لەگەڵ بەردەوامیی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، داواکاریی بۆ وزە، لە ناوەندی دراوەکان زۆر بووە. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پێداویستییە گووگڵ ڕاگەیاندووە کە هاوبەشییەکی دەستپێشخەرانەی لەگەڵ کۆمپانیای کایرۆس پاوەر -کە کۆمپانیایەکی وزەی ئەتۆمییە و بنکەکەی لە ئەمریکایە- پێکهێناوە تا ناوەندی دراوەکانی ژیری دەسکردی گووگڵ بە ڕیاکتۆری مۆدیۆلاری بچووک کار بکەن. ئەم هەنگاوە پێشکەوتووە هەوڵێکی بەرچاوی گووگڵە بۆ ئەوەیکە تا ساڵی ٢٠٣٠ بەتەواوی بە وزەی بێ کاربۆن کار بکات.
کۆمپانیای ئەمازۆن بە سەرمایەدانان لە کۆمپانیای X-energy کە کۆمپانیایەکی ئەمریکاییە و تایبەت بە ڕیاکتۆرە مۆدیۆلارە بچووکەکانە ڕێوشوێنی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی گووگڵ و مایکرۆسۆفتی گرتووەتە بەر. ئامانجی ئەم کۆمپانیا گەورەیەی بواری تەکنەلۆژیا، بەهێزکردنی ناوەندی دراوەکان بە وزەی ئەتۆمییە و ئەمەش زیاتر پشتگرییەکە بۆ پابەندبوونی ئەمازۆن بە هەوڵی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی کاربۆن.
مایکڕۆسافتیش لە پلانێکدا دەیهەوێ وێستگەیەکی ئەتۆمی کە لە ساڵی ۲۰۱۹ی زایینییەوە داخراوە دیسان بخاتە گڕ.
بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی وزە لە مۆدێلەکانی ژیری دەسکرد و ناوەندی دراوەکان، هاندەری ئەم بیرۆکەیە بوون. سەرچاوە وزە جێگرەوە نەریتییەکان وەکوو ‘با’ و ‘خۆر’ زۆرجار بەهۆی پشتبەستنیان بە بارودۆخی کەشوهەوادا کێشەیان لەگەڵ کارکردنی بەردەوام هەیە. وزەی ئەتۆمی بەتایبەت لەڕێگەی ڕیاکتۆری مۆدیۆلاری بچووکەکانەوە بەبێ زیادکردنی دەردانی کاربۆن چارەسەرێکی جێگیر و بەهێز پێشکەش بە ناوەندە دراوەکانی کارەبا دەکات.
وەرگێڕان: ئیحسان ئیزەدی
هەڵەگری: ئیدریس قادری
گرافیک: حوسنا ئیزەدی