بابەتگەردوونناسی

ماددەی تاریک دەتوانێت کارلێکی کەمی لەگەڵ ماددەی ئاسایی هەبێت

هۆکاری ئەوەی ئێمە ناوی تاریکمان لە “ماددەی تاریک” ناوە، لەبەر ئەوە نییە کە ئەوانە هەندێک ماددەی سێبەرن. لەبەر ئەوەیە کە ماددەی تاریک کارلێک* لەگەڵ ڕووناکی ناکات. ڕەنگە جیاوازییەکە بەرچاو نەبێ بەڵام گرینگە. ماددەی ئاسایی دەتوانێت تاریک بێت چونکە ڕووناکی هەڵدەمژێت. هەر بۆیەش بۆ نموونە دەتوانین سێبەری هەورە مولکولیەکان لە بەرامبەر ئەستێرە پڕژوشوبڵاوەکانی ڕێگەی شیریدا ببینین. ئەمەش ئاساییە، چونکە ڕووناکی و ماددە، ڕێگایەکیان هەیە بۆ پێوەندیکردن. ڕووناکی شەپۆلێکی کارۆموگناتیسییە و ئەتۆمەکان ئەلکترۆن و پرۆتۆنی بارگەی کارەبایی* لەخۆ دەگرن، بۆیە ماددە دەتوانێت ڕووناکی دەر بدات، هەڵیبمژێت و بڵاوی بکاتەوە. ماددەی تاریک بارگەی کارەبایی نییە. هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ پێوەندیکردن بە ڕووناکیەوە. بۆیە کاتێک ماددەی ڕووناک و تاریک کۆ دەبنەوە بە سادەیی بە یەکتردا تێدەپەڕن.
هەموو تێبینییەکانمان ئەوە پیشان دەدەن کە ماددەی تاریک و ڕووناکی تەنها لە هێزی کێشکردن* هاوبەشن. بۆ نموونە کاتێک ماددەی تاریک لە دەوری گەلەستێرەیەک کۆ دەبێتەوە، ڕاکێشانی کێشکردنەکەی دەتوانێت ڕووناکی لا بدات. بەهۆی ئەمەوە، بە چاودێریکردنی ئەوەی کە چۆن ڕووناکی بە شێوەی کێشکردن لە دەوری ماددەی تاریک هاوێنە* دەکات، دەتوانین نەخشەی دابەشبوونی ماددەی تاریک لە گەردووندا بکێشین. هەروەها دەزانین کە ماددەی تاریک و ئاسایی لە ڕووی کێشکردنەوە کارلێک دەکەن. ڕاکێشانی ماددەی تاریک دەبێتە هۆی ئەوەی گەلەستێرەکان پێکەوە کۆببنەوە و ببنە مەزنەهێشوو*. بەڵام پرسیاری بەبێ وەڵام ئەوەیە کە ئایا ماددەی تاریک و ماددەی ئاسایی تەنها لە ڕووی کێشکردنەوە کارلێک دەکەن؟ ئەگەر ئەتۆمێک و تەنۆلکەی ماددەی تاریک یەکتر ببڕن، ئایا بەڕاستی تەنها بە یەکتردا تێدەپەڕن؟
ماددە تاریک و ماددەی ئاسایی لە دەوری یەکتر کۆ دەبنەوە بەڵام وەک هەوری نێوەستێرەیی بەر یەک ناکەون و تێکەڵ نابن. بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو دووانە کارلێک دەکەن و ئەمەش دەتوانێت لایەنە وردەکانی ئەو شتە نهێنییانە ئاشکرا بکات. توێژینەوەکە سەیری شەش گەلەستێرەی نەوبەستی زۆر بێهێز یان UFD دەکات. شەش “گەلەستێرەی مانگی” نزیک ڕێگەی شیری کە وێدەچێت ئەستێرەیان زۆر کەمتر بێت لەوەی کە بارستەیان دەنوێنێ. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە زیاتر لە ماددەی تاریک پێک هاتوون. چون ئەگەر ماددەی ئاسایی و ماددەی تاریک تەنها لە ڕووی کێشکردنەوە کارلێک بکەن، ئەوا دابەشبوونی ئەستێرەکانی ئەم گەلەستێرە بچووکانە، دەبێت شێوازێکی دیاریکراوی بوایە. ئەگەریش ماددەی تاریک و ماددەی ئاسایی ڕاستەوخۆ کارلێک بکەن، ئەوا ئەم دابەشکردنە نادروست دەبێت.

تاقی کردنەوەی کارلێک ماددەی تاریک و ماددەی ئاسایی:

بۆ تاقیکردنەوەی ئەمە، تیمەکە هاوشێوەکاری کۆمپیوتەریی هەردووک سیناریۆکەیان ئەنجام دا و بۆیان دەرکەوت کە لە مۆدێلی کارلێکنەکراودا دابەشبوونی ئەستێرەکان دەبێت لە ناوەندی UFDـەکاندا چڕتر بێت و لە لێوارەکاندا زیاتر بڵا وبێتەوە. لە مۆدێلی کارلێککەردا دابەشبوونی ئەستێرەیی دەبێت یەکسانتر بێت. کاتێک ئەم مۆدێلانەیان لەگەڵ داتاکانی شەش گەلەستێرەکە  بەراورد کرد، بۆیان دەرکەوت کە مۆدێلی کارلێککەر کەمێک گونجاوترە. بۆیە لەوانەیە ماددەی تاریک و ماددەی ئاسایی بە شێوەیەک جیاواز لە ڕاکێشانی کێشکردن کارلێک بکەن. هەرچەند داتای پێویست بۆ دیاریکردنی سروشتی کارلێکەکە بەردەست نییە بەڵام ئەو ڕاستییەی کە بڕێک کارلێک هەیە شتێکی سەرسووڕهێنەرە. بەو مانایەیە کە لانیکەم بەشێک لە مۆدێلە کۆنەکانی ئێمە لە ماددەی تاریک هەڵەن. هەروەها ڕەنگە ڕێگایەک بەرەو شێوازی نوێی دیاریکردنی ڕاستەوخۆی ماددەی تاریک نیشان بدات. ڕەنگە بە تێپەڕبوونی کات دوا جار نهێنی ئەم ماددە تاریک بەڵام نەبینراوە ئاشکرا بکرێ.

کارلێک: interaction
بارگەی کارەبایی: Electric charge
کێشکردن، ڕاکێشان: gravity
هاوێنە، لێنز: lens
مەزنەهێشوو : supercluster

وەرگێڕ: ئیحسان ئیزەدی
چاوەدێری زمانی: ئیدریس قادری

سەرچاوە

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button