
ڕۆبەرت ئی. هاڵ¹ و مایکل وودفۆرد²، دوو ئابووریناسی ئەمریکایی، خەڵاتی نۆبڵی ئەمساڵیان لە زانستە ئابوورییەکان وەرگرت.
ئەو دوو زانایە سەلماندیان کە مۆدێلە ئابوورییەکان دەتوانن ڕێگە بۆ نوێکردنەوەی سیاسەتی سەقامگیریی ئابووری خۆش بکەن. مۆدێلەکانیان لەسەر پەیوەندیی بگۆڕەکانی³ ئابووریی هەمەکی⁴، وەک هەڵاوسان⁵ و بەرهەمهێنان و بەکارهێنان، بنیات نەنراون، بەڵکوو لەسەر ئابووریی هەندەکی (بچووک)⁶ دامەزراون؛ واتە لەوە تێگەیشتن کە ڕەفتاری بنەماڵە و بازرگانییەکان چۆن لەسەر ئابووریی گشتی کاریگەری دەبێت.
بنەمای ئەم مۆدێلانە ئەوەیە کە بنەماڵە و بازرگانییەکان، کاتێک بڕیار دەدەن نرخەکان بپارێزن یان بیانگۆڕن، چاویان لە داهاتوویە. بۆیە کاتێک حکوومەت و بانکە ناوەندییەکان پلانی سیاسەتی ئابووری ڕادەگەیەنن، ئەو بڕیارانەی بنەماڵە و بازرگانییەکان دەیدەن دەگۆڕدرێن و ئابووری دەکەوێتە سەر ڕێگەی دروست. ئەم مۆدێلانە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دابەزینە ئابوورییەکان، یارمەتییەکی زۆریان داوین.
شایانی باسە ڕۆبەرت ئێرنێست هاڵ (لەدایکبووی ١٩۴٣) مامۆستای ئابوورییە لە زانکۆی ستەنفۆردە کە دکتۆراکەی لە MIT وەرگرتووە و تێزەکەی، «وتارەکان لەسەر تیۆری سامان»، لەژێر سەرپەرشتیی د. ڕۆبەرت سۆلۆ نووسیوە.
مایکل دین وودفۆرد (لەدایکبووی ١٩۵۵ لە ماساچوسێت) پسپۆڕی ئابووریی هەمەکی و تیۆریی پارەیە و لە زانکۆی کۆلۆمبیا وانە دەڵێتەوە.
1. Robert E.Hall
2. Michael Woodford
3.variables
4. macroeconomic
5. inflation
6.microeconomic
سەرچاوە و زانیاریی زیاتر:
1) https://www.nobelprize.org/prizes/economic-sciences/2026/press-release/
2) https://en.wikipedia.org/wiki/Robert_Hall_(economist)
3) https://en.wikipedia.org/wiki/Michael_Dean_Woodford
ئامادەکردن: ئیحسان ئیزەدی
پێداچوونەوە: د. ئەمیر ئارمانی



