بابەتتەندروستی

بۆچی نابێت لە کاتی خەوتن بە مۆبایلەوە خەریک بین؟

چۆن دەست لەو خووە هەڵگرین؟

سەرەڕای ئاگادارکردنەوە لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی مۆبایل و مەترسییەکانی زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی شاشە لە شەودا، هێشتا زۆر کەس پێش لە خەوتن و لە پێخەفدا مۆبایلەکانیان بەکار دێنن.

لیزا ستراوس، دەروونناس و پسپۆڕی چارەسەری هەڵسوکەوتی مەعریفی، سەبارەت بە خەوزڕان و تێکچوونی خەو دەڵێت: شاشەی مۆبایل و تەلەڤیزیۆن و کۆمپیوتەر و هتد، شەوانە گەلێک گرفت و کێشە بۆ خەو دەنێنەوە.

لە درێژەدا دەڵێت: مێشک، شەوقی شاشەش وەک تیشکی خۆر دەناسێتەوە و بەرهەمهێنانی میلاتۆنین لە مێشکدا سەرکوت دەکات،
کە میلاتۆنینی پێویستیش نەڕژایە خوێنەوە، خەو قووڵ نابێتەوە.

دەرەنجامە نەرێنییەکانی کەمخەوی پەیوەندیان بە تەندروستییەوە هەیە؛ لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە کە تێکچوونی خەو لە تەمەنی ٣٠ و ۴٠ ساڵاندا، لەوانەیە کار بکاتە سەر بیرەوەری و بیرکردنەوە و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ببێتە هۆی لاوازبوونی بیروهۆش.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەکان، مۆبایلی زیرەک ڕیتمی ڕۆژانەی خەوی مرۆڤ و هەروەها کاروکردەوەی زۆربەی هۆرمۆنەکان تێک دەدات.

توێژەران دەڵێن هەندێک گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتدا، وەک خوێندنەوەی کتێبێکی کاغەزین پێش خەوتن، دەتوانێت یارمەتیدەری وازهێنان لەو خووە بێت. میلاناک پێشنیار دەکات خەڵک پێش خەوتن لە باتی مۆبایل، بە هەندێ شتی دیکەوە خەریک ببن؛ بۆ نموونە: خۆشۆردن بە ئاوی گەرم، گوێگرتن لە پۆدکاست، ئامادەکردنی نانی نیوەڕۆ بۆ ڕۆژی دواتر و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزان و بنەماڵەدا.

هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: «لیستی ئەو شتانە بنووسنەوە کە پێتان خۆشە بیکەن بەڵام تا ئێستا نەپەرژاونەتە سەری». بەبێ بەکارهێنانی مۆبایل، ئەو کارانەی کە پێویستە ڕۆژی دواتر جێبەجێی بکەن، لە کاغەزێکدا بینووسنەوە، تاکوو مێشکتان ڕێکخراو ببێت و لە کاتی خەوتندا، بیرکردنەوەی جۆراوجۆر هوروژمتان بۆ نەهێنێت و مێشکتان کاس نەکات.

شارەزایان دەڵێن ئەگەر کار و چالاکییەک هەیە، وا باشترە لە شوێنێکدا بکرێ کە هیچ پەیوەندییەکی بە خەوتنەوە نەبێت؛ بەڵام ئەگەر هیچ شوێنێکی تایبەت لە ماڵەکەدا دەست ناکەوێت، باشتر وایە سووچێکی بچووک تایبەت بکرێت بۆ خەو و شوێنی چالاکی جیاواز بێت.
بۆ وێنە لایەکی جێگەی نوستن تایبەت بکرێت بۆ خوێندنەوە و لایەکیشی بۆ خەوتن و مۆبایل مەبەنە ناو جێگەی نوستنەوە؛
مۆبایلەکەتان بنێنە ژوورێکی تر یان کەمێک دوور لە نوێن و پێخەفەکەتان ببێت با ئاسان دەستتان پێی نەگات.

ڕەنگە دەستکێشانەوە لەو خووە ئەستەم بێت بەڵام لەپێناو تەندروستیدا پێویستە.
میلاناک لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “کۆنتڕۆڵی ژینگەیی دەتوانێت باشتر لە هێزی ئیرادە (ویست) کار بکات، بەتایبەتی لە کاتی ماندوویەتیدا”.

سەرچاوە

وەرگێڕان: هێمن مەلەکی
چاودێری زمانی: ڕزگار ئازەوانی
چاوەدێری زانستی: هێمن عەبدوڵڵاپوور

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

Back to top button