بابەتتەندروستی

لە دوو قۆناغی دیاریکراو لە ژیانماندا، کتوپڕ زۆر پیر دەبین!

توێژەرانی زانکۆی ستانفۆرد لە توێژینەوەیەکی سەرسووڕهێنەر سەبارەت بە چۆنیەتیی پیربوون دەڵێن: بە پێچەوانەی تێگەیشتنی باو، هەڵکشانی تەمەن بەرە بەرە نییە بەڵکوو لەناکاو و کتوپڕە.


توێژینەوەکە چۆن بەڕێوە چوو؟

توێژینەوەکە لە ماوەی چەند ساڵێکدا بەدواداچوونی بۆ ١٠٨ کەسی ٢۵ تا ٧۵ ساڵ کردووە. بەشداربووان بە بەردەوامی نموونەی بایۆلۆجی وەک خوێنیان دابین دەکرد، بۆ ئەوەی توێژەران بتوانن شیکاری لەسەر کۆمەڵێک لە بایۆمولکولەکانی ناو جەستەیان بکەن. ئەم مولکولانە بریتی بوون لە شتگەلێکی وەک RNA، پرۆتینەکان، چەورییەکان و تەنانەت بەکتریاکانی بەشە جیاوازەکانی جەستە، وەک ڕیخۆڵە و پێست. توێژەران بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم نموونانە، داتایەکی زۆریان کۆ کردەوە.

توێژەران چییان دۆزییەوە؟
توێژینەوەکە دەریخستووە نزیکەی ٨١٪ی ئەو مولکولانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردووە لە ماوەی دوو لووتکەی تیژ لە پیربووندا گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەسەردا هاتووە. لووتکەی یەکەم لە دەوروبەری تەمەنی ۴۴ ساڵیدا و لووتکەی دووەم لە دەوروبەری تەمەنی ۶٠ ساڵیدا ڕوو دەدات. ئەم گۆڕانکارییانە چی لەخۆ دەگرێت:

١. لووتکەی یەکەم (نزیکەی ۴۴ ساڵی):
– لووتکەی یەکەم پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە چۆنیەتیی پرۆسەکردنی چەوری، کافاین و ئەلکول لە جەستەدا.
– مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زیاد دەبێت.
– کارکردنی پێست و ماسوولکەکان تووشی گۆڕانکاری دەبن.
– بۆ ژنان زۆر جار ئەم ماوەیە هاوکاتە لەگەڵ وەستانی سووڕی مانگانە. هەرچەند توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە پیاوانیش گۆڕانکاریی هاوشێوەیان بەسەردا دێت و وا دیارە هەندێ هۆکاری بنەڕەتیی دیکە لە ئارادایە.

٢. لووتکەی دووەم (نزیکەی ۶٠ ساڵی):
– لووتکەی دووەم پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە میتابۆلیزم (زیندەپاڵ)ی کاربۆهیدرات و ڕێکخستنی سیستمی بەرگری و کارکردنی گورچیلەوە هەیە.
– هاوشێوەی لووتکەی یەکەم، مەترسیی بەردەوام بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان هەیە.
– پێست و ماسوولکەکان بەردەوامن لە گۆڕانکاری و ڕەنگە هەست بکرێت کە سیستمی بەرگریی لەش وەک جاران بەهێز نەماوە.

بۆچی ئەم توێژینەوەیە گرنگە؟
دەرئەنجامی ئەم توێژینەوانە گرنگن، چونکە ئەوە پیشان دەدەن کە پیربوون تەنیا پرۆسەیەکی خاو نییە بەڵکوو ماوەی تایبەتی هەیە کە جەستە گۆڕانکاریی خێرای بەسەردا دێت. ئەمە ڕەنگە ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە کە بۆچی هەندێک نەخۆشیی پەیوەست بە تەمەنەوە، وەک نەخۆشیی ئەلزهایمەر یان نەخۆشیی دڵ، وردەوردە زیاد ناکەن، بەڵکوو پێ دەچێت دوای تەمەنێکی دیاریکراو پەرە بستێنن.

زانینی ئەوەی کە ئەم لووتکە تیژانەی ژیان بوونیان هەیە، دەتوانێت بۆ پەرەپێدانی ڕێگەی باشتر بۆ چارەسەرکردن یان تەنانەت ڕێگریکردن لە هەندێک لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیربوون، یارمەتیی پزیشکان و توێژەران بدات. بۆ نموونە، ئەگەر بزانین کە خەڵک لە دەوروبەری تەمەنی ۴۴ و ۶٠ ساڵیدا، ئەگەری زۆرە گۆڕانکاریی بەرچاوی پیربوونیان هەبێت؛ دەتوانین لەم کاتانەدا سەرنج بخەینە سەر ڕێوشوێنی خۆپارێزی، وەک پشکنینی تەندروستیی بەردەوام یان گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا کە ئەو مەترسییە تایبەتانە دەکەنە ئامانج.

تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییانە دەتوانێت بۆ باشتر بەڕێوەبردنی تەندروستی لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن یارمەتیدەرمان بێت.

وەرگێڕ: ئاسۆ ڕەحیمزادەگان
چاوەدێری زمانی: ئەستێرە چابوک
چاوەدێری زانستی: هێمن عەبدوڵاپوور

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button