا جێ بکەوێت. 

 

کێشەکانی بەردەممان چین:

۱) خوێنەریی ڕاستەقینەی زانست

هەر لە دەستپێکی گۆڤاری زانستیی هۆژینەوە تا ئەم ساتە، زۆر لایەنگر و پشتیوانمان هەبووە. ئەم پشتیوانییە هەمیشە چەند لایەنەیە. هه‌ندێک که‌س چێژ لە خوێندنەوەی زانست وه‌رده‌گرن هه‌ندێک چێژ لە خوێندنەوەی کوردی وه‌ده‌گرن و زۆر کەسیش پشتیوانمان بوون لەبەر ئەوەی کە گۆڤارێکی کوردی بکه‌وێته‌ سەر پێ و تەنانەت تەنیا به‌ مه‌به‌ستی پشتیوانیکردن گۆڤاریان دەکڕی و لەسەر ده‌لاقه‌یان دادەنا و نەیاندەخوێندەوە. پشتیوانی هەموو ئەو چین و توێژانە زۆر گرینگ و زۆر پێویستە، بەڵام  دەبێت هەمووده‌م ئەوە لەبەر چاو بگرین کە لە درێژماوەدا گۆڤاری زانستی هۆژین، پێویستی بە “خوێنەرە” و تەنیا و تەنیا هەبوونی بەردەوامی خوێنەرە کە مانەوەی گۆڤار مسۆگه‌ر ده‌کات. ده‌سته‌به‌رکردنی خوێنەر بۆ گۆڤارێکی زانستی ئەویش بە زمانی کوردی لە کۆمەڵگایەکدا کەبەهۆی کێشەی ئابووری و سیاسی لە زانسته‌وه‌ دوور کەوتووەتەوە و هەروەها بەهۆی نەبوونی پەروەردە بە کوردی لە قوتابخانەکان لە زمانی کوردی دوور کەوتووەتەوە کارێکی ئەستەمە. ئێمە لە بازاڕێکدا خەریکی گەمەین کە پێداویستییەکی قووڵ بوونی نییە و کاری سەرەکیمان ده‌سته‌به‌رکردنی پێداویستییە. ئایا دەتوانین کۆمەڵگا قانع بکەین کە پێداویستییەک بە ناوی گۆڤارێکی زانستیی کوردی بوونی هەیە؟

۲) نووسەر و زمانی نووسراوەکان

زۆر کەس گلەیی هەیە کە زمانی نووسراوەکان ئەستەمە. هۆکارەکەی دوو بەشە: ١) یەکه‌م، ئەوەی کە نووسەران هێشتا ئەزموونی ڕۆژنامەگەریی زانستیان نییە. لە ڕۆژنامەگەریی زانستیدا، پسپۆڕ دەبێت زانست بە زمانی کۆمەڵگا بڵێتەوە، ئەمەش هونەرێکی ڕۆژنامەوانییە کە پێویستی بە ئەزموونی زۆرە. ٢) دووهەم، ئەو وشە کوردیانە و زمانێکە کە بەکار دەڕوات. لەم بوارەدا هێشتا کەموکوڕی زۆرن. لە گۆڤاری زانستیی هۆژیندا هەوڵمان ئەوەیە  کە لە زمانێکی ستاندارد کەڵک وه‌ربگرین، بەجۆرێک کە هەموو سۆرانییه‌ک لێی تێبگات. هەر ئەمەش بۆخۆی کێشەیەکی گەورەیە. زۆر پێکهاتە هەیە کە لەوانەیە لە سنە باو بێت بەڵام لە هەولێر تێی نەگەن. زۆر وشە هەیە کە لە باشوور جێ کەوتووە و لە ڕۆژهەڵات کەس تێی ناگات. ئەمانە هەمووی کێشەگەلێکن کە دەبێت ڕۆژ بە دوای ڕۆژ چاکسازیان تێدا بکەین. کلیلی ئەم کارەش دەگەڕێتەوە بۆ پێوەندی ئێوە لەگەڵ گۆڤار.

لەکۆتاییدا، سپاسی تایبەتی ئەندامانی ڕێکخراوەی زانستی-فەرھەنگیی ھۆژان دەکەین کە لە ڕێگەی یارمەتیی ئابوورییەوە، ئالیکاری بەردەوامبوونی ئەم گۆڤارە دەکەن. سپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە یارمەتیدەری ئێمە بوون لە ناساندن و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری هۆژین. هەروەها سپاسێکی تایبەتیش بۆ خوێنەرانمان کە ھاوڕێی ڕاستەقینەی گۆڤارن، ئێمە لە ڕەخنەکانتان بێ بەش مەکەن. 

لەگەڵ گۆڤاردا لە پێوەندیدا بن. هەر ئێستا هەر ڕەخنە یان پێشنیارێکتان هەیە بۆمان بنێرن:

govar.hojan@gmail.com

ڕێگەیەکی سادەتریش ئەوەیە کە بچیتە سەر ئەم ماڵپەڕە و هەر ئێستا تێبینیی خۆت بنووسیت لەسەر گووگڵداکی ئەم سەروتارە:

http://tiny.cc/Hojin8

بەسپاسەوە،

ئاسۆ ڕەحیمزادەگان

خوێندکاریی دوکتورای ئۆپتیک و فۆتۆنیک، ئەنستیتووی تەکنۆلۆژیی کارلسروهە، ئاڵمان

سەرنووسەری سەرەکیی گۆڤاری زانستیی هۆژین

بابەتنووسەر
سەروتارئاسۆ ڕەحیمزادەگان
وتووێژ لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمیزۆرار ئەحمەدی
بارودۆخی ویکیپیدیا کوردییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنیانسەرچیا خورشید
لەرینەوەسیروان محەممەدی
ناساندنی کتێبی جینی خۆپەرستدیاری ئەبووبەکر
چی دەبوو ئەگەر تەواوی بیابانمان بە پانێلی هەتاویی داپۆشیبایە؟عەبدوڕڕەحمان زەمینی
وینە گرتن لە جوانییەکانی قووڵایی ئاسمانمحەممەد مەولوود
ڕوانگەی یوڤاڵ نوح حەراریسەروەر محەممەد
زەوی خنکاو و مرۆڤی نووستووفاڕووق ئەحمەدی
کەس هەیە نەیهەوێت لەشێکی ماسولکەیی هەبێت؟!هێڤار عاسی
بیتکۆین و ڕەمزپارە چین؟پژواک کەوکەبیان
ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژینعەدنان ناسری
لێکۆڵینەوەیەکی گشتی بەرەنگارییەکانی بەڕێوەبەری تۆڕی هێزی کارەبای وڵاتی ئوستڕاڵیائەهوەن جەلالی
ڕاست یان درۆ؟! ئایا ڕۆژگار هەر بەرەو درێژبوونەوە دەڕوات؟مەسعوود شێخولئیسلامی
گۆڕانی ئاووھەوا چ کاریگەرییەکی لەسەر ژێرخانەکان دەبێت؟سەیدمادێح پیریۆنسی
ترس لە “خۆدەربڕین”باست عەزیمی
کورتەیەک لە مێژووی ئەنجومەنی پاژینفەتاح ئەمینزادە
دوایین مەترسییەکانی سەر ژیانی مرۆڤفاڕووق ئەحمەدی
پێتان وایە تەکنۆلۆژیی داهاتوو چی دەبێت؟!کامران قادری
نیشانەی ڤایرۆسی نوێی کڕۆنا چییە و چەندە مەرگهێنەرە؟ئەژین جەلالی
چەند ئەفسانە سەربارەت بە نەرمامێرە سەرچاوەکراوەکانمەهدی سەربازی
لە حوسەینی کۆکەنەوە تا ئامێری بەردهەڵکەنکاوش ڕۆستەمی
براوەی خەڵاتەکانی ساڵی ٢٠١٩ باشتر بناسەئەیوب مەحموودی
دەنگی خوێنەر