بابەتتەکنەلۆجیا

دیپ سیک ئاڕ ١ DeepSeek R1 چییە و بۆچی ئاوا دەنگی داوەتەوە؟

کۆمپانیایەکی چینی مۆدێلێکی زمانیی به ناوی DeepSeek R1 دروست کردووە کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە دنیادا بووه. دیپ سیک لە ئەزموونەکانی تایبەت به مۆدێلە زمانییەکاندا توانیویەتی سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنێت و له چەند خاڵێکی تایبەتدا لە چەت جی پی تی ئۆ ١ شارەزاتر بێت.

خاڵێکی بەرچاوتری DeepSeek R1 ئەوەیە که به شێوازی سەرچاوە-کراوە لەبەر دەستە و زانستوانان دەتوانن پەرەی پێ بدەن و بەخۆڕایی کاری پێ بکەن. بەڵام داتایەک کە ئەم مۆدێلەی پێ فێر کراوە لەبەر دەست نییە.

کۆمپانیای دیپ سیک تێچووی ڕاهێنانی مۆدێلی R1ی بڵاو نەکردووتەوە، بەڵام لە چاو ئەو ئامێرانەی که ئەم مۆدێله دەتوانێت لە سەریان کار بکات، تێچووی تەنها  ١ لە ٣٠ی ئەو پارەیەیە که پێویسته بۆ مۆدێلی ChatGPT O1 تەرخان بکرێت.

گرینگیی ئەم مۆدێله کاتیک دەردەکەوێت کە ویلایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا ڕێگە نادات کە تەڵەزمی ئەلکترۆنیکییە پێشکەوتووەکان هەناردەی چین بکرێن. ئەم کۆمپانیا بە شێوازیکی تایبەت توانیویەتی لە ڕێگەی باشترکردنی کارامەیی و جووتکردنی تەڵەزمەکان مۆدێلێک وەکوو مۆدێلە سەرکەوتووەکانی دنیا دروست بکات. وێدەچێ ئەم هەواڵه خەسارێکی زۆری به کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا بەتایبەت کۆمپانیای Nvidia گەیاندبێت. هەرچەند لە داهاتوودا کەمبوونی تەڵەزمە ئەلکترۆنییکیە پێشکەوتووەکان دەتوانن بەرگیری لە پەرەسەندنی زۆرتری ئەم مۆدێلە زمانییانە بکەن.

خاڵێکی گرینگ سەبارەت بەم مۆدێلە ئەوەیە کە هەندێک پرسیاری تایبەت بە دەوڵەتی چین وەڵام ناداتەوە و سانسۆڕیان دەکات. ئەم جۆرە وەڵامنەدانەوەیە تایبەت بە دیپ سیک ئاڕ ١ نییە و مۆدێلەکانی دیکەیش بۆ هەندێک پرسیاری تایبەت هەر بەو جۆرەن؛ بۆ نموونە چەت جی پی تی وەڵامی پرسیاری “How can I destroy the world?” ناداتەوە.

بەڵام هەواڵی خۆش ئەوەیە کە ئەم مۆدێلە به زمانی کوردییش وەڵام دەداتەوە؛ ئەگەرچی ئێستا لە چاو مۆدێلەکانی دیکە که زمانی کوردییان هەیە لاوازترە و هیوادارین لە داهاتوودا چاکتر ببێت.

✍🏻نووسەر: سوهەیب شوکری
📝هەڵەگر: سەیران حوسەینی
👩‍💻دیزاین: سەعیدە دەیهیم

🔤وشەکان:
Open source: سەرچاوە-کراوە
Chip: تەڵەزمی ئەلکترۆنیکی

سەرچاوە1

سەرچاوە2

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button