بابەتتەندروستی

دیزاینی جێنێتیکی منداڵ

بەشێکی زۆر لە نەخۆشییەکانی مرۆڤ پەیوەندییان بە گۆڕانکاریی نائاسایی ناو ڕیزی دی.ئێن.ئێی هەیە. پسپۆڕانی بواری پزیشکی لەمێژە کار لەسەر چارەسەری نەخۆشییەکان لە ڕێگەی چاکسازیی دی.ئێن.ئێی کێشەدار دەکەن. توێژینەوەکان لەم بوارەدا لە ساڵی ۲٠۱۲ قۆناغێکی مەزنی تێپەڕاند، ئەمەش بە هۆی هەندێک لێکۆڵینەوەی بنەڕەتی بوو کە دەریبخات بەکتریا چۆن دژ بە ڤایرۆسەکان بەرگری لە خۆی دەکات. لە ساڵانی ۲٠۱۲ و ۲٠۱۳ دوو گرووپی پسپۆڕی لە زانکۆکانی کالیفۆڕنیا بێرکلی و هاروارد توانییان لە مێکانیزمی دژەڤایرووسیی بەکتریا کەڵک وەربگرن و گۆڕانکاری بە دی.ئێن.ئێی ناو خانەکان بکەن. ئەم تەکنۆلۆجییە پزشکییە کە ناسراوە بە کریسپر کەس ناین* بۆ یەکەم جار لە ساڵی ۲٠۱٥ بۆ چاکسازیی ژێنەکان لەناو ئاوڵەمەی** مرۆڤ بە کار هێنرا. ئەم کارە بە سەرکەوتنێکی مەزن ئەژمار کرا بەڵام لە هەمان کاتدا بووە هۆی ڕەخنەی زۆر و پاشان دانوستان و گفتوگۆیەکی بەردەوام لە لایەن پسپۆڕانی بوارە جۆراوجۆرەکانەوە. لە ئێستادا زۆرینەی گفتوگۆکان پەیوەندییان بە کاریگەریی ئەم تەکنۆلۆجییە لەسەر داهاتووی ژیانی مرۆڤە. خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکان لەسەر چۆنییەتیی بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆجییەیە. ئامانجی سەرەکیی چاکسازیی نەخۆشییەکان بوو بەڵام ئەم تەکنۆلۆجییە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بۆ ئامانجی پەیوەندیدار بە ڕازاندنەوە بۆ نموونە گۆڕینی ڕەنگی گلێنەی چاو یان ئاستی ژیریی*** منداڵ بە کار بهێنرێت. ئەم دەستتێوەردانە مەترسیدارە چونکە دەتوانێت بۆ یەکەم جار ڕێسای گۆڕانکارییە سروشتییەکانی مرۆڤ تووشی گۆڕانکاری بکات.
بەڵام هەروەک هەموو داهێنانەکانی ڕابردووی تەکنۆلۆجیا، ئەمەش گەڕانەوەی نییە و لە کاتێکی نە زۆر دووردا باوک و دایک دەتوانن منداڵی خۆیان دیزاین بکەن.

نووسەر: د. دیاکۆ ئیبراهیمی
مامۆستای زانکۆی مینێسۆتا- ئامریکا

* CRISPR/cas9
** Embryo
*** Intelligence

پۆستە هاوشێوەکان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها تەماشای ئەمانەش بکە
Close
Back to top button