فڕۆکەی کارەبایی هێزی دەریایی ئەمریکا تا ٩٠ ڕۆژ بەبێ نیشتنەوە دەفڕێت
![فڕۆکەی کارەبایی](https://hojan.org/wp-content/uploads/2021/08/b81d031d-631c-423c-bb2d-f9a5c6b769bf.jpg)
فڕۆکەی کارەبایی هێزی دەریایی ئەمریکا تا ٩٠ ڕۆژ بەبێ نیشتنەوە دەفڕێت
فڕۆکەی Skydweller بە هەبوونی تەختەی خۆر لەسەر باڵەکانی، بە مانگ لە ئاسماندا دەمێنێتەوە. کۆمپانیای ئەمریکی-ئیسپانیی Skydweller Aero، ئەم فڕۆکەیەی بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا بەرهەم هێناوە تاوەکوو بە چەشنی سەربەخۆ بەسەر کەشتییەکاندا بفڕێت و چاودێرییان بکات. باڵەکانی ئەم فڕۆکەیە ٧٢ مەتر درێژه و ٢٧٠ مەتری دووجا تەختەی خۆری لەسەر خۆی ڕاگرتووە تاکوو ٢ کیلۆوات هێز بەرهەم بهێنێت. هەروەها به سووتەمەنی و بزوێنەری هایدرۆجین تەیار کراوه تا ئەگەر تووشی هەور و هەڵا و باران بوو، لە فڕین نەوەستێت. پێش Skydweller، فڕۆکەیەکی کارەبایی سویسی بە ناوی Solar Impulse لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦، توانی دەوری دنیا بە یەک پشوو هەڵبفڕێت.
خاوەنەکانی کۆمپانیای Skydweller Aero لە پێشدا سەرجەم ئامێرەکان و تەکنەلۆجیای کۆمپانیای Solar Impulseیان کڕیبوو. ئەم فڕۆکەیە بۆ هێزی دەریایی ئەمریکا زۆر بە قازانجه. فڕۆکەوانی ناوێت، ماوەیەکی درێژتر دەفڕێت و بارێکی زۆرتر هەڵدەگرێت. به وتەی Aviation Today ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت ٣٦٠ کیلۆ کامێرا و ڕادار و ئامێری دیکە هەڵبگرێت. خاوەنەکانی Skydweller Aero دەڵێن ئاواتیان ئەوەیە ئەم شێوەی فڕۆکەیە ڕۆژێک بۆ مەبەستی کەڵکوەرگرتنی سڤیل وەک گواستنەوەی مرۆڤ و کەلوپەلیش بەکار بهێنرێت.
وەرگێڕ: کەریم بایرامی
پێداچوونەوەی زمانی: سروە ئەمین ساڵەحی