بابەتگەردوونناسی

ناسا دەڵێت: لەوانەیە نیشانەی ژیانی مێژووییمان لەسەر بارام دۆزیبێتەوە!

گەڕۆکی پەرزەوییەرنسی ناسا لە ۱۸ی جولای ۲۰۲۴ و دوای ۱۲۱۲ ڕۆژ تێکۆشان لەسەر هەسارەی بارام نموونەیەکی هەڵگرتەوە کە دەتوانێت نیشاندەری ژیانی مێژوویی لەسەر ئەم هەسارەیە بێت. ئەم نموونەیە لە بەستێنی چۆمێکی وشکبووی مێژوویی لە زارکی گەیل دۆزراوەتەوە.
ئێستا ناسا دوای یەک ساڵ بە بڵاوکردنەوەی وتارێک لە ژۆرناڵی نەیچێر ئەگەری ئەوە دەهێنێتە ئاراوە کە ئەم نموونەیە، نیشانگەری واژۆی زیندەوەری کۆن لەسەر بارامە.
واژۆی زیندەوەری ئەگەری، ماکێک یان پێکهاتەیەکە کە دەتوانێت سەرەتایەکی بایۆلۆجیکی هەبێت بەڵام دراوە و لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری پێویستە تا بتوانێت بە دڵنیایی بگوترێت نیشانگەری ژیان بووە یان نا؟!
پەرزەوییەرنس بە یارمەتیی ئامێرەکانی سەر خۆی توانیویەتی لەسەر بەردێک بە نێوی «چێیاوا فاڵز» (Cheyava Falls) تاقیکاری ئەنجام بدات و هەروەها وێنەی ئەم بەردەشی ناردووەتەوە. هەر ئەو جۆرە کە لە وێنەی ژێرەوە دیارە دەمارگەلێک لە سوولفاتی کالسیۆم لە سەرانسەری بەردەکە خۆی ڕاکێشاوە. بەینی ئەم دەمارانە نەوارگەلێکی سوور دیارن کە ئاماژە بە هێماتیت دەکەن واتە ئەو ماکەی کە ڕەنگی سوور و ژەنگاوی بە بارام بەخشیوە.
بەڵام ئەو شتەی سەرنجی زانستوانانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە پەڵەپەڵەکانی نێو ئەم وێنەیە و بازنەکانی تۆخاوی دەورییانە کە وەک پەڵەی سەر پێستی پڵنگن.
ئەم پەڵە پڵنگییانە واژۆی دوو ماددەی نائەندامیی (mineral) پڕئاسنن: ویویانیت (vivianite) ئاسن فۆسفاتی هیدراتە و گریگیت (greigite) ئاسن سوولفاتە. ویویانیت لەسەر زەوی زۆرتر لە بەردە نیشتەوەکان، قەوزە زەلکاوەکان (peat bog) و لە دەوروبەری ماکە ئۆرگانیکەکانی خەریک بە پرووکان دەبینرێن. گریگیتیش دەتوانێت بەهۆی چەشنە ژیانگەلێکی میکرۆبی تایبەتی سەر زەوی پێک بێت.
ئەم جۆرە پەڵانە کاتێک لەسەر بەردە نیشتەوەکانی زەوی (sedimentary terrestrial rock) ساز دەبن کە کاردانەوەگەلێکی کیمیایی لەسەر هێماتیت، ڕەنگی بەردەکە لە سوورەوە بکاتە سپی. هەروەها ئەم کاردانەوانە دەتوانن ئاسن و فۆسفات ئازاد بکەن و بازنەی تۆخاوی دەوری پەڵەکان ساز بکەن و گرنگتر ئەوەیە کە دەتوانن سەرچاوەی هێزی میکرۆبەکان دابین بکەن.
بەڵام بۆ ئەوەیکە ئەرخەیان ببین کە بارام پێشتر لەخۆگری ژیان بووە، پێویستە ئەم نموونەیە بگەڕێتەوە سەر زەوی و توێژینەوەی زۆرتری لەسەر بکرێت، ئەرکێک کە لە داهاتوودا دەبێت چاوەڕوانی ببین.

وشەکان:

گەڕۆکی پەرزەوییەرنس (perseverance rover)
زارکی گەیل (Gale)
واژۆی زینەدەوەری ئەگەری (Potential Biosignature)
هێماتیت

🔗

سەرچاوە

 

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button