ئایا مێشکتان گەورەتر بێت، زیرەکتر دەبن؟
بە گەورەبوونی قەبارەی خولگە نۆرۆنییەکان لە مێشکدا توانایی فێربوونیش زیاد دەکات، بەڵام بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ زیادبوونی پەیوەندیی نێوان نۆرۆنەکان دەتوانێت ببێتە ڕێگرێکیش لەبەردەم فێربووندا.
زانایانی دەمار لە کەمبریج دەڵێن کە قەبارەیەکی “ئایدیال” بۆ خولگەکانی مێشک هەیە تاوەکوو بتوانن کارەکانیان بە باشترین شێوە ڕاپەڕێنن. توێژینەوەکە ئەوە پیشان دەدات کە چۆناوچۆن خولگە نۆرۆنییەکان دەتوانن پەیوەندیدارێتیی زیاتر بۆ فێربوونی خێراتر و وردبینانەتر بە کار بهێنن.
توێژینەوەکە پیشانی دەدات کە “زیادەیی” نۆرۆنەکان (ئەو خانانەی کە دەبنە هۆی کارکردنی مێشک) و پەیوەندییە سیانپتیکەکان (ئەو پەیوەندییانەی کە دەبنە هۆی ڕۆیشتنی زانیاری لە نۆرۆنێکەوە بۆ نۆرۆنێکی دیکە) لە ڕاستیدا وەکوو شمشێرێکی دوو سەرە وان. لە لایەکەوە زیادبوونی پەیوەندیدارێتی دەبێتە هۆی ئەوەی کە باشتر فێر ببین و لە لایەکی دیکەشەوە، بە هۆی نۆیزیبوونی ئەو پەیوەندییانەی کە سیگناڵەکان دەگوازنەوە، زیادبوونی پەیوەندیدارێتی لە ئاکامدا دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە فێربوون. ئەو دەستکەوتانە بەڵگەیەکی دیکەن کە بۆچی زیادبونی ژمارەی پەیوەندییە نۆیزییەکان دەبێتە هۆی کێشە لە فێربووندا بە هۆی فرەپەیوەندیدارێتییەوە و لە هەندێک حاڵەتدا وەک ئۆتیزمی ڕوو لە پەرەسەندن ئەم شتە ڕوو دەدات.
دوکتور تیمۆسی ئۆلیەری، وانەبێژی ئەندازیاریی زانیاری و زانستی دەماری کە بەڕێوەبەری توێژینەوەکەیە دەڵێت: “توێژینەوەکەی ئێمە پیشانی دەدات کە زیادکردنی پەیوەندی لە خولگەکانی مێشکدا توانایی فێربوون دەباتە سەر. هەرچەند ئێمە بۆمان دەرکەوتووە، کە زیادبوونی ئەو ڕێچکەیانە ئەگەر نۆیز بەو سیگناڵە زیاد بکات کە دەیگوازێتەوە، توانایی فێربوون کەم دەکاتەوە. بۆیە ئێمە پێمانوایە کە بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک شتێکمان بە ناوی “خاڵی خوازراو’ هەیە کە دیاریکەری باشترین قەبارەی خولگەکانە. بە کورتی، زیادکردنی نۆرۆنەکان و پەیوەندییەکان تا ئاستێک یارمەتیدەری فێربوونە، لەوە زیاتر زیادبوونی قەبارە دەتوانێت ببێتە ڕێگرێکی فێربوون.”
وشەکان:
Connectivity پەیوەندیدارێتی
Redundant زیادە
Hyperconnectivity فرەپەیوەندیدارێتی
Neuron نۆرۆن
Synaptic connection پەیوەندیی سیناپسی
ئامادەکردنی: محەمەد محەمەدئەمینی
سەرچاوە:
https://medicalxpress.com/news/2019-05-bigger-brain-smarter.html