پووکانەوەی ئێسک، نەخۆشییەکە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان و بەئاسانی شکانیان. بە زمانێکی تر، پووکانەوەی ئێسک، نەخۆشییەکی ئێسکە و کاتێک ڕوو دەدات کە چڕیی کانزاکان و بارستەی ئێسک کەم دەبێتەوە یان کاتێک پێکهاتە و قایمیی ئێسک، گۆڕانکاری بە سەردا دێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قایمیی ئێسک کە دەتوانێت مەترسیی شکان (شکانی ئێسک) زیاد بکات. پووکانەوەی ئێسک نەخۆشییەکی “بێدەنگ”ە چونکە نیشانەکانی بە شێوەی ئاشکرا نادیترێن. تەنانەت لەوانەیە تاوەکوو ئێسکێک نەشکێت، نەزانن ئەم نەخۆشییەیان هەیە. پووکانەوەی ئێسک هۆکاری سەرەکیی شکانی ئێسک و ئەندامەکان لە ژنانی لەزگوەستاو و هەروەها لە پیاوانی بەتەمەندایە. شکان لە هەر ئێسکێکدا ڕوو دەدات بەڵام زۆربەی کات لە ئێسکی شان و بڕبڕەکانی پشت و مەچەکدا ڕوو دەدات.
لەدەستدانی ئێسک چییە؟
لەدەستدانی ئێسک حاڵەتێکە کە ئێسکەکان لاواز و پووک دەبنەوە، ئەمەش وایان لێ دەکات ناسک بنەوە و تووشی شکان بن.
لەدەستدانی ئێسک لەبەر چەند هۆکاری سەرەکی ڕوو دەدات کە لێرە دەخرێنە ڕوو:
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان پەیوەستە بە شێوازی خواردن. واتە وەرگرتنی کەمی کالسیۆم لە خۆراکدا. ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر چڕیی ئێسک دروست دەکات. جەستە بۆ دروستکردنی ئێسک و ددانی تەندروست، کالسیۆم بەکار دەهێنێت و ئەم کالسیۆمە لە ئێسکەکاندا هەڵدەگرێت. هەروەها جەستە بۆ ناردنی پەیام لە ڕێگەی کۆئەندامی دەمارەکان، یارمەتیی گرژبوونەوەی ماسوولکەکان و ڕێکخستنی ڕیتمی لێدانی دڵ، کالسیۆم بەکار دەهێنێت. بەڵام جەستە کالسیۆم دروست ناکات. دەبێت هەموو ئەو کالسیۆمەی کە جەستە پێویستی پێیەتی، لەو خۆراکانە بەدەست بهێنیت کە دەخورێن و دەخورێنەوە (یان لە ڕێی حەبەکانەوە). ئەگەر ڕۆژانە کالسیۆمی پێویست بەدەست نەیە. ئەو کالسیۆمەی کە جەستە پێویستی پێیەتی، لە ئێسکەکان وەردەگرێت.
هەروەها لەدەستدانی ئێسک کاتێک ڕوو دەدات کە تێکشکانی ئێسک لە دووبارە دروستبوونەوەی خێراتر بێت. ئەمەش زۆربەی جار بە هۆی بەرەوپێشچوونی تەمەن ڕوو دەدات. گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکان، بەتایبەت کەمبوونەوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دوای دواکەوتنی سووڕی مانگانە یان دابەزینی هۆرمۆنی تیستۆستیرۆن، هۆکارێکی سەرەکین. کەمیی چالاکیی جەستەیی کاریگەرییەکی خراپی لەسەر بەهێزیی ئێسک هەیە. هەندێک نەخۆشی وەک پووکانەوەی ئێسک و زیادبوونی چالاکیی ڕژێنی دەرەقی کاریگەرییان هەیە. بەکارهێنانی درێژخایەنی هەندێک دەرمان، بەتایبەت کۆرتیکۆستیرۆیدەکان، دەتوانن خێرایی لەدەستدانی ئێسک زیاد بکەن. هەروەها، شێوازی ژیانی ناتەندروست وەک جگەرەکێشان، خواردنەوەی زۆری ئەلکۆل و خۆراکی نادروست، کاریگەریی نەرێنیان هەیە. هۆکارگەلی کاتیش ڕۆڵێکی گرنگ لە لەدەستدانی ئێسکدا دەگێڕن.
ڕێژەی تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک لە ژناندا:
ژنان زیاتر لە پیاوان تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن. بەپێی توێژینەوەیەک، لە ١٠ ملیۆن ئەمریکی کە تووشی پووکانەوەی ئێسک بوون، زیاتر لە ٨ ملیۆن ( ٨٠٪) ژنن.
ژنان زیاتر تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن چونکە:
- زۆربەی ژنان لە چاو پیاوان، ئێسکەکانیان بچووکتر، ناسکتر و تەنکترە.
- بەگشتی ژنان زیاتر لە پیاوان دەژین و لەدەستدانی ئێسک بە شێوەیەکی سروشتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەن ڕوو دەدات.
- هەروەها ژنان دوای لەزگوەستان، بە هۆی ڕێژەی زۆر کەمی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، زۆرتر بارستەی ئێسک لەدەست دەدەن. ئاستی بەرزتری ئیسترۆجین پێش کاتی ساڵانی لەزگوەستان، بۆ پاراستنی چڕیی ئێسک یارمەتی دەدات.
نیشانەکان:
لەوانەیە تا بەر لە شکانی ئێسک، هیچ نیشانەیەکی پووکانەوەی ئێسک لە تووشبوواندا نەبینرێت. شکان لە هەر ئێسکێکی جەستەدا ڕوو دەدات. بەڵام زیاتر لە شان و مەچەک و بڕبڕەی پشتدا دەبینرێت. بڕبڕەکان پاڵپشتیی جەستەت دەکەن. بۆ وەستان و دانیشتن یارمەتیت دەدەن.پووکانەوەی ئێسک لە بڕبڕەکاندا دەبێتە هۆی کێشەی گەورە بۆ ژنان. شکان لەم شوێنانەدا دەتوانێت لە کاتی چالاکیی ڕۆژانەدا وەک چوونەسەر بە پلەکانەکاندا، بەرزکردنەوەی شتەکان، یان دانەوینەوە بۆ پێشەوە، ڕوو بدات.
شکانی بڕبڕەکان دەبێتە هۆی چەمانەوە بۆ پێشەوە. ئەگەر ئەمە ڕووی دا، لەوانەیە یەکێک یان هەموو ئەم نیشانانەی هەبێت:
شانی بەرەوخوار
کۆمبوونەوەی پشت
کورتبوونەوەی باڵا
پشتەئێشە
ئێشی جمگە یان ئێسکەکان
کەمبوونەوەی ڕێژەی ڤیتامین دی لە جەستەدا
ئەگەری تووشبوونت بە پووکانەوەی ئێسک زیاترە ئەگەر ژنیت و:
١. لەزگوەستاویت (سووڕی مانگانەت وەستاوە): دوای وەستانی سووڕی مانگانە، هێلکەدانەکانت بڕێکی زۆر کەم لە هۆرمۆنی ئیسترۆجین دروست دەکەن. ئیسترۆجین یارمەتیی پاراستنی چڕیی ئێسک دەدات. هەندێک لە ژنان لە ١٠ ساڵی یەکەمی لەزگوەستاندا تا ٢۵٪بارستەی ئێسک لەدەست دەدەن.
٢. جەستەیەکی بچووک و تەنکت هەبێ (کێشی لە ۵٧ کیلۆ کەمتر).
٣. کەسی تووشبوو بە پووکانەوەی ئێسک لە بنەماڵەتاندا هەیە.
۴. کالسیۆم و ڤیتامین دیی پێویست بەدەست نەهێنیت.
۵. چالاکیی جەستەیی پێویست وەک وەرزش ئەنجام نەدەیت.
۶. ماوەی سێ مانگ یان زیاتر لە سێ مانگ سووڕی مانگانەت وەستاوە یان شێواوە. ئەگەر تووشی وەستانی سووڕی مانگانە بوویت و دووگیان نیت، شیر نادەیت، یان دەرمانێک بەکار ناهێنیت کە سووڕی مانگانەت ڕابگرێت، پێویستە لەگەڵ پزیشک قسە بکەیت. چونکە ڕەنگە هۆکاری وەستانی سووڕی مانگانە ئەوە بێت کە هێلکەدانەکانت وازیان لە دروستکردنی ئیسترۆجین هێنابێت.
٧. خۆراکی ناتەندورست دەخۆیت یان خووی خواردنی ناتەندروستت هەیە.
٨. جگەرەکێشان: ئەو ژنانەی جگەرە دەکێشن، چڕیی ئێسکیان کەمترە و زۆرجار وەستانی سووڕی مانگانەیان لەچاو ئەوانەی جگەرە ناکێشن زووتر ڕوو دەدات.
٩. کێشەیەکی تەندروستیت هەبێت کە مەترسیی تووشبوونت بە پووکانەوەی ئێسک بەرز دەکاتەوە: هەندێک لەو نەخۆشییانە بریتین لە شەکرە، لەکارکەوتنی پێشوەختی هێلکەدان، نەخۆشیی سلیاک و خەمۆکی
١٠. خواردنی هەندێک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکان: وەکوو هەناسەبڕکێ، نەخۆشیی گورگەسوورە، یان نەخۆشیی تایرۆیید
١١. زۆر ئەلکۆل دەخۆیتەوە.
ئایا دووگیانبوون کاریگەری لەسەر چڕیی ئێسک هەیە؟
ڕەنگە. کۆرپەلەی ناوسکی دایک بۆ ئەوەی یارمەتیی گەشەکردنی ئێسکەکانی بدات پێویستی بە کالسیۆم هەیە. لە کاتی دووگیانبووندا، کۆرپەلە لەو شتانەی کە دایک دەیخوات (یان حەبیخۆراکی) کالسیۆم بەدەست دەهێنێت. ئەگەر تۆ کالسیۆمی پێویست لە خۆراک یان حەبەکان بەدەست نەهێنیت، ئەوا کۆرپەلەکەت ئەو کالیسیۆمەی لە ئێسکەکانتدایە بەکار دەهێنێت.
ڕەنگە لە کاتی دووگیانیدا هەندێک چڕیی ئێسک لەدەست بدەیت، بەڵام هەر بارستەیەکی ئێسک کە لەدەست بدەیت؛ دوای منداڵبوون (یان دوای شیرپێدان) بە ڕادەیەکی زۆر، دەگەڕێتەوە. هەروەها جەستەت زیاتر هۆرمۆنی ئیسترۆجین دروست دەکات کە ئێسک دەپارێزێت.
ئایا شیرپێدان کاریگەری لەسەر چڕیی ئێسک هەیە؟
بەڵێ. زۆرجار خانمان لە کاتی شیرپێداندا بڕێک لە چڕیی ئێسکیان لەدەست دەدەن. چونکە کالسیۆم لە ئێسکەکانەوە ڕادەکێشرێت بۆ دروستکردنی شیری دایک. هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە، دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە کاتی شیرداندایە کە پاراستنی ئێسک کەم دەکاتەوە. ژنان لە ماوەی شیرداندا نزیکەی ٣-۵٪ی بارستەی ئێسکیان لەدەست دەدەن بەڵام ئەم خەسارە کاتییە و لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کاتێک خانمان لە کاتی شیرپێداندابارستەی ئێسکیان لەدەست دەدەن، ئەوا لە ماوەی شەش مانگ دوای وەستانی شیرپێدان، چڕیی ئێسکەکانیان دەگەڕێتەوە.
شیردانی بەردەوام بۆ چەند ساڵێک (وەک بە دوای گەورەکردنی ٢-٣ منداڵ) دەکرێت کاریگەریی زیاتری لەسەر چڕی ئێسک هەبێت. ئەم کاریگەرییە زیاتر دەبێت ئەگەر کالسیۆم و ڤیتامین دی-ی پێویست وەرنەگیرێت. لەدەستدانی درێژخایەنی ئێسک بەبێ چاکبوونەوەی گونجاو، مەترسیی پووکانەوەی ئێسک و شکان لە تەمەنی دواتردا زیاد دەکات. بەڵام زۆربەی ژنان دەتوانن بە خۆراکی تەواو، وەرزش و پشوودانی گونجاو لە نێوان دووگیانبوونەکاندا، چڕیی ئێسکیان بگەڕێننەوە و تەندروستیی گشتیی ئێسکیان بپارێزن.
دەستنیشانکردن:
سەرەتا پزیشکەکەت بۆ ئەوەی بزانێت ئێسکەکانت چەند بەهێزن پشکنینت بۆ دەکات. یەکێک لە تاقیکردنەوە باوەکان کە بە یارمەتیی تیشکە ئیکس ئەنجام دەدرێت، پێی دەوترێت سکەنی دێکسا. لەم پشکنینەدا کە بڕێکی زۆر کەم لە تیشکدانەوە بەکار دێنێت، چڕیی ئێسکەکان دەپێورێت.
تۆمۆگرافی ژمارەیی شێوازێکی پێشکەوتووی پشکنین بۆ پێوانی چڕی کانزایی ئێسک، بەتایبەتی لە ناوچەی بڕبڕەی پشتە. هەروەها پشکنینی تیشکی ئێکسیش بۆ دۆزینەوەی شکان و لاوازبوونی ئێسک یارمەتیدەرە، بەڵام لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشییەکەدا ئەم شێوازە ئەوەندە کاریگەر نییە.
هەروەها، شیکردنەوەی نموونەی خوێن و میز، ڕۆڵێکی گرنگ لە دۆزینەوەی ئەو نەخۆشییانەی کە کاریگەرییان لەسەر لاوازبوون و لەدەستدانی ئێسک هەیە، دەگێڕێ. سەرەڕای ئەمانە، پزیشک زانیاریی وردی تەندروستیی نەخۆشەکە و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی تەواویش وەردەگرێت. ئەم هەنگاوانە بۆ دیاریکردنی هۆکارە مەترسیدارەکان وەک تەمەن، مێژووی نەخۆشی لە خێزاندا و کێشەکانی هۆرمۆن لە جەستەدا یارمەتیدەرن.
چارەسەری:
ئەگەر تووشی پووکانەوەی ئێسک بوویت، پزیشکەکەت چەندین ڕێگەی چارەسەرت پێشنیار دەکات. سەرەتا، گۆڕینی شێوازی ژیان و خواردن زۆر گرنگە – پێویستە بڕی کالسیۆم و ڤیتامین دی لە ڕێگەی خۆراکەوە زیاد بکەیت و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەرزش و چالاکی جەستەیی ئەنجام بدەیت.
چەند جۆرە دەرمانێکیش هەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن. دەرمانی SERMs یەکێک لەو دەرمانانەیە کە تایبەت بە هێواشکردنەوەی خێرایی لەدەستدانی ئێسکە لە تەمەنی لەزگوەستان. هەروەها بیسفۆسفۆنەیت دەرمانێکی گرینگە کە نەک تەنها ڕێگری لە لەدەستدانی ئێسک دەکات، بەڵکوو یارمەتیی دروستکردنی بارستەی ئێسکیش دەدات.
بۆ بەهێزکردنی ئێسک، دەرمانی دەرزی دینۆسوماب بەکار دێت کە کاریگەرییەکی باشی لە کەمکردنەوەی لەدەستدانی ئێسک هەیە. لەگەڵ ئەمەشدا، هۆرمۆنی کالسیتۆنین ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی ئاستی کالسیۆم و بنیاتنانی بارستەی ئێسک دەگێڕێت.
لە کۆتاییدا، چارەسەریی هۆرمۆنی لە تەمەنی لەزگەوەستاویدا، دەتوانێت بۆ پاراستنی ئێسک سوودبەخش بێت. بەڵام، لەبەر ئەوەی هەندێک مەترسیی پێشبینیکراوی هەیە، پێویستە تەنها بە کەمترین بڕی کاریگەر و بۆ کورتترین ماوەی پێویست بەکار بهێنرێت.
چ جۆرێک لە چالاکیی جەستەیی بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک یارمەتیدەرن؟
بۆ ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک، گرنگە چالاک بمێنیتەوە. لەبەر ئەوەی کە ئەم چالاکبوونە لە ڕێگەی هاندانی دروستبوونی ئێسک، زیادکردنی پانی و پێکهاتەی کانزایی ئێسک، و بەرەنگاربوونەوەی تەنکبوون و کونبوونی ئێسک، بەتایبەتی کاتێک لەگەڵ وەرگرتنی بڕی پێویست لە کالسیۆم و ڤیتامین دی٣ کۆ دەبێتەوە، بەرگری لە نەخۆشیی پووکانەوەی ئێسک دەکات.
هەر جۆرە وەرزشێکی بەردەوام بۆ ئێسکەکانت باشە، بەڵام هەندێک چالاکیی تایبەت زۆرتر یارمەتیدەر دەبن. وەکوو ئەو وەرزشانەی کە وەزنە بەرزکردنەوەی تێدایە یان جەستەت دژی ڕاکێشان کار دەکات بۆ دروستکردنی ئێسکی بەهێز و ڕێگریکردن لە لەدەستدانی ئێسک باشترە.
لێرەدا چەند نموونە لەم وەرزشانە دەخرێنە ڕوو:
- سەماکردن
- بەرزکردنەوەی وەزنە
- یاریی تێنس
- تای چی
- یۆگا
- ڕاکردن
- پیاسەکردن
ئەم چالاکییانە نەک هەر ئێسکەکانت بەهێز دەکەن بەڵکوو هێز و هاوسەنگیی ماسوولکەکانیشت باشتر دەکەن.
وەرگێڕ: سروور ڕوستەمپوور
هەڵەگری زانستی: پەریسا خاتری
هەڵەگری زمانی: ئەستێرە چابوک
دیزاین و بەرپرسی پڕۆژە: سەعیدە دەیهیم
#هۆژان #ڕێکخراوەی_زانستیی_هۆژان #تەندروستیی_ژنان #ژن #کاری_تیمی #زانست
#Jin #Woman #WomenHealth #Zanist #Kurdistan #Hojan #HojanScienceOrganization #Teamwork
سەرچاوەکان:
- Wright, N.C., Looker, A.C., Saag, K.G., Curtis, J.R., Delzell, E.S., Randall, S., et al. (2014). The Recent Prevalence of Osteoporosis and Low Bone Mass in the United States Based on Bone Mineral Density at the Femoral Neck or Lumbar Spine. J Bone Miner Res; 29(11): 2520-2526.
- Cawthon, P.M. (2011). Gender Differences in Osteoporosis and Fractures. Clin Orthop Relat Res; 469(7): 1900-1905.
- Schutte, H.E. (1995). Social and economic impact of osteoporosis. European Journal of Radiology; 20(3): 165-169.
- Looker, A.C., Frenk, S.M. (2015). Percentage of Adults Aged 65 and Over with Osteoporosis or Low Bone Mass at the Femur Neck or Lumbar Spine: United States, 2005-2010.
- Finkelstein, J.S., Brockwell, S.E., Mehta, V., Greendale, G.A., Sowers, M.R., Ettinger, B. et al. (2008). Bone Mineral Density Changes during the Menopause Transition in a Multiethnic Cohort of Women. The Journal of Clinical Endocrinology & Metabolism; 93(3): 861-868.
- Looker, A.C., Borrud, L.G., Dawson-Hughes, B., Shepherd, J.A., Wright, N.C. (2012). Osteoporosis or Low Bone Mass at the Femur Neck or Lumbar Spine in Older Adults: United States, 2005–2008. NCHS Data Brief, No. 93. Hyattsville, MD: National Center for Health Statistics.
- smokefreewomen. (n.d.). 11 Harmful Effects of Smoking on Women’s Health.
- Abate, M., Vanni, D., Pantalone, A., Salini, V. (2013). Cigarette smoking and musculoskeletal disorders. Muscle, Ligaments and Tendons Journal. 3(2): 63-69.
- Paschou, S.A., Dede, A.D., Anagnostis, P.G., Vryonidou, A., Morganstein, D., Goulis, D.G. (2017). Type 2 diabetes and osteoporosis: a guide to optimal management. The Journal of Clinical Endocrinology & Metabolism; jc.20174-00042.
- Shuster, L.T., Rhodes, D.J., Gostout, B.S., Grossardt, B.R., Rocca, W.A. (2010). Premature menopause or early menopause: long-term health consequences. Maturitas; 65(2): 161.
- Borer KT. (2005). Physical activity in the prevention and amelioration of osteoporosis in women: interaction of mechanical, hormonal and dietary factors. Sports Med; 35:779-830.